Carlos-Veuntes

کارلۆس فۆێنتێس : سێرڤانتێس و دۆن کیخۆتە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەتورکییەوە : یوسف عزەدین
سێرڤانتێس- ئەو نووسەرەیە کەپێنج سال لەجەزائیر زیندانى بووەو بەوپێیەى کەئەندامى کۆمیسیۆنى – ئەرمادا – بووە ، کەوتۆتە بەر نەفرەتى کڵێسا .
سەربارى ئەوەش فەرمانبەرى – باجگریى و کۆکردنەوەى داهات – یش بووە ، هەر بۆیە زۆرجاران بەتۆمەتى دزى و دەست پیسى زیندانى کراوە و وەک پیاوێکى قەرزار لەپشت قەفەسە ئاسنینەکانەوە ژیانى بردۆتە سەر و بەنابووتى و لەنەبوونیشدا سەرى ناوەتەوە – کارلۆس فۆێنتێس

1

دەکرێت بڵێین سێرڤانتێس و کۆڵۆمبس دوانەن .. چونکە هەردووکیان دوو شتى زۆر گرنگیان دۆزیوەتەوە . بەڵام هەردووکیشان بەبێ ئەوەى پەى بەحەقیقەتى ئەو شتە بەرن کەکەشفیان کردووە ، ئەم دنیایەیان جێهێشتووە .
کۆڵۆمبس بەرەو ڕۆژئاوا کەوتەڕێ و پێى وابوو گەیشتۆتە ڕۆژهەڵات ؟!
سێرڤانتێس- یش واى دەزانى کەتەنها ڕۆمانێکى ڕەخنەیى تەنزئامێزى دژ بەڕۆمانى سوارچاکى باوو تەقلیدى سەردەمى خۆى نووسیوە .
ئیدى نەکۆڵۆمبس بەوەى زانى کەئەمریکاى دۆزیوەتەوەو نە سێرڤانتێس – یش لەوە خەبەردار بوو کەبناغەى ڕۆمانى هاوچەرخى داڕشتووە .
نووسەرى – دۆن کیخۆتە – کەسایەتى سوارچاکێکى خوڵقاندووە ، لەژێر پەردەى شێتیدا هێرش دەکاتە سەر کڵێسەو ڕێساو یاسا تەقلیدییەکان .. بەڵام لەهەمان کاتدا خۆى وانیشان دەدات کەگوایە پابەندى هەموو یاساو ڕێساکانى کڵێسایە . بەو پێیەش دەتوانین بڵێین ، فۆرمالیتەیەکى باشى دووڕوویى لەکاراکتەرى – دۆن کیخۆتە – دا بەرچاو دەکەوێت .
دیارە ناشزانین کەداخۆ بەڕاستى – دۆن کیخۆتە – هێندە دڵپاک و سادەو ساکارە ، یاخود بەمەبەست دەیەوێت ئاوا خۆى بخاتەڕوو و خۆى بەئێمە بناسێنێت ؟! یان ڕەنگە – سێرڤانتێس – یش تەنها لەو گۆشەنیگایەوە ئەو کەسایەتییەى خوڵقاندبێت کەبۆخۆى مەبەستى بووە.. تابتوانێت لەڕێى ئەوەوە، بەباشترین شکڵ و شێوە هێرش بکاتە سەر نووسەرانى ڕۆمانەکانى سوارچاکى دەورانى خۆى. یان تۆ بڵێى – ئیزۆب – ، – دۆن کیخۆتە – ى نووسیبێتەوە ؟! چونکە ئاشکرایە هیچ دەقێک لەکاتى نووسینەوەیدا حیساب و کیتابى بۆ ناکرێت ، دەق بۆخۆى ڕاستەڕێى خۆى دەدۆزێتەوەو بەباڵەکانى خۆى لەشەقەى باڵ دەدات و خودى نووسەرەکەى دەخاتە پەراوێزەو دەیسڕێتەوە .
ئیرۆنیک و تەنزئامێزبوونى – دۆن کیخۆتە – تەنها ڕووکەشێکى دەقەکەیە ، دەنا هەر لەدەسپێکى ڕۆمانەکەوە ، خودى نووسەرەکەى دەخاتە ژێر پرسیارەوەو پاش چەند بەشێک ڕەخنە لەپرۆسەى خوێندنەوە دەگرێت .. واپێدەچێت کەمەبەستى سەرەکى دەقەکە ، لەخستەڕووى ئەو تێزەدا بێت .. گەرچى بەگشتى و تا کۆتایى دەقەکەش ، هەر وادێتە پێشچاومان کەمەبەستى سەرەکى دەقەکە لەخستنە ژێر پرسیارى سوارچاکى و سوارچاکاندا ، چڕبێتەوە . بێگومانین لەوەى کەخودى – سێرڤانتێس – خوێنەرێکى جیدى و پیاوى چاخى خۆى بووە .. بۆ خۆى خۆى دروستکردووە .. کوڕى پزیشکێکى لەکار لابراو بووە .. تاوێک خوێندکارى زانکۆى – سالامانجا – بووەو ماوەیەک بۆتە گەڕیدەو دواتر خۆى گەیاندۆتە کۆشکى – فیلیپ – و سەرنجى گەورە پیاوانى بەلاى خۆیدا ڕاکێشاوەو لەگەڵ شاندێکدا نێردراوەتە ڕۆما .. پاشان بەفەرمانى کاردینال بۆتە سەرباز و لەشەڕەجەنگێکدا ، کەوتۆتە بۆسەى تورکەکان و دەستێکى خۆى لەدەستداوە .
سێرڤانتێس – ئەو نووسەرەیە کەپێنج سال لەجەزائیر زیندانى بووەو بەوپێیەى کەئەندامى کۆمیسیۆنى – ئەرمادا – بووە ، کەوتۆتە بەر نەفرەتى کڵێسا .
سەربارى ئەوەش فەرمانبەرى – باجگریى و کۆکردنەوەى داهات – یش بووە ، هەر بۆیە زۆرجاران بەتۆمەتى دزى و دەست پیسى زیندانى کراوە و وەک پیاوێکى قەرزار لەپشت قەفەسە ئاسنینەکانەوە ژیانى بردۆتە سەر و بەنابووتى و لەنەبوونیشدا سەرى ناوەتەوە .
بەڕاى من ، ئەو پیاوە غەمبار و دل پڕ لەکەسەرە ، بەتەواویى درکى بەگەندەڵى کۆمەڵگەى چاخى خۆى کردووەو بەپێویستى زانیوە کەڕیفۆرم و گۆڕانکارى لەخودى قەڵاى کاسۆلیکەکان ، لەئیتاڵیاوە دەست پێبکات .
نووسەرى – دۆن کیخۆتە – هەموو یاساو ڕێسا تەقلیدییەکانى نووسینى ڕۆمانى پێش خۆى سەرەوژێر کردو تائێستاش هەموو نووسەرە هاوچەرخەکان ، بەهەمان ڕێچکەو ڕێگەى ئەودا دەڕۆن .. ئەم هەوڵدانەى ئەو وامان لێدەکات ، بەچاوێکى دیکە بڕوانینە دنیا و خوێندنەوەى بۆ بکەین ، جا چ بەمەبەست کەسایەتییەکى واى خوڵقاندبێت یان بێ ئاگا ؟!
بەمەبەستى هەرچییەکە بووبێت ، بۆ یەکەمجار لەدوو توێى ڕۆمانێکدا ، دنیا بووە بوونەوەرێکى جوداو جیاواز .
دۆن کیخۆتە – وەک دەقێک نەک هەر ڕەخنە لەدنیا دەگرێت و فێرى پرسیار کردنمان دەکات .. بەڵکو خودى خوڵقێنەرەکەشى دەخاتە ژێر پرسیارەوەو ڕەخنەى لێدەگرێت .

2

دۆن کیخۆتە و نەمرى

گەرچى هیچ وێنەیەکى خودى – میگوێل سێرڤانتێس – مان لەبەر دەستدا نییە ، بەڵام هەمیشە وێنەى سوارچاکە غەمگینەکەى نێو ڕۆمانەکەى – سێرڤانتێس – مان لەبەر چاوە .
دۆن کیخۆتە – وەک شاکارێکى ئەو نووسەرە بلیمەتە ، هەردەم گرنگترین دەقێکى نووسراوە .. بەوپێیەى کەدەیەوێت قەدەرى خۆى بگۆڕێت و بەو چەشنە بژى کەدەیەوێت .. لەگەل ئەوەى کەدەبێتە نموونەیەکى زیندووى مرۆڤى هاوچەرخ ، لەهەمان کاتیشدا زادەى مێژوو و گۆڕانکارییەکانى سەردەمى خۆشیەتى .
بیرۆکەیەکى ئیستەتیکى بەهێز ، لەباکگراوندى دەقەکەدا بەدى دەکرێت . گەرچى لەسەردەمى نووسینى دەقەکەدا ڕەخنەگران لەمەبەستى نووسەر حاڵى نەبوون و پێیان وابووە کەنووسەر بیۆگرافیاى ژیانى خۆى نووسیوەتەوە .
دۆن کیخۆتە – بەزمانى ئیسپانى نووسراوەو لەساڵى 1612 لەلایەن – تۆماس شیلتۆن – ەوە کراوەتە ئینگلیزى و دواتریش لەساڵى 1614دا لەلایەن – کودین – ەوە کراوەتە فەڕەنسى .
زۆرێک لەڕەخنەگرانى ئەو سەردەمە ، بەدەقێکى نامەنتیقى و خەیاڵئامێزیان لەقەڵەم داوە ، تەنانەت پێشیان وابووە کەبەشێواز هاوشێوەى چیرۆکەکانى – پۆکاشیۆ – بێت .. لەو سەردەمانەدا خوێنەرانى – دۆن کیخۆتە – بۆ خستنە پێکەنینى ئامادەبووان ، لەنێو مەجلیساندا بەدەنگى بڵند دەقەکەیان دەخوێندەوە .
پاش سەدەیەک و لەچەرخى هەژدەدا تەوژمى” نیوکلاسیک و ڕاسیۆنالیزم ” ، خوێنەرێکى واى گۆشکردو خوڵقاند کەلەپشت شێوازى گاڵتەئامێزى نێو ڕۆمانەکەوە ، هەوڵى کەشفکردن و دۆزینەوەى شتێکى نوێیان دەدا .
شاعیر و ڕەخنەگرى ئەڵمانى ” هاینە ” و نووسەرى بەتواناى ئەڵمانى ” فریدریچ ڤۆن شڵێگل ” خوێندنەوەیەکى نوێیان بۆ دەقەکە کردو – سێرڤانتێس – یان وەک داهێنەر و بلیمەتێک بەدنیا ناساند .. ئیدى ئەمە بووە دەسپێکێکى نوێى ناساندنى ئەو نووسەرە لەدنیادا و ڕۆژ بەڕۆژیش ژمارەى خوێنەرانى – دۆن کیخۆتە – لەزیادبووندایە .
گۆستاڤ فلۆبێر- لەنووسینێکیدا باس لەوە دەکات ، پێش ئەوەى بەتەوایى فێرى خوێندنەوە ببێت ، زۆربەى ڕۆمانەکەى ئەزبەرەکردووە و تەنانەت لەنووسینى – مەدام بۆڤارى – یشدا زۆر سوودى لەشێوازى نووسینى – دۆن کیخۆتە – وەرگرتووە .
لێرەدا بەپێویستى دەزانم کە ئاماژە بەهەندێک لەو لێکۆڵینەوە جیدیانە بدەم کەدەرهەق بە – سێرڤانتێس- و – دۆن کیخۆتە – نووسراوە .
1- ” ژیانى دۆن کیخۆتەو سانچۆ – نووسینى :” میگوێل دێ ئۆنامونۆ “.
2- ” ڕێگاى دۆن کیخۆتە ” نووسینى ” ئەزۆرین “.
3- ”  هەندێک بیروڕا سەبارەت بەدۆن کیخۆتە ” نووسینى :” جۆزێ ئۆرتێگاى گاسێت “.
4- ”  بیروڕاى سێرڤانتێس ” نووسینى :” ئەمریکۆ کاسترۆ “.
شایانى باسیشە ” ئەمریکۆ کاسترۆ ” لەکتێبەکەیدا ، ڕاشکاوانە ئاماژە بەو ڕاستییە دەکات کەدەقى” دۆن کیخۆتە ” ، دەقێکى کۆمیدى و گاڵتەئامێز نییە و دۆن کیخۆتە – ش شێت نییە .. بەڵکو مرۆڤێکە لەم دنیایەدا دەیەوێت بەدەستى خۆى قەدەرى خۆى دیاری بکات و تا پێشى بکرێت دەست لەشتەکان وەربدات و بیانگۆڕێت .
تێبینى : لەڕەخنەى چاودێر/ ژمارە (379) دووشەممە بڵاوبۆتەوە .
ژێدەر :

Kitaplik/yapi kredi yayinlari/2005 -istanbul