عیماد عەلی : بێ دینەکانی کوردستان لە کوێن ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لێرەدا بە تایبەتی باس لە کوردستان دەکەم ، باشیش دەزانم لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە شێوەیەکی رێژەیی و جیاواز لە شوێنێکەوە بۆ ئەویتر هەمان واقع و زەمینە دەبینین . زۆرێک لە ئاین و ئاینزاکان بە زۆر کۆن و رەسەنەکانەوە تاوەکو هاوردەکانیش کە زادەی بیرو عەقڵ و رەوتی مێژوویی میلەت و نەتەوە و خەڵکی غەیرە کوردن ، بە ئازادیەکی رەهاوە رێورەسم و پەرستن و عیبادەتی خۆیان دەکەن و سرووت و رەفتاری ئاینی و خوداپەرستی و رینمایی خۆیان لە کوردستاندا پەیرەو دەکەن و بڵاویش دەکەنەوە و ، ئەگەر بۆ کۆی گشتی گۆشارەی بیرو فکری میلەت و تەنانەت تاکیش زەرەریشی هەبێت ، کەس ناتوانێت و بۆی نیە بە هیچ شێوەیەک رێگەیان لێ بگرێت و تەنانەت رەخنەشیان لێ بگرێت . کەچی خەڵکی تر چەند لە ئاستی عەقڵانی و رۆشنبیری و زانستی بەرز بێت و ئەگەر بۆچۆن و باوەری خۆی بە شێوەیەکی رێژەییش ئاشکرا بکات ، ئەگەر لەگەڵ بۆچون و باوەرەکانی ئەواندا نەگونجێت یان نەیەتەوە ، تەکفیر دەکرێت و بە زەندیقیش لەقەڵەم دەدرێت .
لە دونیادا ئەوەی دەبینرێت زۆرێک خەڵک بێدینن نەک بێباوەر یان بێخودا( مولحید) و ، هەروەها بێدین و بێباوەریش ( مولحید ) بونیان هەیە ، بەڵکو ئەمانەش پشتیان بە کۆمەڵێک بیرو عەقڵیەتی تایبەت بە خۆیان دەبەستن و ، لە ژیاندا پەیرەوی بیروبۆچونی عەقڵانی و زانستی تایبەت بە خۆیان دەکەن ، کە بە شێوەیەکی پلەبەندی یان کتوپر پێی گەیشتون . ئەوەی لە کوردستاندا بەدیناکریت و کەس ناوێرێت بە ئازادیەوە باسی لێوە بکات ، باوەر نەبونە بە ئاین بە هەردوو بەشەکەیەوە ؛ باوەرنەبون بە ئاین و باوەرنەبون بە خودا لە لایەک یان باوەرنەبونە بە هەردوو: ئاین و خوداش ( ئیلحاد ) لەلایەکی ترەوە ( لێرەدا قسە لەسەر هەندێک رێکخستن و حزب ناکەم کە ئەو بیروباوەرە وەک ئایدیۆلۆجیا بەکار دێنن بۆ مەبەستی سیاسی دوور لە فەلسەفە و عەقڵمەندی سەربەخۆ ) .
لە هەر شوێنێکدا ، ئەگەر باس لە باوەری بێ دینی و بێ خودایی ( ئیلحاد ) لە رووی فەلسەفیەوە بونی نەبوو واتە فکری خۆ سەپێن و نەبونی ئازادی خۆی فەرز کردووە ، ئەمەش لە وڵاتە دواکەوتوەکان بە شێوەیەکی رەها رەنگیداوەتەوە و کوردستانیش بەدەر نیە لەم حاڵەتە ( لێرەدا باس لە نهێنی بونی خەڵکی خاوەن ئەم جۆرە بیروباوەرە ناکەم کە ناتوانن تەنانەت لە نێو خێزانەکانی خۆیشیاندا بیدرکێن ) . ئەوەی لەم رۆژگارە وردبێتەوە دەزانێت لەم زەمانە گۆراوە پێشکەوتوەی زانست و عەقڵدا لەم سەردەمی گلۆبالیزەیشنەدا مەعقوڵ نیە هیچ شوێنێک نەگەیشتبێتە رادەی بیری بێخودایی یان هیچ نەبێت بێدینی کە باوەری بە بەسەرچونی قۆناغی ئاین هاتبێت و گومان زاڵ بێت و زانست وەڵامدەری سەرجەم پرسیارە فەلسەفیەکانی بێت .
لێرەدا باس لە کاردانەوە ناکەم لە رەفتار و بیرکردنەوەی هەندێک خەڵکدا دوور لە عەقڵانیەت و باوەربون بە بێدینی لە رووی قەناعەتی عەقڵانی و بیری زانستیەوە جۆرە رەفتارێکی شاز و ناباو لە پێناو کۆمەڵە ئامانجێکی دیاریکراوی تایبەتی دەنوێنن . زۆرێک لە خەڵکانی کوردستان وەک سەرجەم دانیشتوانی جیهان باوەریان بە تیۆریەکانی رێژەیی ئاینشتاین و پەرەسەندنی داروین هەیە لە هەمان کاتدا باوەریان بە خالق هەیە ، لەبەرامبەردا زۆرێکی تر باورەیان بە خودی تیۆریەکان وەک خۆی هەیە بە شێوەیەکی زانستیانە و دوور لە سەپاندنی باری کۆمەڵایەتی و داب و نەریت و ترس لە تەکفیری ئاینی و باوەریان بە خالق نیە .
لێرەدا دەکرێت لە چەند لایەکەوە باس لە باوەربونی خەڵک و گۆرینی بیروباوەر و پەرەسەندنی عەقڵی مرۆڤ بکەین، کە لەسەر بنەمای زانستی ، سایکۆلۆجی،کۆمەڵایەتی ، گوتاری دینی ، لە هەمووی روونتر و پتەوتر لەسەر بنەمای عەقڵانی دوور لە هیچ کاردانەوەیەکی ژیانی رۆژانە و بەسەرهاتی تاکەکەسی و قورسایی ژیانی ئابوری و خزمەتگوزاری و بەربەستە کۆمەڵایەتیەکان ، بکەین .
ئەگەر خۆمان بەدوور بگرین لە ململانێی ئایدیۆلۆجی و چەواشەکاری و موزایەدەی سیاسی ، قسەمان راست و رەوان بێت ، خەڵکانێک هەن بە پشتبەستن بە بناغە فکری و ئایدیۆلۆجی و تەنانەت فەلسەفیەکان بە چواشەکاریانەی حزبی رووت قسە دەکەن و ، لە لایەکی ترەوە زۆرێک لە خەڵکی رۆشنبیر و تەنانەت زانستخواز دەبینین خۆی بەدوور دەگرێت لە وتنی حەقیقەت و باوەر و بۆچونی خۆی لە پێناو رازیکردنی دابو نەریت و کۆی گشتی بیری کۆمەڵگەدا لە راستیەکانی تەنانەت بیرکردنەوە و باوەربونی خۆی بەدوور دەگرێت یان لە پێناو جەماوەرێتی وکاری حزبی قسەو رەفتارێک دەکات کە دژ بە باورە و بۆچون و عەقڵیەتی تەنانەت خۆیشی بێت . ئەگینا زۆرێک لەو رۆشنبیر وزانا و زانستخوازانە دەبینیت بە نهێنی و بە فسکە فسک لە زەمینەیەکی ترس ئامێزدا باس لە بێباوەری خۆی بە ئاشکرا دەکات و تەنانەت باوەری بە خالقی ئەم کەونەش نیە کەچی لە دیدار و چاوپێکەوتنە ئاشکراکاندا خۆی لە مەلایەکی ئیسلامی وەک خۆیان دەڵێن دوانزەعیلمی دینی بەدین تر لەقەڵەم دەدات ، ئایا لە رووی کۆمەڵایەتی و ئیتمای حزبیەەوە حەقی خۆیەتی و ئازادە چی ئەکات ؟ ئەوە قسەیەکی ترە . ئەمەش لەبەر ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتیانەی پێشتر باسکران و تەنانەت ترس لە کوشتن و لەناوبردنی لەلایەن رێکخستنە ئیسلامیەکانی جیهانەوە و لەنیۆویشیاندا ئەوانەی کوردستان کە تادوێنی تەکفیری سەدان خەڵکیان کردو تەنانەت دەستیان لە تیرۆر و لەناوبردن نەپاراست .
بۆیە ، بۆم هەیە بڵێم ، بێدین و بێباوەر و بێخالقەکانی کوردستان زۆرن ، بەڵام توانا و بوێری و جورئەتی دەرکەوتنیان نیە ، جگە لەوانەی لە چوارچێوەی حزبدا خۆیان قەتیس کردووە و ، حزبە ئیسلامیەکان لە پەراویزخستن و لاتەریک کردن و مەنبوز کردنیان لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا سەرکەوتنی رەهایان بەدەست هێناوە ، ئەمەش هۆکاری بابەتی و خودی خۆی هەیە ، ئێرە جێگەی باسکردنی نیە ، ئەگینا خەڵکی بێدین و بێباوەر و بێخالقی زانستخوازی بێلایەن زۆرن ، بەڵام تا ئێستا تەنانەت لە چوارچێوەی رێکخرواێکی مەدەنیدا خۆیان دەرنەخستوە .