Aras-Meriwan

ئاراس فەتاح – مەریوان وریا قانع : دیسانەوە شەڕی دەستەویەخە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەدرێژایی مێژووی سیاسیی نوێی کوردستان ھیچ کاتێک پرۆسەی دروستکردنی دەسەڵاتگەرێتییەکی سوڵتانیی بەقەدەر ئەمڕۆ بێشەرم و تاوانبار نەبووە . تەنانەت لە ساڵە تاڵەکانی شەڕی ناوخۆدا ململانێی سیاسیی بەشێوەی ئەمڕۆکە ناشیرین و دڕدۆنگ و پڕپیلانی ناوەکیی و دەرەکیی نەبوو . قۆناغێک نییە وەک ئەمڕۆ ژیان و بژێوی خەڵک بەم شێوازەی ئێستا کرابێت بە بارمتە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبیی و تاکەکەسییەکانی ناو خێزانە سیاسییە داخراو و دابڕاوەکان لە کۆمەڵگا . دەمێکە حوکمڕانانی کوردستان و مۆدێلی فەرمانڕەوایەتییەکەیان لەوە دەرچوون کە نەشوبھێنرێن بە سەدام و قەزافیی و ئەسەد و دەسەڵاتدارێتییە ھەرە ناشیرینەکانی تری ناوچەکە . ئەمڕۆ لەسەر شەقامی شارەکانی کوردستان ” شەڕێکی دەستەویەخە “ دەبینین لە نێوان ئەوانەی توڕەیی و نائومێدیی و وەڕسبوونی خۆیان نیشاندەدەن و ئەوانەی بەدیار و نادیار بە بەرچاوی کامێراکانەوە گەنجانی ئێمە دەکوژن و حیزبیش بێباکانە دەیانپارێزێت و باوەشیان بۆدەکاتەوە . ماوەیەک لەمەوبەر گەنجێکی ھەڵاتوو لە دورەوڵاتەوە ووتی ” پێمباشە لەناو دەریاکاندا بخنکێم ، نەک بەدەستی پیاوانی حیزب و بەرچاوی دایک و باوکمەوە بکوژرێم “. پێدەچێت ئەمڕۆکە ھەمان ئەو نەوەیە بڕیاری ئەوەی دابێت لەباتی ھەڵاتن و خنکان لە دەریاکاندا بەرگریی لەخۆی و لە داخوازییە سەرەتاییەکانی بکات . بەبۆچونی ئێمە ، ئەو تاوانە سیاسییانەی لە ئەمڕۆدا دژ بەم نەوە تازەیە دەکرێت ، کاری تاکەکەسانەی ھەندێک کوێلەی ناو حیزبەکان نییە کە بێباکانە و ئازادانە نیشان لە خۆپیشاندەران دەگرنەوە ، بەڵکو بە ئاشکرا و بێشەرم ستراتیژی بەرپاکردنی ” شەڕێکی دەستەویەخە “ ی سیستماتیکە لەگەڵ کۆمەڵگادا ، کە ماوەیەکی درێژە لەئارادایە .
ئێمە رامان وایە کە ئەوە ئەرکی رۆشنبیران نییە بە خۆپیشاندەران بڵێن چیبکەن و چینەکەن ، خەتی سوور کامەیە و لە کوێیە ، چ شتێک نابێت ببەزێنرێت و چیش دەبێت بپارێزرێت . ئێمە جەستەیەکی سیاسییمان ھەیە کە ھەموو خانەیەکی نەخۆشخراوە و ئۆرگانەکانیشی لەوەکەوتوون بە وەزیفەی ئاسایی خۆیان ھەڵسن ؛ حکومەتەکەی نەخۆش و سەرۆکایەتییەکەی دێوانەی دەسەڵات و پەرلەمانەکەی پەککەوتە و ھێزە سیاسییەکانیشی بێئیرادە . ئەم جەستە سیاسییە نەخۆشە لە کۆمەڵێک ھاوکێشەی ناوەکیی و ئیقلیمیی و جیھانیشەوە ئاڵاوە کە ھیچ مەودایەکی بۆ چارەسەرکردنی ھیچ کێشەیەک نەھێشتۆتەوە . بکەرە سیاسییەکانی، دونیای ئێمە بەرەو دابەشبوونی زیاتر و پارچەپارچەبوونی ترسناکتر و پێشێلکردنی زیاتری مافەکانی مرۆڤ دەبەن . تەنھا بژێوی خەڵک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان نەخراونەتە ناو گەمەیەکی سیاسیی ناشیرینەوە ، بەڵکو ھێرشێکی سیستەماتیکیش لەئارادایە بۆسەر ھەموو مافەکان ، لەپێش ھەموویانەوە مافی نووسین و رادەربڕین و کاری میدیایی . بەبۆچونی ئێمە ئەو قۆناغە بەسەرچووە داوای عەقڵانییەت و ھێمنیی و ناتوندوتیژیی لە خەڵکیی بکەین ، وەکو لە حەڤدەی شوباتدا بە گرنگ و پێویستمان زانی و کردمان . شتێک بەناوی لانی ھەرە ھەرە کەمی عەقڵانییەتەوە لەناو سیاسەتی کوردیدا نەماوە . توندتوتیژیی شتێک نییە گەنجەکانمان لەسەر جادەکان دایانھێنابێت ، بەڵکو زادەی ئەو سیستمە سیاسییەیە کە سڵ لەوە ناکاتەوە بە گوللـە وەڵامی بەرد بداتەوە ، بە جلی مەدەنییەوە تەقە لە خۆپیشاندەرانی بێچەک بکات و بە عەقڵێکی سەربازییەوە تەواوی کۆمەڵگا بترسێنێت و لەڕێگای تیرۆرەوە کونترۆڵیبکات . ئەم عەقڵییەتە سیاسییە ئامادەیە سبەینێ و دووسبەیش ھێزە دەمامکدار و تێڵابەدەستەکانی بەھەموو شوێنێکدا بڵاوبکاتەوە، نیشتیمانمان بەسەر چەند خاڵێکی پشکنینی حیزبیدا دابەشبکات . شەھیدکردنی بەردەوامی خۆپیشاندەرانی مەدەنیی ھیچمان پێنەڵێت یەک شتمان بەبەردەوامیی لە جەوھەری ئەم دەسەڵاتدارێتییە بۆ نماییشدەکات ، ئەویش ئەوەیە کە توندوتیژیی بەشێکی جەوھەریی ئەم سیستمەیە و پارێزەرانی سیستمەکەش ئامادەن زۆرترین خوێن بڕێژن ، زۆرترین جەستە بێگیان بکەن و کەمترین باجیش بدەن .
ئەوەی جێگای سەمەرەیە زۆرینەی پەرلەمانتار و سیاسەتمەداران لەڕێگای میدیاکانەوە ، وەکو خۆپیشاندەر قسەدەکەن ، کەچی ھەرکەسێک بچێتە سەرشەقام و خۆپیشاندان بکات ، بە گوللـە دەمی دادەخرێت . ئەوەی تەواو دیار و بەرچاوە ئەوەیە ، شتێک لە دونیای ئێمەدا بوونی نییە مافی ئەو خۆپیشاندەرانە بپارێزێت و ھێزێک نییە بەرگریی لە ژیانیان بکات . ئەوەی دیارە و ھەموومان دەیبینین ژمارەی قوربانییەکان و شێوازی مردن و برینداربوونەکانیانە ، ئەوەشی دووبارە و سەدبارە نادیار و بزرکراوە ، تەقەکەران و تاوانکارانن . دەرکەوتنی قوربانییەکان و شاردنەوەی تاوانبارەکان ئەو گەمە ناشیرینەیە کە بەردەوام ئیشیکردوە و لەمڕۆشدا بە بێشەرمانەتر ئیشدەکاتەوە . ئەم دۆخە وامانلێدەکات بڵێین خۆپیشاندەرانی کوردستان پێویستیان بە واعیزی ئەخلاقیی ھیچ کەس و لایەنێک نییە ، پێویستیان بە چاوساغێک نییە پێیانبڵێت سەیری چی و کێ و کام ئاراستە بکەن، یان گوێ لە کێ و کام ھێز و کام سیاسیی بگرن ، چونکە بەھەر لایەکدا دەڕوانن جگە لە دونیایەکی تەواو بۆگەن و لەناوەندێکی سیاسیی تەواو داوەشاو ، شتێی دیکە نابینن. ئەوانەشی لە جەرگەی ئەم دۆخە ناشیرینەدا لە بچووکترین ئەخلاقی سیاسیی و ئینسانیی بێبەریین ، حوکمڕانانی ئەم وڵاتەن کە نیشتیمان بەرەو ھەڵدێڕ و داڕمانی تەواوەتی سیاسیی و ئابووریی و ئیداریی بردووە . ئەوان کوردستانیان کردووە بە پارکی ئۆتۆمبیلی درع و تەنکەری نەوت و بەرژەوەندی خێڵ و گروپی مافیایی ، دۆخێکیان دروستکردوە مرۆڤ نەتوانێت تەحەمولی ھیچ دەرکەوتێک لە دەرکەوتەکانی بکات و واھەستبکات تەنھا لەبەردەم دوو ئەگەردایە کە ھەردووکیان تاڵ و ژەھراوین : یان ھەڵاتن و سەرھەڵگرتن یان وەڵامدانەوە بە تەحەدا ترسناکەکانی دۆخەکە و لەوێشەوە دروستکردنی ڕیسکی گەورە بە ژیانی خۆیان و بە ژیانی دەستەجەمعییەوە . بەبۆچوونی ئێمە مەودا و ڕووبەرێک بۆ بێدەنگبوون ھیچنەکردن و ھێمنبوون نەماوەتەوە . سیاسەتی کوردیی لەوە کەوتوە کە بیرکردنەوەی سیاسەتمەداری بەرپرسیار بێت بۆ دروستکردنی ژیانێکی یەکسان و ھاوبەشی ئارام و قبووڵکردنی یەکتر لە کۆمەڵگادا . ئەم سیاسەتە گۆڕاوە بۆ گاڵتەجاڕییەکی حیساب بۆکراو و بێدەربەست بە عەقڵ و ژیانی ئینسانی ئێمە . شتێک نەماوە ئەم مرۆڤە یاخیبووانە لە کوردستاندا چاوەڕوانی بکەن ، ئەوەی لەبەردەمیاندایە نائومێدبوونە لە دونیایەک کە ھەر رۆژەی لە سوچێکەوە قەیرانێکی قووڵ و گەورە سەردەردێنێت ، بەبێ ئەوەی ئاسۆیەک ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی ھیچ یەکێک لەو قەیرانانە .
لەم دۆخە سیاسییە بەرھەمھێنراوەدا ، ھیچ شتێک لە حیکمەت و ویستی سیاسیی پاک و ھیچ شتێکێکیش بەناوی متمانە و خەمخۆریی تیانەماوەتەوە . بەبۆچونی ئێمە ھەموو ھێزەکان بە بڕی جیاواز لەدروستبوونی ئەم دۆخەدا بەشدارن ، بەڵام بەرپرسیاری سەرەکی سەرۆکێکی ماوەیاسایی لەکارکەوتووە کە بەدوای ھەلی کارێکی نوێدا دەگەڕێت ، بە مەرجی ئەوەی ببێتەوە بە سیاسیی ژمارە یەک . بۆ ئەم وەزیفەیەش جگە لە دیکتاتۆریبوون و نابەرپرسیارێتی و ژێرپێخستنی سەرجەمی یاساکان، ھیچ کارامەییەکی سیاسیی و ھیچ پسپۆڕییەکی تری پێویست نییە . ئەوەی دروستکەری ئەم دۆخەیە حکومەتێکی بەناو فرەحیزبییە کە حیزبێکی قائید ئیملای سیاسەتەکانی دەکات ، حیزبێک کە گەلێکی بە کامڵیی بێکار و بێ مووچە و بێژیان کردووە . لە کوردستانی ئەمڕۆدا بێشەرمییەکی گەورە بووە بە ئاکاری سەرەکی سیاسەت ، بەجۆرێک سڵ لەوە ناکاتەوە لیستی ژمارەی شەھیدەکانی حەڤدەی شوبات گەورەتربکاتەوە و بەرژەوەندییەکانیشی بەرتەسکتر و خواستەکانی سوڵتانیتر . بۆیە داواکردن لە خۆپیشاندەران کە توندوتیژ نەبن ، وەکو داواکردن لە بارزانی وایە دیکتاتۆر نەبێت . داواکردن لە خەڵک کە ھێمن بن وەک داواکردن وایە لە حیزبەکان و دەسەڵاتداران کە دڵسۆز و بەرپرسیار و یاساشکێن نەبن . داواکردن لە گەنجان کە توڕەنەبن وەک داواکردن وایە لە پەرلەمان کە توانای لێپرسینەوەی لە دەسەڵاتدارانی گەندەڵ ھەبێت . بەبۆچوونی ئێمە ئەم حکومەتە چیدی ناتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکات ، ئاشکرایە پەرلەمانیش ناتوانێت بچووکترین لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات . ھەر ئەم دۆخە بێدەسەڵاتییەشە کە پەرلەمانتارانی ناچارکردووە ، مانبگرن .
لەڕاستیدا ئەم حکومەتەی ئەمڕۆ تەنھا بۆ یەک شت باشە ، پێش ئەوەی سیاسەتە مەترسیدارەکانی نیشتیمانی ئێمە ھەڵوەشێنێتەوە ، پێویستە خودی خۆی ھەڵبوەشێنرێتەوە ، پێش ئەوەی نیشتیمانەکەمان بکات بە تەنەکەی خۆڵ ، خۆی فڕێبدرێتە ناو تەنەکەی خۆڵەوە . گەر تۆزقاڵێک ئەخلاقی سیاسیی لە وڵاتی ئێمەدا مابێت ، ئەوا بێگومان وەعزدادانی ئەخلاقیی خۆپیشاندەران نییە بەوەی ناتوندوتیژبن ، بەڵکو دەستبەردانی دەستەجەمعیی ئەم کابینە فاشیلە و ناشیرینەیە لە دەسەڵات ، کە ناتوانێت سەرەتاییترین فۆرمی بژێوی ئینسانی ئێمە دابینبکات و بچووکترین مافیشی بپارێزێت . حکومەتێک کە نە بتوانێت بژێوی خەڵک دابینبکات و نە بتوانێت مافی خەڵک بپارێزێت و نە بتوانێت لە ململانێکاندا بێلایەن بێت ، نە ئامادەبێت بچێتە بەردەم ئەو پەرلەمانەی کە متمانەی پێداوە ، نە ویستی چاکسازیی و نە ئەخلاقییەتی بەرپرسیارێتی ھەبێت ، تەنھا بۆ ئەوە باشە بینێریت بۆ ناو تەنەکەی خۆڵەکە . ھەر ھێزێکیش تەمەنی سیاسیی ئەم حکومەتە درێژبکاتەوە راستەوخۆ بەشدارە لە زیادکردنی ژمارەی قوربانییە سیاسییەکانی ئەم دۆخە ناشیرینەی کە بەرھەمیانھێناوە . سەردەمێکی درێژە تۆپەکە لە گۆڕەپانی کۆمەڵگای ئێمەدا نییە و لەناو ماڵی نوخبە دەسەڵاتدارە سوڵتانییەکەی کوردستاندایە . بۆیە قسەی ئێمە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا نییە ، بەڵکو لەگەڵ ئەو سیاسییە فاشیلانەدایە کە رۆژ لە دوای رۆژ دونیای ئێمە ناشیرینتر و وێرانتر دەکەن .

فەیسبوکی ئاراس فەتاح