barzani-1

شێرزاد شێخانی : بارزانی وازی هێنا ، بۆ خەڵک ناڕژێنە سەرشەقام ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای ئەوەی دڵنیا بوو ، کەوا حزبەکەی و یەکێتی دووساڵی تریان خستەسەر دو ویلایەتە تەواوبوەکەی لە 30 حوزەیراندا ، مەسعود بارزانی کەوتە بێقییمەتکردنی ئەو دیارییەی یەکێتی بێبەرامبەر دایە بارزانی . ئەوە بوو تا ماویەک نازی ئەکردو ئەیوت من داوام نەکردوە دوو ساڵم بۆ درێژبکەنەوە ، بەمەش سەرانی یەکێتی خستە مەوقیفێکی زۆر موحریجەوە ، بۆیە ئەوسا سەرکردەکانی یەکێتی بە ناچارییەوە کەوتنە پاڕانەوەو نوزانەوە لە بارزانی بەڵکو دیارییەکەیان قبوڵبکات ، ئەویش دوای نازو فیزێکی زۆر قبوڵی فەرمو ، بەمەش یەکێتی توشی سزایەکی زۆر قورس بو لەلایەن جەماوەرو ئەندامەکانیەوە ، پارتیش دوو ساڵی تری خستە سەر ویلایەتە کۆتاهاتووەکەی بارزانیەوە .
ئێستاش مەسعود بارزانی لەپەیامێکی نوێیدا بەراشکاوانە ئەڵێت : من داوای درێژکردنەوە ناکەم و وازیش ئەهێنم لەو پۆستەو هەر کەسێک لەسەری رێکبکەون من پۆستەکەی ڕادەست ئەکەم ؟
ئەم رستەیە دەیان و سەدان پرسیار هەڵئەگرێت ، چونکە ئەم هەرێمەمان کە بەدەست دەیان کێشەی قوڵ و قەیرانی بێکۆتاوە دەیناڵاند ، هیچ پێویستیەکی بەقەیرانی سەرۆکایەتی نەبو ، کە بارزانی و حزبەکەی دروستیان کرد ، چونکە لەڕووی یاساوە ، کە ئێستا بارزانی دانی پێوەئەنێت و نایەوێت پێشێلی بکات ، هەر بەو یاسایانەوە بارزانی بۆی نەبو خۆی کاندید بکاتەوە یا ماوەکەی بۆ درێژ بکرێتەوە ، بەڵام حزبەکەی خۆی بوون دەستبەرداری ئەو پۆستە نەئەبون ئەم قەیرانەی لێکەوتەوەو پۆستەکەی بارزانیش بوە گرێکوێرەی دانوستانەکان .
ئێستاش ئەگەر بارزانی راستی فەرمووە و وازی لەو پۆستە هێناوەو ئامادەشە ڕادەستی کەسێکی تری بکات ، ئەوە کێشەکە چارەسەر ئەکات و هەقوایە وەکو ئەوەی گەلی میسر کردیان لە شۆرشەکەیانە کاتێک حوسنی موبارەک دەستبەرداری پۆستەکەی بوو ، هەمو گەلی میسر ڕژانە سەرشەقام و کردیان بە جەژنی سەرکەوتنی شۆرشەکەیان ، لێرەش مادام بارزانی دەستبەرداری پۆستەکەی ئەبێت و کێشەکە چارەسەر ئەکرێت ، هەقوابوو خەڵکی کوردستان ئەم جەژنەیان بکردایەتە دو جەژن و برژانایە سەر شەقام بۆ خۆشی دەربرین ، بەڵام لەوە ئەچێ تەنانەت میللەتیش باوەڕی بەقسەکانی سەرۆک بارزانی و حیزبەکەشی نەمابێت . ئەم هەڵوێستەش وەکو مانۆرێکی پارتی و سەرۆکەکەی بزانن ، رەنگە هەر ئەوەشیان ڕاست بێت بەبەڵگەی یەکدو وشەی ناو خودی پەیامەکەی بارزانییەوە ، کە ئێستا پارتیەکان زۆر باش فێری یاریکردن بون و ، بە وشەو هەڵوێستە سیاسیەکانیاندا یاری بەو وشانە ئەکەن بۆ راکێشانی بەرامبەر .
ئەوەتا هێشتا سەدای قسەکانی بارزانی لەگوێماندا ئەزرینگێتەوە ، ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی بەناوی محمد خورشید لەلێدوانێکی بۆ ( ئین ئار تی ) ئەفەرموێ : بارزانی هیچ کاتێک داوای نەکردوە لەپۆستی سەرۆکایەتی هەرێم یا پارتیدا بمێنێتەوە ، بۆچونی پارتی وەکو حزبێکی هەرێمی کوردستان ، لەگەل ئەوەدایە بارزانی لەپۆستی سەرۆکایەتی هەرێمدا بەردەوام بێت ، چونکە بارودۆخی کوردستان پێویستی بەمانەوەی بارزانییەو ، لایەنگرانی پارتی ئەوە قبوڵناکەن جگە لەبارزانی کەسێکی دیکە سەرۆکایەتی هەرێم وەربگرێت ، ئەو بۆچونەش لەناو سەرجەم لایەنگرانی پارتیدا بونی هەیە .
ئەمە هەڵوێستی راستەقینەی حزبەکەی بارزانییەو ، دوور نیە ئەگەر کار گەیشتە بنبەست و بارزانی بۆ خۆ جوانکردن بریاری دا دەست لەکاربکێشێتەوە هەمان سیناریۆی عەبدولناسری میسر دوبارە بکەنەوە ، بەوەی لایەنگرانی پارتی رازی نەبن سەرۆکەکەیان دەستبەرداری پۆستەکەی بێت ، ئەوسا بڕژێنە سەرشەقام و داوای مانەوەی بارزنی بکەنەوە ، ئەی ئەوە نیە سەرکردەکەی پارتی ئەڵێت : لایەنگرانمان بەهیچ شێوەیەک قبوڵناکەن کەسێکی تر غەیری بارزانی ببێتە سەرۆکی هەرێم ؟.
هەندێ کەس وای بۆ دەچن ئێستا بارزانی تۆپەکەی هەڵداوەتە گۆرەپانی چوار حزبەکەوە ، بەڵام من پێموایە هیچ لەوەزعەکەی نەگۆریوە ، چونکە بارزانی لەپەیامەکەیدا ئەڵێ : پێشنیار دەکەم هەمو حزبەکان بریار لەسەر ئەوە بدەن کە بەر لە 2017 دەسەڵاتەکان و میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک لە دەستوردا یەکلایی ببێتەوە و بریاری کۆتایی بۆ گەل بێت .
ئەو ئەگەر وازی لەو پۆستەی هیناوە ، چ کاری بەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی دوای خۆیەتی ؟ هەڵبەت دەسەڵاتەکانی سەرۆک و میکانیزمی هەڵبژاردنی لەدەستور جێگیر ئەبیت . ئەویش لەرێگەی ئەو لێژنەیەی دەستور ئەنوسێتەوە ، دوای ئەوەش ئەگەر بارزانی دەستبەرداری پۆستەکەی بێت ، یەکێک دائەنرێت بۆ کاربەرێکردن یا بەرێکەوتنی حزبەکان ، ئەویش هەڵبەت دەسەڵاتەکانی پرۆتۆکۆلی ئەبێت ، بارزانی چ کاری بەدەسەڵاتەکانی سەرۆکی دوای خۆیەتی ، مەگەر وای دانابێت کورەکەی خۆی بکاتە سەرۆک ، کەئەمەش دور نیە حزبەکان پێی رازی نەبن ، چونکە ئەوەی بۆ بارزانی ئەچێتە سەر رەنگە بۆ کوڕو زاواکانی نەچێتەسەر .
من پێموایە ئەو پەیامەی بارزانی شتێکی ئەوتۆ نیە ، تەنها کات کوشتنە بۆ ئەوەی بارزانی بۆ درێژترین ماوە لەپۆستەکەیدا بمێنێتەوە:
1 – چوار حزبەکە رائەکێشنە ناو قۆناغێکی تازەی دانوستانەوە ئەمجارەیان لەسەر ئەوەی کێ لەشوێنەکەی بارزانی دابنێن ، بەمەش چەندین کۆبەنەوە ئەبەستن و میللەتی پێوە خەریک ئەکەن گوایە حزبەکان خەریکی چارەسەرن ، ئەم مەسەلەیە بۆ چەند مانگێکی تر درێژەی پێ ئەدەن ، بار زانیش لەپۆستەکەیەتی .
2 – دواجار پارتی بەهیچ کەسێک رازی نابێت بریار ئەدەن بچنە هەڵبژاردنی پێشوەختەوە ، بەمەش چەند مانگێک ئەکوژن لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردنەکە لەناو پەرلەمانەوە بێت یا لەلایەن گەلەوە .. بەمەش بارزانی چەند مانگێکی تریش لەپۆستەکەی ئەمێنێتەوە..
3 – ئەم مەسەلەیە ئەدەن بە لێژنەی دەستور ، ئەویش چەند مانگیک خەریک ئەبێت سازانێک دروست بکات لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەکە .. بەرزانیش هەر لەپۆستەکەی بەردەوامە.
4 – لەسەر شێوازی هەڵبژاردن رێک ئەکەون ئینجا مەسەلەکە ئەچێتە لای کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ئەویش شەش مانگی پێویستە بۆ رێکخستنی هەڵبژاردنەکە ، بەمەش بارزانی دوو ساڵی تر لەپۆستەکەی ماوەتەوە بەبێ منەت هەڵگرتنی هیچ لایەنێک .
ڕەنگە چوار حزبەکەش بەم چارەسەرییە ڕازی بن بۆ هێشتنەوەی بارزانی تا دووساڵی تر ، بەڵام کێشەکە ئەم دوو ساڵە نیە گەلۆ .
کێشەکە هەشت ساڵی تری ولایەتە سفر کراوەکەی بارزانییە ، بەپێی دەستوری داهاتو . ئەی ئەوە نیە سەرکردایەتی پارتی ئەڵێت : ئێمە کەسمان قبول نیە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم غەیری مەسعود بارزانی نەبێت .
ئیدی کەی لەم مەسیجانە تێئەگەن گەلحۆ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت