عیماد عەلی : ئایا پاڕانەوەکەی مەلا بەختیار لەبەرژەوەندی کورد دەکەوێتەوە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموومان وتارێکی کاک بەختیارمان خوێندەوە و بە راستەخۆ و ناراستەخۆ هەندێک بۆچونی دەربریوە کە بریتیە لە هەڵوێستە جیاوازەکانی لایەنەکان و هۆکاری پێداگری و مکوربونیان لەسەر هەڵوێستەکانیان لەلایەک و ، رازیبونی هەموویان لەسەر مانەوەی بەرزانی و، دەرخستنی تەنها ناکۆکیەکانیان لەسەر دەسەڵاتەکانی بارزانی دەرخستوە ، بێ ئەوەی لە هیچ کونو کلۆجێک ئاماژە بە یاسا و رێسای مانەوەی بەرزانی بکات ، واتە تەنها لەسەر خەتە گشتیەکە رۆیشتوە و دەیەوێت وەزعی کوردستان لە باری چەقیوی گفتوگۆکان بەهەر نرخێک بێت دەربێنێت و ، تا رادەیەک نەرمو نیانیەکەی پیاو دەخاتە گومانەوە کە ئەمەش وەک پرۆژەکەی بەرهەم ێالح بێت ، ئەگینا پارتی وا بەئاسانی نەکەوتە مەدح و وەسف و وەڵامدانەوەی ئیجابیانەی وا کە دەستپێشخەری مەسعود بارزانی بە دوایدا بێت .
ئەم وتارە کۆمەڵێک پرسیاری وروژاندوە دەبێت وەڵام بدرێتەوە : بۆچی کاک بەختیار ئەم وتارە بنوسێت کە پێگە و دەسەڵات و هەڵوێستەکانی دیارن ، بۆچی دوای ئەوە دێت کە دەنگۆی ئەوە هەبوو کە پرۆژەیەکی یەکێتی بە دەستی مەلا بەختیار لە ئانوساتی نوسیندایە ، خەڵکیش حەقیەتی کە گومانی لەوەبێت کە ئەمە جێگەی پرۆژەکەی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمان بگرێتەوە ، کە بە وتارە پرۆژەئاسا نوسراوە و وەک ورەقەیەک نەک وەک پرۆژە لەبەر ئەوەی دژ بە پرۆژەکەی فراکسیۆنەکەی پەرلەمانی خۆیان نەبێت . بۆ لەرووی یاساییەوە هیچ رێگەیەکی دیارنەکردووە چۆن تەنها دەسەڵاتەکانی مەسعود بارزانی گرفتەگەیە ، نەک مانەوەی و نەمانەوەی لەسەر تەختی سەرۆکایەتی . بۆچی باسی لە سیستمی سیاسی و دەستور و میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی نەکردووە ، بۆچی خۆی لەقەرەی یاساکانی پێشو نەداوە ، خەڵک دەپرسێت لەم ورەقەیەدا ، چی لە برگەی نەبونی یارای هەڵبژاردنەوەی مەسعود بارزانی کردووە کە بە خۆیان و پارتی لە 30 ی خوزەیران ی 2013 دایانرشتوە و ، مانەوەی بەرزانی بە چ یاسایەک رێکدەخرێت ؟
سەرەرای هۆکارە تایبەتیەکانی ئەم وتارەی کە لە پێشەکیەکەیدا دەریخستوە ، بەڵام وردەکاریەکانی گومان دروستدەکات و بەقۆناغی راگوزەری پێش بریاردانی مافی چارەنوسی لەقەڵەم دەدات و ، وای دادەنێت ، کە ئەرکی هەمووانە ، لە پێناو بەدیهێنانی مافە چارەنوسسازەکان هەر شتێک بکرێت کە بارودۆخی کورستان زیاتر تێکنەدات . بەڵام خەڵک دەپرسێت ، سەربەخۆیی کوردستان بە پێداگری لایەنێک و ملکەچ بونی ئەوانی تر لەسەر نایاسایی بەرێوەچونی هەرێمی کوردستان دێتەدی . نیگەرانی و چاورەوانی خەڵک روبەروی سەرجەم لایەن و سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بۆتەوە و هەڵوێستە نادروستە حزبیەکانی دوای راپەرین و بەرژەوەندخوازی دەسەڵاتداران بوو ، کە ئەم رۆژەی بە ئەمرۆ گەیاند . ئەو شەرو کوشتار و ململانێیانە بوو وای کرد کە وەزعی کوردستان وەک ئێستا چارەنوسەکەی بخاتە دەست تاکە کەسێک و بەم شێوە بروات مەحاڵە بەرەو دیکتاتۆریەت نەچێت . ئەگەر لە قۆناغێکی وەک ئەمرۆ بەم شێوەیە چارەسەری بابەیتَکی یەکلاکەروەی ئاوها بکرێت ، هەڵوێستی سەرجەم لایەنەکان خەڵکی دڵسۆز ونوخبە و رۆشنبیری کوردستان لە بەرپرسیارێتی یەکلاکەروەی وەزعی سیاسی کوردستان دور بخرێنەوە و چارەنوسی میلەت بخرێتە ئەستۆی تاکە کەسێک و ، چارەسەرێکی کاتی و لە بەرژەوەندی کەسێک بکەوێتەوە ، ئەی لە وێستەگەکانی پاشەرۆژدا چی دەکەیت . ئایا ترس لە دوو ئیدارەیی و شەری نێوخۆ و خۆفەرزکردنی پارتی و بەرزانیە ، کە وەرەقە ئابوری و سیاسیەکانی بەدەستەوەیە و ، ترس لەوەدایە کە لە دژی یاسا و بۆ نەهێشتنی راستەرێکردنی سیستمی سیاسی کوردستان بەکاری بهێنێت . بەڵام هاوکێشەکان بە یەک کەس و یەک حزب ناگۆرێت . ئەگەر وابێت دەبێت چاورەێی دیکتاتۆریەت بکەین نەک رووە و دیموکراسیەت و بەدیهێنانی ئامانجەکانمان ، ئەمەش هیچ واتایەک بۆ بریاردانی مافی چارەنوس ناهێڵێتەوە .
ئایا مەعقولە و بەریشی کێ رەوایە ، داوا لە تاکە کەسێک بکەیت هەندێک لە دەسەڵاتەکانی کە یاسا دیاریدەکات ، ببەخشێت بەپێشمەرگە و لێقەوماوان و گیانی پاکی شەهیدانێک کە هەموو ئاواتیان سەربەخۆیی کوردستان و بەرقەراربونی ئاشتی و ئارامی و سەروەری یاسا و دیموکراسی بووە . بۆیە ئەم تێروانینە و مامەڵە کردنە لەگەڵ بابەتێکی یاسایی گشتیی ئاوها بەردی بناغەی نایاسایی هەتاهەتایی دادەنێت و ، وای لێدێت کە مافی میلەت بە پارانەوە و تکا و رجا لە تاکە کەسێک داوابکرێت ، کورد و دۆستەکانیشی توشی نائومێدی دەکات . هیوادارم وانەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت