کونجرینی : پارتی یان گۆڕان یان لەدوو باڵەکەی یەکێتی ، کامیان زەرەرمەندی یەکەمی دوو ئیدارین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی یەکەم :
سەرەتا بیرۆکەی دوو ئیداریی لە زاریی سەربازەکانی پێشی بەرەی سیاسی پارتییەوە هاتە دەرێ ، لەزاریی سۆرانییەکانی ناو پارتی ڕژایە نێو شەقام . پاشان لەزاریی ناڕاستەوخۆ و بۆ وەڵام دانەوە لەسەر نەبوونی ناعەدالەتی لە دابەشبوونی دارایی هەرێم بۆ زۆنی سەوز ، چەند لێپرسراوێکی گۆڕان ئەم باسەیان درکاند .
بیرۆکەی دوو ئیداریی بەکردار لە زاڵگەی پارتییەوە ئەنجام درا ، لە بێهیوایی پارتی لەسەر قبوڵکردنی چوار حیزبە سەرەکییەکەی پەڕلەمان بەداخوازییەکانی ئەوان وەک سازش ، هاتە ئاراوە .
ململانییەکان بەئاراستەی کوردایەتی نییە ، دەکرا هەموو لایەک گونجاوانە بیرۆکەیەکیان هەبوایە کە بەپێی شەرعی بوونی نیشتمانی یەکتریان قبوڵبکردایە . شەرعی بوون بە پێی یاساو بنەماکانی دیموکراسی . بەڵام دیارە ، بوونی یاساو شەرعی بوونی کوردایەتی لای پارتی وەک چەمکێکی سەرشۆڕ پیادە دەکرێت .
پارتییەکان بەهۆکاریی لەدەستدانی کۆی پرۆسەی سیاسی حیزبەکەیان ، وەک باڵادەستێک بەسەر هەرێم و لەوێشەوە کوردستان ، لەئیستادا دوو ئیداریان وەک فریادڕەسێکی بەگونجاو دەزانن . بزوتنەوەی گۆڕان بە بیرکردنەوەیەکی چارەسەر بۆ زۆنی سەوز لەڕووی دارایی و، وەک غەدرێکی کوشندەو وەک کەمکردنەوەی باڵادەستی و ڕیسوایی سیاسی بۆپارتی لە کوردستان ، بیرۆکەی دووئیداری بە چەکێکی بەرگریی و تۆڵە دەزانێت .
یەکێتییەکان لەزاری سەرچاوەیەکی بڕیاردەرەوە بەمن گەیشتووە ئەوا لە سەر ڕەوشەکە قسەدەکەن .
1 – یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە هەمو جۆرێک دژیی دروستبونی دوو ئیدارەییە لە هەرێمی کوردستاندا .
2 – یەکێتی نیستیمانی کوردستان هیچ کات نە لە ڕابوردوداو نە لە داهاتوشدا پاشکۆی هیج حیزب و لایەنێک نەبووە هەریگیز نابێت .
3 – یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان بە هەموو شێوازێک دژی ئەو کارو سیاسەتانەیە ، کە لەبەرامبەر سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتاران و وەزیرە بەڕێزەکاندا کراوە .
4 – یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە هەموو شێوازێک پشتگیری ئەو حکومەتە ئەکات ، کە بە شەرعی و بەدەنگی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دروست بووەو بە هەموو هەوڵ و توانایەوە بەردەوام دەبێت بۆ بنەبرکردن و چارەسەرکردنی کێشەکان بە دانوستان و شێوازێکی دیموکراتیانە دور لەهەموو هەنگاوێکی نایاسایانە .
جگە لە هەندێک بازرگانی سیاسی پارتی لە برسیکردن و تاڵانکردنی بەشە دارایی زۆنی سەوز ، ئەوانی تر وەک هەر تاکێکی پارتی لەو ناوچەیە ، یان کڕاوێکی دۆڕاون ، یان بەکارهاتوویەکی ڕیسوان .
ململانێی نادروست لەسەر هەژمونی هەرێم ، لەسەر دەسەڵاتی حیزب بەسەر پانتایی هەرێم ، لەناو حیزبیشدا دوو گروپ لەسەر پچوککردنەوەی لایەک و باڵادەستی بەسەر لاکەی تر ، ئەمە کۆی ئەو باسانەیە بەرگوێمان دەکەوێت لەمڕۆدا و . جگە لەمەش باسی کوتلەبازیی هەرسێ حیزبی یەکێتی و پارتی و گۆڕان و بەیەکگرت و کۆمەڵیشەوە .
پارتی گەرچی ملمملانییەکانی کەمتر نییە لەوەی یەکێتی و، ململانیی بەرەی نیـچە سۆرانی و بادینی بەکۆی پارتییەوە دیارە . بەرەی ماڵباتی مەسعود هەموویان سۆرانین و بەهاوزنجیرەکانیانەوەو ، بەرەی نێچیرڤان ـ سۆرانی و باردینی و بەهاوزنجیرەکانیانەوە ڕۆژ بەڕۆژ بەسەر دوو بەرەی جودادا ڕەنگ دەدەنەوە ، کە هۆکاریی ئەم هێواش تەشەنەکردنەش ، دەگەڕێتەوە بەوەی هیچ بەسەماتێکی فکرییان هەڵنەگرتووەو هەردوولاش بونی سەرۆکەکەیان بۆتە هۆکاریی خاوکردنەوەی .
یەکێتی لەسەرەتای دامەزراندنییەوە وەک هێزێکی فڕە بیروباوەڕ دامەزراوە ، ئەم پێکهاتەیە ڕێگاخۆشکەر بووە بۆ دروست بوونی کوتلەی فکریی . بەڵام ئەمجارەیان جودایە لەجارەکانی ترو هیچ بەسەماتێکی فکری و ئایدۆلۆژیی هەڵنەگرتووە ، جگە لەوەی کوتلەیەکی هاوشێوەی دەسەڵاتی ئەمڕۆی جەزائیر ڕێچکەی گرتووە ، کۆمەڵێک سەرمایەداری سیاسی کەسێکی بازرگانی گەورەی سیاسی پێش خۆیان دەدەن . ڕەنگدانەوەی ئەم ڕێچکە بازرگانییەی جەزائیر لە کۆبونەوەکەی کەرکوک و پڕۆژەکەی دکتۆر بەرهەم ڕەنگی داوەتەوەو بازرگانە سیاسییە گەورەکەیان پێش خۆیان دا .
دوو بۆچوون هەیە لەسەر دارایی یەکێتی ، بۆچونێک قسە لەسەر ئەوە دەکەن کۆی دارایی یەکێتی لەدەست بنەماڵەی تاڵەبانییەو ، بەڵام ئەوان ئەوە ناشارنەوە کە هی حیزبەکەیانە . بۆچوونی دووەم بەرەی ناڕازیی ناو یەکێتی یە ، هەرکەسەیان خاوەن سەرمایەیەکی خەیاڵی خۆیانن و تەنها بەهی خۆیان دەزانن . لەدابەشی دوو ئیداریدا سەرمایەی ئەمانە دەکەوێتە دەورانی ترسەوە بەتایبەتی ئەوانەی خەڵکی زۆنی زەردن . کاتێک دەسەڵاتەکان لە دوو شوێندا کۆبووەوە ، ئەوسا جەمسەرە گرنگەکان باڵادەست دەبن و لەوەش دەچێت بوونی دارایی کەساییەتییەکان ببێتە ساخبوونەوەی ململانییە سیاسیەکە .
پارتی لەڕابردوودا تا چوونە بواریی جێبەجێکردنی پەیمانی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی ، سودمەندیی یەکەم بوو لە کۆکراوەی دارایی گومرگەکان ، بەیاتبەتی شادەماریی دارایی هەرێم لەسەردەمی شەڕی ناوخۆدا ، گومرکی براهیم خەلیل بوو . بەڵام دەستکەوتەکانی دارایی براهیم خەلیل بۆ پەیداکردنی موچەی خەڵک بۆ ئەو سەردەمە جیاوازە لەگەڵ ئەم سەردەمەدا ، لە ئێستادا ئەوەی لەبراهیم خەلیل دابین دەکرێت ناتوانێت بووجەی ناوچەی زەرد دابین بکات .
لەئێستادا قسە لەسەر گومرگەکان گۆڕاوە بۆ چاڵەنەوتەکان ، چاڵە نەوتەکان زۆرتیرن ململانێ و بنەمای سەرمایەی دەوڵەت هەڵدەچنێت . کێشەکانی ناوخۆیی هەرێم ، لەسەر تەخشان و پەخشانی ئەم سەرمایە نیشتمانییە بنیادنراوە . زۆرجار قسە لەسەر جوگرافیای ئەم چاڵە نەوتانە لە تەفزیۆنەکانەوە کراوە ، لەدەمی شارەزاییانی جوگرافیا ئەم سامانە سروشتییە ، ئەوە دەسەلمێنن ، کە لە %60 ئەم سەرمایە نیشتمانییە زیاتر لە ناوچەی زۆنی سەوزە . کۆی گرێبەستە نەوتییەکان لەسەر کۆی چاڵەنەوتییەکانە و وەک قسەی لەسەر دەکرێت سەرۆکی هەرێمی ڕابردوو لەگەڵ سەرۆکی حکومەت خاوەنی واژووی ئەم گرێبەستانەن لەگەڵ کۆمپانیاکان . ئایا کاتێک دوو ئیداریی بێتە ئاراوە چۆن و بەچ شێوەیەک وەڵامدانەوەی زۆنی زەرد بۆ خاوەن گرێبەستەکان دەبێت ؟ .
یەکێتی و پارتی هەر یەکەیان بەشێوەیەک زیانلێکەوتووی دوو ئیدارین ، نیشتمان و نەتەوەو خەڵکەکەی زیانلێکەوتووی یەکەمن . دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان لەم دو ئیدارییەدا چ سود و زیانێک بەرکەوێت ؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت