Nechir-.-Hamlan

عیماد عەلی : رۆژی لەدایکبونی نیچیرڤان و جەژنی هەژاران .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سوپرایسێکی هاورێیانە و جوان ، تابلۆیەکی بە واتا و گەورە و فراوان ، کێکێکی نەرم و نیان ، نەبونی موچە و هاتنی جەژنی قوربان ، نەبونی غازی چیشتلێنان و بێهیوا بونی ماڵو مناڵان ، تەنانەت گرانبونی تەماتە و باینجان ، هاتنەوەی تەرمی کۆچبەر و شەهیدان ، دەسەڵاتی کوردی نەبای دیوە و نە باران ، هەر بژی سەرۆک وەزیران .
لە کاتێکدا هەموو حکومەتەکانی دونیا لەگەڵ وەزعی گەل و بارودۆخی هاونیشتمانیان لە کارلێکدان و لەگەڵ خەڵکدا هاوخەم و هاوسۆز و هاوران . بەدەر لە بارودۆخی گشتی هیچ رەفتارێکی نامۆ نانوێنن ، لەدونیادا نیە گەل برسی بێت و حکومەت لەبیری شتە تایبەتەکانی خۆی بێت و وەک ئەوەی گەل تێرو خۆحاڵە ، لە هیچ کونو قوشبنێکی ئەم سەر زەمینە نیە لە بۆنەگشتیەکانی گەل و نیشتمان وەک ئەم دوو جەژنەی کە بۆتە نەریتێکی خۆشحاڵی گەورە و مناڵی ئەم کوردستانە ، خەڵک دڵتەنگ وخەمبار بێت وحکومەتەکەی سەرقاڵی بۆنەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانەکەی بێت .. حکومەتێک لەگەڵ ئازار و مەینەتیەکانی خەڵکەکەی خۆیدا نەبێت و خەریکی کار مناڵ ئاسا بێت ، چاوەرێی چی لێ دەکەیت .
وەزیری دارایی سەر بە حزبێکە شەو ورۆژ رەخنە دەگرێت ، کە تا دوێنی دەیوت هیچ خەتایەکی من نیە موچەم پێ دابین ناکرێت و من لەگەڵ داواکاریەکانی خەڵکدام ، ئەمرۆ دیاری دەبەخشێت بە سەرۆک وەزیرانەکەی لە رۆژی لەدایکبونیدا و هەست و نەستی ئەم گەلەش چش . لەولاشەوە جەنابی جێگری سەرۆک وەزیران ، سۆپرایسێک بۆ سەرۆک وەزیران ئامادەکات و حزبەکەشی دەڵێت : هیچ رۆڵێکم لە حکومەتدا نیە و موچە لای من نیە و دەرس و پەندم لە رۆژانی رابردوو وەرگرتووە . دەبو حەملان ئەو تابلۆیەی ببەخشتێتە ماڵە شەهێدێک و قوبادیش سوپرایسی کێکەکەی بۆ لەدایبکونی مناڵە شەهێدێک بە دیاری ببردایە ، ئەمەش کار و شتی شەخسی نیە وەک بەهانەی بۆ دێننەوە و ، لە بینای ئەنجومەنی وەزیرانەکەدا رەفتاری وا دەکەن و ، بۆ پێشوازی خەڵکی نارازی تەنانەت راوێژکارێکتان لەوێ نیە ، بۆ ماوەی حەفتا و شەش رۆژ پرۆتستۆ و بایکۆتان کرد و کۆبونەوەیەکتان تێدا نەکرد ..
ئا لەم کاتەدا کە ئەو وێنانە دزەی کردووە تە نێو خەڵک ئەگەر بە ئەنقەستیش بوبێت و لایەنێک قازانجی لێ ببینێت ، بەڵام ئەوە راستیەکەیە و دەرکەوتوە کە کەس لەم دەسەڵاتە لەگەڵ خەم و خەفەت و بارودۆخی خەڵکدا ناژیت و میلەت لە شوێنێک و حکومەت لە شوێنێکی تردایە . بۆیە هیچ بەهانەیەک بۆ کەس مەهێننەوە و قسەی بێ واتا دادی هیچ کەس و حزبێک نادات و سەرجەم لایەنەکان بۆ خەڵکیان سەلماند کە نە خەڵکی میلەتپەروەری شیاو لە شوێنی خۆیدا دانائەنێن و نەئاگایان لە هیچ پێداویستیەکی خەڵک هەیە و ، مەودای نێوان دەسەڵات و خەڵک ئەوەندە فراوانە کە بە هیچ کامیان ناتوانن پینە و پەرۆی بکەن و ئامانجەکانی خەڵکی رەشو روت لەبەرچاو بگرن .. بەم زوڵم و زۆر و بێ منەتیەی دەسەڵاتی کوردستان ، بە سەرجەم حزبەکانیەوە، ئوەمان بۆ دەسەلمێنێت ، کە شایانی فرێدانە، جا بە هەر کەس و لایەنێک و بەهەر شێوەیەک بێت . بۆیە شۆرشێکی هەمەچەشن بە هەر شێوەیەک بکەوێتەوە لە پێشەوەی پێویستیەکانی لە ناوبردنی ئەم جۆرە دەسەڵاتەیە ، تا بەم حزب و لایەن و کەسانەی کوردستان بەرێوەببرێت ، چواەرێی لەمە خراپتر دەبین . ئەوەی سونەتی ژانە و دەبێت رووبدات ، لە هەلێکی گونجاودا چاوەرێی تۆڵەی خەڵک بن کە چارەنوستان لە دکتاتۆرەکانی دونیا باشتر نابێت و ، لە حاکمە زۆر زاڵمەکانی جیهان خراپترتان لێدەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت