عه‌تا قه‌ره‌داخی : كێشه‌ ناوخۆییه‌كان به‌رهه‌می قه‌یرانی ناسیونالیزمی كوردین !

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌داخه‌وه‌ له‌بری رابوونه‌وه‌و هه‌نگاونان به‌ره‌و رێنیسانسێكی گشتگرو هه‌مه‌لایه‌ن ، رۆژ له‌ دوای رۆژ له‌ زۆر رووه‌وه‌ له‌پاشه‌كشه‌دایه ‌.
هۆكاری ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌ش به‌ تایبه‌تی له‌ رووی مه‌عنه‌ویه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌و بارودۆخه‌ خراپه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ سیاسه‌تی كوردی و حیزبی كوردی و نوخبه‌ی سیاسی كوردی له‌ ماوه‌ی بیست و چوار ساڵی رابردوودا درووستیانكردووه ‌. ده‌كرا له‌ ماوه‌ی ئه‌م بیست و چوار ساڵه‌یه‌دا كورد به‌ رێنیسانێكی گشتگرو هه‌مه‌لایه‌ندا تێبپه‌ڕیایه‌و بینای كه‌سێتی تێكشكاوی كوردی بكرایه‌ته‌وه‌و كورد به‌ كرده‌وه‌ هه‌نگاوی به‌ره‌و چوونه‌ ناو مێژووی هه‌ڵبهێنایه‌ كه‌ ئه‌ویش ته‌نیا له‌سه‌ربه‌خۆیی و درووستكردنی ده‌وڵه‌تدا ده‌گاته‌ ئه‌نجام . بێگومان هۆكاری ئه‌م پاشه‌كشه‌ ئاشكرایه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی نه‌ك هه‌ر له‌ باشووری كوردستاندا به‌ڵكو له‌ كوردستانی گه‌وره‌دا ، نه‌بوونی پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌ .
دیاره‌ پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌ییش به‌رهه‌می ناسیونالیزمی خاوه‌ن شووناسه ‌. بێگومان بزووتنه‌وه‌كانی كورد له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان له‌ قه‌یرانی خنكێنه‌ری نه‌بوونی به‌رنامه‌و پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یدان كه‌ ئه‌مانه‌ش به‌رهه‌می ناسیونالیزمێكی پێگه‌یشتوو خاوه‌ن شووناسن . واته‌ قه‌یرانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی قه‌یرانی نه‌بوونی ناسیونالیزمی خاوه‌ن شووناس و پرۆژه‌و به‌رنامه‌یه ‌.
هۆكاری خه‌ریكبوونی كۆی حیزبه‌كانی كوردستان به‌ كێشه‌ی ناوخۆی خۆیان و كێشه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كتری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی هیچ ئاسۆیه‌كی ئاینده‌یی چونكه‌ ئاسۆی ئاینده‌ به‌ گوێره‌ی حیزبی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت ، ته‌نیا سه‌ربه‌خۆیی و درووستكردنی ده‌وڵه‌ته‌ . نه‌بوونی ئاسۆو به‌رنامه‌ی ئاینده‌یی لای كۆی حیزبه‌كانی كوردستان ، به‌ره‌و لادان و له‌رێگاده‌رچوونی بردوون و كۆی كێشه‌كانی ناوخۆی كوردستان ده‌رئه‌نجامی ئه‌و لادان و له‌رێگاده‌رچوونه‌یه‌ . بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ناكرێت له‌ سایه‌ی كۆی حیزبه‌كانی ئێستای كوردستانی گه‌وره‌دا كورد هه‌نگاوی به‌ره‌و چوونه‌ ناومێژوو بنێت .
ئه‌م حیزبانه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ئاینده‌ییان نیه‌و ئاسۆی ئاینده‌شیان زۆر ته‌سكه‌ بۆیه‌ له‌بری ئاراسته‌كردنی خۆیان و كۆمه‌ڵگه‌ش به‌ ئاراسته‌ی ده‌ره‌وه‌و به‌رامبه‌ر به‌ داگیركه‌رانی كوردستان ، هه‌م خۆیان به‌ ململانێ ناوخۆییه‌كانیانه‌وه‌ خه‌ریك كردووه‌ هه‌م كۆمه‌ڵگه‌شیان له‌ نێوان ململانێكانی خۆیاندا دابه‌شكردووه‌و ئه‌وه‌ش نه‌ك هه‌ر یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی به‌ره‌و رووخاندن بردووه ‌، به‌ڵكو ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تیشی له‌ كوردستاندا خشتۆته‌ به‌رده‌م مه‌ترسیه‌وه ‌.

 تەنها بە کلیکێک لەسەر شێیر لەخوارەوە ، ئەم بابەتە ڕەوانەی هاوڕێکانت بکە لە فەیسبووک .