نەبەز گۆران : كۆبوونەوەی نا ئومێدكردنی خەڵك .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو زنجیرە كۆبوونەوەیەی دەكرێن ، بەرهەمێكی ئەو تۆی بۆ دۆخی ئابووری و سیاسی هەرێم نیە .
یەكێك لە سەركردەی حیزبەكان بۆ گاڵتەكردن بە كۆبوونەوەكان لە دانیشتنێكدا وتی : ( ئەوە كۆبوونەوەی كەڕڕەكانە ! )
لێمان پرسی یانی چۆن ؟
وتی : ( چوار حیزبەكە شتێك دەڵێن ، حیزبەكەی بەرامبەر گوێیان لێنگارێت .
حیزبەكەی بەرامبەریش شتێك دەڵێت : چوار حیزبەكە گوێی لێناگرن . هەر كەسەو شتی خۆی دەڵێیت و ئەوی دیكە گوێ‌ ناگرێت ، بۆیە وەك كۆبونەوەی كەڕڕەكان وایە ) تا ئێستا هەر دوو بەرەكە ، لەسەر بۆچوونی خۆیان سوورن .
حیزبی پارتی كە نوێنەرایەتی كورسیە بەسەرچوەكەی ( بارزانی) دەكات ، دەیەوێت رێگایەك بدۆزێتەوە تا ئەم دووساڵە لەسەر كورسییەكەی خۆی بیهێڵێتەوە . ئیدی بۆی گرنگ نیە رێگاكە حیزبییە ، یان یاساییە ، یان سیاسی .
گرنگ ئەوەیە دەیدات بە گوێی هەموولایەكدا كە ( بارزانی ) نایەوێت لەسەر كورسیەكە دابەزێت و بە موڵكی خۆی دەزانێت !
چوار حیزبەكەی دیكەش ، كە هیچ پێویست نەبوو پرۆژەیان هەبێت و ئەوەی پێویست بوو پرۆژەی هەبێت بۆ رازیكردنی لایەنەكان ، حیزبی پارتی بوو ، كەچی ئەو بێ‌ پرۆژەیە و چوار لایەنەكە پرۆژەیان هەیە و خۆیان سەرقاڵ كردوە بە پرۆژەوە!
گشت لایەك دڵنیا بووەتەوە لەوەی ( بارزانی ) وەك هەموو ستەمكارەكانی دیكەی رۆژهەڵات ، كورسیەكەی جێناهێڵێت .
ئەگەر كۆی كۆمەڵگەش وڵات جێبهێڵێت و ئەو بەتاقی تەنیا مابێتەوە ، كورسیەكی جێناهێڵێت . ئەمە وێنەیەكی روونە و پێویست بە گفتوگۆكردن و كۆبوونەوە ناكات .
بەڵام ، حیزبی پارتی تا رادەیەك دڵنیابووە لەوەی ، شكۆی كورسیەكەی ( بارزانی ) لە رویی سیاسی و جەماوەرییەوە شكاوە . بۆیە دەیەوێت یاری بەكات بكات و لەم یاریكردن بە كاتەدا حیزبەكان ناچار بكات ، خۆیان رێگای بۆ دانێن و شكۆی بۆ بگەرێننەوە . لێ‌ ، ئەوەی جێگای سەرنجە لەم كات كوشتنەدا چوار حیزبەكەی دیكە ، كەوتونەتە ناو یارییەكە!
هەڵبەتە پێش دەستپێكردنی كۆبونەوەكان ، خەڵك زیاتر لە حیزبەكان دەزانێت ئەنجامەكەی چیە .
ڤەلێ‌ با بپرسیت : چوار حیزبەكە بۆچی دەبنە پرۆسەی یارییەك بۆ نائومێد بوونی خەڵك ؟ ئەگەر بریارە رێزی یاسابگیرێت با ئەم گفتوگۆیانە بچنە ناو پەرلەمان و ئەركی پەرلەمانە ، كێشەی ئەو كورسیە بەسەرچووە یەكلایی بكاتەوە . ئەما ، گەر مەسەلە خۆ سەپاندانە ، چ پێویست دەكات بەژداربن لە كۆبونەوەیەكی بێ‌ ئەنجام و بۆ بە خەڵكی كوردستان ناڵێن :
خۆی دەسەپێنێت و ناروات ! ئێدی ئێمە بەژداری لە كۆبونەوەیەك ناكەین بۆ دۆزینەوەی رێگایەك تا لەسەر كورسیەكە بمێنێتەوە . یان ، گەر دەتانەوێت دای بنێنەوە ، پێویست بە كات كوشتن ناكات تا خەڵك نائومێدبكرێت .
راشكاوانە بڵێن : رێزی یاسا ناگرین و دایدەنێینەوە وەك بوكەڵەیەكی ستەمكار . ئیدی رەنگە بەس بێت بەردەوام بوون بەم ( زنیجرە) كۆبوونەوە نا ئومێدكەرانە . دوو رێگا هەیە ، یان یاسای بۆ دادەتاشن دایدەنێنەوە ، چەشنی ستەمكارەكانی دیكەی رۆژهەڵات ، یان كۆتایی بەو تاك پەرستیە دێت و رێگای یاسا دەگیرێتە بەر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت