ڕابەر فاریق : لەبارەی ڕۆمانی ـ وێڵگەى یادەوەرییە گریمانکراوەکان .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

پاژی یەکەم ، سەرەتا :
( سەرەتایەک بۆچوونە نێو شارێکى تر )
ئەم ڕۆمانە ، واتە : ( وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان ) ى ” یوسف عزەدین ” ، ڕۆمانێکە ڕەهەندگەلی جوداواز و قووڵ و ئێستێتیکیی لێ دەبێتەوە و دەمانبا بەرەو دەروازەی گەلەک ڕوانینی پەنهان و لەوێوەیش وەکوو ئەفسوون پەلکێشمان دەکا و ڕوو بە ڕووی دەروون و فەنتازیا و حەقیقەتگەلێکی پەی پێ نەبراومان دەکاتەوە .
لە سەروەختی خوێندنەوەی پاژی یەکەمدا ، یەکەمین پاڵەوان کە خۆی مانیفێست دەکا و وەکوو کارئەکتەرێکی وەستاو لە میانەی فەنتازیاکانی و حەقیقەتدا ، تووشی ئێستگەلێک و ڕامانگەلێکی قووڵمان دەکا ، بەم واتەیەی : دەخوازێ بە شێوازێکی دی و بە چاوێکی دی تەماشای هونەر و کەسەکان و دنیا بکا و بونیادی سیفاتگەلێکیش لە نێو خۆیدا بچەسپێنێ ، ئەم کارئەکتەرەیش ( فەرهاد تانجووریی دووەم ) ە. ئەم کارئەکتەرە بەوە دەست دەکا بە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی کە باپیری نهێنییەکی پەنهانی هەبووە و هەرگیز بۆ ئەم نەیدرکاندووە ، دواتر دەچێتە سەر ئەوەی کە ڕۆژێک لە قوتابخانەکەیدا بەڕێوەبەرەکەی بانگی دەکا و پێی دەڵێ کە قوتابییەک هاتووەتە نێو قوتابخانە ، هەمان ناوی ئەمی هەیە، تەنانەت لە ڕەنگ و دەنگیشدا گەلەک لە یەکتریی نزیکن ، بۆیە بەڕێوەبەرەکە بڕیار دەدا لەسەر باجی قوتابییە تازەکەدا بنووسێ : ( فەرهاد تانجووریی یەکەم ) ، بەمە فەرهاد تانجووریی دووەم دەشڵەژێ و تووڕەیی نێوچەوانی بەجێ ناهێڵێ ، بەڵام دوا بە دوای ماوەیەک ئەمەی لە بیر دەچێتەوە ، ئەم حاڵەتە کتووپڕەیش لە کاتێکدایە کە دایک و باوکی سەفەر دەکەن ، واتە : دەچن بۆ حەج و بە شێوەیەکی نەزانراو ون دەبن ، وەک ئەوەی سەرچاوەیان وەهم بێ ، دوای ئەمە ، کوڕەکەیان ( واتە : فەرهاد تانجووریی دووەم ) ، قوتابخانە بەجێ دەهێڵێ و بۆ کۆکردنەوەی سەرمایە و دابینکردنی بژێوی ژیانی هەمان ئەو کارە دەکا ( نیگارکێشیی پەنهان ) کەوا لە باپیریەوە وەکوو پیشە بۆ باوکی ماوەتەوە و دواجاریش بۆ ئەم ، لە سەروەختی کارکردنیدا ، ڕۆژێک ، موشتەرییەک دێتە کنی و هەرچی نیگارێک دەکڕێ ، زیاد لەو پارەیە دەدا کە خاوەن نیگار مەزەندەی فرۆشتنی کردووە ، ئەمەیش دواتر هۆیەکەی ڕوون دەبێتەوە ، بەوەی کڕیارەکە پێی دەڵێ ئەم نیگارانەی کە تۆ دروستیان دەکەی ، بەدەر لە هێزی تۆ، هێزێکی دی لە پشتیانەوە ئامادەیە ، هاوکاتیش وەک ئەوەی پێکهاتەی مردووەکانیان گرتبێتە خۆ ، وەهان ، دەشێ ئەمەیش یەکێک بێ لەو فاکتەرانەی کە موشتەرییەکان کەمەندکێش دەکەن بەرەو خۆیان ، دوا بەدوای هەموو ئەمانەیش، هەمان کڕیار کتێبی سۆفییەک بۆ فرۆشیارەکە ( واتە : فەرهاد تانجووریی دووەم ) دەهێنێ تا بیخوێنێتەوە ، دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژێک بەسەر ئەم هەموو شتانەدا و خوێندنەوەی کتێبەکە ، دواجاریش بەرجەستەبوونی ئەفسوونگەلێکی سەیر لەنێویدا ، هاوکاتیش هاتنەوەی هەمان موشتەریی و نواندنی بێدەنگییەکی کوشندە ، وەک ئەوەی بزانێ فرۆشیارەکە تەمەننای ئەوە دەکا کڕیارەکەی قسە بکا ، کڕیارەکە لەبارەی کتێبی سۆفییەکە دەڵێ : ( وشەکان بەشێک نین لە دنیاى دەنگى ڕاستەقینە ، بەڵکوو تەنها وەهمگەلێکن و هیچ پەیوەندییەکیشیان بەو شتانەوە نییە کە قەولە گوزارشتى لێبکەن و ئێمەش پێمان وایە گوزارشت لەو شتانە دەکەن کە مەبەستمانە بیانئاخنینە نێو نووسینەوە ) ، ئیدی فەرهاد تانجووریی دووەمی خاوەن دوکان ، سەری لەمە دەسووڕمێ و تووشی ڕاچڵەکان دەبێ . لێرەدا ، ئەگەر ئێمە وەکوو خوێنەر لەم چەند حاڵەتە تێکچڕژاوانە و هاوکاتیش یەک لەدوای یەکترییەدا ، ڕابمێنین ، دەرکەوێ کە ئەو شتەی کڕیارەکە لەبارەیەوە دەپەیڤێ ، تەعبیر کردنە لەناوەوەی کتێبە قووڵ و ئەفسوونهەڵگرەکان ، بەو واتەیەی هەرچی کتێبی پڕ لق و پۆپ هەن ، ئێستێتیکا و ڕەهەندە قووڵەکانی جواننووسیی لەبەردەم مانا و دەربڕینە پەنهان و ئامادەکانیاندان و تا ئەوپەڕی چوونەتە نێو ناخ و جەوهەری مرۆڤ ، کەواتە : ئەم پەڕەگرافەی سەرەوە ، هەم تەعبیر لە ئەودیوی – نادیاریی لایەنەکان – نووسینە جیدییەکان دەکا، هەم ئەمەیش مانیفێست دەکا کە مادام مرۆ کتێب دەنووسێ ، مومکینە بەشێک لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی هەڵبگرێ ، چونکە دەرهاویشتەی کێشە گەورەکانی خۆیەتی .لەبارەی ڕۆمانی ـ وێڵگەى یادەوەرییە گریمانکراوەکان

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر : لەبارەی ڕۆمانی ـ وێڵگەى یادەوەرییە گریمانکراوەکان

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
یوسف عێزەدەین ڕەئوف

About یوسف عێزەدەین ڕەئوف