Saro-Qadr

ئاکۆ برایم : منیش لەشوێنى سەرۆ قادر بم ، هەمان هەڵوێستم دەبێت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرۆ قادر بەرپرس و راگەیاندکارى پارتى دیموکرات ، لەئەکاونتى خۆى ، وێنەى خۆپیشاندانەکانی بڵاودەکاتەوە و ، تیایدا رەخنە دەگرێت , کە لەلایەک خۆپیشاندەران زیان بە کەلو پەل دەگەیەنن ، لەلایەکى دیکە وێنەى مێرد منداڵێک نیشان دەدات کە ئەوان هەرچەندە ناباڵقن ، بەڵام بەشداریى خۆپیشاندانیان کردووە .
وێنەو کۆمینتەکانى ئەو بەڕێزە زۆر راستن و کەس ناتوانێت نکۆڵیان لێ بکات ، بەڵام کاک سەرۆ لەخۆى پرسیوە کە بۆچى و لەبەرچى ئەوانە روودەدەن ؟
هۆکارى ئەو بارگرژى و خۆپشاندان و بەزم و فەرتەنەیە کێ یە ؟ کە زۆر زۆر مەعلومە و وەکو رۆژى روون ئاشکرایە ، بەڵام خۆیان ناکەنە خاوەنى .
سەبارەت بەوەى کە خۆپشاندەران پەلامارى شت دەدەن و زیان دەگەیەنن ، لاى من و تۆ و هەموو کەسێکیش شتێکى تابڵێى خراپ و قبوڵ نەکراوە ، بەڵام بەتاوانیشى ئەزانم کە ئەو کارە ئاژاوەگێڕیانە بخەیتە ئەستۆى خۆپشاندەران ، چونکە بمانەوێت یان نا ، کە خۆپشاندان کرا ، لەهەموولایەکەوە خەڵکى تێدەڕژێت ، خۆ ئەمە ئاهەنگ و یارى تۆپێن نى یە ، تا بە کارتى داوەت خەڵک بانگهێشت بکەیت ، جوداى ئەوەش خۆ کەس فەتاح فاڵ نى یە تا بزانێت هەست و ناخ و نیەتى خۆپشاندەران بخوێنێتوە ، بەدەر لەوانەش ئەوەى کە بووە لەچاو ئەو گرژى و ئاڵۆزییەدا شتێکى زۆر کەمەو ، لەتەواوى وڵاتانى دونیا ئەو کارە روو دەدات ، بەس بۆچى بۆ وڵاتان حەڵاڵە و ، بۆ خۆپیشاندەران تاوان و نەکردەیە ، بیریشمان نەچێت ساڵى 1991 کاتێک میللەت لەدژى زوڵم وستەم راپەڕى ، هەرچى دەهاتە بەردەستى لێى نەدەگەڕایەوە ، چونکە میللەت هێندە داخ لەدڵ بوو ، هێندە غەدر و ناهەقى بینیبوو ، هەموو کەلو پەلێکى بە موڵکى بەعس دەزانى ، ئێستاش هەمان شتە ، خەڵک لەتاو برسێتى و گیرفان خاڵیەتی و ، بێخەمى دەسەڵات رق و غەزەبى بەو شتانە خاڵى دەکاتەوە .
بۆ ئەوەشى کە بەڕێزى دەڵێت زۆربەى خۆپیشاندەران مێرد منداڵ و هەرزەن ، بەڵى راستە و کەس ناتوانێت حاشا لەمەشیان بکات ، ئەگەر بەدەست من بێت، نەک ئەوانە بگرە مناڵى باخچەى ساوایان و خوێندگەى سەرەتایش دەهێنمە ناو خۆپیشاندانەوە.کاک سەرۆ گیان جەنابت لە خۆتەوە سەیرى خەڵک مەکە ، لەگیرفان و ماڵى خۆتەوە لەخەڵک مەڕوانە ، تۆ لەسایەى حزبەوە لەناو جەنەتیت و ، غەرقى دۆلار و خۆشبەختیت ، بەڵام لەولاشەوە بەسەدان هەزار خێزان هەیە نانى شەوى نى یە ، دینار لەماڵیا نى یە ئەم قەیرانە دەیان کێشەى کۆمەڵایەتى خوڵقاندوە ، ئایا بەڕێزت ئەوەت نەبیست کە بەسێ مناڵى بچکۆڵە کە ئەچن بۆ قوتابخانە تەنها 250 فلسیان پێ یە ، ئایا بەڕێزت ئاگات لەوە نى یە کە تا ئێستا چەندین پێشمەرگە و مامۆستا لەتاو قەرزدارى و بێ پارەیى کۆتاییان بەژیانى خۆیان هێناوە ؟؟ حکومەتیش بێ باکە . ئەوانە ئەو مناڵانە کوڕ و نەوەى ئەو مامۆستا و فەرمانبەر و پێشمەرگانەن . کە چوار مانگە موچەیان پێنەدراوە ، ئەو قەیرانە کاریگەریى کردۆتە سەر ئەوانیش ، لاو و گەنج و مێرد منداڵەکانیش ، کاتێک دەبینن کە مناڵەکانى بەڕزێت و بەرپرسەکان بۆ تەبدیل هەوا و ، سوکە هەڵامەتێک ئەچن بۆ ئیتاڵیا فەرەنسا ، ئەمانیش تواناى ئەوەیان نى یە تەنانەت پێداویستى قوتابخانەش بکڕن ، ناتوانن بەدڵى خۆیان پۆشاکێکى هاکەزایى بپۆشن ، گیرفانیان ئەوەندەى تیا نى یە تا شەوێک وەک گەنج و مرۆڤ لەپارکى ئازادى و چاڤى لاند بەسەر بەرن ! ئەى چى بکەن ؟ ئایا بەڕێزت کە سیاسەمەدار و رۆشنبیریت ، بیرت لەو نەهامەیتە کردۆتەوە ؟ قەت ئەوپرسەت لە نوسینێک یان لە کۆڕێکدا وروژاندوە ، تا حکومەت بێدار بێتەوە ،بیرلە حاڵى ئەوان بکاتەوە ؟ گەر هەرسوریشى لەسەر ئەوەو پێت ناڕەوایە کە نابێت مێرد منداڵ و لاوانى کەم تەمەن بەشدارى خۆپشاندان و شۆڕش بکەن ، دەى خۆ سەرۆکەکەت جەنابى مەسعود بارزانیش کاتێک بەشدارى شۆڕشى کرد تەمەنى 12 بۆ 13 ساڵ بوو ، ئەى ئەوە بۆ ناڕەوا نەبوو ؟!، خۆ ئەگەر دەڵێت : ئەو دەمە زوڵم ستەم هەبوو ، دەى خۆئێستاش هەمان زوڵم ستەم و قووت بڕین هەیە و زەوتکردنى سەرەتاترین ماف هەیە ، بەڵام ئەمجارەیان لەژێر ناوى دیموکراسى و حکومەتى کوردیدا .
کاک سەرۆى بەڕێز من پێم سەیرە و تەعەجوبم لێدێت کە سەرلەبەرى ئەندامانى حزبەکەت ، بەمەکتەب سیاسى و سەرکردایەتى و راگەیاندنەوە ، ئەوەیان کردۆتە بنێشتە خۆشە ، کە بۆچى تەنها لەو خۆپیشاندانەدا پارتى و بارەگاکانى دەکرێنە ئامانج ؟ ئەوەشیان مەعلومە چونکە، ئەوڕۆ پارتى لەحکومەت و دەسەڵاتدا خۆى بەزۆرینە دەزانێت ، سەرۆکى حکومەت و سەرۆکى هەرێم و تەواوى پۆستە باڵاکان لەبن دەستى پارتیدایە ، دڵنیابن ئەگەر ئەو پۆستانە لەلاى هەرکەسێکى دیکە بێت جەماوەر هەمان کاردانەوەى دەبێت . ئەى ئەو پارە و داهاتە چى لێهات کە باسدەکرێت مانگانە 500- 600 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت ؟! ئەى کوا ئایە و مایەى ، بەدەر لەوەش کاک ئاشتى هەورامى پێمان دەڵێت لەگەڵ فرۆشتنى نەوتداهێشتا
حکومەت قەرزدارە ، ئەتوانیت ئەو مەتەڵەم بۆ هەڵبێنیت ، لەوڵاتان نەوت ئەبێت خێرو خۆشى ، کەچى لاى ئێمە نەک نەهامەتى یە بگرە لەگەڵ ئەوەى لەفرۆشتنیدا هیچمان دەست ناکەوێت ، ئەبێت قەرزەکەشى بۆ بدەینەوە ، توخوا ئەگەر ئەوە نوکتە و گەوجاندن و بێ ێزى و بنپێخستنى قوتى خەڵک نەبێت چى یە؟
بەداخەوە بۆ خەم ساردى و بێ خەمى دەسەڵات ، کەئەبوایە سەرۆکى حکومەتەکەت سەرۆکى هەرێمەکەت ، تۆزێک لەخەمى خەڵکى بوایە ، تۆ تەماشا ماوەى 7 رۆژە ئەو خۆپیشاندان و قەیرانە هەیە، خوێن رژاوە ، وەزعەکە خەریکە لەدەست دەردەچێت ، کەچى نەمانبیست هەردوو سەرۆکایەتیەکەى حکومەت لێدوانێک بدەن ، بەڵێنى بەتەنگەوەهاتنى کێشەو داواکاریەکانیان بدەن . لاى وان کورسى و پۆستى سەرۆک لە هەموو شت بەقیمەت ترە ، گەر هەموو کورد تیا بچێت ، گەر خۆپیشاندان تەواوى وڵات بگرێتەوە ، تەڕو وشک پێکەوە بسووتێت ، گەر میللەت بەساڵ مووچەى نەبێت ، گەر خەڵک لەتاو برسیەتى پەنا بەرێتە بەر هەموو کاریکى قێزەون ، لەدزى ولەش فرۆشى و ناپاکى و لەدەست تێکڵ کردن لەگەڵ دوژمن ، لاى وان زۆر زۆر سانایە ، بەو مەرجەى مەترسى بۆ سەر بنەماڵەو کورسى سەرۆک و پۆستەکەى نەبێت . بۆیە گەر ئەوان هێندە بێخەم بن و ، ئەو خۆپشاندانە بەهەند وەرنەگرن ، رەوشەکە لەدەست دەر ئەچێت ، جابا ئەوەش بزانین هەتا پۆست و بەرپرسیاریەتى و پارەو پول زیاتر بێت ، زۆرتر و زیاتر دووچارى ترس و لەدەست چوونى ئەبیتەوە . ئێمەو مانانیش کە خاوەنى هیچ نین جگە لەزنجیرى کۆیلەیەتى هیچمان نى یە لەدەستى بدەین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت