Daesh-3

بەختیار شارەزوریی : سوریا … سەکۆی بەریەککەوتن و ڕیکەوتنی جەمسەرەکان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕوسیا و ئێران بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و ناتۆوە .
ئەو کاتەی ئەمریکا ویستی کار لەسەر گۆڕینی دەوڵەتی نەتەوەیی بکات ، بۆ دەوڵەتی ئایدۆلۆژی ، ئەو سینارۆیە بوو کە لە دژی سۆڤیەت پەنا بۆ هەر کارتێک ببات بە مەبەستی سەرکەوتن بە سەر ڕوسیادا ، تاکە ئایدۆلوژیەک بۆ قەیدکردنی بیری کۆمۆنیستی دروستکردنی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی تونڕەو بو ، ئەگەر ئەو کات پێویستی بەرژەوەندی ئەمریکا و ناتۆ ئەم قیدە ئیسلامیە بوبێت ، ئەوا دیوی دووەمی ئەم قیدە لەناو بردنی دەوڵەتی نەتەوەیی بوە ، چونکە نەدەتونرا بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا وەک ئەوەی پێویستە جیبەجێ بکرێت ، بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبو کار لەسەر ئیسلامی سونەی توندرەو بکات ، بە تایبەت کە دەوڵەتەکانی سونە لە ژێر دەستی خۆیدا بو ، واتا هیلالی سونە بێ باوک و بێ سەر بو ، بە پێچەوانەوە هیلالی شیعە سودی لە کەوتنی سوڤیەت بینی لە دوای ( گڵانسوست و پیریسترۆیکاوە ) وەک بەدیلی سۆڤیەت دەرکەوت ، ئەمریکا نیدەتوانی کار لەسەر ئێرانی شیعە بکات ( ئەگەر چی خۆی هاوکار بو بۆ دروستکردنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ) ، لێرەوە وەک دەوترێت ئەمریکا بەردەوام پێویستی بە دروستکردنی پشێوی هەیە تا خۆێ تێیدا نەش و نما بکات ، دوای ئەوەی ناتۆ وەک بەرەیەک ڕوبەڕوی هەڵگەڕانەوەی ئەو پشتێنە ئیسلامیە توند ڕەوە بونەوە ، وە لە ڕوی ئابوریشەوە پێویستی بە غاز و نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ، کاریان لەسەر سیناروێیەکی تر کرد کە بتوانن پشێوی بنینەوە و خۆیان بکەنە فریادڕەس و تاکە باوکی بە ڕەحمی سەر ئەرز ، وەک دەوترێت ناتۆ ئەگەر ماکینەیەکی گەورە بێت ئەوا بە غاز و نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردەکات .
بۆ گەڕانەوەی ناتۆ و ئەمریکا کاریان لەسەر شۆڕشی سپی کرد ، کە ناویان نا (شۆڕشی ڕەنگا و ڕەنگ ) کە لە شۆڕشی پرتەقاڵیەوە دەستی پێ کرد ئەوانی تریش وەک ( شۆڕشی یاسەمین و وەنەوشەیی و بلدۆزەر و سەوز و بەهاری عەرەبی ) بەڵام کاتێک لە بەشێکیدا پلانەکەی ناتۆ شکست دەهێنێت ، ئیسلامیە توند ڕەوەکان پانتایی شۆڕشەکان داگیر دەکەن و ئێرانیش دەبێتە ئیمپراتۆرێکی گەورە ، بە مانایەکی تر ئەگەر ناتۆی تازە سفرەیەکی ڕاخستبێت ، ئەوا ئیسلامی سونە و شیعە هاتونەتە سەر ئەم سفرەیە ، بە گشتی بیری خستنی دەوڵەتی نەتەوەیی لە زۆرێک لە وڵاتانی غازاوی و نەوتاویدا ، پشیوی زۆری دروست کرد .
دوای ئەوەی شەڕی بۆریەکان دەست پێ دەکات ، ناتۆ دەیەوێت شکست و پشێویەکان بە قازانجی خۆی ئاراستە بکات ، ئەویش بە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی نەوەڕاست و داڕشتنەوەی سایکس بیکۆی تازە ، بەڵام بە فۆرمێکی تر و دنیایەک بەریەککەوتن و سیناریوێ و تاکتیکەوە ، خۆ ئەگەر ناتۆی تازە داعشی کردبێتە سفرەیەک بۆ وڵاتە ناکۆکەکان و بیەوێ لێرەوە شەرعیەت بە پلانەکانی بدات ، ئەوا بەبێ ئێران و ڕوسیا ئەم پلانە جێبەجێ نابێت ، خۆ ئەگەر ناتۆ خۆی گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکردبێت تا هاوکاری داعش بکات ، ئەوا ناتۆ لە زۆر ڕوەوە زەرەری لەم سینارۆیە کردوە ، چونکە لە بەرامبەدا ئێران بە هێز دەبێت و ناچارە مامەڵەی دۆستانەی لەگەڵ بکات ، بەڵام لە گشتیدا تۆرکیا وەک لایەنی جیۆپۆلەتیک و پۆڵەتیکەوە گرنگی دەبێت ، ناتۆ و بە تایبەت ئەمریکا لەو ڕاستیە گەشتون کە پێویستیان بە هاوڕێیەتی ئێران و ڕوسیا هەیە بۆ ئەوەی سایکس بیکۆی نوێ جێبەجێ بکەن ، بێ ئەوان ناتوانن ، بۆیە لە ڕێکەوتنی (٥+١) وە ئێران دەهێننە ناو بازنەکەوە و لە سوریاش گڵۆپی سەوز دەدەنە ڕوسیا دەیهێننە ناو بازنەکەوە ، خۆ ئەگەر ڕوسیا لەوە تێگەشتبێت کە ئەم گؤڕانکاریانە کارت بە کارتە ، ئەوا نایەوێت هەڵەی چیچان و ئوکرانیا و دورگەی کریم دوبارە بکاتەوە ،وە دیەوێت لەبەرامبەر بنکە ساروخیەکانی ئیستونیای ئەمریکا بنکەی هەبێت لە سوریا ، ئێرانیش لە بەرامبەر کارتی ڕێکەوتنی (٥+١ ) هەمو کارتەکانی دەخەوێنێ ( پاکستان ، کێشەی کەنداوی فارسی ، کێشەی دژایەتی ئیسرائیل ، لوبنان ، فەلەستین ، عێراق ، یەمەن ) .
ئەو گڵۆپە سەوزەی ئەمریکا و ناتۆ بۆ ئێران و ڕوسیای هەڵکردوە ، بەدەر نیە لە بەریەککەوتنە بچوکاکان ، واتا ئەگەر مێزی گفتوگۆ و ڕێکەوتن هەبێت بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ، ئەوا هەر لایەنێکیان دەیەوێت ، کارتی لایەنەکەی تر بسۆتینێ یان لاوازی بکات ، هەر لایەکیان ( ناتۆ و ئەمریکا + ئێران و ڕوسیا ) دەیانەوێ لەسەر مێزی گفتوگۆ کارتیان بە هێز بێت ، بۆ ئەمەش هەر لایەکیان یاری جیاواز دەکەن و خاوەنی تەکتیکی یارین ، وەک ئەوەی لە بەحرەین ڕوی دا ، بەڵام بە گشتی مەبدەئی ڕێکەوتن هەیە و ناویان ناوە سفرەی داعش .
هاتنی ڕوسیا و لێدان لە معارەزە و هێنانی حیزب للە و گۆرانی ڕای تورکیا بەرامبەر بە داعش و کورد و بەشار و خەواندنی کێشەی ئۆکرانیا لە لایەن ئەمریکا و ناتۆوە و وەستاندنی کێشەی حوسیەکان و سعودیە ، ئاماژەیە بە سەرەتای ئەم دابەشکاریە لەسەر نەخشەی تازەی سایکس بیکۆ ، بە کورتی دەتواین بەرژەوندی هەر وڵاتێک دیاری بکەین … ئەگەر سینارۆیی تر لەپشتی ئەم دەرکەوتانەوە نەبێت هەر چەندە گۆڕانکاریەکان خێران و ناتوانرێت خاڵێک بکرێتە ناوەند بۆ قسەکەردن لەسەر ڕوداوەکان .

ئەمریکا
1 – دەیەوێت بەرەی دژە تیرۆر فراوانتر بکات .
2 – دڵنیای بۆ کۆمپانیا گەوەرەکەنی مسۆگەر بکات .
3 – دڵنیای بۆ ئیسرائیل مسۆگەر بکات .
4 – کار بۆ دابینکردنی غاز و ڕێگاکانی گواستنەوە بۆ ئەوروپا بکات .
5 – بەرژەوەندیەکانی ئێران و ڕوسیا ببەستێتەوە بە بەرژەوەندیەکانی خۆیەوە .
6 – هەژمونی خۆی وەک فریادڕەسی سەرەکی بسەپێنێ .

ڕوسیا

1. دەیەوێت شکستەکەنی ئۆکرانیا دووبارە نەکاتەوە .
2. دەیەوێت بگاتە دەریای سپی و ئاوە گەرمەکان .
3. پێگەی سیاسی لەسەر مێزی جیهانی بەهێز بێت .
4. ڕاکێشانی بۆریەکی غاز بۆ بەندەری جیهان .
5. دابینکردنی پشتگیری بۆ دورگەی کریم .
6. بەشداری کردن لە شەڕی دژی داعش لە عێراق .
7. پشکە کۆنەکانی وڵاتانی سەر قەزوینی بۆ بگەڕێتەوە .
8. دەیەوێت پێگەی وەک بلۆکێک بۆ بگەڕیتەوە و ببێتە نوێنەری ئێران و هند و سین .
9. بەرکەوتەی هەبێت لە سایکس بیکۆی تازەدا .

تورکیا

1. لەبەرامبەر فرۆشتنی کارتی داعش ، دڵنیای سەر سنورەکانی وەرگرێ .
2. لە بەرامبەر فرؤشتنی کارتی داعش ، ئێران و ڕوسیا پشتیوانی پەیەدە و پەکەکە نەکەن ، هەردولایان بەو ئاراسەتەیە بەرن کە تورکیا مەبەستێتی .
3. دڵنیایی غازی سروشتی بدەنێ .
4. پشتیوانی لە مانەوەی مسعود بارزانی بکەن لە پێناو گرێبەستی ٥٠ ساڵەکەیدا .
5. سوریای داهاتو بە خواستی تورکیا بێت .
6. ئاوی سپی کاریگەری لەسەر بەندەری جیهان نەبێت .
7. دورگەی قبرس وەک خۆی بمێنێتەوە .
8. بەرکەوتەی هەبێت لە سایکس بیکۆی تازەدا .

ئێران
1. پەرە بە بەرەو پێش چونی بەرنامە ئەتۆمیەکەی بدات .
2. بەشێک بێت لە فرۆشیاری غازی وڵاتانی دەریای قەزوین .
3. گەمارۆی نیودەوڵەتی لەسەر هەڵبگیرێ .
4. بە هەمان پلانی ئەفغانستان کەر لەسەر سوریا بکرێت و ئێران ڕۆڵی سەرەکی هەبێت .
5. مانەوەی بەشار ئەسەد .
6. بەرکەوتەی هەبێت لە سایکس بیکۆی تازەدا .
7. بەشی هەبێت لە دورگەی عەدەن .
8. بەشێک بێت لە خاوەنداریەتی دەریای سپی .

ئەوروپا

1. دڵنیایی کۆتایی هێنان بە تیرۆر لە ئەوروپا .
2. دڵنیایی ناردنی غاز لە وڵاتانی دەریای قەزوین و ئێران و ڕوسیا بۆ ئەوروپا .
3. باڵادەستی بڕیار بۆ ناتۆ بێت .
4. دڵنیای کۆمپانیا گەورەکانی ئەوروپا .
5. کۆتایی هێنان بە کۆچ .
6. بەرکەوتەی هەبێت لە سایکس بیکۆی تازەدا .
7. هاوسەنگکردنی کێشەی وڵاتان .

لەم نێوەندادا چەندین بەریەککەوتن دروست دەبێت ، بەڵام لەسەر ئاستی گشتی ڕێککەوتنێک هەیە بۆ ئەم پلانە تازەیە ، هەندێ لە وڵاتان لەسەر کیشەی بچوک کارت بە کارت ڕێکدەکەون ، ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانی باشور هەیە ، هێزی پێشمەرگە بوەتە بەشێک لە پلانی سەربازی بەرەی دژی داعش ، لەناو هەرێمیش پێم وایە ئێران و تورکیا ڕێککەوتون کە هەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە ، تا دوای شەڕی داعش .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت