Ismail-Bagi-chol

یوسف عیزەدین : ئێزیدییەت لەکۆن و نوێدا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ناساندنى کتێبێکى کۆن

کتێبى ” ئێزیدییەت لەکۆن و نوێدا ” ، لەلایەن یەکێک لەمیرى ئێزیدییەکان ” ئیسماعیل بەگى چۆل ” ەوە نووسراوەو لەسێ بەشى تایبەت بەبیر و باوەڕى ئێزیدییەکان و داب و نەریت و هەندێک لەڕووداوە مێژووییەکانیان و ژیانى یەکێک لەمیرە هاوچەرخەکانیان پێک هاتووە .
ئەم کتێبە لەلایەن یەکێک لەمامۆستاکانى مێژووى ڕۆژهەڵات لەزانکۆى بێروتى ئەمریکى ، ” دکتۆر قوستەنتین زریق ” ، لەساڵى 1934 داو لەچاپخانەى ئەمریکى لەبێروت بەچاپ گەیشتووە .
” دکتۆر قوستەنتین زریق “، لەپێشەکى کتێبەکەدا و هەر لەدەستپێکەوە ئاماژە بەوە دەکات ، کەخودا تێکەڵەیەک لەڕەگەز و تایفە و میللەتانى جیاجیاى ، بەشێوەیەکى بێهاوتا لەهەموو شوێنێکى ترى دنیا خزاندۆتە ، ناوچەى موسڵى باکوورى ئێراق و بەتایبەتیش دەوروبەرى خودى شارى موسڵ ، هەر لەعەرەب و کورد و سریان و ئاشورى و تورک و ئەرمەن . لەتایفە ئایینییەکانیش یەعقوبى و نەستوورى و سونى و شیعەو کەمینەیەکى جوولەکەى جێماوى سەردەمى بەندایەتى سەردەمى بابلییەکان و هەروەها سوبى و مەندائیى و دواجار ئێزیدییەکانیش دەبینرێتەوە کەدەمێک ساڵە بوونەتە مایەى سەرنج ڕاکێشانى دنیا ، بەتایبەتیش وەک زانراوە بە ” پەرستنى شەیتان ” ناسراون .
دکتۆر قوستەنتین زریق “، ئاماژە بەوە دەکات کەلەنێوان خودى ئێزیدییەکاندا ، هەن باوەڕیان وایە بەڕەچەڵەک دەچنەوە سەر ” یەزیدى کوڕى معاویە ” ى خەلیفەى ئەمەوییەکان و هەشن باوەڕیان وایە دەچنەوە سەر یەزیدێکى دیکە کەناوى ” یەزیدى کوڕى ئەنیسە ” ى سەرکردەى خەوارجیەکانى سەردەمە نێوەندەکانى ئیسلام .
ئەمە لەگەڵ بوونى ئەو بۆچوونانەى کەپێى وایە ، ” ئێزیدییەت ” وەک ناو لەناوى شارى یەزد ، یان لە ” یەزدان ” ـەوە وەرگیراوە کەبەفارسى بەواتاى خودا دێت ، یان رەنگە لە ” ئێزد ” ەوە هاتبێ ت، کەلەئایینى فارسەکاندا بەو فریشتانە دەگوترێت ، کەپەیامى خوداوەندى میهرەبان بەبەندەکان دەگەیەنن ، بەمەش زاراوەى ” ئێزیدییەت ” دەبێتە ” بەندە یان شوێنکەوتووانى خودا ” یان ” شوێنکەوتووانى فریشتەکان “.
ئیدى ” دکتۆر قوستەنتین زریق “، دژواریى ساغکردنەوەى ئەسڵ و فەسڵى ئێزیدییەکان ناشارێتەوە ، چونکە هەروەک خۆى ئاماژەى پێدەدات ، یەکێک لەهۆکارەکانى ناتەبایى خودى ئێزیدییەکانە ، سەبارەت بەسەرجەم شتگەلە تایبەتەکانى ئاینەکەیان ، کەبەچەشنێک تێکەڵ بەخورافات و ئەفسانەى کاڵوکرچ بوون ، کەدواجار ساغکردنەوەو یەکاڵاکردنەوەى دەبێتە مەحاڵ .
بۆ نموونە لەکاتێکدا هەندێکیان پێیان وایە ئەوانیش وەک هەموو بنیادەمان لەباوکە ئادەمەوە هاتوون ، بەڵام لەوەدا خۆیان جیادەکەنەوە و خۆیان دەکەنە خەلیفەى راستەقینەى باوکە ئادەم ، کەگوایە ئەمان هەر لەخودى باوکە ئادەمەوە هاتوون ، نەک دایکە حەوا ، لەکاتێکدا سەرجەم میللەتانى دیکە بەبڕواى ئەوان دەرئەنجامى بەیەکگەیشتنى ئادەم و حەوا هاتوونەتە دنیا . ئەمە جگە لەبۆچوونى کۆمەڵێک لەو ئێزیدیانەى کەپێیان وایە دامەزرێنەرى ئاینەکەیان بەبنەچە دەچێتەوە سەر ” موعاویەى کوڕى سوفیان “، بەتایبەتیش ئەو دەمى ” موعاویە ” ژنێکى هەشتا ساڵەى خواست و ئەو ژنە بەشێوەیەکى سەیر گەنج بۆوەو بووە دایکى یەکەمین دامەزرێنەى ئاینى ئێزیدییەکان .
لێکۆڵەرێکى وەک ” مێنزل ” دەڵێت : هێشتاکە ئەسڵ و فەسڵ و گەشەکردنى ئاینى ئاڵۆزى ئێزیدییەکان یەکاڵانەبۆتەوە ، بەڵام دیارە باوەڕى ئاینییان ڕەگەزى ئاینە بت پەرستییە کۆنەکان لەخۆ دەگرێت ” بەڵام جودا لەو ئایینانەى کەخۆر و مانگیان پەرستووە “، ئەمە جگە لەخۆگرتنى هەندێک بڕواى زەردەشتى وەک دوالیزمى فارسى ، هەروەها مانیزم ” مەزهەبى مەعریفەى فارسى ” و یەهودییەتیش ” بەتایبەتیش لەحەرامکردنى خۆراکەکاندا ” و مەسحیەتیش ” بەتایبەت لەشێوەى خوداوەندانەو سەردانى کڵێساکان لەکاتى زەماوەندى هاوسەرگیریداو حەڵاڵکردنى مەى “، ئیسلامیەتیش بەتایبەت لە ” خەتەنەکردن و رۆژووگرتن و قو ربانى کردن و حەج و …. ” و سۆفیزمى رافیزییەکانیش ” لە شاردنەوەى باوەڕ و مەزن ڕاگرتنى کۆمەڵێک لەشێخانى سۆفیزیم ” و سوبیشن لەتەقەمووس و شامانیشن لەچەشنە ڕێگەکانى مردوو ناشتن و راڤەکردنى خەون و سەماکردندا  .
هەر لەپێشەکى کتێبەکەشدا ” دکتۆر قوستەنتین زریق ” ، ئاماژە بەحەقیقەتى پەرستنى شەیتان لەلایەن ئێزیدییەکانەوە دەکات ، کەلاى ئەوان بە ” مەلەک تاووس ” ناو دەبرێت و لەپێناو ئەودا خودا ، خالیقى ڕاستەقینەى گەردوون و سەرجەم بوونەوەران لەیاد دەکەن و ئەمە جگە لەوەى لاى ئێزیدییەکان زۆر جار پلەو پایەى شێخ ” ئادى ” دەگەیەننە ئاستى ” شەیتان – مەلەک تاووس” و ” دکتۆر قوستەنتین زریق ” یش هەر لەبەرایى کتێبەکەدا راستى تەمومژاویى بوون و نادیاربوونى حەقیقەتى راستەقینەى شێخ ” ئادى ” ناشارێتەوە ، کەئەویش وەک سەرجەم سیمبۆل و شتگەلە ئاینییەکانى دیکەى ئێزیدییەکان ، ئاشکرانییە و کەس بەتەواویى بۆى ساغ نابێتەوە .
راستییەکى دیکە کەلەپێشەکى کتێبەکەدا خراوەتەڕوو تایبەتە ، بەتایبەتمەندى پێشینەى ئێزیدییەکان سەبارەت بەخوێندن ، کە جگە لەپیاوە ئاینییەکانیان هەر کەسێکى دیکە فێرە خوێندەوارى ببایە لاى وان بەکافر لەقەڵەم دەدرا ، دیارە گۆڕانى ئەم قەناعەتە و دواتر چوونە قوتابخانەى منداڵانى ئێزیدییەکان پەیوەست بوو بەو گۆڕانکارییە مێژووییانەى کەلەدنیاو ناوچە ئێزیدى نشینەکاندا بەدرێژایى مێژوو ڕوویدا .
پاش تەواو بوونى پێشەکى کتێبەکەش ، بەشەکانى کتێبەکە دەست پێدەکات ، کەپێکهاتووە لەسێ بەش :
سەرگوزشتەى ژیانى ” ئیسماعیل بەگى چۆل ” ى میرى ئێزیدییەکان .
بیرو باوەڕى ئێزیدییەکان و داب و نەریتیان.
کورتەیەک لەڕووداوەکانى چیاى شەنگال .
بەشى یەکەم بەناساندن و خستنەڕووى ژیانى ” ئیسماعیل بەگى چۆل ” ى میرى ئێزیدییەکان ، دەست پێدەکات ، باس لەزۆر وردەکارى ژیانى دەکات بەتایبەتیش ئەو کچەى کەبۆ یەکەم جار لەژیانیدا حەزى لێکردووە ، کەناوى ” رەوشى ” بووەو چۆن رەدووى کەوتووەو دواجار چۆن پاش لەدایک بوونى ” عەبدلکەریمى ” نۆبەرەى ژنى یەکەمى ئەمرى خواى کردووە .
ئیدى بەزمانێکى حیکایەت ئامێزانە یادەوەرییەکان درێژەى دەبێت و لەمیانى گێڕانەوەى بەسەرهات و ڕووداوەکاندا زۆر شت دەکەوێتەڕوو ، وەک ئەو سەفەرە دوور و درێژەى کە ” ئیسماعیل بەگى چۆل ” دەیکات و چۆنیەتى مامەڵەى لەگەڵ ئەو موسڵمانانەى کەلەڕێگە پێیان دەگات ، ڕاشکاوانە و بێ پەردە رکوکینەى بەرانبەر بەموسڵمانان و ئاینییان دەردەخا ت، تەنانەت لەشوێنێکدا بەفێڵ و بۆ مەرامى خۆى وەک موسڵمان و موریدێکى شێخ ” عەبدولقادرى گەیلانى ” دەناسێنێت و ئیدى سەربارى کۆکردنەوەى پارەو داهاتێکى زۆر بەناوى ئەوەوە کەگوایە بۆ تەکیەى شێخى کۆدەکاتەوە ، بۆ خۆى دەڵێت : کاتێک پێشنوێژى موسڵمانانى ئەو شوێنەم کرد ، لەجێى دوعاو نزا ، چونکە دەمزانى تێناگەن جوێن و قسەى ناشرین و سووک و سەلیمم بەموقەدەساتى ئەوان دەداو داوام لەمەلەک تاووس و شێخ ئادى دەکرد کەلەناویان بەرێت .
ئیدى لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ، کەنووسەر بێلایەن و بابەتیانە نەبووە لەخستنەڕووى بابەتەکان ، چونکە ناکرێت بەو هەموو رکوکینەیەى کەبەرانبەر بەئاینى ئیسلام هەڵیگرتووە ، راستگۆیانە رووداوە مێژوویى و بەسەرهاتەکان و وەک خۆیان بخاتەڕوو ، ئەمە لەکاتێکدا گەڕیدەیەکى موسڵمانى دیندارى وەک ” ئیبن بەتووتە ” کاتێک دەبێتە میوانى شێخێکى کوردى ئێزیدى ناوچەى شەنگار ، زۆر بەپێزانین و رێزەوە باس لەجوامێرى و میوان پەروەرێتى ئەو شێخە ئێزیدییە دەکات.
لەدرێژەى نووسینەکەیدا ” ئیسماعیل بەگى چۆل “، باس لەوە دەکات کەچلۆن لەڕێگەى سەفەرەکەیداو ئەو دەمانەى بەئێزیدییەکانى شوێنانى دیکە گەیشتووە ، ئامۆژگارى کردوون کەجل و بەرگى رەگ نیلى و کراسى مل کراوە لەبەر نەکەن ، سەربارى نەخواردنى کاهوو و کەلەرم ، کەدیارە ئەمانەو زۆر شتى دیکە لەئایینى ئێزیدییەکاندا دەچنە ڕیزى شتە حەرامەکانەوە ، تەنانەت وەک لەلاپەڕە 15ى کتێبەکەدا هاتووە ، داوا لەئێزیدییەکان دەکات : ئەوەى کاهوو و کەلەرم لەکێڵگەکانیاندا چێنراوە ، دەبێت لەئێستاوە تا دە رۆژى تر بیانفەوتێنێت و نەیانهێڵێت .
نووسەر دەرئەنجامى سەفەر و تێکەڵبوونى بەئێزیدییەکانى شوێنانى ترى دنیاو ئیرشادکردنیان ، تووشى چەرمەسەرى دەبێت ، تەنانەت چەند جارێک دەست بەسەردەکرێت و بەمەش زۆر لەمەرگ نزیک دەبێتەوەو دەرەئەنجامیش هەموو جارەکان رزگارى دەبێت.
لەدرێژەى باسەکاندا ” ئیسماعیل بەگى چۆل ” ، باس لەوە دەکات چۆن خۆى دەگەیەنێتە کن دەسەڵاتى ئەو دەمى ئینگلیز و بەڵێنیان پێدەدات هاوکاریان بێت ، جا دیارە بەفیعلى و عەمەلیش ئەم چەشنە هاوکارییە لەنێوانیاندا لەبگرەو بەردەیەکى سەیردا چەند جارێک چێ دەبێت.
بەهەرحاڵ دەتوانین بڵێین ئەم کتێبەش وەک زۆر سەرچاوەى ترى تایبەت بەئێزیدییەکان ، ناتوانێت بەتەواوى وەڵامى هەموو پرسیارە نەزانراوەکانمان سەبارەت بەئێزیدییەکان بداتەوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشداو سەربارى هەر کەموکوڕییەک کەئاشکراو دیار ، یان پەنهان و لەپشت دێڕەکانەوە خۆى حەشارداوە ، هەر چۆنێک بێت بەقەڵەمى یەکێک لەسەرانى ئێزیدییەکان نووسراوە.

ژێدەر : ” ئێزیدییەت لەکۆن و نوێدا ” / ئیسماعیل بەگى چۆل /1934/ چاپخانەى ئەمریکى- بێروت .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر