عیماد عەلی : ئایا لەکەلی شەیتان دێتە خوارەوە ؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمرۆ خاتری لایەنەکانی تری گرت و ، بە پێشنیارەکەی خۆی کە بووە یەکێک لە بژاردەکانی چوار لایەنەکە و ، دەبێت سەرۆک لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێرێت ، رازیبوو ! . ئەمە قسەی بەرپرس و دەزگایەکی راگەیاندنی سەر بە پارتی بوو ، پاش هەشتەمین کۆبونەوەی پێنج قۆڵی ، گوایە موژدەیە و بۆ خەڵک ئاشکرای کرد . وای دانا کە ها ئەوەیە پارتی سوور نیە لەسەر قسەکانی خۆی و لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ، ئەویش دەبێت هەر ( مەسعود بەرزانی ) بێت لە لایەن خەڵکەوە و بە تەواوی دەسەڵاتەکانیەوە هەڵبژێرێت ، رازیبووە ! ئەوەیە سازانخان ، کە پارتی ماوەیەکە داوای دەکات و ئەگەری زۆری هەیە لەم ماوەیە بە بێ مارەیی مارەی بکات .
بۆیە ، هەموو چاودێران و تەنانەت خەڵکە سادەکەی کوردستانیش باش دەزانێت ، پارتی وا بیردەکاتەوە کە لەم ماوەیەدا و ، بەم جۆرە مامەڵە نەرم و نیان و شل و خاوەکەی لایەنەکان و بونی جۆرێک لە جیاوازی بینراو لە نێوانیاندا ، کە پارتی دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک زیاتر قوڵی بکاتەوە ، دەتوانێت ئیستغلالیان بکات .
دیارە پارتی باش دەزانێت کە دەتوانێت درێژە بەم بارودۆخە نالەبارە بدات و ، تەنها باجەکەی خەڵک دەیدات و ، ئەویش بە هەموو توانایەکیەوە دەیەوێت کەمتەرخەمی لە گەیشتن بە چارەسەری گونجاو ، ئەم کاتە بەرێتە سەر و شتەکان بداتە دەست زەمەن و ، دەیەوێت وەک چۆن لایەنەکان هەڵبژاردنی نێو خەڵکیان کردە بژاردەیەک ، ئاوهاش سەرجەم یان زۆرینەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمیش بە تۆزێک رتوشەوە فەرز بکات و ، دەستی هەمو لایەک و خەڵکیش بێ هیچ شتێک لە بنی هەمبانەکە بێتە دەرەوە .
بۆیە دەبێت سەرجەم لایەنەکانی کوردستان سەرەرای لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کورستان ، بە راشکاوی و راست و رەوان بە زویی قسە بۆ گەل بکەن و سەرجەم وردەکاریەکانیان بۆ روون بکەنەوە و ، لایەنی ملهور و چۆنێتی هەوڵدانی بۆ فەرزکردنی داواکاریەکانی خۆی بێ سازان و بەناوی سازانەوە دەربخەن و ، شەرم نەکەن لە باسکردنی چۆنێتی بە کارهێنانی کارتەکانی دوور لە بەرژەوەندیە باڵاکانی میلەت . دەرکەوت پارتی لە پێناو کورسیەکەی بەرزانی ، هیچ شتێکی لا گرنگ نیە بە تێکچونی وەزعی کوردستان و لەناوچونی ئەزمونەکەشەوە و تەنها بەرژەوەندیە تەسکە حزبیە شەخسیە خۆپەرستیەکەیان لا مەبەستە و بەس . بەمەش راستگۆیی پارتی لە راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان دەرکەوت .
زۆر زەروریە کە لایەنەکان سنورێکیان بۆ گفتوگۆ و روبەری سازانەکە دیاری بکەن و ، نەهێڵن پارتی لەوەزیاتر پێداگری لەسەر تەنها داواکاری و ئامانجەکانی خۆی بکات و بەو وەزعەوە بیەوێت دیکتاتۆریەت بەناوی دیموکراسیەتەوە بسەپێنێت و تا دواجار بۆی بچێتە سەر .
با خەڵک باش بزانێت کە ئەگەر داوای پڵنگیش لە پارتی بکەیت ئەو تەنها کەروێشکەلەڕە باریکەکەی خۆی هەیە بیبەخشێت و هیچی تر . وا لە سەرەوە و لە کەلی شەیتان مەتەرێسی گرتووە و بە هیچ شێوەیەک نایەتە خوارەوە . ئێستاش وەک ئەو خەڵکەی لێهاتووە کە هیچی نەبێت بیدۆرێت ئەگەر نەگاتە مەبەستی خۆی ، یان یاری دەکات یان یاریگاکە تێک دەدات، ئەمەش ئەگەر لە زەرەری هەر کەسێکیش بکەوێتەوە ، چش . خەڵک لەوباوەرەدایە کە جگە لە سلێمانی و دهۆک یش هیچ شارێکی کوردستان نامێنێت درێژە بە کۆبونەوە پێنج قۆڵیەکانی داهاتویان تێدا نەکەن تا دەگەنە کۆتایی دوو ساڵەکەی بەرزانی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت