شێرزاد شێخانی : ( 4 – 1 ) واقیعەکە ئەگۆڕن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کورد فەرمویەتی” چەپڵە بەیەک دەست لێنادرێت ” ، ئەمە بۆ ئەوەیە پێمان بڵێن هیزو سەرکەوتن لەیەکگرتندایە .. یەکێتی و گۆڕان ماوەیەک دژ بەیەک بون ، سەرباری یەک ملیۆن شتی هاوبەشیان هەر لە سەنگەرەوە تا شەهیدەکانیان و فیکرو سیاسەت و هەڵوێستیش لەیەکچونبوون ، ئەو ململانێ و دژایەتیکردنەش هەمیشە بەقازانجی پارتی و دەسەڵاتە خۆسەپێنەکەی تەواو ئەبوو ، نمونەی هەرە دیاریش هەڵوێستەکەی یەکیتی بو لە 30 حوزەیرانی 2013 کەبە قازانجی پارتی و کارەساتی یەکێتی تەواو بو .
تا چوار مانگ پێش ئیستا کێ زاتی ئەوەی ئەکرد بە پارتی و سەرۆکەکەی بڵێن لەسەر چاوتان برۆیە ؟.
کێ ئەوێرا باسی کۆتایی ویلایەتی سەرۆک بکات بەو جورئەتەوە ؟.
کێ ئەیتوانی لەکۆبونەوەکاندا عەرەب وتەنی( نەد للنەد ) بەرامبەر پارتی بوەستێت و داوای گۆرینی سیستەمی سیاسیشی لێبکات ؟. کێ زاتی ئەوەی ئەکرد داوای لادانی مەسعود بارزانی لەفەرماندەیی هێزی پێشمەرگە بکات ، یا کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ؟.
ئیستا کاک مەسعود لەتاڵترین و خەمبارترین رۆژگاریدا ژیان بەسەر ئەبات ، برادەرێکم لەسەر زاری گەنجێکی کوردەوە گێڕایەوە وتی : زۆرم پێم خۆشە ئێستا کاک مەسعود خەمبارە لەسەر کێشەی سەرۆکایەتیەکەی ، چونکە هەر نەبێ بەهۆی ئەم کێشەیەوە تۆزیک هەست بە خەمی خەڵک ئەکات “. ئەوەی ئێستا لەپارتی و سەرکردەو ئەندام و کادیرانی قەوماوە ، یارەبی لە دوژمنتان نەقەومێ .
# هەرچی خەبیرو یاساناس و دەستورزانیان هەیە ئەیهێنن چاری نەک دوساڵ بەڵکو دو رۆژیشیان بۆ زیاد ناخرێتە سەر ویلایەتە بەسەرچوەکەیەوە.
# هەرچی شەقوەشێنیان هەیە بەهەرەشەو گوڕەشەو بگرە نامەی کوشتنیش بۆ ئەم پەرلەمەنتارو نوسەرو رۆشنبیرەی ئەنیرن کەچی کەس ئامادە نیە ملکەچی داواکانیان بێت .
# لەکۆبنەوەکاندا چاوسور ئەکەنەوەو هەرەشەی تێکدانی وەزعو باسی دوئیدارەەییش دادیان نادات و حزبەکانی تر ئامادەی سازش نین .
# هانا بۆ دەوڵەتانی ئیقیلیم و کونسڵگەری وڵاتان ئەبەن ، لەشەرما ئەوانیش ناوێرن دو قسەی خێریان بۆ بکەن سەبارەت بەدرێژکردنەوەی ویلایەتی بارزانی ، چونکە ئەبێتە عەیبە بۆ وڵاتەکانیان کەپاڵپشتی لە جێگیرکردنی دیکتاتۆریەت بکەن .
# بەپارەو ئیمتیازات هەوڵ ئەدەن پەرلەمانتاران رازی بکەن ، بەڵام تەنانەت دە ملیۆن دۆلاریش نەیتوانی ویژدانی یەکێک لەو ئەندامانە بەشەرەفانە بکڕێت.
# گەورەترین رۆشنبیرو دکتۆرو یاساناسەکانیان لەبەر لاوازی حوجەکانیان و نەبونی رێگایەکی یاسایی بۆ درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکیان کەوتونەتە مەوقیفێکی ئیحراجەوە ، کە لەئاییندەدا هەموی بەسەریانەوە ئەشکێتەوە کە چۆن داکۆکیان لەناهەق کردوە .
بەڵێ سەرانی پارتی سەریان لێشێواوە ئەم حاڵەتەش لەهەمو حزبێک و تاقمێکی سیاسی ڕووئەدات کە بیەوێت یاسا پێشیل بکات و بیخاتە ژێر پێیەکانیەوە .
جاری زووە باس لەکاریگەری ئەو هەڵویستە سیاسیە تازەیەی چوار لایەنەکە بکەین کە پێموایە هەڵتەکاندنی واقیعێکی چەوتی چەندین دەیەی کایەی سیاسییە لە کوردستاندا ، ئێستا بەو چوار حزبەوە ئەم واقیعە هاتە گۆڕان و زیاتریش ئەگۆردرێت .
ئەوەی یەکێتی و گۆران کردیان و دواتریش دوو حزبە ئیسلامیەکەشی گرتەوە هەڵوێستێکی بوێرانەیە بۆ گۆرینی سیستەمێکی دیکتاتۆریانەی سەقەت ، کە دەیان ساڵە ئەم میللەتەی ئیمە گیرۆدەی بوەو ، دەیان هەزار خەڵکی خۆی کردە قوربانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سیستەمە . بۆ یەکەمجارە حزبێک یا بەرەیەکی یەکگرتو هەبیت بەرامبەر بەدەسەڵاتی پارتی بوەستێت و پێی بڵێت : ئیتر بەسە .
ئەم یەکخستنی هەڵوێستی یەکیتی و گۆران زۆر شتی تری گەورەتری پێئەکرێت ، ئێستا بۆ هەردوولاو بۆ هەمو میللەتی کوردیش ئیسپات بوو ، کەوا یەکێتی و گۆران ئەتوانن واقیعی سیاسی بگۆڕن ، ئەتوانن سیستەمێکی تەندروست دامەزرێنن لەم کوردستانە . ئەتوانن پرۆسەی دیموکراتی راستەقینە بێننە کایەوە. ئەمەی ئێستا یەکێتی و گۆڕان کردویانە دەستپێکی پرۆسەی گۆڕانە گەورەکەیە کە خەونی هەمو ئینسانێکی بەشەرەفی ئەم میللەتەیە ، هێنانەدی ئاوات و خواستی ئەو هەزاران شەهیدەیە کە دژی دیکتاتۆریەت خوێنیان بەخشی .
ئیدی ئەرکی گەورە تەنها بەوان ئەکرێت ، بێگومان داهاتوی کوردیش و تەنانەت سەربەخۆیی میللتەکەش بەندە بەیەکگرتویی ئەم هێزە نیشتماتنپەروەرانەوە ، نەوەک بەدەست حیزبی خۆسەپێن و پەرلەمان شکێن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت