Abdul-Razaq-Ali-.

شەریف هەژاری : کادرێکی پارتی ئەڵێ ـ خۆپیشاندانەکان ڕێکەوتنی نەوشیروان مستەفا و ئەبوبەکر بەغدادییە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەداخەوە دیسانەوە بازاڕی شەڕە جنێوی ڕاگەیاندن گەرم کرایەوە !
تۆ بڵیی تا کەی ڕۆژنامەنووسە نا – پڕۆفیشناڵەکان بە شەڕی ڕاگەیاندنەوە هێندەی دیکە میللەتە زەجردیتووەکەمان ئازار بدەن .
بە ویژدانی مرۆڤگەراکان ، خەڵکی کوردستان برسی نەبێ ، گەر ‘ قازی محەمەد ، قاسملوو و مەلا مستەفا ‘ زیندووببنەوە و ‘ ئۆجەلان و مام جەلال ‘ یشی تێدابێ ، ئەوا ئەم خەڵکە ئاوها ڕووەو گوللە ناچن بۆ ئەوەی بیانکووژن ، ئەم خۆپیشاندانانە نە بە نەوشیروان و نە بە ئەبوبەکر بەغدادیی و نە بە ئێران ئەکرێ !! ئەمە ئەوپەڕی برسێتیی خەڵک دەردەخا ، بیکەنە خاتری ‘ سەرۆک ‘ لێیان تێ بگەن .
بیکەنە ‘ خاتری خودا ، شەهیدان ، کوردستانی تیکەتیکە کراوی خوێناوی !!’ خەڵک نان نییە بیخوا ، مووچەی نیە ، کارەبای نییە، ئاوی نییە ، فەرمانگەکان هەمووی ڕۆتینە ، بەرپرسەکان و کەسوکاریان وەک ئیمپراتۆرە خوداوەندییەکانی سەدەی ناوەڕاست ئەژین !! خەڵکیش تووشی نەخۆشی دەرونی بووە !
ڕیش سپی ئەبینم ئەگری ، گەنج ئەبینم کفر ئەکا ، کچ ئەبینم تووشی نەخۆشی بووە ، مامۆستا ئەبینم قەرزارە ، خوێندکار ئەبینم هیچ ڕوئیا و ئومێدی نەماوە !! بەسە – بەسە –بەسە ، دان بە هەڵەی خۆتانا بنێن ، ئەمە بیست ساڵە ئەڵێن هەڵەین و گەندەڵیمان هەبووە !! بەس خەڵک داوای چارەسەر ئەکا ، تکایە : تێ بگەن !
من لەگەڵ سوتانی بارەگای حیزبەکان نیم ، بەس وەرن ئەو خەڵکە تێ گەیەنن کێ بەرپرسە !؟ ئەگەر خوا بەرپرسە دڵنیام خەڵکی ناڕازی مزگەوت کە ماڵی خوایە ئەیسوتێنن !! پارتی بەرپرسی یەکەمە و دەسەڵاتی گەورەیە بۆیە خەڵک ڕوویان تێ ئەکا !! حیزبەکانی دیکەش هێندەی سەنگی خۆیان بەرپرسن ! وەک ئاماژەم پێدا : لەگەڵ سوتانی بارەگا نیم ، بەس کەفوکوڵی ئەو خەڵکە چۆن دادەمرکێتەوە !!؟ ئێوە ئەو هەمووە دزیەی کردووتانە و ئەیکەن ، دە لێیانگەڕێن ئاسمان ناروخێ با بارەگایەکیش بسووتێ ! بۆ دزیەکانی ئێوە حەڵالە و بۆ بارەگا سوتان حەرام ! ؟ دزی تاوانی گەورەیە یان !!!
پێموایە گەر تەنانەت مزگەوت دزی تێدا بکرێ و مافی خەڵکی تێدابخورێ ئەوا هەر ماوەیەک خەڵک پشووی درێژ ئەبێ !
بیکەنە خاتری ‘ پێشمەرگە ‘ لە خەڵک تێ بگەن ، وەڵا ئەوە زروف نییە خەڵکی تێدایە ، بە ویژدانی ڕاستگۆکان ، دەیان مامۆستام دیوە پارەی میوەی لە باخەڵ نییە ، تەنانەت بە قەرز و ئەملاو ئەولاش !! ئەی هاوار بۆ بەرپرسان تێ ناگەن !! خەڵک بۆ ئەچنە بەردەم بارەگاکان !!؟ بۆ ڕوو لە فیشەک ئەکەن !!؟ چونکە کورتوپوخت ئەڵێن : بمانکووژن – بمان سوتێنن ئەمە ژیان نییە !!
پێشموایە ڕاستە ئێران و دوژمنانی داگیرکاری کورد سود لەم زروفە ئەبینن ، بۆیە تکایە تکایە تکایە : بەسە ئیتر ، تاکەی تاکەی تاکەی خەڵکی کوردستان بێ-ماف ئەتوانێ بژی !!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت