muhamad-genawi

دکتۆر محەمەدئەمین گەناویى : ترۆری بازاڕ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەرووی مانای زمانەوانیەوە کە باسى ترۆری بازاڕ ئەکرێ ، دوو مانامان بۆ وێنا ئەبێ :
1 – بازاڕ ترۆر دەکرێ ، واتە بازاڕی ناوچەیەک ، وڵاتێک ، کیشوەرێک ، وە یان بازاڕی کاڵایەک بەهۆی پلانگێڕیەوە یان شەرى بازارچیانەوە جا لەسەر هەر ئاستێک بێ لاواز ، نابود ، بێ بەها ئەکرێت تا تەواو ئەمرێ ، واتە ترۆر دەکرێت نمونەى ئەم ترۆریى بازارە تا ئێستاش لە زۆر شوێنى جیهان بەردەوامە .
2 – ترۆری بازار بەو مانایە کە بازاڕ بۆ خۆى ، ئەمەى کە پەیوەندیى بە کاڵا ، بەهاى کالاوە دەسەلاتى میرەکانى بازارەوە هەیە ، ترۆری دارایى خەڵک و گرفانی خەڵک دەکات ، بەمانای ئابوریەکەش واتە دەستکەوت / دخل (income ) ى هاولاتیان زۆر کەمترە لە بەهای (cast) کاڵاکانى بازار ، ئەو کات بازار ِ ئەبێتە ترۆریست بۆ گرفان و ژیان و گوزەرانی خەڵک کە لە زۆر شوێنی دنیا تروریزمی بازاڕ بووەتە کارەسات بۆ مرۆڤەنەکان هەروەک ئەمەى ئەمرۆ ئەیبینین ملێونان کەس مل ئەنێ لە کۆچ ، ئاوارەیی وە هەڵاتن لەدەست ترۆری بازاڕو بێ دادى میرەکانى بازار .
بابەتەکەی ئێمە ( ترۆری بازاڕ ) هەردوو ماناو تێگەیشتن لەخۆ دەگرێت بەهەموو رەهەندەکانی ئابوری ، سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، فەرهەنگی وە پەیوەندیە ناوچەیی و جیهانیەکانەوە .
هیچ کاتێک ، لەمێژوی مرۆڤدا وەکو ئەمڕۆی ئێمە ، مرۆڤەکان پەیوەندی و سەروکار و ژیان و ئایندەیان بەبازاڕ ، رەوشی بازاڕ وە جۆرەهای جۆری بازاڕی کاڵاکانەوە نەبوەو نەبەسراوەتەوە . هەڵبەتە لەمێژوی ئابوریدا ، هەر لەو کاتەوە کە مامڵە و ئاڵوگۆڕی کاڵا بەرامبەر کاڵا کراوە ، واتە پێش پەیدابونی کۆمەڵگای پارە ، بازاڕ پەیدابووە و هاتۆتە کایەوە . بەڵام لەسەرەتادا هەم کاڵاکان دیاری کراو بون هەم بازاڕ لە سنورێکی دیاری کراوی بچوکی جوگرافیدا بووە . پەیدابونی هۆکارەکانی گواستنەوەی دەریایی وەکو بەلەم و کەشتی بەیەکەم هۆکاری فراوان بونی بازاڕ دادەنرێت بۆ گواستنەوەی کاڵاو بازاڕەکان لەشوێن ، فەرهەنگ ، نەتەوە وە شارستانیەتێکەوە بۆ شوێنێکی تری تەواو جیاواز ، بۆیە دەشێت گواستنەوەی بازاڕ لەڕێگەی دەریایەوە بەیەکەم قۆناغی سەرەتایی بەجیهانی بونی جیهان (Globalisation) دابنرێت . ئەمجار پەیدابونی هۆکارەکانی گواستنەوە لەڕێگەی وشکانیەوە وەکو ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەر هەروەها ، ئاسمانی وەکو فرۆکە گۆڕانکاری زیاتری جۆریان لەسەر رەوشی بازاڕ دروست کرد هەم لەسەر ئاستی نیشتمانی گەلان هەم لەسەر ئاستی جیهانی .
بەرهەمهێنانی کاڵای زۆرو باشتر ، فراوان بونی بازاڕەکان ، پێشبڕکێى بازار (competition) وە هەول و ئارەزوویى بەدەستهێنانی بازاڕی زیاتر لەلایەن کۆمپانیا بەرهەم هێنەرەوەکانەوە لە سەر ئاستى نیشتیمانى و جیهانى زانستی خستە بازاڕی (marketing) ى بەرهەم هێنا.
لەدوای شۆڕشی پیشەسازیی ، بازاڕ بە تێگەیشتنە ئابوریەکەى ، رەهەندە سیاسی و فەرهەنگیەکانى وە هەتا کاریگەرى راستەوخۆى لە سەر جۆر و فۆرمی ژیان وە لەمەش زیاتر وەکو عاملێکی هەرە گرنگی شەرو ئاشتی رۆڵی بەرچاوی بینیوەو ئەبینێت لەسەر ژیانی تاک ، گەلان وە هەروەها لە سەر پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسیەکان لە سەر ئاستى ناوچەیی و جیهانى .
ئەگەر جەنگە مێژویەکان بەجۆرێ لە جۆرەکان راستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ پاڵنەرێکی ئابوریان هەبوبێت بۆ بەدەستهێنانی کەرەسەی خۆراک ، خاکى بە پیت ، دەست بە سەراگرتنى شوێنى ستراتیجى وە کەرەسەى خاو پاش پەیدابوونى سەرمایەدارى ، ئەوا جەنگ و کێشەکانی سەدەی بیستەم هەم پاڵنەری ئابوری هەبووە هەم پاڵنەری بازاڕ بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاکان ، بۆ نمونە دوای پەیدابونی سەرمایەداری و پێویست بوون بە کەرەسەی خاو بۆ پیشەسازی ، ئیمپریالیزم و جەنگی کۆڵۆنیالستی سەری هەڵدا بۆ دەست بەسەراگرتنی سەرچاوەکانی کەرەسە خاوەکان ، وە دوای ئەمە بۆ ساغ کردنەوەی کاڵا پیشەسازیەکان بازاڕ بوو بە پێویستیەکى حەتمى .
پەیداکردنی بازاڕ بۆ وەلاتانى پیشەسازى وە کۆمپانیا بەرهەم هێنەرەکان بوو بە بەشێ لە سیاسەت و ستراتیجى ئابووریان ، پەیداکردنی بازاڕی ساغ کردنەوەی کاڵاکان زۆر جار بووەتە هۆی شەڕی ئاشکراو نائاشکرا لەنێوان هێزە بەرهەم هێنەرەکان وە ڕکەبەرەکانى بازارى ناوچەیی و جیهانى . هەر لەم کاتەوە کە بازاڕ بۆتە مەرجی بەرهەمهێنان ، پەیدابونی بازاڕیی کار وە تەندروست بوونی ئابوری نیشتیمانى وڵاتان و تواناى کۆمپانیاکانى بەرهەم هێنەری کاڵاکان ، ترۆری بازاڕیش بوەتە بەشێک لە سیاسەتی وڵاتانی بەرهەم هێنەر هەم بۆ داگیر کردن و پەیدا کردنى بازاریى تازە ، هەم بۆ دژایەتى کردنى رکەبەرەکانیان .
لەشەڕی بازاڕ دا مرۆڤەکان وەک ژمارەی بەکاربەر دەبینرێن بێ گوێ دانە هیچ لایەنێکی ترى مرۆڤەکان یان لایەنە مرۆیى ، ڕەوشتى و ئاکارەکان (Moral and ethic) . بۆ نمونە کۆمپانیای ئەپل یان هەر کۆمپانیایەکى تر ، کە دەستگایەک دروست دەکات بۆ ئەو گرنگ نیە ، ئەم بەکاربەرە سەر بە چ کلتورو فەرهەنگ و ئاین و شارستانیەکە ، گرنگ ئەوەیە کە بتوانێ بیکڕێ ( لە وتارى مرۆڤە زیادەکان کێن شرۆڤەى مفهومى تواناى کرینم کردوە کە ئێستا خەریکە ببێتە پێوەر بۆ پۆلین کردنى مرۆڤەکان کێ زیادەیەو کێ پێویستیە ) .
بە هەر حال ئەگەر کۆمپانیایەکی تر بیەوێ بازاڕی ئەپل ترۆر بکات ئەبێ بەشتێ وە تایبەت مەندیەکە وە بێتە بازار ، کە ئەپڵ توانای بەرگری ترۆر نەگرێ . لەگەڵ زیادبونی کاڵاکان و فراوان بونی بازاڕەکان مرۆڤ بەجۆرێک لە جۆرەکان خۆی هەم وەک بازاڕ هەم وەک کاڵا دە بینێتەوە ، بۆ بیرخستنەوە ( مرۆڤ هەم وەک بازاڕ هەم وەک کاڵا ) ناونیشانی یەکێک لەوتارەکانی بەندە بوو لە گۆشەی ئابوری هاوڵاتی .
