Nuri-Bexalli-1

نوری بێخاڵی : پاڵەوانی شەڕەکان ، جەنگاوەرەکان نین ، ئازایەتییەکانیش نابنە هی ئەوان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

شەڕ ، واتە ، زەوی ، گۆشتی مرۆڤ هەڵلوشێت – مانشیۆس .
دەشێ و زۆر ئاساییە جیاواز بین ، ئاخر ئەو جیاوازییانەمان نەمێنن ، خودی مرۆڤبوونمان جێگای گومان و پرسیارە !
دیوتانە دوو کەس کە بەری ئاوی پشتێکن و لە یەک ڕەحم کەوتوونەتە خوار ، لە هەموو شت لەیەک بچن ؟
بۆیە بوونی ئەو جیاوازییە وەک ئەوەی سروشتی و ئاساییە ، هاوکات ئاسایی و سروشتی نییە هەموو ڕاستییەکان ، جوانییەکان، ڕۆشناییەکان تەنیا لای یەکێکیان بن . لەوەش ترسناکتر ، تیگەیشتن لە حیکمەتی جیاوازی و هەوڵدان بۆ خۆ بەسەنتەرگرتن و بەخاوەن دەرکەوتن لە حەقیقەتی ڕەها ، بەو ئاقارەماندا ببەن ، کە ئەو جیاوازییانە بسڕینەوە و ئەو ژیان و دونیا ڕەنگاڵەییەمان ، یەک ڕەنگ دابڕێژینەوە و تەنانەت لە نێوان بۆشایی دوو ڕەنگی ( ڕەش و سپی ) دا ، هێڵیک نەبینین ، کە خۆڵەمێشییە .
بەهەرحاڵ ، هەمیشە لە خەیاڵدانی هەر یەکێک لە ئێمەدا ، پاڵەوانێک ئامادەیە . ئیتر یان خەونی بەخۆ بوون بە پاڵەوان ، یان سەرسامی بە پاڵەوانێکی دڵخواز ، کە ئەمە شتێکی ئاساییە . وەلێ ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە ، کە لەو خەیاڵدانە ژەنگرتووەی ڕۆژهەڵاتدا و لە ناویشیاندا ئێمەی کورد ، پێشینەیی بۆ پاڵەوانی جەنگە !
ئەمە لە تێگەیشتنی ئێمە و لە خەیاڵدانماندا بۆ چەمکی کاریزماش ، هەمان خەیاڵدانی خۆرکە لێدراوە ، کە پێشینەیی بۆ کاریزمای سیاسییە !
لەکاتێکدا هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، کولتووری ، فەرهەنگی و ……..، لە بەردەم بوون بە پاڵەوان ( بە مانا پۆزەتیڤەکەی ) ئاوەڵا و کراوەن .
خودی تێگەیشتن و پێوەری هەر یەکێک لە ئێمە بۆ هەردوو چەمکی ( پاڵەوان و کاریزما ) و گرێدان و تاپۆکردنیان لەسەر ( جەنگ و سیاسەت ) ، تێگەیشتنێکی تائەوپەڕ گەمژەیی و دۆزەخی و شەیتانییە . بەو پێیەی بواری سیاسەت و جەنگ ( بە هەردوو ڕەهەندی ئەرێنی و نەرێنیان ) ، دوو بواری تەنگ و بەرتەسکن ، کە لەبەردەم هەموو کەسدا ئاوەڵا نین و نابن ، لە کاتێکدا بوارەکانی دیکەی ژیان ، بە پانایی زەوی و فراوانی ئاسمان ، لەبەردەم هەر یەکێکماندا ئاوەڵان ، بۆ ئەوەی ڕۆڵی پاڵەوانی و کاریزمایی خۆمانی تێدا بدۆزینەوە بگێرین !
جۆزێ نارۆسکی دەبێژێت : ” لە جەنگدا هیچ سەربازێک نییە ، نەپێکرابێت “. بەم پێودانگە و بە چاوپۆشین لە تێگەگەلی ( جەنگی پیرۆز و جەنگی ناپیرۆز ) ، دواجار بەرهەمی جەنگ ، کوشتنی مرۆڤ و ناشیرین کردنی ژیانە . لەو جەنگانەدا مرۆڤ لە بەردەم تەنیا دوو بژاردە دایە ، بکوژ ، یان کوژراو . واتە هیچ بژاردەیەکی دیکە لەبەردەم جەنگاوەردا نییە ، یان ئەوەتا دەبێ بەرامبەرەکەت بکوژیت ، یاخود بکوژرێیت ، کە بەداخەوە ئێستا جەنگی زمان لە دونیای ئێمەدا , مەحکومە بە هەمان ئەنجام . ئەوە بۆیە گلادستۆن جوانی بۆ چووە ، کاتێ لە بارەی جەنگ دەدوێ و دەڵێ : ” جەنگ کارەساتێکە ، مرۆڤ تیایدا باشترین شتی خۆی تێدا بەکار دەهێنێ ، بۆ ئەوەی خراپترین زیان بە خودی خۆی بگەیەنێت “.
پەندێک هەیە دەڵێ : ” شەڕ لە پشتی چاویلکەکانەوە چەند ئاسایی و سادەیە !”. لەم ڕوانگەیەوە ، لە جەنگەکاندا ، ئەوە جەنگاوەرکان نین دەبنە پاڵەوان ، بەڵکو بازرگانانی جەنگن ، کە دواجار بەسەر پشتی قوربانییەکان و جەستەی جەنگاوەراندا ، ئەستێرە و داڵ و میدالیای ئازایەتییان دەچێتە سەر شان و بە بەر سنگیانەوە هەڵدەواسرێ !
وەک چۆن لە پرۆسەی سیاسیشدا ، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی بەڵا لێدراوی ئێمەدا ، کە هەموو ژیان بە ئایدیۆلۆژیا بارگاوی کراوە ، ئەوە حەشامات و عەوام نییە براوە و پاڵەوانی شەڕەکانی سیاسیەت ، بەڵکو ئەوە دەستەبژێریکی سیاسین ، کە بەری ململانێی رق و کینە و دڵڕەشی ڕەعیەت و مێگەلەکەیان دەچننەوە و کۆشکی سەروەری و شانازییەکانیانی لەسەر بەرزتر دەکەنەوە و مێژوویان پڕ دەبێ لە پەیکەر و وتاری کاریزمایی !
بە هەموو پێوەرەکان ، بە گوێرەی هەموو ئەزموونەکانی مێژوو ، بەرمەبنای هەموو فاکت و ئەرگۆمێنتەکان ، دەگمەنن ئەوانەی دەتوانن ببنە پاڵەوانی ئاشتی ، یان بە دیوەکەی تردا و ڕاستتر بڵێین ، لە ئاشتیدا ببنە پاڵەوان . بۆیە جەنگ نزیکترین ڕێگا و هەرزانترین بازرگانییە ، بۆ ئەوانەی دەیانەوێ وەک مێژوو و لەسەر حیسابی خوێن و نەهامەتی ئەوانی دیکە ، بۆ خۆیانی بنووسنەوە . ئەوەتا برگسۆن دەڵێ : ” جەنگ تەنها یاری و وازی سەرکردەکانە ، کە ڕێگا دەدەن ئەندامانی گەل لەگەڵیاندا بەشداری تێدا بکەن “.
هەموو ئەو قسانە بەو مانایە نین ، کە ڕەوایی مافی بەرگریکردن لە ئازادی و شکۆی مرۆییانە و مافی زەوتکراو و خاکی داگیرکراو ، لە کەس بستێنینەوە ، بەڵام کاتێک ئەو بەرگریکردنە دێتەوە ناو ئاستی ململانێی ناوخۆی یەک پێکهاتەی خاوەن هەمان کولتوور و شوناس ، ئەوە کوفرێکە و بەرگری لێکردنیشی کوفرتر . چونکە ئەو دەمە لە دۆزەخی جەنگ دەگەین ، کاتێ ” خەون بە ڕۆژێکەوە دەبینین ، کە تیایدا منداڵێک دێت و لە دایکی دەپرسێت : دایکە ، جەنگ چی بوو ؟ – ئیڤی مریم “.
ڕاستییەکەی ، هەر یەکێکمان و بە تەنیا ، دەتوانین لە لاچەپێکدا فوو بە پشکۆیەکی ژێر خۆڵەمێشدا بکەین و ئەو ناوە پڕ کەین لە بڵێسە و گڕ ، وەلێ بە هەر هەموومان دەرەقەتی کوژاندنەوەی ئاگری پاوان و دارستانە ڕەنگاوڕەنگەکانمان نایەیەن ، کە بە هۆی ئەو فووە فیتنەبازەوە ، زۆرترینی درەختی بەژن بڵند و دەوەنی تازە گۆ کردوو و گوڵ و گوڵزاری جوان ڕەنگ و مەلی خۆشخوان دەبنە قوربانی و فوولێکەر و فووتێکەر و فووتێکراویش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن !
بەداخەوە ، هەمیشە وابووە ، فوتێکەر و فووتێکراو و فوولێکەر لەسەر پاشماوەی خۆڵەمێشی و سوتماکی ئەو شتە جوانانەدا کاوێژیان کردووە . بۆیە ڕەخنەگرتن لە بەرامبەرەکەت شتێکە و فووکردن بە ئاگر شتێکی دی!
لەم ڕوانگەیەوە و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای کوردستان و بەتایبەتی ئەو ململانێ و ناکۆییەی کە ژیانی لە شەقام تاڵ کردووە و وەک ژەهر ڕژاوەتە ناو پەیوەندیی کۆمەڵایەتیمان و خەریکە چەلەحانێی تۆمەتبار و تەخوین و ناشیرینکردنی یەکتر، وەک بەرهەمی پەروەردەی سەقەتی ئایدیۆلۆژی دەبێتە بەشێک لە کولتووری سیاسی . پێویست دەکات هەموومان بەشی ئەوە بێدار ببینەوە و ویژدانی مرۆییمان ( بەر لە کوردبوونمان ) ختووکەمان بدات و تەمی گەمژەیی و کەس نەبینینی بەرچاومان لادەین و سەرەڕای ئەزموونە تاڵەکانی ناو مێژووی یەکترسڕینەوە و خۆخۆری و خۆکوژیمان ، بڕێک هۆش و ژیری و لۆژیک بخەینەوە ناو چاوی بینین و مێشکی بیرکردنەوە و زمانی دەربڕینمان و لەبیر نەکەین کەوا : ” جەنگ ، ئاخ کە دەزانن ئاگری جەنگ لە لوولەی وشکی تۆپ و تفەنگەکان هەڵناستێ ، بەڵکو لە زمان و دڵ و بیرکردنەوەی خەڵک خۆی ، دادەگیرسێت – میخائیل نەعیمە “.
دەمێنێتەوە بڵێین : گەلۆ بێدار ببنەوە و لەبیرتان نەچێ و بزانن ، کەوا ” مرۆڤ بەبێ ئەوەی زەوی وێران بکات ، دەتوانێ ببێتە پالەوان – پوالۆ “، چ جای ماڵی خۆی وێران بکات و دەستی بچێتە خوێنی خۆی !