Gynne

گوینه‌ ڕۆبێرتس : سکاڵای قورسی کورده‌کان له‌ ده‌ست به‌غدا به‌کارهێنانی گازی کیمیایی دژ به‌ دێهاته‌ کوردییه‌کانی عێراق .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وەرگێڕانی له‌ ئه‌ڵمانییه‌وه‌ : هیوا ناسیح

پێشه‌کی :
رۆژنامه‌نوسی به‌ناوبانگی به‌ریتانی گوینی رۆبێرتس ( Gwynne Roberts) له‌ رۆژنامه‌ی ( نۆیه‌ تسویرخه‌ تسایتونگ ) که به‌ پڕفرۆشترین رۆژنامه‌ی ئه‌ڵمانیزمانه‌ و له‌ سویسرا ده‌رده‌چێت ، ٢٨ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌رێکه‌وتی ١٢/٩/١٩٨٧دا راپۆرتێکی له‌سه‌ر کیمیابارانی دۆڵی بالیسان نوسیوه ‌، پێده‌چێت یه‌که‌م ڕاپۆرت یان وتار بێت له میدیای بیانییدا له‌ سه‌ر کیمیابارانی گونده‌کانی باشوری کوردستان ، چونکه‌ ئه‌و کات میدیای ئه‌وروپا و جیهان به‌ پێچه‌وانه‌ی ئێستاوه‌ زۆر ده‌گمه‌ن گرنگیان به‌ هه‌واڵ و روداوه‌کانی کورد ده‌دا … وتاره‌که‌ به‌ ناوی ( سكاڵای قورسی کورده‌کان له‌ ده‌ست به‌غدا ، هێرشی کیمیایی بۆ سه‌ر گونده‌ کوردنشینه‌کانی عێراق ) ـه‌ ، که‌ باس له‌ سه‌ره‌تای هێرشه‌ کیمیاییه‌کانی سوپای به‌عس بۆ سه‌ر کوردستان له‌ ده‌ستپێکی ئه‌نفاله‌کاندا ده‌کات و مه‌رگه‌ساتی هێرشه‌کان ده‌گێرێته‌وه‌ . به‌ پێی زانیارییه‌کان کۆمپانیا و پسپۆڕانی وڵاتانی جۆراوجۆر که‌ زۆربه‌یان هی ئه‌ڵمانیا بوونه‌ ، راسته‌وخۆ و هاوکار و یاریده‌ده‌ری به‌رهه‌مهێنانی چه‌که‌ کیمیاییه‌کان بوونه‌ له‌ عێراقدا ، هه‌روه‌ها فرۆكه‌ی سویسری له‌ بۆمبابارانی گونده‌کاندا به‌کار هاتوه‌ . بۆ زانیارییه‌کان لێدوانی له‌ هه‌ر یه‌ک له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا و مه‌سعود بارزانی وه‌رگرتوه ‌.

ده‌قی وتاره‌که‌
سه‌رکرده‌یه‌کی به‌رهه‌ڵستکاری چه‌کداریی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان که پارتێکه نزیکه‌ له‌ ئێران ، رایگه‌یاند ، زانیاریمان هه‌یه‌ له‌ ئێستادا شاره‌زایانی زانستیی ئه‌ڵمانیای خۆرئاوا له‌ کارخانه‌یه‌کی دروستکردنی چه‌کی گازی کیمیایی عێراقیدا له‌ نزیک سامه‌ڕا کارده‌که‌ن . جێگری سه‌رۆکی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان نه‌وشیروان له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌ له‌نده‌نه‌وه‌ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت : پسپۆڕه‌ ئه‌ڵمانییه‌کان له‌ نێو به‌رهه‌مه‌کانیاندا گازی ئه‌عساب و خه‌رده‌ل به‌رهه‌م دێنن ، ئه‌و هه‌رچه‌نده‌ ناوی که‌سه‌کان نازانێت به‌ڵام ناوی دامه‌زراوه‌ و کۆمپانیاکه‌ ده‌زانێت ، که‌ کاری لێ ده‌که‌ن . ئه‌و چه‌که‌ کیمیاییانه‌ له‌ لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ دژی کورده‌ به‌رهه‌ڵستکاره‌کان به‌کارده‌هێنرێن .
بانگه‌واز و هاوار بۆ حکومه‌تی بۆن (*)
کورده‌کان له‌و باوه‌ڕه‌دان، که‌ حکومه‌تی بۆن له‌سه‌ر‌ تێوه‌گلانی کۆمپانیاکانی له‌ عێراقدا ئاگاداره‌ . بۆیه‌ ئه‌وان نائومێدن ، که‌ ده‌سته‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیا هاوڵاتیه‌کانی خۆیان له‌ کارگه‌‌کانی به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی کیمیاییدا ناچار به‌ کشانه‌وه‌ بکه‌ن‌ .
وه‌ک نوێنه‌ری کورده‌کان ده‌ڵێت : ( رونیده‌کاته‌‌وه‌ ) حکومه‌تی عێراق له‌م مانگانه‌ی پێشوودا به‌ گازی ژه‌هراوی خه‌رده‌ل هێرشیان بۆ سه‌ر چه‌ندان ناوچه‌ و دۆڵی‌ کوردستانی عێراق کردوه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی لادێکان ده‌رپه‌ڕێنن ، به‌م هۆیه‌وه‌ ده‌یان پیاو، ژن و مناڵ کوژراون وه‌ سێسه‌د که‌س به‌ خه‌ستی بریندار بوونه‌ .
کورده‌کان وا رایده‌گه‌یه‌نن ، که‌ پسپۆڕانی ئه‌رجه‌نتینی و به‌رازیلی له‌ کارگه‌ی گازی ژه‌هراوی له‌ نێو عێراقدا کار ده‌که‌ن . دوو له‌و کارگانه‌ش کاتی خۆی جێگه‌ی دروستکردنی په‌ینی کیمیایی بوونه‌ له‌ دواترین ناوچه‌کانی خۆرئاوای عێراق له‌ عه‌کاشات و قائیمن. یه‌کێکی تریان نزیکی ئه‌لبوسه‌یه ‌، له‌ ناوچه‌ی بێلایه‌ن (**)دایه ‌.
نوێنه‌رانی هه‌ندێک حکومه‌ت له‌ژنێڤ جه‌ختیان له‌ راستی به‌شێک له‌ زانیاری و تۆمه‌تبارکردنه‌کانی کورده‌کان کرده‌وه ‌. پاش ئه‌وان حکومه‌تانی خۆرئاوای به‌ریتانیا و وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ چاودێری هاریکاری و کاری هاوبه‌شی نێوان کۆمپانیاکانی که‌ جێگه‌ی گومانن له‌‌گه‌ڵ عێراق بۆ دروستکردنی چه‌کی کیمیایی کرد . دیپلۆماته‌ خۆرئاواییه‌کان له‌ به‌غدا وایده‌بینن ، که‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵێکه، جموجوڵی نائاسایی و هاتوچۆی ته‌کینکارانێکی زۆری ئه‌ڵمانی ‌له‌ کارگه‌ نهێنیه‌کانی عێراق بوونی هه‌یه‌، واپێده‌چێت گازی ژه‌هراوی به‌رهه‌م بهێنن . به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌به‌ر موراعاتی بۆن ( حکومه‌تی ئه‌‌ڵمانیای خۆرئاوا – و.) به‌ ئاشکرا قسه‌یان له‌سه‌ر نه‌کردوه ‌.

پسپۆڕانی ئه‌ڵمانیا له‌ سامه‌ڕا
کارمه‌ندێکی به‌رزی پێنتاگۆن به‌ منی راگه‌یاند، که‌ مرۆڤ ده‌زانێت ، دوو کۆمپانیای ئه‌ڵمانیای خۆرئاوا هاوکاری عێراق بۆ دروستکردنی چه‌کی کیمایی ده‌که‌ن ; یه‌کێکیان ده‌بێت رۆڵێکی پێشه‌نگ و سه‌ره‌کی هه‌بێت و به‌رده‌وام له‌ عێراق کار ده‌کات . (( ئه‌م کۆمپانیایه‌ له‌ ژێر ناوێکدایه‌ و کار بۆ کۆمپانیایه‌کی تر ده‌کات )) . وه‌ک کارمه‌نده‌که‌‌ی پێنتاگۆن جه‌ختی لێده‌کاته‌وه‌ ، ((ده‌بێ خه‌ڵک له‌ پێنج ساڵه‌وه‌ ئه‌و راستییه‌ بزانن ، که‌ چ ئامانجێک له‌و هاوکارییه‌ هه‌یه‌ و خزمه‌تی کێ ده‌کات )) . ئه‌مریکییه‌کانیش ده‌یانه‌وێت ناوی ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ ئه‌ڵمانیانه‌ بزانن ، که له‌ سامه‌ڕا کار ده‌که‌ن وه‌ له‌ دروستکردنی کارگه‌که‌دا یان له‌ به‌هه‌مهێنانیدا هاوکارن . پێده‌چێت له‌وێدا له پاڵ به‌رهه‌مهێنانی ( ده‌رمانی قه‌ڵاچۆکه‌ری مێروودا ) گازه‌کانی خه‌رده‌ل و ئه‌عسابیش دروست بکه‌ن ، چونکه‌ وه‌ک دیاره‌ ، ئه‌و گازه‌ی بۆ مه‌به‌ستی چه‌کسازی به‌کارده‌برێت هه‌ر خه‌‌رده‌له ‌.
کۆمپانیایه‌کیان ناوی کارل کۆلب (Karl Kolb) ـه‌ له‌ نزیکی فرانکفۆرته‌ ، له‌ لایه‌ن دیپۆماسییه‌ ئه‌مریکییه‌کانه‌وه‌ وه‌ک سه‌رچاوه‌ی ئامێرسازی ناوده‌برێت ، که‌ ده‌بێت له‌ عێراق دروستکردنی ده‌رمانی مێروو بوو بێت ، دواتر چه‌کی گازی کیمیاییان به‌رهه‌مهێنا بێت . حکومه‌تی ( بۆن ) نکۆڵی له‌م زانیاریانه‌ ده‌کات و ده‌ڵێت رێکاره‌ یاساییه‌کانی گرتۆته‌به‌ر به‌رامبه‌ر کۆمپانیا هاوکاره‌کان . له‌ یه‌که‌م پرۆسه‌یی دادگادا کۆمپانیاکه‌ بردیه‌وه‌ به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی ، ئه‌و که‌ره‌سته‌ و مادانه‌ی ناردویه‌تی بۆ به‌هه‌مهێنانی چه‌کی کیمیایی به‌کارناهێنرێن . حکومه‌تی بۆن به‌ڵام داوای پێداچوونه‌وه‌ ( ئیستیئناف )ی بڕیاره‌که‌ی کرده‌وه‌ و بڕیاری وه‌ستاندنی هه‌نارده‌کردنی شته‌کانی دا . به‌ڵام به‌ڵگه‌ی ڕوونی پێشکه‌ش نه‌کردوه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رله‌نوێ دووباره‌ کۆمپانیاکان تۆمه‌تبار ده‌کرێنه‌وه‌ .

هێرشی کیمایی بۆ سه‌ر باکوری خۆرهه‌ڵاتی عێراق
کورده‌کان وای ڕاده‌گه‌یه‌نن که‌ فڕۆکه‌ی جۆری پیلاتۆز پ – ٧ (Pilatus –p-7)ی دروستکراوی سویسرا له‌م نزیکانه‌ له‌ بۆمبارانکردنی گونده‌کانی کورد به‌ گازی کیمیایی به‌کارهێنرابن .
به‌پێی هه‌واڵگیری کورده‌کان سه‌ره‌ڕای گرتنه‌به‌ری رێگیریی فه‌رمی ، به‌ڵام کۆمپانیای وڵاتانی هۆڵه‌ندا ، وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا و ئه‌ڵمانیای خۆرئاوا مادده‌ی خاویان بۆ به‌رهه‌مهێنانی گازی کیمیایی بۆ عێراق هه‌نارده‌ کردوه ‌.
ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامی جه‌نگی که‌نداوی فارسدا ( جه‌نگی ئێران – عێراق ١٩٨٠ -١٩٨٨ – و .) که‌وتۆته‌وه ‌، چاوتێبڕینی کۆمپانیاکانی خۆرئاوایه ‌، که‌ بێویژدانانه‌ خه‌ریکن ، ئه‌مه‌ش وادیاره‌ به‌ره‌به‌ره‌ بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا روونده‌بێته‌وه‌ ، چونکه‌ وڵاته‌کانی که‌ تۆمه‌تبار ده‌کرێن خۆیان دووره‌په‌رێز ده‌گرن له‌ ئه‌و‌ رۆژنامه‌نوسانه‌ی له ناوچه‌ کوردییه‌کاندا کار ده‌که‌ن .
به‌پێی زانیارییه‌کانی نوێنه‌ری کورده‌کان ، سوپای عێراق به‌ به‌رده‌وامی و به‌ چه‌کی کیمایی هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر مۆڵگه‌کانی پێشمه‌رگه‌ کورده‌کان. سه‌رکرده‌یه‌‌کی پارتی دیموکراتی کوردستان له ئێرانه‌وه‌ به‌ ته‌له‌فون رایگه‌یاند : (( ئێمه‌ نه‌ ماسکی چه‌کی کیمیاییمان هه‌یه‌ و نه‌ به‌دله‌ی خۆپاراستن .‌ کیسه‌ی نایلۆن ده‌که‌ین به‌سه‌ر سه‌ر ، باڵ و قاچه‌کانماندا ، که‌ هه‌‌ندێک ده‌مانپارێزێت . ئینجا ئاگر ده‌که‌ینه‌وه‌ و له‌ ده‌وری داده‌نیشین ، تا هه‌وا گه‌رمه‌که‌ پاڵ به‌ گازه‌ قورسه‌که‌وه‌ ده‌نێت . چه‌کداره‌کانمان خۆیان له‌ ئاویشدا نقوم ده‌که‌ن .)).
به‌ پێی زانیارییه‌کانیان زۆربه‌ی هێڕشه‌کان له‌ هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر ئه‌نجام دراون ، به‌ تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ی که‌ له ژێر کۆنترۆڵی حکومه‌تی ناوه‌ندیدا نین. نزیکه‌ی په‌نجا گوند به‌م جۆره‌ هێرشیان کراوه‌ته‌ سه‌ر . پێشتر سوپای عێراق هه‌وڵیدا، که‌ خه‌ڵکی گونده‌کانی ناوچه‌کان کۆچ پێبکات و بیانگوێزێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی ، که‌ ئیتر نه‌توانن پشتیوانی و هاوکاری شۆڕشگێره‌کان بکه‌ن .

جێگری سه‌رۆکی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ده‌لێت : له‌ دۆڵێکدا که‌ ناوی بالیسانه‌ نزیکه‌ی ٣٢ فڕۆکه‌ بۆمبابارانی نزیکه‌ی بیست گوندی ناوچه‌که‌یان کردوه‌‌ . خه‌ڵکه‌که‌ چاوه‌ڕوانی بۆمبی کلاسیکی ته‌قینه‌وه‌یان ده‌کرد ، له‌ پڕ هه‌ستیان کرد ، بۆمبه‌کان هی چه‌کی کیمیایین . دکتۆرێکی سه‌ر به‌ رێکخراوه‌که‌ ، که‌ له رووداوه‌که‌دا بووه‌ ده‌ڵێت : (( فڕۆکه‌وانه‌ عێراقییه‌کان یه‌که‌مجار هاتن هێرشی کیماییان کرده‌ سه‌ر گرده‌کانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و شوێنانه‌ و کردیان به‌ ته‌م ، تا رێگه‌ له‌ ڕزگاربوونی خه‌ڵکه‌که‌ بگرن ، ئینجا هاتن بۆمبابارانی گونده‌کانیان کرد و به‌رمیله‌ خه‌رده‌له‌‌کانیان به‌سه‌ردا خستنه‌ خواره‌وه ‌. ئه‌و گوتی : زۆر له‌ دانیشتوانه‌کان چاویان ئاوسا ، ئازاری زۆریان بۆ هات و به‌ تیشکی ڕوناکی هه‌ستیار بوون . پێستیان ده‌خورا و سور ده‌بۆوه‌ و په‌ڵه‌ی ڕه‌شی له‌‌سه‌ر دروست ده‌بوو . هه‌ناسه‌یان به‌ ئاسته‌م بۆ ده‌درا و به‌به‌رده‌وامی ده‌کۆکین . من بێده‌سته‌ڵاتانه‌ ده‌بوو لێیان بنواڕم ، که‌ چۆن مناڵه‌کان کوێر ده‌بوون و خه‌ڵکێکی زۆر به‌وهۆیه‌وه‌ گیانیان ده‌دا . ئێمه‌ هه‌وڵماندا ، که‌ داروده‌وه‌نی ده‌وروبه‌ر بسوتێنین ، تا پاشماوه‌ی گازه‌که‌ لاببه‌ین ، به‌ڵام بۆنی ترسێنه‌ری گازه‌که‌ هه‌ر ده‌مایه‌وه‌ .)) . ئه‌و هه‌روه‌ها گوتی : لاشه‌ی سه‌دان گیانه‌‌وه‌ری مرداره‌وه‌ بوو له‌و ده‌وروبه‌ره‌ که‌وتبوو وه چه‌ند دانه‌ مه‌ڕومانگا به‌ ده‌ست سوتانه‌وه‌ی پێستیانه‌وه‌ ده‌تلانه‌وه‌ .

بانگه‌واز بۆ رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان

یه‌ک له‌‌و گوندانه‌ی به‌سه‌ختی به‌رکه‌وتووه‌ شێخوه‌سانانه‌ که له‌ نزیکی به‌نداوی دوکانه‌ و که‌وتۆته‌ باکوری خۆرهه‌ڵاتی وڵاته‌که‌وه‌ . مه‌سعود بارزانی سه‌رکرده‌ی پارتی دیموکراتی کورستان که له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتگیری ده‌کرێت ، له‌ بانگه‌وازێکدا بۆ رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان رایده‌گه‌یه‌نێت ، که‌ له‌و هێرشانه‌دا ٣٣ ژن ، مناڵ و خه‌ڵکی به‌ته‌مه‌ن تێداچوونه ‌. رێکخراوه‌کانی تر ژماره‌ی تری قوربانییه‌کان ده‌خه‌نه‌ ڕوو . به‌ پێی قسه‌ی دوو شایه‌تحاڵی جیاواز ، دوو که‌سی به‌رکه‌وتوو به‌و چه‌که‌ له‌ خه‌سته‌خانه‌‌ی ناوه‌ندیی سلێمانی به‌دوای چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕان ، چه‌ند سه‌عاتێک دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشکی پێویست ، هێزه‌کانی ئاسایشی عێراق کۆیکردنه‌وه‌ و خستنیه‌ ناو لۆریه‌که‌وه‌ ، خه‌ڵکێکی زۆر له‌ شه‌قامه‌که‌ له‌ ده‌وری کۆببوه‌وه ‌، به‌ پێی قسه‌ی بینه‌رێک ، هێزه‌که‌ کوڕێکیان که‌ به‌سه‌ختی له‌شی سوتا بوو ، له قادرمه‌کانی خه‌سته‌خانه‌که‌‌وه‌ فرێدایه‌ خواره‌وه‌ ، له‌ کاتێکدا ئه‌و له‌ به‌ر ئازار ده‌یقیژاند . دواتر ئه‌‌و بریندارانه‌ی به‌و جۆره‌ بردرا بوون ، له‌ به‌رده‌م مزگه‌وتێکدا داگیران ، که‌ به‌س چار‌ه‌سه‌رییه‌کی کاتی و ساده‌ کرابوون .

سه‌رجه‌م پارته‌ کوردییه‌ گه‌وره‌کان له‌ بانگه‌وازیاندا ڕوو له‌ رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌‌کانی وه‌ک نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان ده‌که‌ن ، که‌‌ هێرشی چه‌کی کیمیایی له‌ عێراق بوه‌ستێنن . به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ کۆمه‌‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پشتگوێیان خستون و چه‌کی کیمایی به‌رده‌وام له‌ کوردستانی عێراقدا به‌کارده‌هێنرێت .

  1. په‌راوێز
    (*) و . ئه‌ڵمانیای خۆرئاوا ١٩٤٩ – ١٩٩٠، له‌ سه‌رده‌‌می جه‌نگی سارددا سه‌ر به‌ کامپی خۆرئاوا بوو ، شاری بۆن پایته‌خته‌که‌ی بوو .
    (**) ناوچه‌ی بێلایه‌ن ، بریتی بوو له‌ ناوچه‌یه‌کی سه‌ر سنوری عێراق و وڵاتی ئوردون ، که‌ به‌پێی رێکه‌وتنی هه‌ردوولا سه‌ر به‌ هیچ له‌م دوو وڵاته‌ نه‌بوو.
    * ئه‌م وتاره‌ له‌ رۆژنامه‌ی ئاوینه‌ ژماره‌ (٤٩٥) رۆژی ١٥/٩/ ٢٠١٥ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ .

PHOTO -rediff.com