ئێمە ئەمڕۆ لەکاتێکی مێژویدا دەژین ، کە مامەڵەی ڕۆژانەمان هەیە نەک تەنها لەگەڵ بازاڕی ئەو کاڵایانەی کە پێویستی ژیانی رۆژانەیە وەک خۆراک ( ئەمرۆ هەتا کاڵا سەرەکیەکانی ژیانی ڕۆژانەش وەک خۆراک بووەتە چەندەها کاڵای جۆراو جۆر و بەرهەهێنەری جۆراو جۆری وڵاتانی جۆراوجۆر ) بەڵکو هەر ناو بەناو لەگەڵ بازاڕی کاڵایەکی تازە ناچار دەبین مامەڵە بکەین بە حوکمی وە حەتمیەتی پێش کەوتنى تەکنۆلۆجیاو پێویستی ژیان جا لە بچوکترین کەرەسەو ئامێرەوە تا گەورەترین کەرەسەو ئامێر . بۆ نمونە ئەو ئامێرە تەلەفۆنەی پێش چەند ساڵێک بەکارمان دەهێنا ئەمڕۆ بەکاریی ناهێنین چونکە بازاڕیی ئەمڕۆی تەلەفۆن وەڵامی ئەو پێویستیانە دەداتەوە کە ئەمڕۆ لەزۆر بواری ژیاندا بەکاری دەهێنن بەڵام ئامێرەکانی تەلەفۆن کە پێش 10 ساڵ دروستکراون ئەو تواناییان نیە وەلامى پێویستی ئەمرۆمان بەنەوە . ئەمڕۆ لەیەک کاتدا لەگەڵ چەندەها بازاڕیی کاڵای جۆراوجۆر مامەڵە دەکەین ، کاڵاکانی خۆراک ، وزە ، پەیوەندی ، خزمەت گوزاریی ، گواستنەوە وە تەندروستی و هتد. هەر یەکێ لەم بازارانەش ئازادن لەدیاریکردنی بەهای کاڵاکان هەم لەلایەن خاوەن بەرهەم هێنەرانەوە هەم لە لایەن بازرگانانەوە ، ئەمجار ئەوانەی بەهەر ڕێگایەک بێ پاوان و مۆنۆپۆلى بازاڕیان کردووەو بوونەتە میرى بازار بەتایبەت لە ولاتانى جیهانی سێهەم .
خەڵکانى وڵاتانی جیهانی سێهەم بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە خاوەن حکومەت و سستمی نیشتمانی و هاوڵاتی نین وە زیاتر حکومەت و دەسەلاتى میلیشیا فەرمان رەوایەو یەکەم قوربانی گەورەی ترۆرەکانى بازارن ، لەپێش هەمویانەوە ترۆری بازاڕی خۆراک ، بۆ نمونە زۆر لە وڵاتانی ئەفریقیا پێش 50 ساڵ خاوەن گەورەترین سامانی ئاژەڵی بون ، بەڵام بەهۆی لافاوی خۆراکی پاڵپشتی کراو (subsidized) ی وڵاتانی بەرهەمهێنەریی ڕۆژئاوایی بۆ بازاڕی وڵاتەکانیان خەڵک ناچار بووە واز لە کاریى ئاژەڵداری بهێنێت ، چونکە زۆر گران تر دەکەوت لەسەر یان لەچاو ئەو خۆراکەی کە لە بازارەکاندا هاوردە دەکرا . ئێستا ئەم وڵاتانە لە بەرهەم هێنەرەوە بوون بەکاربەری بازاڕی خۆراکى بێگانە بەمە بازاریى کاڵاکانی نیشتمانی خۆیان تەواو ترۆر کرا ، هەمان حاڵەت وەک نمونە لەعێراق بە کوردستانیشەوە بەئاشکرا دەبینرێت.
لەسەر ئاستی جیهان ، ئەمڕۆ هەموو مرۆڤەکان قوربانی ترۆریی بازاڕن واتە بازاڕیی کاڵاکان ترۆریان دەکات و ئەوانەی لەبازاڕدا باڵا دەستن لەڕاستیدا کاریی ترۆر ئەنجام ئەدەن دووبارە بەتایبەت لەجهانی سێهەم . چونکە خەڵکانی جیهانی سێ دوو جار دەبنە قوربانی ترۆری بازاڕ بەهەردوو ماناکەی کە لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێ کرد ، یەکەم ترۆرى بازاڕی نیشتمانیان کە لەلایەن هێزە بەرهەمهێنەرەکانی بێگانەوە بە هاوکارى کەسان و لایەنە بە کرێ گیراوەکانەوە ترور دەکرێ ، ئەمجار بازاڕی ناوخۆشیان کە بۆ هەر کاڵایەک گرنگ بێ لەلایەن دیسان کەسانی بەکرێگیراو (comprador) کە بازاڕیان پاوان کردووەو بوونەتە میرى بازار گیرفانیان ترۆر ئەکرێ .
لە ڕاستیدا هاوڵاتیانی دنیای سێ رۆزانە لە چەندەها لاوە ترۆر دەکرێن ، بازاریى دکتۆرو دەرمان لە جیاتی چارەسەر ترۆر دەکات ، کام نەخۆش و کەس هەیە پاش سەردانى دکتۆرو دەرمان خانەکان هەستى بە ترۆر نەکردبێ و گرفانیان بە تاڵ نەکردبێ بە هۆى نەبوونى هیچ ئاسایش و زەمانەتێکى تەندروستی و کۆمەلایەتى .
ئەوانەی دەستیان بەسەر کەرتی خۆراک ، نیشتەجێ بون ، خزمەتگوزاریى وزە وە پەیوەندیەکاندا گرتووە بەردەوام ترۆر دەکەن لەسەرویانەوە بەناو دەسەڵاتداران کە سیاسەتیان کردۆتە رێگایەک بۆ بازرگانی و بوون بە میرى بازار دووجار تاوانى ترۆر ئەنجام ئەدەن ، جارێ بەترۆری بازاڕی نیشتمانی خۆیان وەجارێ بەترۆری گرفانی هاوڵاتیان بەبەهای گرانی ئەم کاڵایانەی لەوڵاتانی بێگانەوە هاوردەی دەکەن . هەموو ئەم ترۆرو تاوانانەى بازار لە ژێر ناویى بازارى ئازادەوە ئەنجام ئەدرێ ، کە هیچ بەهایەکى مرۆڤی وە هیچ پێوەرێک بۆ ژیان و تواناى ئابوورى خەڵک لە بەر چاو ناگیرێ جگە لە ترۆرى دارایى و گوزەرانى خەلک لە لایەن میرەکانى بازارەوە .
لەبەرئەوە زۆر بە ئاشکرایی دەبینن ، هەموو ئەوانەی لە وڵاتانی جیهانی سێهەم لە بازاڕدا ڕۆڵێکیان هەیە بەردەوام بە کاربەران و کریاران ترۆر ئەکەن ، ئیتر هاوڵاتی بێ چارە کە لە هەموو لایەکەوە بۆتە ئامانجى ترۆر وە رۆژانە تروریستانی بازاڕ ترۆریی دەکەن ئەبێ چۆن بتوانێت بەرەنگاری ژیان بێتەوە?. ئەمە پرسیارێکی نیشمانی و جیهانیە کە دەشێ نەتوانرێ وەڵامەکەی دروست بدرێتەوە ، بەڵام ئاکامی تروریی هەمە لایەنەو رۆژانە دژی هاوڵاتیانی جیهان بە تایبەت هاوڵاتیانی جیهانی سێهەم ، ئەمەیە کە دەیبینین چۆن لە دۆزەخی ترۆریى بازار رادەکەن .
جەنگ و ترۆریی بازاڕ بەردەوامی هەیە ، وە دەبێت لەسەر هەموو ئاستە نیشتمانی و جیهانیەکان بەڵام گرنگ ئەوەیە : چۆن بتوانرێ خۆ ڕزگار بکرێ لەترۆری بازاڕ وە بازار بەجۆرێ فۆرم بکرێ وە رێک بخرێ ، کە بگونجێ لەگەڵ بەها مرۆڤایەتیەکان و لە بەرچاوگرتنى بنەما دادپەروەریەکان ، هەموو بەهاو ئازادیەکانى ترى مرۆیی نەبنە قوربانى تەنها ئازادى بازار ، وە بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی جیهان هەست نەکەن کە بە هەڵە هاتونەتە ژیانەوەو زیادەن لەبازاڕ و ژیان .
ناونیشانی ئەم وتارە دەبێتە کیتابێ بە زمانی ئینگلیزی ئەگەر بوارو کاتی گونجاو هەبێت بۆ نوسینی .