TallebaniBarzaniNewshirwan1

عیماد عەلی : دەرهاویشتەکانی بریارە جەنگەڵیەکان و ئەزمونی کوردستان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر لە دوورەوە بە دوربینێکی چاودێریی پێشکەوتوو و بێ هیچ پشتخانێکی فکری و ئایدیۆلۆجی و حزبی ، یەکێک هەڵسەنگاندنێکی زانستیانەی پشت بەستو بە هاوکێشەو لێکدان و لێکەوتەکانی بریارە سەرپێیەکان بۆ وەزعی ئێستای کوردستان و پیشهاتەکان و هەنگاوە سەیرو سەمەرەکانی پارتی بکات و ، زۆرێک لە هەنگاوە نا مەدروسەکانی سەرجەم لایەنەکانی تریش بە گشتی و بزوتنەوەی گۆڕان بە تایبەتی بخوێنیتەوە ، بە دەرئەنجامێک دەردەچێت کە جگە لە ململانێی سیاسی و بەرژەوەندخوازی تەسک، هیچ پاڵنەرێکی نیشتمانی لە رەفتار و بۆچونیاندا نابینرێت ، بەتایبەتی رەفتارەکانی چوار لایەنەکە لە حاڵەتێکدا بووە کە وەزعی سایکۆلۆجی بەرامبەر و باری رۆشنبیری و فەلسەفی و ئاستی هۆشیاری حزبی دەسەڵات و سەرکردایەتیەکەی لەبەر چاو نەگرتووە و ، تەنها لە پێناو ململانێی حزبیدا بووە . بەم پشتخانە مەعرفیەوە بە دوور لە لایەنگیری ، تەماشای کردەوەکانی لایەنەکانی ئەم چەند رۆژە بکەین زۆر شتمان بۆ روون دەبێتەوە . بۆ زیاتر نەچەقین لە قەیران و زەلکاوی ناکۆکیەکان و دەربازبون پێویستە ئەگەرەکان بخوێنینەوە .
لێرەدا پێش هەر خوێندنەوەیەکی دروست ، دەبێت دوو ئەگەر لەبەرچاو بگیرێت :
یەکەم : لە حاڵەتێکدا کە بریارەکانی پارتی و هەنگاوەکانی لەم دوو رۆژەدا تەنها لە روانگەی توڕەبون و کاردانەوە و پەرچەکرداری نێوخۆیی و لە پیناو بەرژەوەندی تەسکدا سەریهەڵدابێت و ، هیچ هاوکێشە و راوبۆچون و هەڵوێستی کاراکتەرە سەرەکیەکانی ناوچەکەی لەبەرچاو نەگرتبێت و ، بە پرسێکی نێوخۆیی سەیری کردبێت و ، چاوەروانی هیچ کاردانەوە و هەڵوێستێکی ناوەکی و دەرەکی نەکردبێت و ، فاکتەرە ناوچەیی و جیهانیەکەی نەخوێندبێتەوە و ، تەنانەت ئاگاداری لایەنی نزیک بە خۆی و پەیوەندیداریشی نەکردبێتەوە لە دەرئەنجامی پەلەپەلی بریارداندا . کە ئەمە لە دونیای سیاسەتدا دەکرێت بە کردەوەیەکی کتوپری ساکار و ئاسان بناسرێت و ، دەتوانرێت بە لەیەک نزیکبونەوە و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێت .
دووەم ، کە ئەم خاڵە بە رای من و ناسینی رەفتار و کردارەکانی حزبەکانی کوردستان و بەتایبەتی پارتی ، وای دەبینم کە زۆر دوورە لە حەقیقەتەوە ، ئەویش خوێندنەوەی کاردانەوەی لایەنی پەیوەندیداری ناوچەیی و جیهانی و راوەرگرتنیانە پێش هەر بریاریک ، بەتایبەتی لەم بریارە پەلانەدا کە لە ماوەیەکی کورتدا دران ، جۆر و شێوە و چۆنێتی جێبەجێ کردن و خستنە بەرکاریان وا پیشانمان دەدەن ، کە ئەگەر پرسە گورگانەیەکیشیان کردبێت ، باوەر ناکرێت فریای وەڵام دانەوەی لایەنە دەرەکیەکان کەوتبن بەم دەمو دەستە ، بە بەڵگەی ئەوەی لە کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا ، چاورەێی دەرچونی بەیاننامەکەی یەکێتی بوبن ، ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە کاردانەوەکان لە چوارچێوەی نێوخۆیی حزبی دەرکرابن بێ ئەوەی دەردانە ناوەکی و دەرەکیەکانیان لەبەرچاو گرتبێت .
بۆیە دەبێت ئەوە بڵێین ، کە ئەگەری یەکەم زیاتر خۆی فەرز دەکات و پێویستە شیکردنەوەکانمان لەو روانگەوە دەربخەین و پشت بە ئەگەرە ببەستین و ئامانجەکانی بدۆزینەوە .
بێگومان پارتی تا ئێستا لە عوقدەی هەرەس شۆرشی ئەیلول و شکستی سەرکردایەتیەکەی رزگاری نەبووە ، ئێستاش دەیەوێت خۆی بە براوە و سەرکەوتنی شۆرشی گەلی کوردستان بزانێت و بۆ تەنیا جارێکیش ، رۆژێک لە رۆژان دانی بە شکستی شۆرشی ئەیلول نەناوە و تا ئێستاش دەڵێت گلانێک بووە و دواتر هەڵساونەتەوە . لە لایەکی ترەوە پارتی تا ئەم رۆژەی سەدەی بیست و یەکەمەدا بە عەقڵیەتی چل و پەنجاکانی سەدەی رابردو رەفتار دەکات و ، وادەزانێت خەڵک هەموو مسکێن و ملکەچی بەرماڵ و ئەویش ئەزبەنیە . ئەمەش زۆرترین زەرەر لەخۆی دەدات نەک لەخەڵکی تر و ، رۆژ نیە لە جەماوەرێتی و توانا و پتەوی نێوخۆیی و یەکگرتوویی لەق نەکات و ، ئەمەش ئەوەمان پی َدەڵێت ئەگەر بە خۆیدا نەچێتەوە و چاکسازی و ریفۆرمێکی حزبی نەکات ، هەڵەکانی زیاتر دەبن و لە شکستێکی بچوکدا دادەرمێت و بەرگەی نەرمە شنەبایەکی سیاسی ناگرێت ، ئەمە جگە لەوەی کە لە سەروی ناتەواویەکانیەوە ، تا ئەمرۆ خۆی ئامادەباشی نەکردوە بۆ ئەو کاتەی ، کە خۆی لە رۆژگارێکدا بدۆزێتەوە ، جەماوەرێتی لەدەست بدات و بکەوێتە مەوقعی ئۆپۆزسیۆنەوە ، بۆیە قەت باوەر ناکات بەرگەی دەستاودەست کردنی دەسەڵات بگرێت و بە هەموو شێوەیەک ئەم چەمکە لە قاموسیدا نادۆزرێتەوە و ، بە کورتیەکەی خۆی بە حزبی قاید دادەنێت ، کە لە هیچ کون و قوشبنێکی ئەم دونیایەدا باوی نەماوە .
پاش بریارە جەنگەڵیەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی ، دوور لە هیچ یاسایەکی بەرکاری سەردەمانە ، با بزانین دەبێت چاوەرێی چی بکەین و ئەگەرەکان بەرەو کوێمان دەبەن :
یەکەم : ئەگەر بۆی بکرێت و لایەنی تلر یارمەتیدەری بن ، هەڵوەشانەوەی حکومەت و پەرلەمانیش بە شێوەیەکی نایاسایی فەرز دەکات ، لەبەر ئەوەی هیچ رێگایەکی یاسایی لەبەردەمدا نیە وەک تاک حزب پەرلەمان و حکومەت هەڵوەشێنێتەوە ، جگە لەوەی بە هێزی دوور لە مەنتیق فەرزی بکات و ، سەرۆکی حکومەت بە فەرمانی تاک حزبی ناچار بکات داوای هەڵوەشانەوەی حکومەت بکات ، لەبەرامبەردا دەتوانێت ئەمری واقیع بە مەنتقی هێز فەرز بکات ، کە چون تا ئێستا لە زۆر لاوە بۆی چووەتە سەر . بەڵام ئەمەش لەم حاڵەتی فراغە یاساییەی نەبونی سەرۆکی هەرێمی یاساییدا ، هیچ رێکارێکی یاسایی لەخۆ ناگرێت و لە هیچ سیاقێکی یاساییدا شوێنی ناکرێتەوە . تەنانەت بریاری هەڵبژاردنی پیشوەخت دەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە دەربچێت لەماوەی دوومانگی دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکی هەرێمدا نەک زیاتر ، لەبەر ئەوەی سەرۆکی هەرێمی یاساییمان نیە لەم کاتەدا . ئەمەش لە حاڵەتی ئەمرۆی هەرێمی کوردستان ، کە دەزگای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئامادە نیە و توانای زوو ئامادەباشی نیە بۆ رێکارە پێویستەکانی هەڵبژاردن لە ماوەیەکی کورتدا ، بۆیە دەبێت لە ماوەیەکی درێژدا لە بۆشاییەکی یاساییدا بژین .
دووەم : پرکردنەوەی جێگەی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و دانانی سەرۆکی پەرلەمان بێ بەشداری گۆران لەگەڵ لایەنەکانی تردا ، کە ئەمەش ئەگەرێکی زۆر زۆر لاوازە لەبەر ئەوەی هیچ لایەنێک ئامادە نیە خۆکوشتنی سیاسی بۆ خۆی ئەنجام بدات .
سێیەم : یاساییترین و راستو رەواترین و ئاسانترین رێگە ، رێککەوتنی لایەنەکانە ، کە پەرلەمان دانیشتنێکی یاسایی خۆی بکات و لە ماوەیەکی دیاریکراودا بریاری هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت ، ئەویش دەبێت لە رۆژی بیستی ئۆکتۆبەر تێپەرنەکات .
چوارەم : کە ئەگەرێکی ماڵویرانکەرانەیە، ئەویش دابەشبونی هەرێمی کوردستانە بەسەر دوو زۆنەکەدا و هەر یەکە و لای خۆیەوە کاروباری خۆی وەک پارێزگا لە چوارچێوەی عیراقدا مەیسەر بکات و لەم کاتەدا ئەزمونەکەمان بەتەواوی لەناو دەچێت و وەک پارێزگایەکی عیراق مامەڵەمان لەگەڵدا دەکرێت و ئەو هەمو خوێنەش بە فیرۆ دەچێت .
بۆیە ئەگەر بە وردی لە پێشهاتەکان بروانین هیچ گەشبینیەک نابینین ، کە لە سایەی ئەم بریارە حزبیە جەنگەڵیانەی دوور لە زمانی سەردەم و پێداویستیەکانی سەدەی بیست و یەکەدا ، لەم هەرێمە بێ سەرو بەرەدا دەدرێت . چاوەرێ ی چی بکەین ، بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت کە رۆڵ و هەڵوێستی دۆستان و هاوپەیمانان و دوژمنانیش چۆن دەبێت و چی لێ دەکەوێتەوە ، کاریگەری راستەخۆی لەسەر سەرجەم ئەگەرەکان دەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت