عوسمان عومەر : گەیاندن و پەیوەندىکردن لەشۆرشى نوێدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ ئەوەى نەوەى نوێی دواى راپەرین شارەزاى میژوى خەباتى سەختى گەلەکەیان بن ، ئەو میژوە پر سەرەوەریەى ئیستا هاتۆتە ئاراوە بە ئاسانى نەبووە چەندین گرفت و تەنگوچەلەمەو ئاستەنگ و نەبونى و قۆناغ بەقۆناغ و هەنگاو بەهەنگاو ئینجا گەیشتۆتە ئەم رۆژگارە , دامودەزگاکانى شۆرشیش هەروەها . پیشمەرگایەتى هەر بریتى نەبووە لەچەکدارو چەک لەشان و مفرەزەو کەرت و تیپ و هێرش و بۆسەدانان بۆدوژمن ، بەلکو چەند دامودەزگایەک هەبووە بۆ هاوکارى ئەوان و یارمەتىدەرو پشتیوانیان .
بەکارهێنانى گەیاندن و پەیوەندىکردن ئەگەرێتەوە بۆ سەرەتاکانى بەرپابونى شۆرشى نوێی گەلەکەمان . سەرەتا تەتەر رۆلێکى کاریگەرى هەبووە لەگەیاندنى نامەو راسپاردەکانى شۆرش لەنێوان رێکخستنە نهێنیەکانى شارو مەفرەزە سەرەتاییە پەرش و بڵاوەکانى شاخ …. تەتەر دەبوایە :
1 – باوەر پێکراو جێى متمانەى سەرکردەو فەرماندەکان بوایە .
2 – خێرابێ لەرۆیشتن دا .
3 – ووریایی و زیرەکی و چاوکراوە بوایە .
4 – شارەزایی ناوچەکەو ریگاوبان و توولە ریگاکان و شوینى پەرینەوە لەجادە سەرەکیەکان بێ .
5 – کاردانەوەى خێرای بەرامبەر هەرشتێکى نەخوازراو بۆخۆدەربازکردن لەبۆسەو چاوى هیزەکانى دوژمن هەبێ .
دوو نمونەیان لەسەر بەسەرهاتی تەتەرەکانی شۆڕشی نوێ :

1 – بەسەرهاتی تەتەرێک بە ناویی (هۆشەنگ) . ڕۆژێک بەرێز کاک نەوشیروانى نامەیەکی دەداتێ و بۆ رۆژى دواتر کە جەنابیان دیوەتى ، پێى ووتوە : ئەوە تا ئێستا بەرێ نەکەوتوی ، خەریک بووە لێی تورە بێ . ئەویش یەکسەر وەلامەکەى داوەتە دەست ، لەگەل ئەوەى ماوەى گەیاندن بۆ شوێنەکە ٨ تا ٩ سەعات بووە ,
2 – نمونەیەکى تر رەحمەتى دلشادى حەسەن ئاغا بووە کاتێ سەرکردەى خوالیخۆشبوو کاک عومەر دەبابە نامەیەکى ئەداتێ بۆ گەیاندنى ، بۆ رۆژەکەى تر پیش کاتى چاوەروانکراو نامەکەى گەیشتۆتەوە دەست .
هەردوو حالەت سەرسورمانى هەردوو سەرکردە لەخیرایی رۆیشتن و گەرانەوە بووە ، هەروەها باس لەتواناکانى حاجى چاوشین و شەهید خەباتە بچکۆل و شەهید غەریب هەلەدنى و لێبوردەیی و ئازایەتى شەهید حامید یاخسەمەرى دەکریت . هەروەها باس لەتواناکانى کاک کۆچەر(رسول عەبدولا) تەتەرو پیشمەرگە و ماوەیەک عەدەد بیتەل دەکرێت بەپێی زانیارەکان و پرسیارکردنم و بەدوادا چونم تەنها ناوى ئەوانەم دەستکەوتوە دیارە ناوى تریش هەن , دیارە زۆربەى ناوچەکان و هێزەکان و هەندێ لەفەرماندەکان و سەرکردەکان تەتەریى تایبەتیان هەبووە بەلام بەندە – ناوەکانم دەست نەکەوتوە .
هەرچەندە بەندە لەپێشمەرگە سەرەتاییەکان نیم بەلام وەک لەپێشەوە ئاماژەم پێداوە بەهۆى بەدوادا چون و پرسیارکردنم لە زۆرێک لەسەرکردەو فەرماندەکان گەیاندن بەبێتەل سەرەتاکانى شۆرش زۆر دەگمەن بووە یا هەر نەبوە یا گەر ئامیرى بیتەل هەبوبێ نەزانراوە بەکاربهێنرێ یا گەر هەبوبێ کەم بون یا خراپ بون یا ئەوکات و سەردەمە نەپەرژاونەتە سەرئەوەى کە ئامیرى بێتەل بەکار بهێنرێ بەهۆى ئەم چەندخالەوە :
1 – پاراستنى نهێنى دەست پیکردنەوەى شۆرش چونکە رژێمى بەعس بەهۆى ئیمکانیاتى تەکنۆلۆژى سەردەمى بەهەر شیوەیەک بێ پەناگەو حەشارگەى پیشمەرگە بدۆزیتەوە و هیرشى بۆبکات بۆ لەناو بردنیان .
2 – کەمى و خراپى باری دارایی نەبونى ئیمکانیات بۆ پەیداکردنى دەزگاکانى بیتەل .
3 – پاراستنى شوینەکانى کۆبونەوەى پێشمەرگە و فەرماندەو سەرکردەکان چونکە کە بیتەلت بەکار هێنا پیویستە بزانرێ کە کەسێک یا دەزگایەک هەیە گوێت لێ دەگرێ و زانیاریەکانت شی دەکاتەوەو دژى خۆت بەکارى دەهێنێ و رژیمى بەعسیش چەندین یەکەى سەربازى راهینراوى تایبەتى دروست کردبوو بۆ ئەومەبەستەو بە ئامێرى پێشکەوتوى گوێ گرتن لەسەرتاسەرى عیراق و کوردستان بەناوى ( وحدة المعدات الفنیة ) هەریەکەکیان تایبەت بەهیزو لایەنیک بوو کە گوێیان لێبگرن و جموجولەکانیان رەسد بکەن ئەمانەم بەدرێژی لە بیرەوەریەکانم دا باسم کردووە .
4 – سەرەتاکانى شۆرش لە قۆناغى شەرى بزۆزى پارتیزانى بووە بنکەو بارەگاى جێگیر و ناوچەى ئازاد کراو نەبووەو قۆناغى خۆ پاراستن و گەشەکردن بووە تا بەرپا بوونى شەرى عیراق ئیران و فراوان بونى ناوچە نەکراوەکان . ئەوکات بیرى بەکارهێنانى پەیوەندى بێتەل کراوەتەوە چونکە زەرورەت واى خواستوەو هیزەکان گەشەیان بەسەردا هاتووەو ناوچە ئازادکراوەکان فراوان بون , بۆ سەرپەرشتى و گەیاندنى تەوجیهات و راسپاردەى سەرکردایەتى .
5 – گرنگى نەدانى هیزەکانمان بە کۆکردنەوەو پاراستنى ئامیرە بێتەلە گیراوەکان لە دوژمن و شکاندنى دواى ئەنجامدانى چالاکیەکانیان ، بەلام دواى هۆشیارکردنەوەى هێزى پێشمەرگە دواتر وەک دەستکەوتێکى گرنگ بۆ شۆرش بۆ ئەو هێزەى بێتەلى دەگرت دەژمێردراو هێزەکان کەوتنە کۆکردنەوەو کێبرکێی یەکتر بۆ گرتنى دەزگا جۆراوجورە بیتەلەکان لە بۆسەکانیان و هیرشەکانیان بۆ سەر سوپاى داگیرکەر و مۆلگە و سەربازگەکانیان دواتر هەر ئەمەش بوو بەهۆى بەرفراوانى بەکارهێنانى بیتەل لەشۆرشى نویخوازى گەلەکەمان بەرابەرایەتى ی ن ک ، دواتر دەرکەوت بێتەل لەگەل ئەوەى هەندێکجار زیان ئەگەیەنێ بەلام سودەکانى زیاترە بۆهێزە شۆرشگیرەکان و لەشۆرشى گەلانى دونیاشدا بیتەل بەکار هێنراوە .
هەر بەپێى زانیاریەکانم سالى ١٩٨٠ بۆیەکەمجار ، کە جەنابى مام لەسەفەرێکى ئەوروپا گەراوەتەوە چەند بیتەلێکى وکىتۆکى لەگەل خۆی هێناوە لەلایەن هێزەکانەوە بەکار هێنراوە هەرچەندە باس لەوە دەکرێ کە سودى لێوەنەگیراوە دیارە بەهۆى نەشارەزایی بووە لە بەکار هێنانى .
جۆریکى تر لەگەیاندن لە ناو شۆرشدا بەکارهێنراوە ئەویش بەدالەى سەربازى بووە بەوایەر راکێشراو لە نیوان بارەگاکاندا , سالی ١٩٨٢ کە بووم بەپیشمەرگە دوو بەدالە هەبوو بارەگاکانى بەیەکتر دەبەستەوە بەهۆی تەلەفونى سەربازى ( باتل فیلد واتە تەلەفۆنى مەیدانى سەبازى ) یەکێک لە بەدالەکان لە بارەگاى سکرتاریەتى جەنابى مام بوو گەر هەلە نەبم ئەوکات و سەردەمە شەهید مامۆستا محەمەد و حاکم پێشرەو و کاک عەلى حەمەسالح و حاکم فەرهاد و دواتر مامۆستاعادل و کاک نەهرۆ و کاک مەحمود خۆشناو و حاکم شوان و خارە ئازاد لەوێ بوون ئەو بەدالەیە – ناوى بارەگاکانى مەکتەبى سیاسى , ناوەندى کۆمەلە , بارەگاى کاک نەوشیروان , چاپخانەى شەهید جەعفەرو نوسەران و دارایی و چەند بارەگایەکى ترى لەسەر نوسرابوو بە هاندل و فیشە کارى دەکرد و زەنگت لێ دەدا بۆ ئەو شوینەى مەبەست بوو …. بەدالەیەکى تریش هەبوو لە بارەگاى مەکتەب عەسکەرى دانرابوو بارەگاى لق و ناوەندى بزوتنەوەو ئیدارەو میوانخانەو بەندیخانەى شۆرش ئەوکات کاک عەلى شامار لێپرسراوى بوو لەگەل چەند بارەگایەکى تر …. کارى ئەوبەدالانە ئاگادارکردنەوەى لێپرسراوان بوو لە کوبونەوەکان , وەرگرتنى نهێنى شەو و چەند کارێکى دیکە , زۆرجار بەهۆى بەفر بارینى زۆرەوە هیلى تەلەفونەکان ئەپچران بۆیە پیشمەرگەى بارەگاکان ئەبوایە بەدواى هێلەکان دا بچن بیدۆزنەوەو لەژێر بەفردا دەربهێنرێ و لەکوێ پچراوە جۆینى بکەنەوە .
جۆریکى تر لەگەیاندن هەبوو پێش زۆربون و فراوان بون دامەزراندنى بەشى بیتەل بەهۆی بێتەلێکىPRC وە بوو کە رۆژانە ئەچوە سەر شاخى مامەندە لەلایەن پیشمەرگەیەکەوە بەناوى ( سیروان ژێرسێ ) بەکار دەهێنرا گەر لەژیاندایە هیواى تەمەن درێژى و لەش ساخى بۆ دەخوازم گەر لەژیانیش نەماوە سلاو لە رۆح و گیانى پاکى ، ئەمەش بۆ ئەوەبوو کە هێزەکانى خوارەوە بەهۆى هۆکى تۆکیەوە لەسەرلوتکەى شاخەبەرزەکانى کۆسرەت و ئاوەگرد و ئاسۆس و ناوچەکانى دەشتى هەولیر و گەرمیان و شارەزور پەیوەندییان پێوە دەکرد و چالاکى و زانیاری و هەوالەکانیان پێ ئەدا و دواتر ئەنیردرا بۆ راگەیاندن لە ( شرارە و رێبازى نوێ ) و ئیزگە بۆ بلاوکردنەوەى چالاکى و هەوالەکانى هێزى پێشمەرگە , کاتێ کۆمیتەى سەرکردایەتى هەولێر دامەزراو لە وەرتێ جێگیر بوون ئەوانیش PRC یەکیان درایە بۆ پەیوەندىکردن بەسەرکردایەتیەوە کە رەحمەتى دکتور کەمال خۆشناو و خالە سەید مەجید سەرپەرشتى ئەوکومیتەیەیان لەگەل چەند لێپرسراوێکى سەربازى و ئیدارى و ئیعلامى دەکرد گەر بەهەلەدا نەچوبم کاک شۆرشى سەید مەجید بەکارى دەهێنا , دواتریش تیپى جوتیاران لەشاخى بلفەت و بەرى مەرگە کە شەهید عبدالرحیم سەرپەرشتى دەکرد ئەوانیش بە PRC پەیوەندیان بە سەرکردایەتى و هەندێ لە هێزەکانى خوارەوە هەبوو , وەک لەیادمە لە راپەرینەکەى سالى ١٩٨٢ ى شارو شارە دێیەکان و ئۆردوگاکان لە وەرتێ وە دەنگى جەماوەرى راپەریو لەسەر کاسیت تۆمار دەکرا لە سەرکردایەتى وەردەگیراو راستەوخۆ ئەدرا بە دەنگى شۆرشى عیراقى ئەوکات و دەنگى گەلى کوردستانى ئێستا پەخش دەکرا بیگومان هەولى فراوان کردنى تۆرى بێتەل ئەگەرێتەوە بۆ پشتگیرى و پشتیوانى جەنابى مامجەلال و جەنابى کاک نەوشیروان و ماندو بون و هیلاکى کاک بەختیار مستەفاو کاک حەمە سەعید و ئەندازیارانى ئەوکاتى ئیزگە ( کاک ریبوار ، گەر هەلەنەبم ناوى عبدالخالق بوو , کاک پشتیوان کە ناوى فەرەج شێخ عبدالرحمن , کاک رەنج کەناوى عبدالمجید بوو ) و پێشمەرگەکان بۆیە ئەوەش ئەلێم بەپشتیوانى هەردوو هەڤالى تێکۆشەر ، چونکە سالى ١٩٧٩ کاتێ هێزێک بەسەرپەرشتى ( حەمەد ئەمین ناسراو بەمینە ) باوکى رەحمەتى مستەفاى موحاسیبى سکرتاریەت لە ( کومتان ) پشت سەنگەسەر دۆلى روبارى شەهیدان توشى شەرێک ئەبن پاش کۆتایی هاتنى شەرەکە چەند بیتەلێکى راکاڵ وەسەت و راکالىBCC و ووکى تۆکى دەگرن ( وەک بۆ بەندەیان وەسف کرد بۆیە ناوەکانم نوسى ) لەگەل خۆیان دەیبەن بۆ سەرکردایەتى و لەلایەن هەردوو بەرێزەوە پێشوازیان لێ دەکرێ و 50 دینارى ئەوکاتیش بەخەلات وەردەگرن فیشەکى شەرەکەشیان پێ دەدرێتەوە , هەروەک لەپێشەوەش ئاماژەم پێداوە رەنگبێ بەشێوەی گشتی بێتەل بەکارهێنرابێ چونکە گەر بەفراوانى بەکارهێنرابوایە لەکارەساتى هەکارى نەدەهێڵدرا زیاتر بچنە قوولایی دوژمنەوە و توشى ئەوشکستە و ئەو شەهیدە زۆرە نەدەبوون .
شۆرشى گەلانى ئێرانى سالى ١٩٧٩ دەروازەیەکى باش بۆ ی ن ک کرایەوە بۆ چونە شارەکانى رۆژهەلاتى کوردستان و بەشدارىکردن لەئازادکردنى شارەکان لەلایەک و دابینکردنى کەل و پەلى پیویستى پێشمەرگانە لەلایەکى تر لەناو ئەوانەشدا هەولى پەیدا کردن و کرینى بیتەلى PRC یەکێک بوو لە پیداویستیەکان . ناشبێ ئەوەشمان لەیاد بچێ هاوکارى هیزە تێکۆشەرەکانى رۆژهەلات بەتایبەت ( کۆمەلە ) یەکێ لەو هێزانە بوو دواتر بەهۆى ئەوانەوە ٦ بیتەلى(kenwood TS130) مان بۆ بکرن لەدەرەوەى وولات و بیگەیەننە دەست سەرکردایەتى لەسالى ١٩٨٢ هەرچەندە ئەم بێتەلانە جۆرى بازرگانى بوون چونکە شەپۆلەکانى دیاریکراو بون نەک وەک سەربازیەکان هەموو شەپۆلیکى تێدا بێ لەگەل ئەوەش کارى پیشمەرگانەى پێ مەیسەردەکرا لەئەنجامدا ئەتوانم بلێم لەسالى ١٩٨٠ و ١٩٨١ بەرەبەرە تۆرى بیتەل دەستى پێکرد لەناو ی ن ک دواى کارى چاککردنى هەندێ بێتەل لەلایەن ئەندازیاران و ئەو دووهەڤالەى ئاماژەم پێداون لەلایەن پیشمەرگەوە گیرابون و هێنرابوون بۆ سەرکردایەتى و لە کۆتایی سالى ١٩٨١و سەرەتاکانى سالى ١٩٨٢ سەرەتایەکى تۆرى بێتەلى HF ) هاى فریکوەنسى ) لەناوشۆرش دا دامەزراو بەرەبەرە فراوان بوو تا ئەنفالەکان زیاتر لە 50 بنکەى بێتەلى جۆراوجۆر هەبوو لە سەرکردایەتى و مەلبەندو تیپەکان و بنکەو بارەگاکاندا هەبون جگە لە بیتەلى یەدەگ کەبەخوینى گەشى شەهید و بریندارەکانمان جگە لە هەندێکى کەمى نەبێ لەکاتى کفتوگۆکان لەگەل بەعس وەرگیرا بوو , هەر لیرەشەوە دەگەینە ئەوەى کە سێ جۆر تۆرى بیتەل لەناو ی ن ک هەبووە :
1 – سەرەتا تۆرى بیتەلى VHF واتە ( ڤیرى هاى فریکوەنسى شەپۆلەکانى راستەو دەروات و هیچ هۆکاریکى کەش و هەوا بۆى نابێتە ئاستەنگ ) و لەئیستا سیستەمى (UHF ئەلترا هاى فریکونسى ) و هەندێکى کۆمپیوتەرى بۆ گەیاندن و پەیوەندىکردن بەکار دەهێنرێ .
2 – تۆرى زەمینى واتە بەدالات
3 – تۆرى HF , VHF ( هاى فریکوەنسى کە شەپۆلەکانى بەرزو نزم واتە ( USB , LSB ) هەیەو هیچ بەربەستێ شەپۆلەکانى ناگرێ بەلام هەندێجار کەش و هەوا کاریگەرى بەسەرەوە دەبوو ) بەفراوانى لەسەرەتاى ١٩٨١ وە تا ئەنفال و راپەرین و ئیستاشەوە . لەبیرەوەریەکانم بە دوورو درێژى نوسیومە و ناوى بنکەکان و تەنانەت عدد بیتەلەکانیش کە کاریان لەوبەشدا کردووە تۆمارم کردووە .
لەکۆتایی دا ئەلێم سوپاسى هەر هەڤاڵ و هەرکەسێ دەکەم گەر زانیاریەکان کەم کورتى تیدایە بۆم راست بکەنەوە بەوپەرى سنگ فراوانیەوە وەریدەگرم و گەر زانیارى زیاتریان لایە پەیوەندىم پێوە بکەن تا راستیان بکەمەوە چونکە ئەوە مێژووى هەمومانە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت