Abubakir-Caf-3

ئەبوبەکر جاف : تیۆلۆژیای ماركسی ـ ماركس پێغەمبەرێك بوو ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ژاك دوریدا ئیشكالێتی بە تیۆلۆژیابوونی ماركسیزم

دەبەستێتەوە بە ” ماتریالیزمی دیالێكتیكییەوە ” هەر لەو سۆنگەشەوە دێتە سەر باسو خواسی ماتەمگێڕان و پرسەگێڕان بۆ ماركس و تارماییەكانی. دوریدا باس لە ماركسێكی نا ماركسیست دەكات كە ئێمە ناتوانی وەك گوتارێكی ڕەخنەیی دەستبەرداریی ببین . واتە ماركسی ماتریالیزمی مێژوویی . هەر لە كتیبی تارماییەكانی ماركسیشدا باس لە ١٠ برینی گەورە دەكات لە ناو جەستەی دونیای نوێی و كاپیتالییزمی نوێدا . ماركسی ماتریالیزمی مێژوویی واتە هێنانەوەو دابەزاندنی ماركس بۆ ناو هەل و مورج و بارودۆخ و پەیوەندییەكان لە كۆنتێكستێكی تایبەتدا . كۆنتێكستێك كە پێشتێكستەكان بەشێكن لەو تێكستەی لە سەردەم و چركەساتێكی دیاریكراویی تایبەتدا بەرهەمهاتووە . تیۆلۆژیا چییە جگە لە ڕاكێشان و درێژكردنەەەی ” بوونێك ” تا شوێنی كە بیخەینە سەرو مێژوو یان دەرەوەی مێژوو .. واتە ماركس راكێشینە ناو نهێنیی و پیرۆزییەكی ئەبەدیی و ئەزەلییەوە كە ناكرێت و ناتوانرێت و نابێت تێپەڕێنرێت . بەم مانایە ماتەم و شیوەنێك بۆ ماركس لای دوریدا واتە دروستكردنی تەقس و ئەكتێكی سروتی كە بزانین ماركس مردووەو بزانین بئچیش دەسبەرداری شیوەن و ماتەمگێڕیی بۆ ماركس نابین . دوریدا لەو شوێنەی كاری بووە بە هەڵوەشاندنەوەی میتافیزیكیای حوزورو هەڵوەشاندنەوەی گوتاریی سێنتەرگەرایی و ئیرۆ سێنتەربوونی ئەقڵ و گوتاری ڕۆژئاوا ، نایشارێتەوە دەركەوتن و دەركەوتەو مانێڤستبوونە زانستی و گوتارییەكانیش هەر لە ناو تیۆلۆژیاو ئاین و میتافیزیكیای ئاینیدان . زانست و ئاین یەك سەرچاوەیان هەیە . زانستیش گوتارەو لە هەناوی خۆیدا هەڵگری سروت و سروشتی میتافیزیكیی و تیۆلۆژییە . بەمشێوەیە ماركس قاچێكی لە ناو گوتاریی تیۆلۆژیی كرستیانی و مەسیحیەتدایەو قاچێكی دیكەشی لە ناو ئیرۆسەنتەریزمدایە .

2

ماركسی ماتریالیزمی مێژوویی واتە ماركسێك دژ بە ماركس . ماركس لەسەروبەندی چاوخشاندنەوە بە چەندین تێزی خۆیدا ، یەكێك لەو پاشەكشەكردنەی سەبارەت بە خەباتی چینایەتی لە نامەیەكیدایە بۆ هاوڕێیەكی كە ، چین و ململانێی چینەكان لە دونتای فەرەنسییەكاندا باشتر دەردەكەوێت تا ئەو خوێندنەوە تەفسیرانەی ماركس بۆ دونیایەكی دیكەی كردووە . میشێل فوكۆ ئەم نمونەیە بەردەوام دەهێنێتەوە بۆ سەهو هەڵەی ماركس . بەمشێوەیە كە ماركس لە ماتریالیزمی دیالێكتیكی دادەڕنین و دەیخەینە ناو كەلو مەرجەوە ، واتە وشیاریی خودی ماركس مەحكومە بەو هەل و مەرجەی ماركسی تێدا ژیاوەو هاوڕێ لە گەڵ ئەو ” گوتارە پێش ماركسیتانەی Discours prémarxsites ماركسیان وەك تیۆریسیان خولقاندووە ” واتە ماركس لە ئاسمانەوە دانەبەزیوەو زادەی هەلومەرج و بارودۆخی ماتریالی خۆیەتی . ماركس كوڕی دونیای كۆمەڵایەتیی و ئابووریی و ململانێی هێزەكانی هاوڕێی ماركسە . لێرەوە ماركس دژە بە پەیامبەرێتی و بە پەیامبەركردنیدا . ماركس لە ناو ماتریالیزمی مێژوویدا یەكەمین خەنجەر لە خۆی دەدات .

3

نایابترین مامەڵەكردنێك كە لە گەڵ ماركسدا كرابێت ، مامەڵەكردنی فەرەنسییەكانە ، یاخود وردتر بلێین مامەڵەكردنی تیۆری فەرەنسییە . مامەڵەكردنێكە لە ێاڵتوسێرەوە دەستپێدەكات و بە فوكۆو دوریداو دولوزو لیوتارو بۆردیۆدا تێدەپەڕێت . جیاكارییە ئیپستمییەكانی لوی ئالتوسێر بۆ قۆناغبەندی ماركس و ماركسی ناچارو مەحكوم بۆ هەلومەرج و بارودۆخی ئیبستمی . دەوست مامەڵەی ئالتوسێر بۆ ڕزگاركردنی ماركس بڕێكی زۆر لەناو ماتریالیزمی دیالێكتیشدایە ، بەڵام ئەو دەرئەنجامە سۆشیۆلۆژییە گرنگەی كە دێتە دەستمان مەحكومبوونی ماركسە بە كۆنتێكستی وشیاریی و ئاگایی ماركس لەناو هێزەكان و پەیوەندیی هێزەكاندا. ماركس وشیارییەكی سەربەخۆو ئۆتۆنۆم نییە لە دەرەوەی نەریتی بیركردنەوەی هەلومەرجە سۆسیۆلۆژییەكانی خۆی. ماركس سوژەیەكی بەرهەمهێنراوو دەستەپاچەی ناو كۆنتێكستە ، سوژەو وشیاریی سوژەیی ناو هێزەكانە . مامەڵەی فەرەنسیانەی ماركس ڕێك و پێك و بێ ئەملاو ئەولا بە ” دراو” كردنی ماركسە لە ناو زمان یاخود بڵێن زانستە مڕۆیی و كۆمەڵایەتییەكاندا. زەڕبەیەكی گەورە لەو شوێنەی كە ماركس لە لایەن فوكۆوە بەریدەكەوێت ، ڕەخنەكردن و بە پرۆبلیماتیككردنێتی لەناو تەعریفی ئەودا بۆ دەسەڵات.ئەوە ئەلف وبای فوكۆیە كە دەسەڵات نە ڕێكەوتنە ، نە سەر بە ململانێی چینەكانە و نە اەربەدەزگایی دەوڵەتە . فوكۆ بە پلە ئیمتیاز فەیلەسوفی دەسەڵات و دیاگنۆستیككردنی دەسەڵاتە بەو پێیەی لە هەموو شوێنێكە یاخود تەواو بە پێچەوانەی ماركسەوە دەسەڵات لای فوكۆ لە خوارەوە دێت نەك لە سەرەوە . دواتر قسەوباسی فوكۆ لەسەر وەهم و ئەفسانەی سوژەی سەربەخۆو ێازد و پرۆسێسیوسەكانی سوبژێكتیڤیتێ و سوبژێكتیڤاسیۆن و بە تەنگی خۆوە هاتن و ئازایەتی و …..Le souci de soi , Parrhesia,courage de la vérité. مامەڵەی دوریدا لە میانە دەقێكی وەك تارماییەكانی ماركس كە لەناو ئەفسانەی ئۆدیبی هاملێت و ماتەمگێڕیی هاملێتدا . هەرچی سەروكاری دولوزە بەڕاستی بە هیچ شێوەك ناچێتە ناو كلاسیفیكاسیۆن و پۆلێنبەندی فەلافەو نەریتی فەلسەفی نیوەی دووەمی سەدەی بیستی فەرەنسییەكان . دولوز گفتوگۆیەكدا لە گەڵ فەیلەسوفی ئیتالی تۆننی نیگری سەبارەت بە ئەزموونی خۆیی و گواتاریی باس لەوە دەكات گە ماركس یەكێكە لەو كەسە دەگمەنانەی ڕووتەختی ئیمانانسی سەرمایەی دۆزیوەتەوە.واتە ماركسێك كە لە ئێستاشدا وەك ( هەر ئامرازێكی دیكەی ناو سندوقی ئامرازەكان ” دەتوانین بەكاری بهێنین . فوكۆو دولوز لە میانەی گفتوگۆیەكی نایابیاندا باس لەوە دەكات تیۆر وەك سنوقی ئامرازەكان وایەو ئێمە تەنیا كارمان بە ێامرازێك٧ تایبەت دەبێت و كارمان پێیەتی . لێرەدا تیۆر وەك سنوقی ئۆتۆمۆبیل وایە كە پڕە لە ئیسپانەو پلایس و بورغ و بزمارو جەك و فسفۆڕو ێاگركوژێنەوە و ….. كە ئێمە پئكەوە كارمان بە هەموویان نییە، بەڵكو كارمان بە ئیسپانەیەكی تایبەتە . بەمشێوەیە ماركسیش ژەناو دیاریكردنی ” كاپیتاڵەكاندا ” ئیسپانەیەكەو هیچی دیكە . مامەڵەی پییەر بۆردێۆ لە گەڵ ماركسدا مامەڵەیە كە ڕادیكاڵانە هەڵگەڕانەوەی ماركسە سەبارەت بە ئیشكاژەكانی بۆ سەرمایەو سەرمایەكان و سروشتی ململانێكان و ستراتیژی ململانێكان و شەرعییەت و ڕەوایەتی و ….. واتە بوردیۆیەك كە سەرلەنوێ و پشت ئەستور بە ماكس ڤیبەر دێتەوەو سەمایەو كاپیتاڵەكان تەعریف و تەحدید دەكات . بە هەمان شئوەم مامەڵەی چەند سۆسیۆلۆگ و موفەكیرێكی دیكەی وەك ئیتیان بالیبارو پییەرماشری و تەنانەت ژاك ڕانسێریش . خراپ نییە و پێویستیشو لێرەدا ئاماژە بە ستایشی ئالتوسێر بكرێت كە لەسەروبەندی كۆنگرەی حەفتاكانی پارتی سۆسیالیستی فەرەنسیدا ژابردنی چەمك و تێگەی ” دیكتاتۆریای پرۆلیتاریا بوو دواتریش بوو بە نەریت بۆ زۆربری زۆری پارت و جوڵانەوە چەپ و سۆسیالیستەكانی ئەوروپاولە پورتوگال و ئیسپانیاو ئیتالیا و….. ئەوەی لێ بەرهەمهات كە ناونرا چەپ و كۆمۆنیزم و سۆسیالیزمی ئەوروپی .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت