Newshirwan-6

نەبەز گۆران : ئێمە تاقمی نەوشیروان مستەفاين !

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەیاننامە هەرەشە ئامێزەكەی پارتی كە كۆمەڵێك هەرەشەی تێدایە ، هەم بۆ خەڵك ، هەم بۆ یەكێتی ، هەم بۆ گۆڕان ، بە قسەی وانبێ ‌، گوایە : تاقمەكەی نەوشیروان مستەفا لەپشت خۆپیشاندانەوەن !
یەكەم :
ئەو خۆپیشاندەرە ئازیزانە، كوڕی ئەم وڵاتەن ، هیچ پێویست ناكات كەس لە پشتیان بێت . خۆیان نارازین و وڵاتی خۆشیانە ، مافی خۆیان كە دەبینن مافیان دەخورێت نارازی بن و ، زۆر لەوەش جوامێرترن پێویستیان بە پشت بێت .
دووهەم :
راستیەكەی برواناكەم ئێمەیان لە پشت بێت . برواشم وایە خۆیان زۆر لەوە هوشیارترن بە قسەی ئێمەمانان بكەن . نە بە قسەی ئێمە دەكەن و نە هیچ كەسێكی دیكەش .
سێهەم :
گەر ئێمە بمانەوێت ئەمجارە خۆپیشاندان بكەین ، بە دەستی بەتاڵ نایكەین و بكەوینە بەرپێتان. بۆیە بێخەمبن ئێمەی لەپشت نیە . چونكە ئەو گەنجانە بە دەستی بەتاڵ چوونەتە سەر شەقام .
جا باشترە واز لەم تۆمەت دروستكردن و ئەو بە دوژمنكردنە بهێنن . لە بری ئەم هەرەشە و گوڕەشەو یەكتر تۆمەتباركردنە، بیر لە رێگایەكی باشتر بكەنەوە .
بەڵی :
ئێمە ، تاقمی ( نەوشیروان مستەفا ) ین ، لەبەر ئەوەی :
– سەروەت و سامانی وڵات نابەخشێتەوە بەسەر خۆی و منداڵەكانی .
– نەوتی ئەم هەرێمە پڕ نەوتە ، ئاودیوی سنوور ناكات .
– نایەوێت لەسەر قوتی خەڵك بژیت و ، تا ئەم تەمەنە دەستەكانی پارەی ئەم میلەتەی پێ‌ كۆنەكردوەتەوە .
– خوێندەوار و هوشیارە . تێگەیشت و سیاسیە . دەزانێت بیربكاتەوە و دەشزانێت دونیا چیە و چۆن ئاراستە دەكرێت . فەرهەنگێكە بۆخۆی. هەركەسێك نزیكبێت لێی ، دونیا بە باشتر دەبینێت . بێگومان دەزانم ئەم راستیانەتان پێخۆش نیە !
بەڵێ ‌:
ئێمە ، تاقمی ( نەوشیروان مستەفا ) ین .
پشتی دەگرین ، لەگەڵی هەنگاو دەنێین ، هاوكاری دەبین ، سێبەری دەبین و سێبەرمان دەبێت ، چونكە خەمی ئایندەی ئەم وڵاتەیەتی .
تاقمی ئەو بین باشترە ، یان هی ئەوانەی لەبەر خاتری كورسیەك دەیانەوێت خوێن بچێتە سەر هەموو شەقامێك ؟
تاقمی ئەو بین باشترە یان تاقمی ئەوانەی ، لەبەر خاتری بارەگایەكی حیزبی باكیان بە كوشتنی گەنج نیە ؟
تاقمی ئەو بین باشترە ، یان تاقمی ئەوانەی وڵاتەكە وەك كۆمپانیایەك تێگەیشتوون و بازرگانی پێوە دەكەن ؟
ئەمانە و دەیان نمونەی تر ، هی ئەوەن زۆر بە راشكاوی پێتان بوترێت :
دەست لەو بیركردنەوە لاوازە هەڵگرن . دەست لە تۆمەت هەڵگرن ، بە هەرەشە هیچ شتێك ناكرێت . هەركاتێك هەرەشە لە كەسێك بكرێت و تۆمەتبار بكرێت لە لایەن ئێوەوە ، ئێمە تاقمی ئەوین .
وڵات نە بە هەرەشەو نە بە تۆمەتباركردن ناچێت بەرێوە ، گەر پێویستیشتان بە چارەسەركردنە و خۆتان نازانن باش بیربكەنەوە ، بچن بۆ لای ئەو پیاوەی كە هەموو نارەزایەتیەك بە دەستی ئەو دەزانن ، بێگومان ئەو رێگاتان بۆ دادەنێت چۆن چارەسەری كێشە دەكرێت .
جا قوربانینە …
وامەزانن گەر وتان تاقمی نەوشیروان مستەفا ، ئیتر بترسین و بڵێین ، ئێمەی لەگەڵ نین ، بەڵێ‌ گەر پێتان وابێت هەرەشە كردن لە نەوشیروان مستەفا دەمانترسێنێت ، ئەوە وەهمێكی باش نیە .
بەڵێ‌ ئێمە تاقمی نەوشیروان مستەفاین ، بەڵام دڵنیابن ئێمە خەمی گەورەترمان هەیە و خەمی سنوورەكانمانە و خەمی ئایندەیی نەوەكانمانە. باشترە بیربكەنەوە و پەنجەی تۆمەتان بنوقێنن و رێگای ژیرانە بگرنە بەر .

فەیسبوکی نوسەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت