Goran-2

عیماد عەلی : خەڵک گۆڕانی دەوێت بە گۆڕینی گۆڕانیشەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە پێی سەرجەم تێۆریە زانستیەکان و مەنتقی ژیان ، بەردەوامی گۆرانی کۆمەڵگە لەسەرجەم بوارەکانیەوە سونەتێکی ژیانە و کەس ناتوانێت بەری لێ بگرێت، بۆیە ئەگەر وردە هاتنە دواوەیەک ( بەگێک ) بکەین ، هەست بە گۆرانێکی بەرچاو لە ژیانی خەڵک دەکەین بێ ئەوەی هیچ هێزێک خاوەنی بێت و دەبێت هیچ لایەک شانازی بە رۆڵی خۆی لە سەرجەم بوارەکانیەوە نەکات . ئەمە بە شێوەیەکی گشتی ، بەڵام لە رووی سیاسیەوە بێگومان گۆرانکاری بە بژاردە و فکر و عەقڵ و بیرکردنەوەی سەردەمانە و بوێری و داینەمۆی تایبەتی دەکرێت .
لە کوردستانی تازە ئەزمون و زەمانی بەرەی کوردستانی ، واقعی سیاسی گۆراوی کوردستان : هەڵبژاردنی پەرلەمان و هاتنەئارای حکومەتی فەرز کرد، نەک بیرکردنەوە و پێشکەوتنخوازی هەردوو حزب . بەڵگەش بۆ ئەم قسەیەم ، خوڵقاندنی شەری نێوخۆیە لە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی حزبی و باوەرنەبون بە دەسەڵاتی مەدەنی ، کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت حزب فەرمانی یەکلاکەرەوەی سەرجەم بریارە چارەنوسسازەکانێتی .
گۆران وەک بزوتنەوەیەکی لەدایکبوی هەناوی ئەم بارودۆخە سیاسە کۆمەڵایەتیەی کوردستان و ، لە دەرئەنجامی ململانێی نێوخۆی حزبی و دروستبونی باڵێکی پێشکوتنخوازی ریفۆرمخوازی تێکەڵبوو بە بژاردەیەکی مەەنی ، سەرەرای کۆمەڵێک چەمک و بیرکردنەوەی نوێ ، بەڵام زادەی واقعێکە کە ناکرێت دوور لە کاریگەریی بابەتیانەی واقع و سیاسەت و کارلێک و لێکەوتەکانی ژیانی سیاسی هەرێمی کوردستان بخوێنرێتەوە . ئەمەش لە ململانێ سەختەکانیدا لەگەڵ هێزی موحافزکار دەردەکەوێت ، کە زۆر جار لە پێناو ئامانجە دوورمەوداکانیدا ، نەیتوانی خۆی لە دەردانە سەلبیەکانی ئەو حزبانە بە سەرکەوتویی لابدات و ، تەنانەت لە تەکتیکەکانیدا هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ هەردوو حزبی فەرمانرەوا نەبوو . ئەوە ئەگەر لە ستراتیجدا هیچ رۆڵێکی گرنگی بۆ رۆشنبیرانی دوور بین دەرنەکەوت و ئامانجە گەورە و سەرەکیەکەی لای هیچ کەسێک تا ئەمرۆش دیار نیە ، جگە لە گۆڕینی سیاسی .
لەم ماوەیەدا و پاش ئەوەی پارتی هەستی کرد کە ئاستی جەماوەریەکەی لە خەتەردایە و ، هیچ یاسایەک رێگە نادات مەسعود بەرزانی وەک خۆی بە سەرۆکی بمێنێتەوە ، بەدوای ئاسانترین رێگەدا بوو ، تاوەکو خۆی لەم قەیرانە گەورەیە دەرباز بکات و ، جگە لە شەخسەنە کردنی کێشەکە هیچ بوارێک لەبەردەمیدا نەما و ، بۆ ئەو مەبەستەش پەنای بۆ نەوشیروان موستەفا برد کە هەموو کیشەکانی تێدا کورت بکاتەوە . لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆرانیش لە پیناو لەدەستنەدانی جەماوەرێتی ، مکوربونی خۆی لەسەر رەخنە و ململانێی پارتی بەردەوام بوو و ، پارتیش ئەمەی بۆ هەرس نەکرا و ، بەڵکو بە هەلی زانی کە خۆی لە قەیرانە حزبی و سیاسیەکەی رزگار بکات و ، بە قەیرانێکی نوێ سەرجەم قەیرانەکان کاڵ بکاتەوە .
ئەوەی لە بزوتنەوەی گۆران چاوەروان دەکرا ، کە بە عەقڵێکی کراوە و رەفتارێکی دروست کار بکات ، بوار نەدات بە پارتی ئامانجەکەی بپێکیت . بەڵام وابەستەیی عەقڵی سیاسی سەرکردایەتی گۆران بە هەمان بیرکردنەوە و مامەڵەی دوێنێوە، ئەمرۆیان خوێندەوە و ، لەگەڵ پارتیدا گەیاندیانە ئەم وەزعە نالەبارە .
بۆیە، ئەگەر گۆران لەم قۆناغە بەدواوە ، هەڵسەنگاندنێکی زانستیانە بۆ رەفتار و مامەڵەی لەگەڵ واقعی کوردستاندا نەکات ، بەهەمان ریتم سیاسەتەکانی بەرێوەببات و ، لەسەر ئەم رەوتە جێگیر بێت، کە لە رۆژی یەکەمی دامەزراندنیەوە لەسەری دەروات ، ئەوە بە قەتیس کراوی لەنێو عەقڵی کۆمەڵێک خەڵکی کۆنە سیاسی شۆرشی نوێ و خاوەن مێژووی بێگەرد دەمێنێتەوە و ، هیچ قازانجێک ناکات . ئەو هەموو گەنجەی گۆران کە وەک نمونەی سەرکردەی نوێ تا ئێستا لەسەر شاشەکان دەبینرێن و رای خۆیان دەردەبرن و، لە بریارە چارەنوسسازەکاندا هیچ بەدەستن ، دەبێت بە گۆرانێکی ریشەیی لە کارکردنیان گۆران بگۆرن و بە هاوکاری حەرەسە کۆنەکە و بە عەقڵی نوێ مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا بکەن . بۆیە گۆڕان پێویستی بە گۆرینی شێواز و چۆنێتی کاری سیاسی نێوخۆ و دەروەی خۆی هەیە . واتە گۆرانکاری لە بەرێوەبردن و مامەڵە لەگەڵ لایەنەکان و رووداوەکان و گۆرانکاریەکانی کوردستان و ناوچەکەدا .
ئەگەر ئەم وەزعە بەرێبکەن ، دەبێت پاش رونبونەوەی دەرئەنجامی ئەم رووداوانە ، گۆران کار لەسەر کاروباری نێوخۆ و دەرەوەی خۆیشی بکات . ئەگینا خەڵک زۆر پرن لەسەرجەم لایەنەکان و پێویستیان بە مۆدێلێکی نوێی سیاسەتە ، کە گۆرانی هەمەرەنگی سەرەکی ژیانی خەڵک لەبەرچاو بگرێت . ئەگینا حزبە موحافزکارەکان لە راستیدا زۆر لاوازن لە رووی جەماوەرێتیەوە و تەنها بە دابینکردنی بەرژەوەندی تەسکی ئەندامانیەوە بەندن ، دوور لە هەر بیروبۆچون و تازەگەریەک . بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری میلەت ، تاکە ئەرکی سیاسی گرنگی حزبی نوێ و گۆرانخواز ، پەروەردە و رێنمایی خەڵکە بۆ ماوەی چەند سالێک ، ئەمەش تاکە رێگەی جێ لەقکردنی چەواشەکاریی دەسەڵاتخوازە موحافزکارەکانە . بۆیە دەبێت گۆران لەم بارەدا گۆرانێکی ریشەیی لەخۆی بکات ، نەک تەنها گرنگی بە ململانێ حزبی بدات و کێبرکێی لایەنەکانی تر بکات . واتە ئەگەر گۆران لەم ململانێەی لەگەڵ هێزی موحافزکاردا هەر دەرئەنجامێکی بەرکەوت ، دەبێت ستراتیجی خۆی بگۆرێت و بۆ چەند ساڵێکی تر پلانی هەبێت و ململانێی ئەمرۆ بە شتێکی لاوەکی سەیر بکات و ، وەک تەکتیک مامەڵەی لەگەڵدا بکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت