Newshirwan-Barzani

ئارام قزلەریی : مامەڵەکردنی پارتی لەگەڵ گۆڕان ، سەرەتایە بۆ هێزەکانی تر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەگێڕنەوە ئەڵێن ڕۆژێک پیاوێک ئەچێتە ناو باخەکەیەوە دەبینێت سێ پیاوی زەبەلاح لەناو باخەکەیدا خەریکی لێکردنەوەی کاڵەک و شوتی و خەیارن ئەیخۆن .
خاوەن باخ ئەچێتە پێشەوەو لێیان ئەپرسێت ئێوە کێن و چی ئەکەن لەم باخەدا بە ئارەزوی خۆتان شت لێ ئەکەنەوەو ئەیخۆن .
لە وەڵامدا سێ کەسەکە ئەڵێن ئەمە ئەرزو نیعمەتی خوایەو کەس بۆی نیە پێمان بڵێت چی ئەکەن و بۆ ئەیخۆن .
بەڵام خاوەن باخ کەسێکی ژیر دەبێت و دەزانێت ناتوانێت لەگەڵ ئەم سێ کەسەدا بیکاتە شەڕو دڵنیاشە کە سەرکەوتو نابێت .
بۆیە دەچێتە بەردەم یەکێکیان لێی دەپرسێت تۆ کێیت ؟ ئەویش لەوەڵمدا دەڵێت من نەوەی پێغەمبەرم (د.خ) باخەوان بەڕێزێکی زۆرەوە دەڵێت قوربان من شەرمەزارم باخ باخی ئێوەیە و هەموی لە خزمەتاندایە کە بیخۆن و نۆشی بکەن .
دەچێتە بەردەم یەکێکی تریان و لێی ئەپرسێت ئەی تۆ کێیت ؟ ئەویش ئەڵێت من شێخم و ئەولیام باخەوان دەڵێت ئێوەش پیرۆزن و ئێمە خاوەن ماڵ نین لەبەردەمتاندا بەدڵی خۆتان لێ كەنەوەو بیخۆن .
دەچێتە بەردەم کەسی سێهەم و لەویش ئەپرسێت ئەی تۆ کێیت ؟ ئەویش لەوەڵمدا ئەڵێت من مەلام و خەڵکی هوشیار ئەکەمەوە .
باخەوان هەتا ئەتوانێت ئەیدات بەدەمی مەلاداو ئەکەوێتە گیانی ئەوەندەی لێ ئەدات هەر بەزۆری زۆردای لە باخەکە ئەیکاتە دەرەوە .
کەمێک پشو ئەدات و دێتەوە لای کەسی یەکەم و پێی ئەڵێت قوربان جەنابتان پیرۆزو موقەدەسن کەس نابێت لە هاوشانی ئێوەدا خۆی ببینێتەوە . بۆیە هەر ئێستا ئەو شیخەش بەشەق دەر ئەکەم و ئێوە بەدڵی خۆتان میوەی باخەکە بخۆن .
کاکی باخەوان دەکەوێتە گیانی شێخەکەو هەر چینێکی باشیش لەو ئەدات و ئەویش ناچار ئەکات باخەکە جێ بهێڵێت .
کەمێکی تر پشو ئەدات و ئینجا ئەچێتەوە بەردەم ئەو کەسەی کە وتی من نەوەی پێغەمبەرم (د.خ) باخەوان پەلاماری ئەمیش ئەدات و هەزارو یەک قسەی ناشرینی پێ ئەڵێت و پێی دەڵێت ئێوە بەناوی ئیسلام و دیانەتەوە هەزاران تاوان و سوکایەتیتان کردوە بە هاوڵاتیان ، کاکی باخەوان ئەمیش بەشەق ئەکاتە دەرەوە لەناو باخەکەدا .
دیارە ئەوەی باسمان کرد زیرەکی باخەوانەکە بوو کە لەسەرەتادا زانی ناتوانێت بە یەک جار ڕوبەڕوی ئەو سێ کەسە ببێتەوە بۆیە زۆر ژیرانە یەک یەک دەری پەڕاندن و باخەکەی کردەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی .
ئەوەی یەکەم بزوتنەوەی گۆڕان بوو هەموو بەچاوی خۆمان بینیمان چۆن کرانە دەرەوە .
دوهەم کەسیش شێخەکەیە کە ئەویش یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە گەر ئاوا کارەکان بۆ پارتی بچێتە سەر بە دڵنیاییەوە دوای ئەوان شێخیش ئەکرێتە دەرەوە .
ئەوەی ئەمێنێتەوە بۆ کۆتایی نەوەکەی پێغەمبەرە (د.خ) واتە حیزبە ئیسلامیەکانە ئەوانیش چارەنوسیان لە مەلاو شێخەکە باشتر نابێت و لەباخەکە دەکرێنە دەرەوە .
باخەکە کوردستانەو پارتیش لە کۆتایدا دەبێتە خاوەنی ڕاستە قینەی باخەکە .
بە کورتی و بە بوختی هیچ کام لە حیزبە کوردیەکان دڵی خۆیان خۆش نەکەن و بە بزوتنەوەی گۆران خۆش نەبن کە ئەو مامەڵەیەی لەگەڵدا کراوە ، پارتی سیاسەت ئەکات و لە سیاسەتیشدا نە بەزەیی هەیە نە خۆشەویستی و نە وەفا و نە هاوڕێیەتی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت