Daesh-3

بورهان شێخ رەئوف : وشککردنى سەرچاوە داراییە کانى داعش .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام ناسراو بە داعش ، ئەو  ڕێکخراوە تیرۆریستیەیە کە باشترین سەرچاوەى داهات و دارایى لە بەر دەستدایە کە لە زۆرێک لە دەوڵەتە بچکۆلەکان دەوڵەمەندترە لە وتارەکانى پێشوترمدا بە درێژى لە سەر هۆکارو سەرچاوە داراییە جیاوازەکانى ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیە وەستام ئەوەى ئەمجارە دەمەوێت باسى بکەم چۆنێتى وشککردنى سەرچاوە داراییەکانى داعشە .
ئەزموونى مێژوویى بە گژاچوونەوەى تیرۆر و ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان لە جیهاندا چەند ڕاستیەکى گرنگ و حاشا هەڵنەگریان فێرکردووین ئەوانیش خۆیان لەوەدا دەبیننەوە :
1 – وشککردنى هەموو سەرچاوە دارایى و کۆمەکە ماڵیەکانى ئەو  ڕێکخراوانەیە کە وەکو شادەمارى ژیانیان وایە و کردەوە تیرۆریستیەکانى پێ ئەنجام دەدەن ، ئەویش بەوە دەکرێت کە هەموو سەرچاوەى پشتیوانى و یارمەتى ئەو ڕێکخراوانە ببڕێنرێن و هەناسەیان لێببڕێت ئەویش بەوهەنگاوەى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی پێکرد هەرچەندە درەنگ وەختیش بوو بە دانانى داعش و بەرەى نوسرە لە ژێر بەندى حەوتەمى پەیمانى نەتەوە یەکگرتوەکان کەماف دەدات بە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ، کە سزا بسەپێنێت بەسەر هەموو ئەو کەس و لایەنانەدا کە کۆمەک ویارمەتى پێشکەش بە و ڕێکخراوە تیرۆریستیانە دەکەن و لە هەمان کاتدا بوار دەدات بە وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیە مالیەکان کە چاودێرى و بە دواداچوون بۆجووڵەى سەرمایە کان بکەن کە بۆ ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانە دەڕۆن و هەروەها ناسینى ئەوانەى دەینێرن و ئەوانەى پاڵپشتیان دەکەن و دواتر سزادانیان وناچارکردنیان بە بڕینى ئەو کۆمەکانە تاوەکو بە هێواشى دەمرن و دەپوکێنەوە .
2 – هەنگاوى دووەم زۆر گرنگ و جێ ى بایەخە ئەوەیە کە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هاوپەیمانیتیەکى زۆر بە هێز تر لەمەى ئێستا بۆ بە گژاچوونەوەى تیرۆر دابمەزرینێت نەک هەر هاوپەیمانێتیەکى سەربازى بەڵکو هاوپەیمانێتیەکى سیاسى ستراتیجیشى لە گەڵدا بێت کە بگەنە زۆر لێک تێگەیشتن و هەماهەنگى نێودەوڵەتى و ئیقلیمى گرنک لە سەر چۆنێتى بە گژاچوونەوەى ئەو ڕێکخراوە کە هەموو سنوورى نێوان نەتەوەکان و وڵاتانى جیهان و ناوچەکەشى تێپەڕاندووەو هەڕەشە لە ئاشتى و ئارامى و سەقامگیرى دەکات و ئەکتیف کردنى هەر کردارێک بۆ بەگژاچوونەوەیان .
هەروەها دروستکردنى جۆرێک لە هەماهەنگى لە نێوان دراوسێکانى عێراق و سوریا کە داعش هەڕەشەیەکى هاوبەشە بۆ هەمووان و فاکتەری سەرەکى ئاژاوەوە بشێویەکانى ناوچەکەیە بۆیە زۆر گرنگە کە هەموو ڕێڕەو و خاڵە سنووریەکانیان لێدابخرێت و بوار نەدرێت کە نەوت بفرۆشن و مانشێتى جەنگیانى درێژە پێبدەن .
چەند هۆکارێکى ترى گرنگ هەن ، حەز دەکەم لە کۆتاییدا ئاماژەیان پێبدەم ئەوانیش ڕیفۆرم لە هەموو دامودەزگاکانى دەوڵەت لە وڵاتانى ناوچەکە بە هەرێمى کوردستانیشەوە چ لە بوارەکانى تەندروستى و بەتایبەتى پەروەردە و خزمەتگوزاریە گرنگەکانى ڕۆژانەى هاووڵاتیان و لە ناوبردنى گەندەڵى کە ئەویش مەترسیەکانى لە تیرۆر کەمتر نیە ، سەرەڕاى ئەکتیڤکردنى پرۆسەى دیموکراسى و دەستاو دەستکردنى دەسەڵات بە شێوەیەکى ئاشتیانە کە ئەمیش یەکێکە لە فاکتەر بنەڕەتیەکانى بە گژاچوونەوەى تیرۆر و ئارامى و سەقامگیرى دەستەبەردەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت