Aritma-Muhamadi

ئاریتما موحه‌ممه‌دی : كاتێ كورد مێژوو له‌بیر ده‌كات مێژووش له‌ناخیدا ونی ده‌كات ! ( به‌شی یه‌ك ‪(‬ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

مێژوو لایه‌نه‌ پڕ باییخ و بێ باییخه‌كان، لایه‌نه‌ به‌هێز و لاوازه‌كانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ڕه‌وتی ڕووداوه‌كانی مێژوو له‌ ناخیدا چاڵ ده‌كات و پێداچوونه‌وه‌ به‌و ڕووداوانه‌ و كۆڵینه‌وه‌ له‌هۆ و هۆكاره‌كانی ئیتر ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی تیژبیرانی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌كان . به‌ڵام كاتێ كه‌ تیژبیرانی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی ، ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ ئاست ڕووداوه‌كان خاوه‌ن هه‌ڵوێستی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و نه‌ته‌وه‌یی نین و بێ ده‌نگ و بێ ڕه‌نگ و بێڕا ژیانی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان تێپه‌ڕ ده‌كه‌ن و به‌ هۆی هندێك به‌رژه‌وه‌ندی سیاسیی و ئابوورییه‌وه‌ كه‌ ده‌ستیان كه‌وتووه‌ له‌هه‌مبه‌ر دۆخی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌له‌كه‌یان بێ هه‌ڵوێست ده‌بن ، ئیتر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی خیانه‌ت‌ له‌ ئایین و نیشتمان . چونكه‌ نه‌ ئایین كۆیله‌بوون به‌ ڕووداوێكی ئاسایی پێناسه‌ ده‌كا و نه‌ نیشتمانیش بێ هه‌ڵوێستیی ڕۆڵه‌كانی له‌هه‌مبه‌ر ڕووداوه‌ كێشه‌خوڵقێنه‌كان وه‌ك خزمه‌ت به‌ نیشتمان ئه‌ژمار ده‌كات . كه‌واتا ده‌مێكه‌ كاتی ئه‌وه‌ گه‌ییشتووه‌ كه‌ خوێندنه‌وه‌ی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ ڕووداوه‌كانی مێژوو بكه‌ین و دۆست و نه‌یاری نه‌ته‌وایه‌تیی خۆمان یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه ‌.
له‌وانه‌یه‌ زۆر كه‌س و كه‌سایه‌تیی كورد له‌م نووسینه‌دا من به‌ كه‌سێكی فاشیت یاخود ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست ئه‌ژمار بكه‌ن ، به‌ڵام ئه‌مه‌ گرینگترین و به‌هێزترین خاڵی لاوازبوونی كورد له‌ مێژووی كوردستانه ‌. هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه‌ له‌ ڕێگای دیموكراسیی و گفتووگۆوه‌ مافی خۆی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ و دیموكراسیش پتر نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كانی توواندووه‌ته‌وه‌ و كێشه‌ سیاسیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌بیر و زه‌ینی كۆمه‌ڵگا ده‌بات ، چونكه‌ كاپیتالیسم له‌ پڕۆسه‌ی كێشمه‌كێشی ئابووریدا كۆمه‌ڵگا نوقمی سه‌رمایه‌ ده‌كات و تێكڕای كێشه‌كانی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی وڵات و كۆمه‌ڵگا به‌ ئاستی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووریی تاك له‌ كۆمه‌ڵگا ده‌به‌ستێته‌وه‌ و مافی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كانیش به‌و كێشانه‌وه‌ گرێ ده‌دات و وه‌ك كێشه‌یه‌كی ئابووریی هه‌ژماری ده‌كات و هاوكات پێی وایه‌ كه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ پێوه‌ره‌ سیاسیی و كولتوورییه‌ كه‌ گرێدراوی ئاماژه‌كانی مافی مرۆڤه‌ ده‌توانێ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ژێرده‌سته‌كان چاره‌سه‌ر بكات . به‌ڵام له‌ ڕه‌وتی ڕووداوه‌كانی مێژوودا نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌دی ناكه‌ین كه‌ به‌بێ خه‌بات و تێكۆشان ، به‌بێ دانی خوێن و گیانبازی ژێرخانی كیانێكی سه‌ربه‌ست و ئازادی داڕشتبێ و گه‌له‌كه‌ی به‌ ئازادی و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌یاندبێت و له‌‌ ڕێگای دیموكراسییه‌وه‌ سه‌ربه‌ستیی یه‌كجاریی مسۆگه‌ر كردبێت .
مه‌زنترین كۆڵه‌كه‌ی دیموكراسیی به‌ده‌ر له‌ پێناسه‌ كاپیتالیستییه‌كه‌ی ، هه‌مان زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه‌ به‌سه‌ر كه‌مینه‌دایه‌‪.‬ له‌و دۆخ و هه‌لومه‌رجه‌ی ئه‌مڕۆشدا زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كان هه‌رچه‌ند ڕێژه‌ی حه‌شیمه‌تیان زۆربێ و خاوه‌ن نیشتمانێكی پان و به‌رین بن ، به‌ڵام له‌نێوان چه‌ند نه‌ته‌وه‌دا دابه‌ش كراون و له‌نێو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌شدا كه‌مینه‌ پێك ده‌هێنن . كورد ، به‌لووج ، ئازه‌ری و عه‌ره‌ب ئاماژه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی پێناسه‌ی ئه‌م چه‌مكه‌ی دیموكراسی له‌ پاشه‌ڕۆژی وڵاتێكی وه‌ك ئێران دان . فیدرالیزمیش گرێبه‌ستێكی سیاسیی و پتر ئابوورییه‌ كه‌ ده‌كرێ له‌پاش ڕزگاربوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ بنده‌ستیی یاخود بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك سیسته‌مێكی له‌و چه‌شنه‌ بێته‌كایه‌وه‌ و پێوه‌ندیی به‌ مافی نه‌ته‌وایه‌تیی و مافی نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كانه‌وه‌ نییه‌ . دیموكراسی كێشه‌ی سیاسیی نه‌ته‌وه‌بنده‌سته‌كان ئاڵۆز و دژوار ده‌كات و ڕێگای گه‌ییشتنه‌ ئامانجی كۆتایی درێژتر ده‌كات و له‌باری زانستیشه‌وه‌ له‌و پێوه‌ندییه‌دا كێشه‌ی مه‌زنی هه‌یه‌ و به‌ربه‌ستی جیاوازی له‌به‌رده‌م دایه‌ ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵێك مافی سه‌ره‌تایی و ده‌ستكه‌وت كه‌ پێوه‌ندیدارن به‌ مافه‌كانی مرۆڤ و مافی كه‌مینه‌كان‌ به‌دی ده‌هێنێت ، به‌ڵام هه‌میشه‌ وه‌ك كه‌مینه‌ سه‌یریان ده‌كات و ئه‌گه‌ر دیموكراتییه‌كی بته‌و بێ ، ئه‌وكات له‌وانه‌یه‌ مافی كه‌مایه‌تییان پێببه‌خشێت .
كه‌واتە دیموكراسی ناتوانێت و پێشی ناكرێ كه‌ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و هه‌رده‌م چاره‌سه‌رێكی گشتگری سیاسیی بۆ سیسته‌م و چه‌مكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی له‌ كۆمه‌ڵگاكان پێبووه‌ . وه‌ك ئاماژه‌ ؛ كاتێ كه‌ دیموكراسی له‌ به‌شێكی زۆر له‌ وڵاتانی ئه‌ورووپایی له‌ سه‌ره‌تایی گه‌شه‌سه‌ندنیدابوو چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی خاوه‌ن زمان و كولتووری له‌ ناسنامه‌كه‌یان ئاواره‌ و بێگانه‌ كرد . وڵاتانی به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا ، ئیتالیا و سپانیا له‌ ناوكی ئه‌م ئاماژه‌یه‌دا جێ ده‌گرن . به‌ڵام ده‌یان ساڵ دواتر كاتێ كه‌ پلۆرالیسمی سیاسیی و كولتووریی وه‌ك ده‌سته‌واژه‌یه‌كی نوێی سیاسیی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی ئه‌و وڵاتانه‌دا هه‌ڵهات ، هێدی هێدی خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێی سیاسیی گۆڕانكاریی خێرای له‌ دۆخی سیاسیی ئه‌و كۆمه‌ڵگانه‌دا پێك هێنا .
ڕژیمی پێشووی ئێران كه‌ سیسته‌مێكی دیكتاتۆری ، گه‌نده‌ڵ و فاشیست بوو به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ چه‌مك و سیسته‌می سیاسیی فه‌ره‌نسا خه‌ریك بوو نه‌ته‌وه‌كانی وه‌ك كورد و … هتد ، له‌ ئێراندا بنبڕ و ئاسیمیله‌ بكات و زمان و ناسنامه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ بۆ هه‌میشه‌ له‌نێو ببات و نه‌ته‌وه‌یه‌كی نوێی ئێرانی كه‌ زمان و ناسنامه‌ی فارس نوێنه‌رایه‌تی بكات بێنێته‌كایه‌وه ‌. تاكوو هه‌نووكه‌ش كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ست له‌ ئه‌ورووپا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌ و دیموكراسی پێشكه‌وتووی ئه‌و وڵاتانه‌ش له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌كان سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ و هه‌نووكه‌ش كێشه‌ی ئابووری پێوه‌ زیاد بووه ‌. چونكه‌ دیموكراسی تێكڕای كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌ ئاستی گه‌شه‌ی ئابووریی دانیشتووانی كۆمه‌ڵگا ده‌به‌ستێته‌وه‌ و له‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێناوه ‌. ئیستاش وڵامێكی زانستیی بۆ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ستی ئه‌و وڵاتانه‌ی پێ نه‌ماوه‌ . بۆیه‌ له‌ ماوه‌‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ خاوه‌ن ده‌نگ و ڕه‌نگی تاییبه‌ت به‌خۆیه‌تیی له‌نێو نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ستی ئه‌ورووپا زیندوو بووه‌ته‌وه‌ و هه‌ر له‌ كه‌ته‌لۆنی سپانیاوه‌ بگره‌ تاكوو ده‌گاته‌ سكۆتله‌ندی بریتانیا خوازیاری سه‌ربه‌خۆیی و سازكردنی كیانێكی سه‌ربه‌سه‌ت و ئازادن.
كه‌واتە كورد ناتوانێ بناغه‌داڕێژه‌ری دیموكراسیی و ئازادی بێ و به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ بنه‌ماكانی دیموكراسیی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی پێك بهێنێت ، خه‌بات بۆ سه‌رخستنی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل و جێگیركردنی ئه‌و چه‌مكانه‌ی كه‌ دادپه‌روه‌ریی سیاسیی ، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی دابین ده‌كات ، ده‌كرێ یه‌كێ له‌ ئامانجه‌كانی شۆڕش و به‌رخۆدانی مه‌زنی كورد بێ ، مه‌زنترین خاڵی ئه‌و خه‌باته‌ ده‌بێ دوورخستنه‌وه‌ی داگیركه‌ر له‌نێو نیشتمانی كورددا بێ ، به‌ڵام ده‌كرێ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی كورد هه‌ڵگری په‌یامی ئاشتی و ئارامیی بێ . ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدا كه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ هه‌ر چوارلاوه‌ ده‌چه‌وسێنرێته‌وه‌ و وزه‌كه‌ی به‌ فیڕۆ ده‌برێ و لاوه‌كانی له‌دار ده‌درێ و سه‌رمایه‌كه‌ی حه‌په‌لووش ده‌كرێ ، ناكرێ باس له‌ ئاشتی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ ڕێگای دیموكراسی ، دیالۆگ و گفتوگۆوه‌ بكه‌ین . چونكه‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئاشتی و ئازادی كاتێ ماناكه‌ی واتا ده‌دات كه‌ دوولایه‌ن خوازیاری جێگیر كردنی بنه‌مای پڕۆسه‌ی ئاشتی و ئارامیی بن و ڕێز له‌ بوونی یه‌ك و سه‌ربه‌ستیی و سه‌ربه‌خۆیی یه‌كتر بگرن .
ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یبینین و نه‌وه‌كانی ڕابردووش بینیویانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاشتیی و ئازادیی به‌ كوشتن و داگیركاری نایه‌ته‌كایه‌وه‌ و به‌رده‌وام تۆی شۆڕش و تێكۆشان له‌نێو گه‌لانی بنده‌ستدا چالاك ده‌كات و درووشمی دیموكراسیی و یه‌كێتی نێوان گه‌لان كاتێ مانای ڕاسته‌قینه‌ ده‌به‌خشێت كه‌ نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست به‌كرده‌وه‌ هه‌ڵگری په‌یامی ئاشتی و ئازادی بێ و سه‌ربه‌خۆیی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست به‌ مافێكی سرووشتیی ئه‌و گه‌له‌ ئه‌ژمار بكات و هه‌نگاوی مه‌زنی بۆ هه‌ڵنێت. هاوكات نابێ ئه‌و وزه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد كه‌ به‌رهه‌می سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌سته‌ هه‌رزانفرۆش بكرێ و به‌فیڕۆ بدرێ . چونكه‌ ئه‌و وزه‌یه‌ به‌رابه‌ره‌ به‌ وێرانكردن و سووتاندنی سه‌دان گوندی كوردستان و خوێنی ده‌یان هه‌زار لاوی كورد كه‌ به‌ ده‌ستی داگیركه‌ر شه‌هید بوونه ‌. ده‌بێ ئه‌و وزه‌یه‌ بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ و داگیركاریی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست به‌كار ببردرێت و ناكرێ كه‌ڵكی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ی گرووپیی و تاكه‌كه‌سیی یانخود حیزبیی لێوه‌ر بگیردرێت .