Alawi

داڤید مێکداڵ : کوردە عەلەوییەکان ـ کەمایەتى لەنێو کەمایەتیدا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

گۆڕینى لەتورکییەوە ـ یوسف عزەدین

لەخۆرهەڵات و باشوورى خۆرهەڵاتى تورکیادا ، زێدەتر لەسێ ملیۆن عەلەوى هەن و لەنێویشیاندا سێ یەک و بگرە زیاتریشى کوردن و ئەوەى دەشمێنێتەوە لەتورک پێک دێن .
بەشێوەیەکى گشتى عەلەوییەکان ئەوپەڕى” شیعە – ئیسلام ” لەخۆدا بەرجەستە دەکەن و زیاتریش لەو شوێنانەدا دەژین کەناوچە کوردنشین و تورک نشینەکانى نێو تورکیاى بەشێوەیەکى دیار تێدا ئاوێزان دەبێت . هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کەژمارەى عەلەوییە کوردەکان لەنێو سەرجەم ژمارەى عەلەوییەکاندا دەبێتەوە بەکەمایەتى .
تورکەکان زۆربەى ناوچەکانى نیشتەجێبوونى عەلەوییەکانیان داگیرکردووەو بەشێوەیەکى گشتیش کورد نوێنەرایەتى کەمایەتییەکى ئیتنیکى دەکات.
لەنێو کوردەکانیشدا عەلەوییە کوردەکان هەر کەمایەتین ، چونکە رێژەى زۆرى ئەو کوردانەى کەلەنێو تورکیادا دەژین ، ” سوونى- ئیسلام ” ن %85 .
لەساڵى 1989 و لەنێوان مانگى مایس و حوزەیراندا ، هەموو ئەوانەى پەنایان بۆ بەریتانیا بردبوو ، بە مەبەستى پەناهەندەیى گشتیان کوردى عەلەویى بوون .
باشە ئەگەر وەک ئەو دەم لەلایەن ” بیرۆى کۆچکردن ” ـەوە مەزەندە دەکرا ، هەموو ئەوانەى کەداواى مافى پەناهەندەییان کردووە لەبەر هۆکارى سیاسى نا ، بەڵکو ” پەناهەندەى ئیکۆنۆمیکى ” بن و ” کەلەخودى خۆیدا ئەم زاراوەیە جێى گومانە ” و لەبەر ئەوە هەڵهاتبێتن . بەڵام باشە ئەى بۆ دەبێت لەنێوان ئەمانەدا تورکێکى تێدا نەبێت ؟!
( لەکاتێکدا تورکەکان نەک هەر لەسەرجەم تورکیادا ، بەڵکو لەناوچە عەلەویى نشینەکانیشدا زۆرینەن ).
ئەمە جگە لەوەى لەو ناوچانەشدا ، کوردە سونییەکانیش هەن و دەگوزەرێن ، ئەى بۆ ئەوانیش هەڵنەهاتوون و داواى پەناهەندەیى ناکەن ، دیارە وەڵامى ئەم پرسیارانە گەلێک تێکەڵ و پێکەڵن.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حاڵى بوون لەوەى کە بۆ کوردە عەلەوییەکانى خۆرهەڵات و باشوورى خۆرهەڵات ناچارن دەست بەردارى ماڵ و حاڵى خۆیان بن، تاڕادەیەکى زۆر روون و ئاشکرایە .

باوەڕى عەلەوییەکان
لەبارەى تەنگ هەڵچنین بەعەلەوییەکان و دژایەتى کردنیان زۆر هۆکارى مێژوویى و ئایینى سیاسى هەن . عەلەویى زۆرجار و بەواتایەکى گشتى وەک دەلالەت لەشیعەو پانتاییەکى بەرفراوانى باوەڕى دەروێشانە دەخرێتەڕوو.
بەڵام زیاتر وەک تێکەڵەیەک لەبیرۆکەى شیعییەت و مازدەیزمى فارسى و مەسیحییەت ، لەسەرەتاى چەرخى شانزەیەم و پێش سەردەمى عوسمانییەکان ، لەخۆرهەڵاتى ئەنادۆڵداو لەنێو خێڵە تورکمەن و کوردەکاندا جێى خۆى کردەوە .. کە بیروباوەڕەکانى نێوەڕاستى ئاسیاش لەخۆ دەگرێت .
ئەم عەلەوییانەى کە ” قزڵ باش ” یشیان پێدەگوترا ( بەهۆى ئەو سەروپێچە سوورانەى کە لە سەریان دەبەست ) ، لەتەک ئیمپراتۆریەتى ” فارسى – شیعە ” دژ بەعوسمانییەکان جەنگاون ، بەڵام پاش ئەوەى لەساڵى 1514دا عوسمانییەکان توانیان هێزە ئێرانییەکان لەئەنادۆڵ وەدەربنێن ، بەتۆبزى زێدو خاکى نیشتەجێبوونى عەلەوییەکان خراوەتە پاڵ خاکى عوسمانییەکان و بەمەزەندەش لەجەنگەکاندا 40،000 عەلەویى لەلایەن عوسمانییەکانەوە کوژراون .
لەو مێژووە بەدواوەش ، عەلەوییەکان ، لەبەر جودایى بیرو باوەڕیان لەلایەن دام و دەزگا عوسمانییەکانەوە چەوسێنراونەتەوە . تا ئێستاش سونییەکان دەستوورى شەوانى ئایینى عەلەوییەکان” بەمۆم کوژانەوە ” تۆمەتبار و ناودێر دەکەن .
ئەم جۆرە تۆمەتانەش هاوشێوەى ئەوانەیە کەلەئۆروپادا ، دراونەتە پاڵ جوولەکەکان و بەڵام جگە لە تۆمەتبارکردن و باوەڕێکى پڕ و پووچ و چەواشەکەر هیچى تر نییە .
ئەوەى پێشتریش کەعەلەوییەکانى بە ” قزڵ باش ” دەدایە قەڵەم و دەیناساندن ، لەئێستادا لەلایەن عەلەوییەکانەوە بەتانەو تەشەر دەزانرێت و سەیر دەکرێت .
جا عەلەوییەکان چەند باوەڕیان بە ” عەلى ” بێت و پێیان وابێت لەنێو ئیسلامدا جێیان بۆتەوە ، بەڵام سونییەکان سیستەمى باوەڕى عەلەوییەکانیان پێ قبووڵ ناکرێت ، عەلەوییەکان پێنج مەرجەکەى ئیسلامیان پشت گوێ خستووە : شەهادەت و نوێژى پێنج فەرزەو زەکات و رۆژوو و چوونە حەج .
بەپێى باوەڕى سونییەکانیش خراپترین خاڵى سنووربەزاندنى عەلەوییەکان ، لەدەست نوێژنەگرتنى پێش دوعاکردنیاندا بەرجەستە دەبێت ، هەر بۆیە لاى ئەوان عەلەوییەکان رەگەزیى پیسکردن و گەندەڵکردنى کۆمەڵگەن .
بەلاى عەلەوییەکانیشەوە ئەوەى گرنگە ناوەخنى رۆح و ئەو شتانەیە کەبەئەقڵدا دێن ، نەک نمایش و خۆپیشاندان . بەو پێیەش کە لەگوندە عەلەوییەکاندا مزگەفت نییە ، بەسانایى دەناسرێن و جیادەکرێنەوە( ئەمە ئەگەر دەسەڵاتدارانى حکومەت لەو ناوچەیەدا مزگەفتیان دروست نەکربێت ؟ ) سەرباریى ئەوەى کەئافرەتانى عەلەویى بەبێ پەچەو چارشێو دەچنەدەر و دەگەڕێن .
عەلەوییەکان گرنگى بەدار و درەخت – یش دەدەن ، بەتایبەتیش دار و درەختى نزیک گۆڕى پیاوچاکان ، هەر بۆیە مرۆڤەکان بەمەبەستى هاتنەدى نیازەکانیان ، پارچە پەڕۆى هەمەجۆر لەو جۆرە دارانە دەئاڵێنن .

گوزەرانى عەلەوییەکان
وەکو زۆر مەزهەبى دیکەش ، عەلەوییەکانیش لەپێناو ئەوەى نەکەونە ژێر گوشارەوە ، خۆیان پەنا دەدەن . ئەوان و باوەڕدارانى مەزهەبە شیعییەکانى تریش ، لەدنیاى نادۆستانەى سونییەکاندا ، تەنها رێگەیەک بۆ مانەوەیان لەخۆ دەرنەخستن و دەرنەکەوتنیاندا بەرجەستە دەبێت .
بەڵام سەبارەت بە خۆدەرنەخستن و وەدەرنەکەوتنى عەلەوییە تورکەکان ، کەهاوزمانى تورکە سونییەکانن ، زۆر گرفت و ئاستەم نییە . بەڵام کوردە عەلەوییەکان بەهۆى شێوەزاریانەوە بەئاسانى ئاشکرا دەبن ، تەنانەت ئەگەر لەناوچەیەکى عەلەوى نشینیشدا نەبن ، عەلەوى بوونیان دیار و ئاشکرایە . هەر زۆرێک لەکوردە عەلەوییەکان شێوەزارى سەرەکى ئاخافتنى کورد ، کرمانجى نازانن( لەگەڵ هەندێک لەتورکە عەلەوییەکان ) بەشێوەزارى زازایى دەدوێن و ئەمە جگە لەوەى گەر دەگمەنیش بێت ، هەندێک لەنێرینە عەلەوییەکان خەتەنە ناکرێن و لەکاتى بوون بەسەربازیاندا بەئاسانى دەناسرێنەوە .
لەتورکیاشدا بەگشتى عەلەوییەکان و بەتایبەتیش کوردە عەلەوییەکان ، بەچەپ ناسراوون و رەنگە هۆکارەکەشى وەک پەرچەکردارێک بێت بۆ خۆ بەجودابینینى سونییەکان ، هەر بۆیە هێشتاکەش عەلەوییەکان ، شیعر و بەسەرهاتى ژیانى شاعیرى یاخى و سۆفى ” پیر سوڵتان ئەبداڵ ” کەلەلایەن عوسمانییەکانەوە لەچەرخى شانزەیەمدا لەسێدارەدرا ، بەردەوام زیندوودەکەنەوە .
شایانى باسیشە لەنێوان تێڕوانینى عەدالەت خوازانەى خودى عەلەوییەکان و ئەو کێشمانکێشە هاوچەرخەى لەمڕۆى کۆمەڵگە عەلەوییەکاندا پیادەکرێت ، پێوەندیى دەبینرێتەوە . لەگوندە عەلەوییەکاندا لەڕووى ” سوسیۆ – ئیکۆنۆمیک “ەوە ، شێوازێکى دیموکراتخوازانەمان دەکەوێتە بەرچاو ( بەتایبەت ئەوان ئاغاى گەورەى تایبەت بەزەوییان نییە و بەشێوەیەکى هاوبەش کار دەکەن ) ، بەهۆى ئەمانەو لەڕووى سیاسیشەوە بەمەبەستى خۆ جیاکردنەوە ، عەلەوییەکان بەرەو چەپخوازى دەچن .
کۆمەڵێک لەتورکە عەلەوییەکانیش هەن کە ددان بەشوناسنامەى کوردیدا دەنێن و هەندێکیشیان بەر لەچەند سەدەیەک لەمەوبەر ئاوێزانى کولتوورى کوردى بوون .
لەسەردەمانێکیشدا هەندێک لەکوردە سونییە کۆچەرییەکان تێکەڵ بەتورکمەنە عەلەوییەکان بوون و ئیدى کوردەکان سیستمى باوەڕى ئایینى عەلەوییەکانیان وەرگرتووەو تورکمەنەکانیش کولتوورى کوردیان لەخۆگرتووەو تەنانەت زۆرێک لەتورکەکانى تریش تازەمەنێکى نزیکیش ، دژ بەپۆلێنکردن و رەفزکردنى جوداخوازانە ، وەک سیمبۆل شوناسنەمەى کوردیان قبووڵکردوووە.
کوردە عەلەوییەکان زیاتر گوندنشینن و لەناوچە شاخاوییەکانى دەرسیم ( دەسەڵات ناوى کردۆتە تونجەلى ) ، یان نزیک مەراش و ئەو شوێنانەى کە کارى تێدا دەکەن نیشتەجێن . لەگەڵ زیادبوونى ژمارەشیاندا هەندێکیان بەرەو ئەو شارانەى کەسوونى نشینن ، کۆچیان کردووەو لەوێشدا هەر ناچاربوون لەنێو ناوچەکانى خۆیاندا ( کۆڵیت و گچکەخانوو ) دا ژیان بەرنەسەر و بەو پێیەش نەیانتوانیوە لەسنوورێکى دیاریکراو زیاتر ، ئەولاتر بچن .

گوشارى سیاسى
لەساڵەکانى هەفتاکاندا هەندێک لەعەلەوییەکان بەشێوەیەکى ئەکتیڤ تێکەڵ بەسیاسەت بوون و دەرئەنجامى ئەمەش لەکۆتایى ساڵى 1970- دا کەوتنە بەر هێرشى ڕاستڕەوەکان . لەساڵى 1967- یشدا بەهۆى گەمەیەکى فووتبۆڵ کە لەشارى ” قەیسەرى ” سازکرا ، 40 کەسى عەلەوى کەلە ” سیواس” ـەوە هاتبوون ، پەلاماردران و کوژران.
دەرئەنجامى تەنگژەى راستڕەو و چەپڕەوەکانیش ، لەساڵى 1978دا ، بەڕابەرایەتى و ئۆرگانیزەى ” گورگە بۆرە فاشییەکان ” قەتڵوعامى سەدان عەلەوى کرا.
بەڵام لەساڵى 1980- دا پێکدادان و ململانێى چەپڕەو و راستڕەوەکان ، خرایە قاڵبى مەزهەبییەوەو ( ناوى گورگە بۆرەکان نەدەبرا ) .
هەندێک لەدیندارەکانیش ، خۆیان بەدوور نەگرت لەوەى کەعەلەوییەکان بەکەمێک لەئاژەڵ بەنرختر بدەنە قەڵەم و ئاماژەش بەوە بدەن کەکوشتنیان رێگەپێدراو و جائیزە.
جا ئەم کەسە دیندارە ئوسووڵیانە ، لەساڵى 1989 داو لەناوچەى مەراش ـ دا دەنگێکى باشیان بەدەست هێناو لەنێوان هەڵبژێردراوەکانیشدا ، ” ئوێککەش کەنگەر ” یش هەبوو کەوەک راستڕەوێک لەقەتڵ و عامەکانى ساڵى 1978 – دا پێشڕەو و پێشەنگ بوو .
هەر بۆیە بەقەولى ( راوکردنیان جائیزە ، راو ) یان لێهات و بەهەڵبژاردنى ئەو جۆرە کەسانەش زۆر شپرزەو پەشێو بوون .
جا بەهۆى باڵادەستبوونى کەسانى بەبنەما ئیسلامى ئوسووڵى و ( هاوکات ئەزێت دانى عەلەوییەکان ) و دەرئەنجامى هەڵبژاردنە ناوچەییەکانى ئادارى ساڵى 1989ش ، بوونە هۆى هەڵهاتنى کوردە عەلەوییەکان ، بەتایبەتیش لەمابەینى مانگى مایس و حوزەیرانداو بەشێوەیەکى چڕ و پڕ .
بەپێى هەندێک واتە واتى بێ سەرچاوەش ، گوایە هەندێک کەسى هەلپەرست و بێ ئینساف ، بەمەبەست و بەڵێنى کار دۆزینەوە بۆ کوردە عەلەوییەکان ، ئەم کەش و هەواى شلۆقى و پانیکەیان خوڵقاندوووە .
هەرچەند ئەوە دێت بەئەقڵدا کەدەبێت حکومەت دژ بەئیسلامە ئوسووڵییەکان بوەستێتەوە ، لەبەر ئەوەى هەر هیچ نەبێت دەوڵەت ” لایک و سکولار ” ەو ئەوانیش دژ بەئەتاتورکچییەکانن . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەو پێیەى ئایینى رەسمى دەوڵەت ” سوونى- ئیسلام ” ە ، کەواتە هەر خودى خۆى دوژمنانى شیعەو عەلەوییەکان گۆش و لەخۆدەگرێت .
سەرۆک وەزیرانى تورکیاش کەسێکى دیندارەو بەتەواویش پەیوەست بوونى بەتەریقەتى نەقشبەندییەوە ، تێدا وەدەر دەکەوێت ، ئەم نەقشبەندیانەش بەتوندى پەیوەستن بەئوسووڵیەکانەوە.
لەمەش زیاتر بەو پێیەى دەنگدەرانى ” پارتى نیشتمانى دایک ” بەرەو کەمى دەچن ، زیاتر پێویستیان بەهاریکارى و کۆمەکى پارتە ئوسووڵییە دیندارەکانە . هاوپەیمانانى تورکیاش لەناتۆ ، دەرحەق بەو مەسەلانە ، مەبەستیان نییە گوشار بخەنە سەر تورکیاو دووچارى تەنگژەى زیاترى بکەن ، تەنها شتێکیش کەهەڵوێستەى لەسەر دەکەن ، مافى مرۆڤە لەتورکیاداو بەتایبەتیش ئەوەى تایبەتە بەکوردان .
بڵاوترین شێوازى گوشار خستنە سەر کوردان ، لەگرتنى بێ هۆ و ئەشکەنجەدا بەرجەستە دەبێت و لەچاو کوردە سوونییەکانیشدا زیاتر کوردە عەلەوییەکان رووبەڕووى ئەم جۆرە گوشارانە دەبنەوەو لەئیفادەى پەناهەندەیشیاندا ئاماژەیان بەوە داوە ، کەزۆرێک لەکەس و کار و خزمانیان بەهۆى بیروبۆچوونى سیاسییانەوە رووبەڕووى دەستدرێژى بوونەتەوە .
لەهەفتاکاندا زیاتر سوپا بەچاوێکى سیمپاتیکانە دەیڕوانییە راستڕەوەکان و لەمڕۆشدا لەئاست ئەوەى سوونییەکان دەرحەق بەکوردە عەلەوییەکانى دەکەن ، چاو دەنوقێنێ یان هەر بەفیعلى بەشدارى دەکات .
جا ئەم گوشارە نەتەنها گوشارى تورکە بۆ سەر کوردو نەتەنها گوشارى سوونییەکانە بۆ سەر عەلەوییەکان ، بەڵکو زیاتر گوشارێکى پێکهاتووە لەهەردوو رەگەزەکەو لەهەر دوو بارەکەشدا کوردە عەلەوییەکان کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە .
ئاستى ژیانى رۆژانەو گوشارخستنە سەر زمان و کولتوور و دەستدرێژى و دەستگیرکردنە بێ هۆکارە ” کەیف ئامێزەکان ” و ئەشکەنجەدان و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکانیش ، لەچاو گوندە سوونى نشیەنەکاندا ، رەوشى گوندە کورد نشینە عەلەوییەکان گەلێک خراپترە !؟.
هەر بۆ نموونە گوندنشینەکان ، کاتێک داواى قوتابخانەى ناوەندى و قیرتاوکردنى رێگاکانیان دەکەن ، لەوەڵامدا پێیان دەڵێن : کەجارێ پێشتر دەبێت مزگەفتیان بۆ دروست بکەن . زۆرێک لەپەناهەندەکانیش بەپێى ئیفادەکانیان ئاماژەیان بەوە داوە ، ئەو دەمەى لاى کاربەدەستان سکاڵاى تاڵانکردنى دوکانەکانیان کردووە ، سەربارى ئەوە خۆیان تێهەڵدانیان خواردووە . ئەمە جگە لەوەى ئەو مامۆستایانەى کەبۆ قوتابخانە سەرەتاییەکانى ئەوان نێردراون ، رۆڵى میسیۆنەرى ئیسلامیان بینیوەو منداڵى عەلەوییەکانیان بەرەو ئیسلام راکێشاوە .
دیارە لەمانگى رەمەزانیشدا ، گەر عەلەوییەکان لەماڵى خۆشیاندا نەوێرن نان بخۆن ، یان جگەرە بکێشن ، حەقیانەو زۆر هۆکاریش هەن بۆ ئەمە .
هەر بۆیە کوردە عەلەوییەکان ، زیاتر پێیان باشە داخراو و بێدەنگ بن ، تەنانەت گەر رووبکەنە شارە گەورەکانى وەک ئیستانبول- یش ، هەست ناکەن بەگەرمى کەس لێیان نزیک بێتەوە ، بۆیە ناچارن بەدیققەت بن لەهەڵسوکەوتیانداو هەروەک جولەکەکانى روسیا – ش ، هەمیشە عەلەوییەکان – یش بەچاوى سووک سەیرکراون و گوشاریان خراوەتە سەر و لەساڵى 1989- یشدا ئەمە گەیشتە چڵەپۆپەى .
وێڕاى گوشارى خەڵکە سوونییەکەش بۆ سەریان ، لەلایەن ژاندرمەو هێزەکانى حکومەتیشەوە ، ناو بەناو بەبەهانەو ناوى گەڕان بەشوێن ” ئەندامانى رێکخراوە یاساغەکانەوە ” ، دەستدرێژى دەکرێتە سەریان .
بەپێى ئیفادەى یەکێک لەپەناهەندەکان :
( یەکەم جار لەسەعات دوو یان سێى شەودا ” پۆلیسەکان ” دەستیان کرد ، بەهاوار هاوار و دواجار دەرکەکەیان شکاند و هاتنە ژوور ، لە ” یوسف ” یان پرسى .. هەڕەشەیان لەمن و خێزانەکەم کرد و گوتیان ” یوسف ” لەکوێیە ، هاواریان کرد بەسەرمداو گوتیان : کوردى کۆمۆنیست ، گوتیان : ئەگەر قسە نەکەم ، ژن و منداڵەکانم دەبەن و دەستدرێژى سێکسیش دەکەنە سەر ژنەکەم ، هەموو ئەمانەشیان لەبەردەمى منداڵەکانمدا گوت ” بەپێى رێکخراوى ئەمینیستى ئینتەرناشنال – یش ئەم جۆرە دەستدرێژیانە هەیە “.
بەپێى ئیفادەى یەکێکى دیکەش لەئیفادەدەرەکان ، پەلامارەکانى بەردەوامى تێرۆرخوازانەى پۆلیس گەیشتۆتە ئەو رادەیەى ، کەمنداڵان هەر دەمێک پۆلیس لەماڵەوەدا ببینن ، یەکسەر دەستیان دەخەنە سەر تەپڵى سەریان .

رۆڵى دەوڵەت
ئەو کوردە عەلەوییانەى نیشتەجێى نێوان ناوچە کوردى و تورکییەکانن ، پلانى نوێى درەخت چاندن و ئاوەدانکردنەوە ، ناوچەکانیان دەگرێتەوەو ئەم بەزۆر راگواستنەشیان چ لەڕووى سیاسى و چ لەڕووى ئابورییەوە خزمەت بەدەسەڵاتداران دەکات . بەشێکى زۆرى خۆرهەڵات و باشوورى خۆرهەڵاتى تورکیا و بەشێوەیەکى گشتیش لەپێناو ئامانجە بازرگانییەکاندا درەخت چاندن ، یان لەچوارچێوەى پلانى ناوچەییانەى ئاوەدانکرنەوەدا ، بەناوچەى کشتکارى دەستنیشانکراون . تەنانەت ملیۆنەها مرۆڤ لەو ناوچانەى کە ” پ . ک . ک ” ى تێدا ئەکتیڤەو بەمەبەستى کەمکردنەوەى نفوسى کورد لەو شوێنانەدا ، ناچار دەکرێن کەکۆچ بکەن . تونجەلى ” دەرسیم ” یش کە ” پ . ک . ک ” ى تێدا چالاکە ، یەکێکە لەو شوێنە سەرەکییانەى کەبۆتە ئامانجى شاڵاو و پەلامارەکانى دەوڵەت .
لەساڵى 1938 – ەوە کوردە عەلەوییەکان دژ بەحکومەت جەنگێکى توندو تۆڵیان دەست پێکردووەو یەکێک لەبەرپرسە ئەوروپییەکان بەناوى ” مارتین ڤان برونسین ” ، سەبارەت بە دۆزى کوردستان دەنووسێت :
( تونجەلى – دەرسیم – هەموو کاتێک گرنگترین خاڵى کێشمانکێشى سیاسى بووەو بەگەورەترین زیندانى تورکیاش دراوەتە قەڵەم . حکومەتى تورک – یش گەرەکیەتى بڕبڕەى پشتى کوردە نەتەوەییەکان و بەتایبەتیش بڕبڕەى پشتى ” پ . ک . ک ” بشکێنێت ، هەر بۆیە دەوڵەت لەڕێى ” ئاسیمیلەکردن ” و گوشارى پۆلیس و راگوێزانەوە هەوڵى زاڵبوونى داوەو زۆر خێزان و بگرە هەندێک لەو گوندانەش کەلەژێر کاریگەرى ” پ . ک . ک ” دا بوون ، ناچارکراون کەخاک و زێدیان جێبهێڵن ) .
حکومەت هەرچەند نکووڵى لەم جۆرە راگواستنانەش بکات ، بەڵام بەڵگە هەیە بۆ ئەنجامدانى ، وەک نمونەى :
بەڵگەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى دارستان کەنووسیویەتى ” گوندنشینەکان بەمەبەستى دابینکردنى هۆکارى گواستنەوەو لەبەر ئەوەى راگواستنەکەیان بۆ شوێنێکى ترە پەنایان بۆ ئەوان بردووە “.
هەرچەند لەناوچەى تونجەلى و لەنێوان 414 گوندى تۆمارکرادا ، تەنها 134 گوندیان دارستانیان هەیەو دیاریکراوە ، بەڵام بەپێى یاساى درەخت چاندن دەبێت 355 گوند لەناوچەکانى خۆیان رابگوێزرێن بۆ شوێنانى تر .
سەبارەت بەڕۆژهەڵاتیش کە ئەرزنجان – یشى تێدا دەگیرسێتەوە ، تەنها 29 گوند بەخاوەن دارستان ، یان ناوچەى درەخت چاندن دەستنیشانکراون ، بەڵام فەرمانى راگواستنى 250 گوندى دیکەش دراون .
بەپێى ئیفادەى هەندێک لەکوردە عەلەوییەکان – یش ، گوایە لەلایەن کوردە سوونییەکانەوەو بەزۆرى چەک زەوییەکانیان داگیرکراوەو تەنانەت هەندێک لەو کوردانەش سەر بەحکومەت و گوندپارێزن .
سەبارەت بەقەرەبووى ئەوانەش کەعەردیان لەدەست چووە ، تەنها تایبەتەو دەدرێتە ئەوانەى کەدەوڵەت بەهاووڵاتى دڵسۆزیان دەداتە قەڵەم . هەر بۆ نموونە : لەناوچەى مەراش تەنها ئەوانەى کەپێوەندییان بەمیلیتان و کوردە سەرەبەخۆ خوازەکانەوە نەبووە ، سەربارى زانینى نووسین و خوێندنەوەى زمانى تورکى ، عەردى ئاڵتەرناتیڤیان پێدراوەو بەحوکمى ئەم جۆرە دەستوور و رێنمایانەش زۆرێک لەکوردان بێبەش بوون لەوەرگرتنى قەرەبووى مافەکانیان .
لەمیانى ئەو هەموو گوشارە سیاسى و ئایینى و ئابوورى و کۆمەڵایەتییەى کەکراوەتە سەر کوردە عەلەوییەکان ، راست و دروست نییە گەر پەناهەندەکانیان ، وەک پەناهەندەى ئابوورى بناسرێنرێن ، لەکاتێکشدا ئەگەر قوربانى دەستبەسەرداگرتنى عەردەکانیشیان بووبێتن ، چونکە لەکاتێکدا ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ تورکیا رووبەڕووى هەموو جۆرە ریسک و ئەشکەنجەو تەنانەت کوشتنیش دەبنەوە . ئەگەر پێشتریش رووبەڕووى
گوشارى وا نەبووبێتنەوە ، ناکرێت دڵنیا بین لەوەى کەرووبەڕووى نابنەوە ، تەنها پەنابردنیان بۆ داواکارى پەناهەندەیى ، بەسە بۆ ئەوەى لەلایەن حکومەتەوە بەنەیارانى حکومەت بدرێنە قەڵەم .
ئەگەر ناچارى گەڕانەوەش بکرێن ، مەگەر بەدزییەوە بگەڕێنەوە ، تا بەخاوەن چانس بدرێنە قەڵەم ..
یەکێک لەو پەناهەندانەى کەگەڕاوەتەوە ، ئاوا باس لەوە دەکات کەلەفڕۆکەخانەى ئیستانبوول بەسەریدا هاتووە :
پۆلیسێک هاتە پشتمەوەو پڕى دایە قۆڵەکانم و بردمیە ژوورێکى نهۆمى دووەم و هەر کەگەیشتینە نێو ژوورەکە ، پاش ئەوەى پاڵى پێوەنام بەربووە دەمووچاوم .. بەخائینى نیشتیمان تاوانبارى کردم و گوتى : بۆ کوێ دەچیت بچۆ ، ئەوەى بۆى دەگەڕێیتەوە هەر ئێرەیە .. ئەى کوردى پیس .. دواتریش زیندانى کردم ).
ئاشکراشە تا سوپاى دەوڵەتى تورکى ، دژ بەدەسەڵاتە ناوچەییەکان و هێرشکارییەکانى سوونییەکان ، نەوەستێتەوەو رێگەچارەى بۆ نەدۆزێتەوە ، ئەو زەحمەتى و ناڕەحتییەى کەکوردە عەلەوییەکان لەناوچەکانى خۆیاندا رووبەڕووى دەبنەوە ، ناڕەوێتەوە!؟
سەرچاوە : ALEViLiK VE KURTLER