yusf

میهرداد . ر . ئیزەدى : فیدراسیۆنى میدییەکان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەتورکییەوە : یوسف عزەدین

میهرداد.ر.ئیزەدى، تاماوەیەکى نزیکیش مامۆستاى مێژو و زمانە رۆژهەڵاتییەکانى زانکۆى هارڤارد بووە .
نووسەر لیسانسى لەزانستى سیاسى و جوگرافیدا هەیە .
بڕوانامەى ماجستێرى لەگۆڕانکارى و رووداوە نێو نەتەوەییەکان و جوگرافیاى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا هەیە .
بڕوانامەى دکتۆراشى لەزانکۆى کۆڵۆمبیا دەرحەق بەتێزەکانى سەبارەت بەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێ بەخشراوە.
لەکۆنگرێسى ئەمریکیدا سەبارەت بەمەسەلەى کورد ، دوو جار بانگهێشت کراوەو گوێ لەڕاوبۆچوونەکانى گیراوە .
بابەت و وتارێکى زۆرى لەم دوو رۆژنامەیەدا بڵاوکردۆتەوە : Kurdish Times ، Middle East Journal
ئەم کتێبەى ئامادەیە بۆ چاپ بەناوى : A basic of the land and people of Kurdistan
حەوت سەد ساڵ ” پ . ز ” میدییەکان دەسەڵاتێکى بەرفراوانیان لەناوچەى کوردستان هەبووەو لەساڵى حەوت سەدو بیست و حەوتى” پ . ز ” دا دەوڵەتى خۆیان دامەزراندووەو دیارە شانبەشانى ئەمانیش میتانییەکان کەبەڕەگەز هیندۆئەوروپین لەرۆژئاواى کوردستانداو پاشانیش لەباکوورى کوردستاندا دەسەڵاتى خۆیان سەپاندووەو هەندێکیش لەشارەکانى ناوەڕاستى ئەنادۆڵى تورکیایان بەدەستەوەبووە ، وەک ” ئورفاو قەرەقامیش و ئادیامان ، لەو دەمەشدا هیتییەکان لەناوچەى ” عەنتاب ” دا نیشتەجێ بوون . شایانى ئاماژە پێدانیشە کەدەرحەق بەمێژووى میدییەکان ، بەپێى پێویست سەرچاوە و زانیارى تەواومان بەدەستەوە نییە .
یەکێک لەسەرچاوە گرنگەکان کەدەرحەق بەمیدییەکان نووسراوە ، کتێبى” مێژووى موسا ” یە و لەنووسینى : ” کرۆنێ ” یە ، کتێبێکى بێ وێنەو دەگمەنە و ئاماژەى بۆ شێوازى هەڵبژاردنى میدییەکان کردووە : لەدەستنیان کردن و هەڵبژاردنى سەرۆک و سەرکردەکانیدا ، لەکەش و هەوایەکى دیموکراسیانەدا .
یەکەمین سەرۆکى میدییەکان ” دەیۆکیس یان دیاکۆ ” بووە.. ” دەیۆکیس” بۆ بەرپەرچدانەوەى هێرشە یەک لەدواییەکەکانى ئاشوورییەکان ، هەموو هێز و توانستە جۆراوجۆرەکانى ئەو دەمى دەسەڵاتدارانى کوردستانى لەچوارچێوەیەکى یەکانگیردا دژ بەئاشوورییەکان رێکخستووە .
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ و تەقەللاى میدییەکان لەزنجیرە هێرشێکدا بۆ سەر ئاشوورییەکان ، چ لەسەردەمى ” دەیۆکیس ” دا و چ لەسەردەمى ” خشتاتریتا ” بەتێکشکانى میدییەکان کۆتایى هات .
دواتر و لەساڵى “585-624″ کەبەماوەى حوکمى ” کەیاکسارێس ” دەزانرێت و لەسەر دەستى ئەو شارى ” هواخشتریتا – ئاراپاخا ” ، لەساڵى ” 615 ” ى” پ . ز ” دا ئازادکراو پاشان شارى ” ئادیابێنە – هەولێر ” یان لەساڵى” 614 ” ى” پ . ز ” دا ئازادکرد . دواتریش هێرشیان کردە سەر پایتەختى ئاشوورییەکان ” نینۆوا “. میدییەکان دەوروبەرى نینۆوا – یان بەتەواویى تەوقداو ناوچەیەکیان لەو ناوەدا بۆ چاوەڕێکردنى سەربازەکانیان دروستکرد ، لەئێستادا ئەو شوێنە بەگوندى ” شەریفخان ” ناسراوەو شوێنجێگەى هێرشى سەرەکى میدییەکانیش بۆ سەر ” نینۆوا ” ، لە ” تۆپزاوا ” ى ئێستاى شارى هەولێرەوە بووە .
شادەمار و جێگەو شوێنە ستراتیژییەکانى ئاشوورییەکان ” ئاشوور و کالهو و نینۆوا و شارۆکین و باڵاوات ” بووە کەلەساڵى ” 612 ” ى” پ . ز ” دا بەتەواویى کەوتە دەست میدییەکان . شایانى باسیشە ناوچەى” ئەلقۆشین ” ى ئەو دەمى دەسەڵاتدارێتى و حوکمڕانێتى ئاشوورییەکان ، لەئێستاشدا ماوەو بە ” ئەلقۆش ” ناو دەبرێت و بەوپێیەى لە ” تەورات ” یشدا ئاماژەى بۆکراوە ، گوایە ” ناعوم ” ى پێغەمبەر لەو ناوچەیەدا سووتێنراوە .
نوێترین شێوازێک کەمیدییەکان لەو سەردەمەدا وەک تاکتیکێک لەجەنگدا بەکاریان هێناوە ، شێواز و تاکتیکى پارتیزانى بووە ، چ لەڕووى پێکهاتەى هێزەکانییەوە کەلەخەڵک پێکهاتبوو ، چ لەڕووى هێرش و پەلاماردانیشەوە کەلەئێستاشدا ئەم جۆرە شێوازە پارتیزانانە لەپەلاماردانەکانى گەریلاکان – دا بۆ سەر دوژمنانى دەبینرێتەوە ، ئەم راستییە مێژووییەش دەرحەق بەچەشن و شێوازى پارتیزانانەى میدییەکان لەجەنگدا لەساڵى” 1958 ” دا لەلایەن ” دیاکۆنۆف ” لەباشوورى کوردستاندا دۆزرایەوە کەلەسەر ” بەهى ستون ” یان ستونى رەش نووسراوە .
ئاشکرایە کەسەدان ساڵ لەحوکمى ئاشوورییەکان و چەشنى ئەو فەرهودو راوڕووت و دەست بەسەراگرتنى تەواویى سەروەت و سامانى دەسەڵاتدارە جیاجیاکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا کەپەیڕەوییان کردبوو ، ئاشوورییەکان سەروەت و سامان و گەنجینەیەکى بێ وێنەیان لەدنیادا پێکەوە نابوو . هەموو ئەمانە کەوتنە دەست میدییەکان و بێ سێ و دوو ، گشت ئەو دەستکەوتە بەبەهاو بەنرخانەیان گواستەوە بۆ پایتەختى ئەو دەمەیان کە ” ئێکباتانا ” بوو ، لەئێستاشدا بە” هەمەدان ” ناسراوە .
ئەم هەموو سەروەت و سامان و دەستکەوتە بێ وێنەیەى میدییەکان کەوەک راستییەک لەحەکایەت و سەرگوزەشتە هەمەجۆرەکاندا جێى خۆى کردۆتەوەو هەردەم باسى لێوەکراوەو لەئێستاشدا هیچى نەماوە .. گەرچى لەسەردەمى حوکمڕانى میدییەکاندا ، بۆتە مایەى فراوانبوونى پایەى میلیتاریى میدییەکان و فاکتەرى سەرەکى ئیدامە پێدان و بەردەوامى هێرش و پەلاماردانە سەربازییەکانى ئەوان لەمیانى هەوڵ و تەقەللایاندا بۆ پاوانکردنى ناوچەى زیاتر و بەرفراوانکردنى بازنەو پانتاییەکانى دەسەڵاتیاندا.
لەو دەمەدا فیدراسیۆنى میدییەکان ، سەرتاپاى ناوچەکانى کوردستانى لەخۆگرتبوو، لەساڵى 609ى “پ.ز” “ئوراتۆ”، لە”606″ى “پ.ز” “ئازەربیجان” و لە”601″ى “پ.ز” “دەرزەنە-دەرسیم” و لەساڵى “596” “پ.ز”یشدا “تاباڵا” کەوتە ژێر دەستى میدییەکان.
پانتایى دەسەڵات و حوکمڕانى میدییەکان لە”ماڵاتیا”ەوە تا رۆژهەڵاتى باشوورى “ئادیامان”و باکوورى نێوەڕاستى “تیلەهۆیوک”بووە.
میدییەکان بەردەوام بوون لەفراوانکردنى پانتاییەکانى دەسەڵاتیان و بەو مەبەستەش سەرووى رووبارى فوراتیان تێپەڕکردو بەرەو ناوچەکانى کوردە ” زیلانییەکان ” ملیان نا . بەحوکمى کشانەوەى هێزى سەربازى لیدییەکان ، لەمیانى خۆدزینەوەو قورتاربوون لەشاڵاو و هێرشى میدییەکان ، نێوەندێکى ڤالا بۆ کوردە زیلانییەکان دروست ببوو ، هەر بۆیە زیلانییەکان بەشێوەیەکى گشتگیرو هەمئاهەنگ پێشوازییان لەمیدییەکان کردو دژ بە ئیمپراتۆریەتى ” لیدییەکان ” لەگەڵ ئەواندا یەکیانگرت و لەساڵى ” 589 ” ى ” پ . ز ” شارى ” کاپادۆکیا “… لەساڵى ” 585 ” ى ” پ . ز ” شارى پۆنتس و دواتریش شارى ” قەیسەرى ” ئازادکرا .
پاشان میدییەکان گەیشتنە کەنارو سنوورى خۆرهەڵاتى شارى ئەنقەرە ، نزیک رووبارى ” هەلیس ” کەلەئێستادا ” قزڵ ئرماک ” ى پێدەگوترێت ، شایانى باسیشە کەسەرجەم ئەو ناوچانەى کەلەو دەمەدا هەبوون و پێشتر ناومان هێنان ، ناوچەى کوردنشین بوون .
لە 8 ى مایسى ” 585 ” ى ” پ . ز ” لیدییەکان تەنها نیوەى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتیان بەدەستەوە مابوو . بەناچارى و بۆ بەرگرتن لەشاڵاو و هێرشى میدییەکان ، بڕیارنامەى ئاشتییان لەگەڵ میدییەکان مۆرکرد بەو پێیەش ئەو ناوچانەى کەلەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد ، بووە بەشێک لەبەشەکانى دیکەى فیدراسیۆن-ى میدییەکان و وەک خەڵاتێک و پاداشتێکى رۆڵ و کاریگەرى کوردە زیلانییەکان لەسەرکەوتنى میدییەکاندا ، میدییەکان ئەو ناوچانەیان بۆ جێهێشتن .
زۆر بنەماڵە و هۆزى ئارى رەگەز دەچنەوە سەر بنەچەى ” ساگرتیانەکان ” و وەک ئاشکرایە چیاى ” زاگرۆس” بەناوى ئەوانەوە ناونراوە . هەروەک لەکتێبى ” کوردستانى عێراقى مۆدێرن ” کەلەنووسینى” دیاکۆنۆف ” ەو لەساڵى ” 1985 ” دا چاپکراوە ، ئاماژەى بۆ کراوە . لەو دەمەداو لەپاش زنجیرەیەکى درێژخایەنى کۆچ و رەو لەناوچەکانى نێوەڕاستى کوردستاندا بەتەواویى بڵاوبوونەتەوەو لەناوچەکانى پێشووى ژێر دەسەڵاتى ئاشوورییەکاندا گیرساونەتەوەو سەقامگیربوون .
هەندێک نموونەى ئەو شوێنانەش ، ناوچەى ” نەبی یونس ” ،” کۆرساباد “، ” نەمرود” ،” شەرقات” ،” باڵاوات ” ،” ئادیابێنە ” ،” نینۆوا ” یە لە ترۆپکى سەرکەوتن و دەسەڵاتدارێتى میدییەکاندا و لەساڵى ” 584 ” داو لەسەردەمى دوا دەسەڵاتدارى میدییەکاندا کەناوى ” ئاستیاگێس – یان- ئازهى داهاک_ زوحاک ” بووە ، لەپڕو لەناکاو لەپرۆسەیەکى پیلانى ئامێزى چنراو و کودەتایانەدا ، ” زوحاک ” بەدەستى نەوەى خۆى کەبەڕەگەز نیوە فارس بووە ، کوژراو نەوەى ناپاکى” زوحاک ” کۆتایى بەحوکمى میدییەکان هێناو کاروبارى حوکم و دەسەڵاتیشى بۆ” کیرۆس ” ى دامەزرێنەرى ئیمپراتۆرییەتى ئەخامەنییەکان جێهێشت . لەسەردەستى ” داریوس” ى فارس ، لەساڵى ” 522 ” ى ” پ . ز ” دا ، بەتەواویى حوکم و دەسەڵاتى کۆنە فیدراسیۆنى میدییەکان ( کەتا ئەودەمەش بەسەرکردایەتى ئەخامەنییەکان و نیمچە ڕۆڵێکى میدییەکان بەڕێوەدەبرا ) کەوتە دەستى فارسەکان .
هەروەها رێبازى ئایینى ” یەزدانى ” وەک ئایینێکى رەسەنى کوردانەو زاڵ و باڵادەستى ناوچەکە تا سەردەمى” ئازهى زوحاک ” پەیڕەودەکرا ، جگە لەزاڵبوون و باڵادەستبوونى بەسەر ئایینى زەردەشتییەکانەوە ، بگرە لەوە زیاتریش رێگە نیشاندەر و رابەرى راستەقینەو شوێنجێگەو قاڵبوونەوەو گۆشکردنى پیرو موغانە زەردەشتییەکان بووە .. کەچى لەسەردەمى ” داریوش ” ى فارسەوەو بەبەرنامە ویستویەتى ” یەزدانییەت ” ئایینى رەسەنى میدییەکان بشێوێنێت .. لەهەوڵێکى بێ وێنەدا ” یەزدانییەت ” قەدەغەکراوەو زەردەشتییەت سەپێندراوەو هەربەوەشەوە نەوەستاوە ، خودى گاتاکانى زەردەشتى شێواندووەو بەمەبەستى خزمەتکردنى خۆى و دەسەڵاتەکەى گۆڕیویەتى ، گەرچى لەمەدا سەرکەوتوو نەبووە.
لەو گۆڕانکارییانەى کەلەگاتاکانى زەردەشتدا کردوێتى و بۆى زیادکردووە ، هاوتاکردنى ناو و چەمکى ” ئەهریمەن – شەیتان – بە – زوحاک ” بووە .
هەر بۆیە لەمیتۆلۆژیاى ئێرانیدا ، راشکاوانە ئەم هاوتا بوونەى ناو و چەمکى زوحاک و شەیتان دەبینرێتەوە .
گەرچى ئەو لقە ئایینییانەى کەلە ” یەزدانى ” یەکان جیابوونەتەوە … بەپێچەوانەى ئەم تێڕوانینەوە ، ناوى ” زوحاک ” کەبەهەڵە بۆتە ” ساهاک – ساحاک “، هێشتاکە رێز و مەزنى و قودسییەتى خۆى پاراستووەو هەردەم لەلایەن ئەو لقە ئایینییانەوە ستایش دەکرێت .
میدییەکان گەرچى بەتەواویى لەگەڵ سەرجەم هۆز و بنەماڵە کوردەکانى ناوچەکانى کوردستاندا ، لەڕووى کلتوور و داب و نەریت و کەشە کۆمەڵایەتییەکاندا هاوتەباو یەکانگیر بوون ، بەڵام دواتر لەژێر کاریگەرى گروپە ئارییەکانى ترداو لەئەنجامى بگرەو بەردەو هێنان و بردنى مامەڵەکاریانەد ، ئەو سەربەخۆییە تایبەتمەندەى خۆیان لەدەستداوە ، لەنێو گروپە دەسەڵاتدارە هیندۆئەوروپییەکانى ئەو دەمەدا تواونەتەوە ، پێکڤە کۆمەڵگەیەکى بەڕەگەز هیندۆ ئەوروپى ئێرانییان پێکەوە ناوە .
بەڵام هێشتاکە تا ئەمڕۆش کاریگەرى میدییەکان بەسەر کوردەوە ، شوێنجێگەى بەرچاوى خۆى پاراستووە ، بەتایبەت لەرووى زمانەوانى و داب و نەریت و سەرجەم کەشە کۆمەڵایەتییەکاندا.
لەزۆر ناوى شوێن و ناوچەکانى کوردستاندا ، بڕگەى ” ماه ” مە ” هێشتاکە بەکاردێت و جێماوێکى وشەى ” مەد – ە و بەپلەى یەکەم دێت لەبەکاربردندا و بەپلەى دووەمیش لەبەکارهێناندا وشەکانى ” ئیسکیت – سارمات – ئالان ” دێت ، جێماوێکى شوێنەوارى ئارییەکانە لەڕووى ناوهێنانى شوێن و زمانەوانییەوە و دەکرێت لەئێستادا پەى پێبەرین و بیدۆزینەوە ، وەک : ” سەقز – ساکواند – سارمى – ئالان ” دیارە ناوى ئەو ناوچەو شوێنانە پاش گۆڕانو گۆڕانکارى ساڵانێکى دوور و درێژە ، هێشتاکە ماکى زمانەوانى ئیسکیتییەکان هەڵدەگرێت و لەڕووى مێژوویشەوە بەشوێنەوارى ئیسکیتییەکان” ئارییەکان ” لەقەڵەم دەدرێت .
هۆز و بنەماڵە ئارییەکان و ساگارتیانەکان لە ناوچەکانى کوردستاندا وەک : هەولێر ، نینۆوا ، چیاکانى زاگرۆس ، پاش کۆچ و رەویان بڵاوبوونەتەوەو تا ئێستاکەش مۆرکى ئەوانیان پێوە دیارە .. ” ساگارتییەکان ” بەباوانى ” فارس و پارتییاییەکان و هایگییەکان ” ناسراون .
تا ساڵى 200 ى ” پ . ز ” ئەم کۆچ و رەوە بۆ کوردستان ئیدامەکارانە درێژەى هەبووەو بەردەوام بووە.

تێبینى: مێژوونووسى ” یۆنان – رۆمان ” ى ” ڤلاڤیۆس ئاریان ” لەکتێبى” ئێکستەیکس کۆنترا ئەلەنۆس ” کەلەساڵى”134 ” ى ” پ . ز” دا نووسیوویەتى ، ئاماژەى بۆ دووجارى داگیرکردنى کوردستان کردووەو لەو سەردەمەدا .. جێگەى داخ و نیگەرانییە گەر بڵێین ، کتێبە بەنرخەکەى ” ڤلاڤیۆس ئاریان ” کەپێشتر ناومان هێنا ، لەبەردەستدا نەماوەو ونبووە؟!
ژێدەر :KurtlerMehrdad.R.IzadiDoz Yaynlaristanbul2004

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت