ئاریان ڕەشید : گۆڕانکاری لە سلێمانی یەوە بۆ هەولێر .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

گومانی تێدا نیە کە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و قۆرخکردنی داهاتی نەوت و چڕکردنەوەی دەسەڵاتی مامەڵە کردن بە سامانە نەوتیەکان لە دەستی پارتی و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ، سەرچاوەی سەرەکی ئەم قەیران و کێشەو گیرگرفتانەن کە ئیستا هەرێمی کوردستان بە خۆوەی دەبینێت . ئامانجی پارتی لەم کارە بێگومان بەدیهێنانی پڕۆژەیەکی قێزەون و نامرۆڤانەیە لە کۆنترۆڵکردنی سەرجەم جومگەکانی حکومەتی هەرێم و لە ڕێگاشیەوە کۆکردنەوەو چڕکردنەوەی داهاتی حکومەت لە دەستی پارتیدا ، ئەمەش مەبەستێکی گڵاوو ترسناک لە پشتیەوەیەتی کە خۆی لە سەپاندنی هەژموون و پێگەو دەسەڵاتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بەسەر سەرجەم خاڵ و جومگە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەبینێتەوە . خەونی بونیادنانی دەوڵەتۆچکەیەکی پاشکۆ کە تێیدا بنەماڵەی بارزانی بە شێوەی پشتاو پشت – گواستنەوەی دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ – لەم بەشەی کوردستاندا ، ئامانج و فاکتەری سەرەکی ئەم جۆرە مامەڵەو هەڵسوکەوتەی پارتی یە .
هەر بۆیە پێویستە بە لامانەوە ئاسایی بێت کاتێک ( پارتی دیموکراتی کوردستان ) ڕەتی سەرجەم ئەو پێشنیارو پڕۆژە بڕیارانە دەکاتەوە کە بەمەبەستی سازان و ڕێکەوتن دەخرێنە بەردەمی ، چونکە ئەو لە بنەمادا هەڵگری ستراتیژیەکی جیاوازە لەوەی چوار لایەنەکە ( گۆڕان ، یەکێتی ، کۆمەڵ ، یەکگرتوو ) کاری بۆ دەکەن و بە چارەسەری دەزانن . کاتێکیش چوار لایەنەکە پرسی سەرۆکایەتی و یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە وەکو تاکە ڕێگای دەرباز بوون و تاکە دەروازەی چارەسەرکردنی قەیران و گیروگرفتەکان سەیر دەکەن ، ئەوا مل نەدانی پارتی و درێژە کێشانی کۆبوونە پێنج قۆڵیەکانی نێوان پارتی و ئەو چوار لایەنە قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوەو کێشەو گیروگرفتەکان بەرەو خاڵێکی مەترسیدار ئاراستە دەکات .
پرسیاری گرنگ و جەوهەری لێرەدا ئەوەیە ، ئایا ئەم چوار لایەنە کە لەئێستادا تەمسیلی بەرەیەکی داکۆکیکار لە چاکسازی و دیموکراسی و دەوڵەتی یاسا دەکەن جگە لە بژاردەی یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم هیچ ڕێگاچارەیەکی تریان بۆ ڕوبەڕو بوونەوەی قەیرانەکان لەبەردەمدا نیە ؟ بە مانایەکی تر ئایا قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە و خراپ بوونی ڕۆژ بە ڕۆژی بارو گوزەرانی خەڵک بەتوندی گرێدراوی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمەو تا ئەو پرسە یەکلا نەکرێتەوە قەیرانەکان دەرفەتی چارەسەر کردنیان نیە ؟ .
وورد بوونەوە لە سروشتی کێشەو قەیرانەکان و لێکۆڵینەوەیەکی ووردو بابەتیانەی دۆخەکە (objective) پشت ڕاستی ئەوە دەکاتەوە کە قەیرانەکان لە دایک بووی ئەم چرکە ساتە نین و ڕەگی قووڵیان لە ئەزموونی چەند ساڵ فەرمانڕەوایی خۆجێ یی و خود بەڕێوەبەری حکومەتی هەرێم داکوتاوە . ئەزموونی فەرمانڕەوایی هەرێم و سیاسەتی دوو ئیدارەیی و بەحیزبیکردنی سەرجەم جومگەو ڕایەڵەکانی حکومەت ، نەخشی سەرەکیان لە سەرهەڵدانی قەیرانەکان و قووڵکردنەوەو پەرەپیدانی کێشەو گرفتەکاندا هەبووە ، بەمەش بەستنەوەی قەیرانەکان بە تەنیا بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمەوە لەسەر بنەمای تێنەگەیشتنێکی قووڵ لە جەوهەری کێشەو گرفتەکان دادەمەزرێ .
لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت کێشەو قەیرانەکان خویندنەوەی تریان بۆ بکرێت و هەر بە تەنیا بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمەوە نەبەسترێنەوە ، پێویستە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم وەکو کێشەیەکی سیاسی و دەستووری سەربەخۆ لێی بڕوانرێت و قەیرانە دارایی و ئابووریەکانیش بابەتێکی سەربەخۆو خاوەن ڕەهەند و گۆشەنیگای جیا بن . لێرەشەوە چارەسەرکردنی قەیرانە داراییەکان و کێشەی مووچەو گوزەرانی خەڵک دەکرێت لە میانەی بەرنامەو پلانی تایبەتەوە بە ئەنجام بگەیەنرێت و ڕێگا چارەی جیاوازو هەمەجۆری بۆ بگیریتە بەر .
ئاشکرایە ئەمڕۆ ( یەکێتی نیشتمانی کوردستان ) و ( بزووتنەوەی گۆڕان ) دەسەڵاتی باڵایان لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیەو ، لە توانایاندایە پڕۆژەی چاکسازی لەم سنورە ئەنجام بدەن . ئەگەر پارتی لە ئاستی حکومەتی هەریمدا ڕێگر بێت لە ئەنجامدانی هەر جۆرە چاکسازی و گۆڕانکاریەک ، ئەوا لە سنوری سلێمانی ئەو دەسەڵاتەی نیە ، بەمەش یەکێتی و گۆڕان لە ئەنجامدانی هەر گۆڕانکاری و چاکسازیەک بە ئاراستەی کەمکردنەوەی قەیرانەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکان دەستکراوە دەبن . ئەگەر یەکێتی و گۆڕان هاوڕاو هاوهەڵوێست بن و بەشێک بن لە پڕۆژەکانی چارەسەر ، ئەوا پێویستە لەسەر ئاستی ئیداری لە سنوری پارێزگای سلێمانی زنجیرەیەک چاکسازی و گۆڕانکاری بە ئەنجام بگەیەنن کە بێگومان ڕۆڵی گرنگی لە هێواشکردنەوەی کێشەکان دەبێت ، دەکرێت لەم چوارچێوەدا ئاماژە بە بەشێک لەو ستراتیژانە بکەین :
یەکەم : بەهەندگرتنی داهاتی خاڵە سنوریەکان و ئەنجامدانی چاکسازی ڕیشەیی لە دەزگاکانی گومرگ ، و کردنی ئەو دامەزراوەیە بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی سەرچاوەی داهات .
دووەم : کاراکردنی ڕۆڵی ئەنجوومەنی پاریزگای سلێمانی گەر بە شێوەیەکی کاتیش بێت ، لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیری حکومەت بۆ ڕوبەڕوی قەیرانەکان ، ئەنجومەن دەسەڵاتێکی زیاتری پێبدریت و بەرپرسیاریەتی کێشەکانی سنوری سلێمانی لە ئەستۆ بگرێت .
سێ یەم : جەختکردنەوە لەسەر داهاتی دەزگا خزمەتگوزاریەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی (شارەوانی ، تاپۆ ، ئاوو ، کارەبا ، باجەکان تاد …) و کارکردن بۆ کاراکردنی ئەم دەزگایانەو چاکسازی کردن تێیاندا و ڕێکخستنیان بەشێوەیەکی ئەوتۆ کە ببنە بەشێک لە بنەمای داهات .
چوارەم : دەستوەردان لە بەنزینخانەکان و شیوازی فرۆشتنی بەنزین و نەوت و گاز لە سنوری پارێزگا ، و دەرهێنانیان لەدەستی کەسەکان و کردنیان بە پرۆژەیەکی دارایی کارا .
پێنجەم : کارکردنی جدی و ڕاستەقینە بۆ کەمکردنەوەی مووچەی ئەندام پەڕلەمان و وەزیرو جێگر وەزیرو پلە باڵاکان و چاوخشاندنەوە بە مووچەی خانەنشینی ئەو چین و تویژانە و ڕیکخستنەوەی سیستمی مووچەو خانەنشینی بە شیوازێک لەگەڵ ویژدانی مرۆیی و بنەما ئیداری و یاساییەکان تەباو گونجاو بێت . دیارە لێرەدا مەبەستمان لە نوێنەرانی چوار لایەنەکەیە ، کە دەکرێت ئەوان بەخۆیان ئەو پڕۆژەیە ئەنجام بدەن .
کۆی ئەم خاڵانەو چەندانی تریش کە دەکرێت لە چوارچێوەی پاكێجێکدا ڕوون بکرێتەوە ، دەکرێت ببنە بناغەی پڕۆژەیەکی گەورەو گرنگی ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکاری لە سنوری پاریزگای سلێمانی ، بێگومان ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیەش لە خزمەتی چارەسەری پلە بەپلەی پرسی مووچەی هاوڵاتیان و باشکردنی بارو گوزەرانی خەڵکدا دەبێت . هەرکاتیش ئەم گۆڕانکاریە ڕویدا ئەوا بێگومان کاریگەری لەسەر پارێزگاکانی تر دروستدەکات و هاوڵاتیانی ژێر دەسەڵاتی پارتیش دەوروژێنێت بە ئاراستەی گۆڕان و چاکسازی . لێرەشەوە لەبری بە چەقکردنی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و کردنی هەولێر بە خاڵی گۆڕانکاریەکان و بازنەی چارەسەری قەیرانەکان ، سلێمانی دەبێتە سیمبولی ئەو گۆڕانکاریانەو دەبێتە ویستگەی یەکەمی شەمەندەفەری چاکسازی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
ئاریان ڕەشید

About ئاریان ڕەشید