ئینگه‌ ڕۆگ : سه‌رۆکێکی ناگوێڕایه‌ڵ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئه‌سته‌نبوڵ

له‌ ئه‌ڵمانییه‌وه‌ : هیوا ناسیح

رۆژنامه‌ی نۆیه‌ تسویرخه‌ر تسایتونگ (NZZ) ی ئه‌ڵمانیزمانی سویسری له‌ ژماره‌ی پێنجه‌شه‌مه‌ی رابردوو رۆژی ٢٢/١٠ راپۆرتێکی به‌ ناوی ( سه‌رۆکێکی ناگوێڕایه‌ڵ ) له‌سه‌ر ره‌وشی ئێستای هه‌رێمی کوردستان بڵاوکردۆته‌وه‌، که‌ له نوسینی ئینگه‌ رۆگه‌ . له‌گه‌ڵ راپۆرته‌که‌‌دا وێنه‌یه‌کی گه‌وره‌ی مه‌سعودبارزانی بڵاوکردۆته‌وه‌ و له‌ ژێر وێنه‌که‌دا نوسیویه‌تی (( مه‌سعود بارزانی ، سه‌رۆکی هه‌رێمی باکوری عێراق ، به‌لایه‌وه‌ داواکارییه‌کان بۆ ده‌ستهه‌ڵگرتن له پۆسته‌که‌ی جێگه‌ی قبوڵکردن نییه ))‌.
شایه‌نی باسه‌ رۆژنامه‌ی ناوبراو له‌ساڵی ١٧٨٠ وه‌ یه‌که‌م ژماره‌ی لێده‌رچووه‌ ، به‌ناوبانگترین رۆژنامه‌یه‌ له‌ سویسرا و رۆژانه‌ دوو میلیۆن کۆپی‌ له‌ سه‌ر ئاستی ناوخۆ و جیهاندا لێبڵاوده‌کرێته‌وه‌ .

ململانێی ناوخۆی کورده‌کان له عێراقدا له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵات به‌ره‌ی جه‌نگ دژ به‌ داعش لاواز ده‌کات . به‌ بێ کورده‌کان نه‌ده‌توانرا سه‌رکه‌وتن له‌ باکوری عێراقدا به‌ سه‌ر داعش به‌ده‌ستبهێنرێت . به‌ڵام ده‌بینرێت وا به‌ره‌ی باکور بێهێز ده‌بێت . ململانێ له‌سه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێمه‌ , که‌ مه‌سعود بارزانی ناوچه‌که‌ی خستۆته‌ ناو قه‌یرانێکی قوڵه‌وه‌ .

له‌ جه‌نگی دژ به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ( داعش ) دا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ باکوری عێراقدا هاوپه‌یمانێکی گرنگی ئه‌مریکایه‌ . هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مریکا ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ خراپ ده‌بینێت ، که‌ کورده‌کان به‌ره‌و نزیکبوونه‌وه‌ له‌ روسیا بچن و بۆ شه‌ڕی دژ به‌ داعش پێکبێن. له‌ گفتوگۆیه‌کی سوپاسالاری نوێی ئه‌مریکا ( جۆزێف ف . دونفۆرد ) دا ، که‌ له‌‌ سه‌فه‌رێکی بۆ هه‌ولێر به‌ ماوه‌یه‌کی که‌م دوای وه‌رگرتنی پۆسته‌که‌ی رۆژی سێشه‌م ئه‌نجامیدا ،  جه‌ختی له‌ وه‌کرده‌وه‌‌ ، که‌ کورده‌کان چه‌نده‌ بۆ جه‌نگی دژه تیرۆر گرنگن . ناوبراو ستایشی ئازایه‌تی بارزانی کرد و رایگه‌یاند ، ناردنی چه‌ک بۆ جه‌نگاوه‌ره‌کانی پێشمه‌رگه‌ خێرا بکات .

له‌ ئێستادا له‌‌‌ لایه‌ن حه‌وت وڵاته‌‌وه‌ ، له‌ نێویاندا ئه‌ڵمانیا ، نزیکه‌ی ٤٢٠٠ پێشمه‌رگه‌ ڕاهێنانیان پێده‌کرێن ، ئه‌مه‌ش له‌ قه‌یران و هاوپه‌یمانییه‌تێکه‌دا سودی خۆی هه‌یه‌ . له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا جوڵه‌یه‌کی وا له‌ به‌ره‌ی جه‌نگی باکوره‌وه‌ نییه‌ . هێزه‌کانی عێراق میلیشیا هاوپه‌یمانه‌کانی له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا توانیتیان له باشوری رۆژهه‌ڵاتی که‌رکوکه‌وه‌ گرنگترین پاڵاوگه‌ی نه‌وت که‌ بێجیه‌ و به‌شێکی شاره‌که‌ش ئازاد بکه‌ن . ئه‌مه‌ش رێخۆشکه‌ره‌ بۆ هێرش کردنه‌ سه‌ر گه‌وره‌شاری موسڵ و پێگه‌ گرنگه‌کانی تری داعش له ده‌وروبه‌ری که‌رکوک . ئه‌م کاره‌ش به‌دڵنیاییه‌وه پێویستی به‌ کورده‌کانه‌ .‌ به‌ڵام له ئێستادا به‌وه‌ ناچێت ئاسایش و هێمنی کوردستان بۆ ئه‌مه‌ به‌رقه‌رار بێت .

ناڕه‌زایی دژ به‌ بارزانی

ڕه‌وشه‌که‌ له‌ ته‌قینه‌وه‌دا‌یه‌‌ : سه‌رۆکێک ، که‌ به‌ کورسییه‌که‌وه‌ چه‌سپاوه‌ ، حکومه‌تێک، که‌ ناتوانێت چی دی موچه‌ بدات ، دانیشتوانێک ، ناڕه‌زایی تێیدا گه‌شه‌ ده‌کات . چه‌ند هه‌فته‌یه‌که‌ هه‌زاران که‌س دژی حکومه‌ت خۆپیشاندان ده‌که‌ن . له‌ چه‌ندان شاره‌وه‌ خه‌ڵک ده‌چنه‌ به‌رده‌م نوسینگه‌کانی حزبه‌که‌ی بارزانی پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌ داوای ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی ده‌که‌ن . له‌م نێوانه‌دا له‌ هه‌ردوو شاری قه‌ڵادزه‌ و که‌لار پێکداپڕژان و توندوتیژی روویداوه‌ .
خۆپیشانده‌ران نوسینگه‌کانی ئه‌و پارته‌یان به‌ردباران کردوه‌ ، پاسه‌وانه‌کانیش ته‌قه‌یان لێکردون، به‌ پێی قسه‌ی بینه‌رانی رووداوه‌کان . نوسینگه‌کانی پارتی دیموکرات ئاگریان تێبه‌ردراوه‌ ، به‌ پێی راپۆرتی رێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ ( هیومه‌ن رایتس ۆچ ) پێنج خۆپیشانده‌ر کوژراون . هه‌ر له‌وباره‌وه‌ پارتی دیموکرات که‌ناڵی ته‌له‌‌فزیۆنیی سه‌ربه‌خۆی نالیا (NRT) و که‌ناڵی ئۆپۆزسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی ناچار کردوه‌ ، تا نوسینگه‌کانیان له‌ هه‌ولێر دابخه‌ن. هه‌رچه‌نده‌ دواتر په‌یامنێره‌کان توانیتیان ده‌ستبه‌کاره‌کانیان بکه‌نه‌وه‌ . به‌ڵام رۆژی چوارشه‌م دیسان که‌ناڵه‌که‌ رایگه‌یاند که‌ کارمه‌ندێکیان به‌ پێش چاوی کامێرای چاودێرییه‌‌وه‌ ده‌ستگیرکراوه‌ته‌وه‌ .

نوێنه‌رانی پارتی لێپرسراوێتی خۆپیشاندانه‌کان ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی ( بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ) ، که‌وا خۆپیشاندانه‌کان له‌ قه‌ڵای به‌هێزی ئه‌وان واته‌ ناوچه‌ی سلێمانی چڕ بۆته‌وه‌ . که‌وا پێش شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌یه‌کی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ و ئه‌مرۆش بووته‌ دووه‌م به‌هێزترین پارتی سیاسی له‌ کوردستاندا . ئه‌و لایه‌نه‌ سه‌‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستانی داناوه‌ و له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌کێتی و دوو پارتی ئیسلامیدا تا ئێستا له‌ حکومه‌تیش ماوه‌ته‌وه‌ . به‌ڵام ئه‌‌مه‌‌ رێگری له‌وه‌ نه‌کرد ، که‌ هه‌ندێک پێشمه‌رگه‌ هه‌فته‌ی رابردوو له‌ خاڵێکی کۆنترۆڵدا رێگه‌ی چوونه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر له سه‌رۆکی په‌رله‌مان یوسف محه‌مه‌د قه‌ده‌غه‌ بکه‌ن! سه‌ره‌کوه‌زیران نێچیرڤان بارزانی برازای سه‌‌رۆکی هه‌رێم، هه‌‌ر پێنج وه‌زیره‌که‌ی گۆران له حکومه‌ت بکاته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ نێویاندا وه‌زیری کاروباری پێشمه‌‌رگه‌ش هه‌یه‌ .

کوردستانی دووله‌ت

نوێنه‌ری گۆڕان قسه‌ له‌ روودانی کوده‌تا ده‌کات . پارتیش له‌ لایه‌نی خۆیه‌وه‌ گۆران به‌وه‌ تاوانبار ده‌کات ، که‌ وا کوردستان تێکده‌ده‌ن . له‌ ناوه‌نده‌وه‌ ( مه‌به‌ست پایته‌خته‌ – و. ) چه‌ند مانگێکه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی بارزانی به‌رده‌وامی هه‌یه‌ ، که وا له‌ ساڵی ٢٠٠٥ ه‌‌وه‌ له‌سه‌ر کورسییه‌که‌یه‌تی . کاتی پۆسته‌که‌ی به‌فه‌رمی ساڵی ٢٠١٣ کۆتایی هاتوه‌ . ئه‌و کات پارته‌کان کاتێکی درێژکردنه‌وه‌ی ته‌نها جارێکی دوو ساڵییان پێبه‌خشی ، که‌وا له‌ ٢٠ی مانگی ئاب کۆتایی هات . به‌ڵام بارزانی بیر له‌ ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ ناکاته‌وه‌! ئه‌و پشت به‌ بڕیاری دادگایه‌کی دادوه‌ریی ده‌به‌ستێت ، که‌وا بارزانی تا هه‌ڵبژاردنێکی تر له‌ پۆسته‌که‌‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت . به‌ڵام سه‌ربه‌خۆیه‌تی ئه‌و دادگایه‌ دیاره‌ جێگه‌ی گومانه‌ . بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که‌ پرۆژه‌ بڕیارێک ، که‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان جگه‌ له‌ پارتی پێشکه‌‌شیانکردوه‌ و په‌رله‌مان به‌هێز ده‌کات ، جێبه‌جێبکرێت ، که‌وا سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت .

ململانێکه‌ له کوردستاندا برینی کۆنی کولاندۆته‌وه‌ . ڕه‌وشێکی وا له‌ کوردستاندا دروست بووه‌ هاوشێوه‌ی ساڵانی نه‌وه‌ته‌کانی کاتی جه‌نگی ناوخۆ ، وه‌ک کورده‌کان ده‌ڵێن : هه‌رێمه‌که‌ به‌سه‌ر دوو له‌تدا دابه‌شبووه‌ته‌وه‌‌ ، له‌ ناوچه‌کانی دهۆک و هه‌ولێر ، پارتی دیموکرات ده‌سته‌ڵاتی هه‌یه‌ ، له‌ کاتێکدا له‌ ناوچه‌کانی سلێمانی و هه‌ندێک ده‌ڤه‌ری که‌رکوکدا ، گۆڕان و یه‌کێتی ده‌ستیان ده‌ڕوات .
واشینگتۆن ده‌ڵێت : بڕیاردان له‌ سه‌رۆکایه‌تی کێشه‌یه‌کی ناوخۆییه‌ . ئه‌گه‌ر ململانێکه‌ زیاتر په‌ره‌بسه‌نێت ، دیاره‌ که‌ کورده‌کان چه‌که‌کانی ئه‌مریکا بۆ جه‌نگی دژ به‌ داعش پێی داون ، دژ به‌یه‌کتری به‌کاری دێنن .

سه‌رچاوه‌ : nzz.ch