Sherif-Hejari

شەریف هەژاری : سەرە قەڵەمێک لەسەر ‘ پارتی ، پەکەکە ، دیموکرات ، یەکێتیی و ، گۆڕان ‘.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 پارتیی و پەکەکە
لە نەگبەتی کورد ، دووزل حیزبترین پارتی کوردی کە ‘ پارتیی و پەکەکە ‘ ن ، هەردووکیان گشتگیرکارن ، هیچ بڕوایان بە دیموکراسیی ڕاستەقینە و فرەیی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات نییە . هەردووکیان لە زۆر ڕووداوی مێژووییدا بە فەرمانی داگیرکارانی کوردستان لە پێناو مانەوە و ئامانجە حیزبییە نانەتەوەییەکان جووڵاونەتەوە ، هەردووکیان ‘ پارتی و پەکەکە ‘ سەرۆکەکانیان خستۆتە ڕیزی خوداوەندە ئیمپراتۆریەتەکانی سەدە ناوەڕاستییەکان ، چ سەردەمی مەلا مستەفا ڕەخنە لە مەلا مستەفا یاساغ بوو ، چ سەردەمانی مەسعود بارزانی و عەبدووڵا ئۆجەلان ڕەخنە لێیان حەرام کراوە ، وێنەکانیان نەک هەرچی کونوقوژبنی بارەگاکانیانە گرتوویەتییەوە ، بگرە لەو شوێنانەی ‘ پارتیی و پەکەکە ‘ دەسەڵاتیان هەبێ ئەوا لە چایخانە و چێشتخانە و خوێندنگا و کووچەکاندا ئەبێت وێنەکانی ‘ مەسعود و ئۆجەلان ‘ بوونیان هەبێ !! ئەمە چی دەردەخا !؟ ئەمە ئەیسەلمێنێت عەقڵی کورد قۆناغی دەرەبەگایەتیی- خێڵایەتیی تێ نەپەڕاندووە ، چونکە ئەم دوو زلحیزبە ‘ پارتیی و پەکەکە ‘ گەورەترین هێژموونیان لە ناو کورد دا هەیە ، کەوابوو ئەوە ئەم دوو زلحیزبەن کاریگەرییان لەسەر کلتوری کورد داناوە کە زەمینەساز و داینەمۆی دروستکردنی دیکتاتۆریەت و تاک دەسەڵاتی بێتەکایەوە ، باشترین چارەسەر پێگەیاندنی تاکی هوشیارە لە لایەن پارتە کوردییەکانی دیکەوە ! ئەم دوو زلحیزبە ‘ پارتیی و پەکەکە ‘ چەندێک دژ بە یەک بن ئەوا خاوەن چەندان خاڵی دیکەی هاوبەشن و پێکەوە ئەیانبەستێتەوە ، وەک : هەردوو زلحیزبەکە بڕوایان بە پێشەنگایەتی ‘ کرمانجی ‘ یە تا سۆرانی و ، گەر زمانی ستاندار لایان بێتەکایەوە ئەوا ‘ کرمانجی ‘ یە . واتە ‘ کوربوون ‘ لە کرمانجی دا دەبیننەوە . ئەمە جگە لەوەی پەکەکە لە هەندێ ڕووەوە کاریگەری هەبووە لەسەر شۆردنەوەی کلتورە ڕەمزییە نەتەوەیە کوردییەکان و گۆڕیویانە بە زاراوەی بیانی وەک : گۆڕینی ناوی ‘ پێشمەرگە ‘ بە ‘ گەریلا ‘ کە گەریلا لاتین – ئینگلیزیە و بە مانای ‘ پارتیزان ‘ دێت ، هەروەها بۆ ئاڵای کوردستانیش خۆیان جیاکرۆدتەوە لە ئاڵایەکی یەکگرتووی کوردستانیی پارچەکانی دیکە . خاڵە ئەرێنییەکانیشیان ئەوەیە کە هەردوو زلحیزبەکە خاوەن هەندێ سەروەری نەتەوەیین ، وەک : ڕیکەوتننامەی ١١ ی ئازاری ١٩٧٠ کە دەستکەوتی پارتییە و ، زیندووکردنەوەی جووڵانەوەیەکی بەهێز لە باکوری کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئێستا کە ئەمە لە دەسکەوتی پەکەکەیە .

دیموکرات
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران خاوەن زۆر سەروەری نەتەوەییە ، هەر لە قازی و قاسملوو و شەرەفکەندییەوە بیگری ئەوا هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە داهێنانی کۆماری کوردستانی ئەوانە ‘هەندێ کەس بە هەڵە کۆماری مەهاباد بەکاردێنێ ‘. ئەم حیزبە بە درێژایی نزیکەی سێ چارەکە سەدە لە خەباتیان ، خاوەن خیانەتیی نەتەوەیی نین و ، بگرە زۆربەی پارتە کوردییەکانی دیکە سەرکردە و ئەندامەکانیان بۆ خۆشخزمەتیکردن بە دەسەڵاتدارە ئێرانییە داگیرکەرەکان فرۆشتووە ، هەر لە سلێمانی موعێنی تا دەگات بە شۆڕشگێڕی باهۆزاوی ‘ مەنسوری ڕەشە هەورامی . یەکێک لە جوامێرییەکانی دیکەی ئەم حیزبە بێ بەریکردنی حیزبەکەیانە لە تاوان و خیانەتەکانی ئەحمەد تۆفیق ، کە پارتی لە گەرمەی شۆڕشی ئەیلوول دا هەستا کۆنگرەیەکی بۆ ئەو ئەندامانەی دیموکرات سازکرد کە وەلائیان بۆ پارتیی هەبوو . ئەحمەد تۆفیق کە کوردێکی خۆرهەڵاتی بوو و عەبدی مەلا مستەفا بوو ، پارتیی بە زەبری هێز کردییە نەفەری یەکەمی پاشماوەی ئەندامەکانی دیموکرات کە ئەو کاتە لە ژێر دەستی شۆڕشی ئەیلوول دابوون . ئەحمەد تۆفیق هەستا بە کوشتوبڕی کادیرە سەربەخۆخوازەکانی حیزبی دیموکرات وەک ‘ تیرۆرکردنی ئەسعەدی خودایاری و سەدیقی ئەنجیری و … هتد ، و ڕاونانی ‘ قاسملوو و کەریمی حیسامی ‘ کە تەڵەی بۆ نابوونەوە بە هاوکاری پارتی ئەوانیش بکووژێت بەڵام ئەوان لە بۆسەکە هەڵاتن !!
هەروەها ئەحمەد تۆفیق ڕۆڵێکی زۆر نەگریسانەی دی لە کڵپەپێدانی ململانێی باڵی مەکتەب سیاسیی پارتی ‘ برایم ئەحمەد – مام جەلال ‘ و باڵی سەرۆکایەتی ‘ مەلا مستەفا ‘ دا ، بۆ ئەم مەبەستە ئەم ساڵ نیازموایە کە سیمینارێکی زانستی لەسەر ‘ ئەحمەد تۆفیق داهێنەری بیری گزیر و عەبدایەتیی لە ناو شۆڕشی کورد دا ‘ سازبدەم ، ئەم ئەحمەد تۆفیقە هەستا بەهاوکاری هێزی پارتی دەستی گرت بەسەر ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکرات دا و بڵاوکراوەیەکی دەردەکرد بە ناوی ‘دیسان بارزانی ‘، کە تێیدا هەزاران جنێو و قسەی ناشیرینی بە ‘ برایم ئەحمەد – مام جەلال ‘ دەدا و ، بە هەرچی شاباشی دونیا هەیە ئەوا بەسەر مەلا مستەفا دا هەڵی دەدا و ، بە بەیانامە کە لەبەردەست دا وەک بەڵگە ماوە تەشهیر بە قازی محەمەد ئەکا و بە ترسنۆک و بوودەڵە ناوی دەبات.
مام جەلال لە کتێبی ‘ مامۆستا عولەما ‘ دا سەبارەت بە ئەحمەد تۆفیق ئەڵێت : ” ئەحمەد تۆفیق زوڕنا ژەنی مەلا مستەفا بوو ، عەبدی بوو ، زۆر کۆنەپەرست بوو ، شتێکی دەردەکرد بەناوی ‘ دیسان بارزان ‘ کە هەر بارزانی هەیە ئەمە دەکا و ئەوە دەکا ، ڕۆڵێکی ئێجگار خراپی دی لە ئاژاوەنانەوەی نێوانی باڵی سەرۆکایەتی پارتیی و باڵی مەکتەب سیاسیی دا”.
شیاوی باسە مێژووگۆڕێکی دەربار کاردەکا بۆ گۆرینی مێژووی پڕ – تاوان و گزیری ئەحمەد تۆفیق کە بە زنجیرەیی لە کتێبەکانی دا خەریکییەتی و بنەماڵەی ئەحمەد تۆفیق پشتیوانی ئەو مێژووگۆڕەن و خزمینی . ئەم ئەحمەد تۆفیقە لە ساڵی ١٩٦٨ەوە بوو بە کادری پاراستنی پارتیی و بەهۆی گرتنی نامەی ئیدریس بارزانی کە بۆ ئەحمەد تۆفیقی ناردبوو بۆ بەغداد ئەوا لە ساڵی ١٩٧٣ بەعس کووشتی ، ئەو مێژووگۆڕە ئەم ئەحمەد تۆفیقە بە شوێنگرەوەی قازی محەمەد دائەنێ لە کاتێکا ئەم ئەحمەد تۆفیقە بە هۆی پارتیی بوونەوە کوژراوە و ئەو کاتەی کووژراوە سەر بە پارتی بووە . ئەوەی جێگای جوامێرییە کە دیموکرات خۆیان لەم کابرایە بێبەری کردووە.
شیاوی ووتنە لە ئێستا دا دیموکرات لە هەوڵی چوونەوە قەندیل و جووڵانەوەی پارتیزانی دان ، ئەمە بەکارێکی کاریگەر ئەزانم ، بەڵام کاتێک ئەندامەکانی دیموکرات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا ئەبینم کە وێنەی پارتیزانانەی خۆیان لە شارەکانی ناوخۆیی خۆرهەڵاتی کوردستان بڵاودەکەنەوە ، ئەو کات ئەزانم هووشیاریان لەبارەی ڕژێمی ئیرانەوە کەمە ، دیموکرات ئەبێ پێش بڵاوکردنەوەی وێنە ئەوا گورزی کاریگەر بووەشینێ ، گەر بیەوێ شەڕی دەرونی بکا ئەوا مێژووی دەسەڵاتدارانی ئێران پڕن لە هێرشی لەناکاو و گرتنی ڕێکخستن و ئەندامانی دژبەرەکانیان، بۆیە پێویستە هوشیارتر بن .

یەکێتیی
یەکێتیی نیشتیمانی کە پارتێکی باشوری کوردستانە بە یەکێک لە شۆڕشگێرترین پارتە کوردییەکانی ئەزانم لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥-١٩٩١ دا . ئەم حیزبە لە پاش ١٩٩١ ەوە پلان و ئەجێندایەکی کاریگەر و دەولەتدارانەی نەبوو بۆ بەڕێوەبردنی کوردستان ، هەربۆیە زوو تێوەگلا بە شەڕی ناوخۆ و یەکێک لە کەمەرشکێنترین کارەکانی خۆهەڵواسین بوو بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دا ، کە پێموایە ئێران لە چەندان ڕووەوە هەوڵی بچووکردنەوە و کەرتکردنی یەکێتیی دا و تێیدا سەرکەوتوو بوو ، هەروەها هەر بە فەرمانی ئێران ئەم حیزبە هەستا بە تیرۆری چەندان تێکۆشەری خۆرهەڵاتی کوردستان.
خاڵی ئەرێنی ئەم حیزبە ئەوەیە کە یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی پلانداڕێژییانە بۆ ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە باشور دا لە ساڵی ١٩٩١ ، هەروەها لەو ناوچانەی کە یەکێتیی دەسەڵاتی تێدا هەبووە ئەوا ئازادی ڕادەربڕین و بلاوکراوە زۆر زیاتر و فراوانتر بووە لە چاو ئەو ناوچانەی کە پارتی لە ‘ هەولێر – دهۆک ‘ و بزووتنەوەی ئیسلامی کە پێشتر لە ‘ هەلەبجە ‘ دا دەسەڵاتدار بوون .

بزووتنەوەی گۆڕان
بزووتنەوەیەکی ناڕەزایی باهۆزاوییە لە باشوری کوردستان . ئەم بزووتنەوەیە تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەری هەبوو لە ئاست گەندەڵیی و بێ سەروبەرەییەکانی یەکێتیی و پارتیی بەتایبەت لە ئاست پارتیی دا بڵی ‘ نەخێر ‘ و بەکردەوەش جێ بە جێی بکا . ئەم بزووتنەوەیە ڕۆڵێکی شوێندانەری هەبوو لە هوشیارکردنەوەی خەڵک بۆ دژایەتیی گەندەڵیی و داواکردنی مافە خوداپێداوەکانیان.
بزووتنەوەی گۆڕان چەندان قۆناغی بڕیوە و لە قۆناغی سەرەتای خەباتی جەماوەرییان دا پارتیی و یەکێتیی پێکەوە دژبەریان بوون .
پاش بەشداریکردنیشیان لە حکوومەت دا ماوەیەک تووشی سوڕی ‘ سڕبوون ‘ بوون !! سەرەڕای دەستکەوتەکانیان لە داهێنانی گوتار و کارکردی ئۆپۆزسیۆن بوون و داواکردنی شەفافیەت و حوکمی دەستاودەستکردنی دەسەڵات و یاساسەروەری ، ئەوا خاوەن کۆمەڵە خاڵێکی نەرێنیشن ، لەوانەش : هاوپەیمانیان لەگەڵ حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکانی وەک ‘ یەکگرتوو –کۆمەڵ ‘ دا بەست ، کە هێزی ئیسلامی سیاسیی هەمیشە خاوەن سیقە و بەڵێنی خۆیان نەبوون و تەنها هەلخوازانە سیاسەتیان کردووە کە ئێستا ئەسەلمێت ئەوانەی گۆران پێشتر هاوپەیمانی لەگەڵ کردن چەند بێ بەڵێن بوون!!، هەروەها ئەم بزووتنەوەیە تا ڕادەیەکی زۆر بێسەروبەرەیی تێدا بەدی دەکرێ بەتایبەت لە بوونی چەند گوتاریی و نا مونەزەم بوونیان دا . ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوەوە ڕاگەیاندنی گۆڕان و بەتایبەت تەلەفزیۆنەکەیان ‘ کەی ئێن ئێن ‘ ڕەخنەی زۆری لەسەرە و تا ئێستاش قۆناغەکانی خەباتی ئۆپۆزسیۆن بوون و دەسەڵاتداریتیی لای بەڕێوەبەری میدیای گۆڕان جیاناکرێنەوە !! هەروەها ، ناهوشیاری سیاسیی هەندێ لە کادیرەکانیان کە سەرەڕای بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا ئەوا بە ئاشکرا بۆ تەلەفزیۆنی ڕووداو و کەناڵەکانی تر ڕایاندەگەیاند : کە ڕووەو بارەگاکانی پارتی ئەڕۆن !! هەموو ئەمانە وایان کردووە ئەم بزووتنەوە کاریگەرە جەماوەرییە کە گوتاریان ‘یاسا سەروەر کردنە ‘ ئەوا زۆر زوو بکەونە داوی پلانەکانی پارتیی و یەکێتییەوە ، گەر بێت و بە هەڵەکانی خۆیاندا بچنەوە و ڕیزەکانیان یەکبخەنەوە و تەواو مونەزەم و بە دسپلین بن ، ئەوا ئەگەری هەیە لە ستراتیژ دا ببنە هێزی خاوەن نفوز لە باشوری کوردستان دا و ڕکەبەری سەرەکی پارتی بکەن لە تەواوی پارێزگاکاندا .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت