نەوزادی موهەندیس : چارەسەر … باهەموومان ببین بە پارتی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەوەی تێبینی دەكرێت لەهەرێمی كوردستاندا هەر لەدوای سەركەوتنی ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی گەلەكەمان و دەرپەڕاندنی هێز و دام و دەزگاكانی ڕژێمی بەعسی صدامی لە كوردستاندا و دواتر هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕاگەیاندنی فیدڕاڵی و چەسپاندنی تاڕادەیەك دیموكراسی و ئازادیەكانلەساڵی 1992دا .. هەمیشە هێزە سیاسیەكان و شۆڕشگێڕانی شاخی دوێنێ‌ و حوكمڕانانی ئەمڕۆی دەسەڵاتی شار ، هەمیشە دڕدۆنگ و ناتەبا و لەململانێیەكی شاراوە و نهێنی دژ بەیەكدا بوون ، هەموانیان پشتئەستوور بەشەرعیەتی شۆڕشگێڕی و هێز و بازووی سەربازی و پێشمەرگانەیانەوە دەنازین و هیچ كامیان ڕۆژانی براكوژی شاخیان لەبیر نەكردبوو و لەهەست و نەستیاندا هەمیشە ئامادەگیان هەبوو و لە فورسەتێك دەگەڕان كە هەلیان بۆ هەڵبكەوێت و پەلاماری ناحەزانی دوێنی و برا دەسەڵاتی ئەوڕۆیان بدەن و تۆڵەی ڕابووردوو و ئێستشیان لێبكەنەوە .
ئەوەبوو تەنها یەك ساڵ بەسەر تەمەنی پەڕلەمان و حكومەتی هەرێمدا تێپەڕ نەبوو شەڕی براكوژی نێوان حسك و پارتی و پارتی گەل ڕوویداو دواتر شەڕی یەكێتی و بزوتنەوەی ئیسلامی ڕوویدا و دواتریش لە 1/5/1994دا شەڕی بەناوبانگ و دووردرێژی ناوخۆی یەكێتی و پارتی ڕوویداو ماوەی 4 ساڵی ڕێكی خایاند ..
بەم شێوەیە هیچ هێزێكی شۆڕشگێڕی شاخ نەما كە دەستی بەخوێنی نەوەكانی گەلەكەمان سوورنەبوبێت و بەشداری شەڕی ناوخۆی نەكردبێت بە بچوك و گەورەیانەوە .. شەڕی ناوخۆ كارەساتێكی جەرگبڕ بوو بۆ ئەو ئەزمون و دەسەڵاتە نوێیەی كوردی ، وڵاتی وێرانتركرد و زۆرترین ژمارەی ڕۆڵەكانی كردە قوربانی و ئابوری و سیاسەت و بازاڕ و بازرگانی و كۆمەڵایەتی وڵاتی تێكدا و ناو ناوبانگی كورد و مەسەلەكەیان بچوككردەوە .. كارەساتی 31ی ئابی 1996 و پەلكێشكردنی ئێران و توركیاشی لێكەوتەوە .
لە ئێستاشدا و دوای ئاشتبونەوەی هەردوولای یەكێتی و پارتی و پێكەوەنوسانەوەی بەزۆر و ڕووكەشی پەڕلەمان و حكومەتی هەرێم (( تەنها بەناو )) ، ئەوەتا بۆ ماوەی 17 ساڵە نیاز و نیەتی پاك نابینرێت لەنێوان هیچ هێزێكی سیاسی كوردستاندا بۆ كاركردنی پێكەوەیی و یەكتر قبوڵكردن ، ئەوەتا پارتی ماوەی 2 ساڵی ڕێكە لەوەتەی كابینەی 8ی حكومەتی هەرێم پێكهاتوە ڕۆژ بەڕۆژ میلەتی ڕووبەڕووی بێ‌ موچەیی و بێ‌ پارەیی و قەیرانە یەك لەدوا یەكەكان كردۆتەوە بۆتە هۆكار و مایەی تێكچوون و شڵەژانی دۆخی سیاسی و ئابوری و سەربازی و كۆمەڵایەتی و هەموو دەسكەوت و ئەزمونی 24 ساڵەی حوكمڕانی كوردی خستۆتە مەترسیەوە بەوەی كە سیاسەتێكی هەڵەی نەوتی و ئیدارەیی پیادە كردوە و دەستی لەگەڵ حكومەت و هێزە ناوچەییەكان تێكەڵكردوە و بەشێوەیەك لە شێوەكان لەگەڵ داعش و هاوشێوەكانیدا هاوكار و نەرمونیانە و بوە هۆی لەدەستدانی شەنگال و خازەر و و گەلێك ناوچەی تری كوردستان ودژی هەموو هەوڵێستێكی كوردانە و نەتەواییانەیە و لەهەر چوار بەشەكەی كوردستاندا دژایەتی بەرژەوەندیە باڵاكانی كورد و كوردستان دەكات .
پارتی بەعەقڵ و بیری تاكە كەسی و بنەماڵەیی بارزانیان بیر دەكاتەوە و پیلانەكان دادڕٍێژێت و بۆتە دەسكێشی دەوڵەتی توركیای فاشیستی و سەروەت و سامان و هێز و توانای كوردستانی ڕادەست كردون و لەبەرانبەریشدا بچوكترین سازش و نەمی نانوێنێت لەبەرامبەر سەركردە و هێزە سیاسیەكان و جەماوەری میلەتەكەماندا و هەموو دەسكەوت و بەرژەوەندیەكانی كردۆتە قوربانی كورسی و دەسەڵات و مانەوەی سەرۆك .
پارتی توشی غروری عەزەمەت و لەخۆبایبون بوە و حساب بۆ هیچ كەس و لایەنێك ناكات و وابیر دەكاتەوە میراتگری هەمووكوردایەتی و شۆڕش و ڕاپەڕینەكانی كوردە و تەنها خۆی و بنەماڵەی بارزانیان دەمڕاست و بڕیار بەدەستی چارەنوس و قەدەری میلەتی كوردن .
پارتی تاكڕەوانە و خۆسەپێنانە مامەڵە لەگەڵ كێشە و ڕووداوەكان دەكات و لەئێستادا بازی هەڵداوە بەسەر هەموو شەرعیەتەكانی پەڕلەمان و حكومەت و یاسا و ڕێساكاندا و بەنیازە بەئارەزوی خۆی پەڕلەمان و حكومەت بەڕێوە ببات و شەریك و هاوبەشی نوێ‌ بۆخۆی پەیدا بكات دوور لە هێزی سیاسیە سەرەكی و كاریگەرەكانی سەڕ گۆڕەپانەكە .
پارتی بەم سیاسەتانەی خۆی تەریك و ڕسوا و پەراوێز خستوە لەڕووی سیاسی و جەماوەریەوە لانی كەم لەم زۆنە سەوزەدا و دڵنیاشم لە زۆنی زەردیشدا گەر وەها نەبێت كەمتر نیە . پارتی تەنها بیر لە بەكارهێنانی هێز و سوتاندنی بارەگاكان و دەمكوتكردنی ڕاگەیاندنەكان و وەدەرنانی چالاكوانەكان دەكاتەوە لە زۆنی زەرد ، كە هەموو ئەم هەڵوێستانە هەڵویستی پارت و سەركردەی توندڕە و تاكڕە و خۆسەپێنن نەك دیموكراسی ئازدایخواز .. پارتی هەمیشە و هەر دەیە ساڵێك ڕووی ڕاستەقینەی خۆی پیشانی نەوە دوای نەوە دەدات كە چەندە دژ بەبەرژەوەندی گەل و میلەتی كوردە .
پارتی جارێك دەست دەداتە نانبڕین و جارێكی تریش كوشتن و بڕین و جاری سێیەمیش پەلكێشكردنی داگیركارانە بۆسەر میلەت و خاكی كوردستان و لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی پارتی و سەركردە و بنەماڵەدا لە دروشم و سەرابی دەوڵەتی كوردیەوە دەگەڕێتەوە بۆ دووئیدارەیی و لەت وپەتكردنی ئیڕادە و ویستی 5 ملیۆن كەس و تەنانەت گەر زۆریشی بۆبێت تەنها بە كوێخایەتی بارزانیش ڕازیدەبێت .
ئەگینا ئەمە چ عەقڵ و مەنتیق و ژیرەیەكە كە پارتێكی تەنها 38 كورسی پەڕلەمان كە نەزۆرینەی سادەیت و نەزۆرینەی ڕەهاشیت ئاوا مامەڵە بە چارەنوسی میلەتەكەتەوە بكەیت و گوێ‌ بۆ هیچ ڕا و پێشنیازێكی مەنتیقیانە نەگریت و هەر سووربیت لەسەر بیرۆبۆچونی تاكڕەوانەی خۆت .
دیارە تەنها چارەسەر لای پارتی بریتیە لە گوێڕایەڵی بۆ پارتی و بارزانی و پێویستە هەمو حیزب و سەركردە و جەماوەریش لەخولگەی سیاسەت و بیر و باوەڕی عەشایەریانەی پارتی بسوڕێنەوە و تەنانەت پێدادەگرێت كە هەموان یەك ڕەنگ و یەك دەنگ بن لەدوای پارتی و بارزانیەوە و بەمانایەكی تر هەموان ببینە پارتی و كۆیلە و گوێڕایەڵی پارتی و بارزانی و ئیدی ئەوكات هیچ كێشەیەك نامێنێت ، قەیرانەكانی موچە و بودجە و ئاو و كارەباو سوتەمەنی و هەمووی چارەسەر دەكرێت ،بەڵام ئازادی و دیموكراسی و ڕای جیاواز سەردەبڕێن و بونیان نامێنێت و هەموان زەردپۆش و بیرتەسك و بنەماڵە پەرست و كۆیلە ئاسا ژیان بەسەر دەبەین و پارتیش هەر ئەمەی گەرەكە .
كە خۆش بەختانە زۆرینەی زۆری جەماوەری هوشیاری میلەتەكەمان ئەمەی قبوڵ نیە و بەو قەدەرە ڕازی نیە و دۆست و دوژمنەكانیش بەوە ڕازی نین و قۆناغ و دۆخە شڵەژاوەكەی كوردستان و عێراق و ناوچەكەش هاوكار و یامەتیدەری ئەو ئاڕاستە و تێز و بۆچونە دواكەوتوە نین . بۆیە دەرئەنجام دەبێت پارتی و بارزانی گوێ‌ بەزۆرینەی ڕای جەماوەر و دەنگی عەقڵ بگرن و بگەڕێنەوە بۆ كاری پێكەوەیی و تەبایی .. ئەگینا خەون و سەرابی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی هەرگیز نایەتە دی. و وەڵامی پرسیارە مێژوویی و ئەزلیەكەش كە بۆ كورد تا ئێستا نەبۆتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی ؟ بریتیە لە خۆخۆری و گەندەڵی و تاكڕەوی و خۆسەپاندن و خیانەت و براكوژی و بونە كۆیلەی داگیركاران و هیچ كات هۆكارە دەرەكیەكان هێندە بەهێز نەبون كە ببنە ڕێگر لەبەردەم ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردیدا.ئەوە تەنها كورد خۆی هۆكار بوە .