Kiven-Robbins

کیڤن ڕۆبنس : شار لەمەوداکانى بینیندا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەئینگلیزییەوە ـ یوسف عیزەدین

سپێدەیەک ، ئەودەمى بەبەردەم مەغازەیەکدا تێدەپەڕین … مارینا ڕوانییە تەلەفزیۆنى پشت جامخانەکە ، پەشۆکاو زۆر بەسەرسامییەوە کەوتە تێڕوانینى ، چونکە شتێکى سەرنجڕاکێشى کەوتبووە پێشچاو . لێش ڕوانییە هەمان ئەو شتەى کە مارینا تەماشاى دەکرد . هەردووکیان دەستى ژونێیان گرتبوو ، کەلەنێوەڕاستى هەردووکیاندا بوو .. لەڕاستیشدا ئەو شتەى کەلەتەلەفزیۆنەکەد ا ، بەسەرسامییەوە تێیان دەڕوانى ، خۆیان بوون .
مارینا بۆ تاوێک لەخۆى و ئەوانى ڕوانى ، پاشان هەروەک پێشتر، کەوتەوە تەماشاکردنى تەلەفزیۆنەکە .

دۆن دەلیلۆ
لەڕاستیدا هەموومان پەى بەو حەقیقەتە دەبەین کەهێشتاکە هەمان هیواو خواست و پێداویستییە دێرینەکانى مرۆڤ ئێخەمان پێدەگرێت و ناچارین ئاوێتەو ئاوێزانى هەمان کۆلەکتیڤى شار ببین و ڕیتمى حەز و ئارەزوو و ویستەکانمان نەشێوێنین و هەوڵى دەستەبەرکردنى هەموو ئەو شتانە بدەین کەبەلامانەوە مەبەستە .
بەڵام دیارە لەمڕۆدا بەحوکمى کاریگەرى فیزیۆن ، هەموو ئەو هاوکێشەیەى پێشوو ، لەبەردەم ئاستەنگێکى نوێدایە .
ژ. ب . پۆنتالیس” دەڵێت : هەموو ئەو شتانەى کەنامانەوێت لەدەستى بدەین .. پێدەچێت هێدى هێدى لەبەرچاوان وون ببێت و نەمێنێت .
ئێمەى مرۆڤ ناچارین تەماشابکەین و ببینین ، دیارە تەنها تەماشاکردن و بینینیش بەس نییە ، بەڵکو دەبێت ڕێگەچارە بۆ ڕەوینەوەى خەمەکانمان بدۆزینەوەو لەوەش دڵنیابین کەهێشتاکە ئازیزان و خۆشەویستانمان وەک ئێمە بیردەکەنەوە .
پۆنتالیس” گوتەنى : گەر لەبەر بینینى هەموو ئەو شتانە نەبێت کە لەدنیادا ون دەبن و نامێنن ڕەنگە خەون دیتن ، ئاستەم ببایە .
تۆ بڵێى هێشتاکە شتێک لەسیماکانى شار وەک خۆى مابێتەوەو بەتەواویى لەبەرچاوان ون نەبووبێت؟
شایانى باسە سەرجەم خەسڵەت و سیماکانى شار ، بەشێکى گرنگى هەست و نەستەکانمانى داگیرکردووەو کاریگەرییەکى ڕاستەوخۆى لەسەرمان هەیە .. هەربۆیە هەردەم پێویستمان بەبینین و ڕاڤەکردنى ناسنامە کۆلەکتیڤییەکانى خۆمان هەیە ، تا بتوانین چ لەشاردا بگوزەرێین و چ ئیدامە بە پرۆسەى سەیرکردن و بینین بدەین .
بەڵام داخۆ چلۆن لەمڕۆدا دەکارێت مامەڵە چ لەتەک شار و چ لەگەڵ کەرەستە و ئامێرە تەکنۆلۆژییەکاندا بکەین؟
چلۆن دەتوانین لەتەک گشت ئەو شتگەلانەدا هەڵبکەین ، کەلەنێو خودى شارەکانى خۆماندا دەمانکاتە سەیرکەر و ناچارمان دەکات کەچاوێک بەشوناسنامەى کۆلەکتیڤیانەى شارى بوونى خۆماندا بگێڕین ؟
دەبێت ئاگادارى ئەوە بین و بزانین کەکلتوورى شار و مەدەنییەت ، لەسەر ڕووى سکرینە ئەلکترۆنییەکان ، چۆن چۆنى و بەچ شکڵ و شێوەیەک دەخرێتە ڕوو و پیشان دەدرێت.
چۆن چۆنى فیزیۆن و پۆست مۆدێرن ، پێکەوە دەگونجێن و سەردەمى پاش سینەماش چلۆن کاریگەرییەکى لەسەرمان هەیە ؟
جێگەى باسە لەئێستادا و لەنێو سەرجەم شارەکاندا ، کامێرا بەچەشنێکى ترسناک ژمارەى لەزیادبووندایەو لەهەموو سووچ و سیلەو گۆشەو پەنایەکەوە ، بەردەوام تێمان دەڕوانن و سەرەتاتکێمان دەگەڵ دەکەن .. لەسەر ساختمان و بینا بەرزەکانەوە ، لەسووچى شەقام و کووچەو کۆڵانەکانەوە .. لەنێو بانک و مەغازەو دوکانەکانەوە ، دەتوانین بێژین لەهەموو شوێنێکەوە موراقەبەمان دەکەن و هەموو جووڵە و هەڵس و کەوتێکمان تۆمار دەکەن .
ئیدى لەهەر شوێنێک بین ، دەکرێت لەسەر ڕووى سکرینەکان وێنەى خۆمان ببینین ، هەروەک دۆن دەلیلۆ – دەڵێت : مرۆڤ لەمڕۆدا بۆتە کەسى سێیەم . بۆخۆى بۆتە موخبیر و جاسووسى خۆى ، هەموو ژیانى لەبەردەم کامێراو لەنێو تەلەفزیۆنەکاندا دەباتە سەر ، هەر لەڕێى کامێراشەوە ساتەوەختى کوشتنى کەنەدى” تۆمارکرا .
جێگەى باسە تۆمارێکى ڤیدیۆیى ” ڕۆدنى کینگ” ، سەبارەت بەلێدان و شەل و کوتکردنى ” جۆرج هۆک ” لەلایەن پۆلیسى لۆس ئەنجڵس ـەوە ، وەک بەڵگەیەک لەدادگا بەکارهێنراو پۆلیسەکان مەحکوم کران.
گۆڤارى News week سەبارەت بەزۆربوونى ئەو کامێرانەى کەئێستا لەئەمریکاداو لەهەموو شوێن و جێگەیەکەوە وێنە دەگرن ، دەڵێت: لەئێستادا 14 ملیۆن کامێرا لەبۆسەدان و بەردەوام وێنە دەگرن .
لەمڕۆدا شار بۆتە مۆزایکێکى ( میکرۆ ـ فیزۆنى ) ، کەهەمیشە لەڕێى کامێراکانییەوە هەموو هەڵسوکەوتێکى خەڵکى تۆمار دەکات و دەزانرێت کەى و کێ لەکوێدا چ تاوانێکى کردووە و … تاد. لەخۆپیشاندانەکانى ساڵى 1991-ى بەریتانیادا ، کامێراکان هەموو هەڵسوکەوتێکى خۆپیشاندەرانیان تۆمارکرد … بەشێوەیەکى گشتى کامێرا ، ئۆتۆمبیلە تیژڕەوەکان و پۆرنۆگرافى و هەموو ڕووداوو و کردارێک تۆمار دەکات .
هەموو ئەو کانگستەرە گەنجانەى کەلەشەوى تاریک و ئەنگوستەچاودا ، دەکەونە جموجۆڵ و دەست وەشاندن .. دەکرێت لەسەر ڕووى سکرینەکان ، وێنەى خۆیان و کار و کردەوەکانیان ببیننەوە ، هەر ئەمەش بۆتە هۆى ئەوەى کەکانگستەرە گەنجەکان ، زیاتر تام و چێژ لەکردەوە توند و تیژەکانى خۆیان ببیننەوەو خۆیان وەک قارەمانێک بێتە پێش چاو.
هەر بۆیە وێنەگرتنى ڕاستەوخۆ و ڕیپۆرتاژ ، بۆتە مایەى زەوق و سەقافەیەکى نوێى بینەران . کە بە ” تەلەفزیۆنى نوێ و ڕیالیستى” ناودەبرێت . لەمڕۆدا نهێنى و پەنهانى نێو کووچەو کۆڵان و شەقام و تەنانەت نێو ماڵانیش ، وەک خۆى تۆماردەکرێت و پاشان هەموو کەسێک لەسەر شاشەکانى تەلەفیزیۆنەوە دەیبینێت .
سەرەتا خەڵکانێک هەموو ئەمانەیان پێ شتێکى باش بوو .. بەڵام دواتر ئەو ڕاستییە ئاشکرابوو کەتابڵێى کارێکى مەترسیدار و ترسناکەو کاردانەوەیەکى نێگەتیفانەى لەسەر بینەران هەیە .
ئەلاین ئێرەنبێرگ” سەبارەت بەم دیاردەیە دەڵێت : تەلەفیزیۆن بۆتە مایەى دەستپێکى پێکدادانێکى نێوەکى و خودیى نێو کۆمەڵگاو پەنجەرەى تەماشاکردنى شتەخراپەکان .
میچێل مافیسۆلى” دەڵێت: لەجێى ڕاسیۆنالیزم و بەکارهێنانى ئەقڵ .. فیزیۆن سۆز و عاتیفەمان دەبزووێنێت .
هەروەک ” جان لویس ” یش ئاماژەى بۆ دەکات ، تەلەفیزیۆن ناهێڵێت لەدوورەوەڕا لەڕووداوەکان بڕوانین ، بەڵکو ڕاماندەکێشێتە ناو ڕووداوەکان و ناچارمان دەکات کەبەشدارى تێدا بکەین .. بەڵام دیارە بەشداربوونێکى بەدەر لەڕاستگۆیى و حەقیقەت .
تەلەفیزیۆن ڕیالیتە و پۆست مۆدێرنیزم و سیماکانى شار ، پێکەوە هەڵدەشێلێت و بەرەو گومڕابوونمان دەبات .. گەرچى خودى ژیانیش لەبەرچاوماندا بەرجەستە دەکات ، بەڵام لەڕێیەکى دیکەوە ، ڕێ لەهەموو خەیاڵکردنەوەیەکمان دەگرێت .
ئیماژى ئەلەکترۆنى ، کەلەتەلەفیزیۆندا خۆى دەنوێنێت ، وجودێکى ئەلەکترۆنیمان بۆ بەرجەستە دەکات و هەر لەومیانەشەوە هزرمان دەبزوێنێت و دەمانباتە نێو دنیاى” Show ” و سەرمان وەگێژ دێنێت .
پاسکال پۆنیزەر” پێى وایە تەلەفیزیۆن بەحوکمى دووبارەکردنەوەى دەیان جارى هەمان وێنە و دیمەنى ڕووداوەکان ، دووچارى لەبیرچوونەوەمان دەکات و پێوەندییەکانمان دەگەڵ دنیا بەرەو لاوازى دەبات .. تەلەفیزیۆن بۆتە نوێنەرى شار و مەدەنییەتى ئێستامان ، ئەو بەرەو کوێمان بەرێت ، ئێمەش بەرەو ئەوێ دەچین .
لۆژیکێکى “inter activity” یمان لا دروست دەکات و ناهێڵێت هەست بەئێش و ئازارى کەسانى نێو ڕووداوەکان بکەین و تەنها بۆ ساتێک سەرساممان دەکات . گەرچى هیچ بەهایەکى ڕەوشتى لەوەدا نابینرێتەوە کەپیشان دەدرێت … ڕاشکاوانە دەتوانین ببێژین ، تەلەفیزیۆن مەست و سەرخۆشمان دەکات .
لەکاتێکدا ” تۆماس ئۆگدین ” ، سەبارەت بەسینەما پێى وایە ، بەو پێیەى کەسینەما مەودایەکى لەنێوان خوودى خۆى و ژیاندا دەهێشتەوە ، زێدەتر وەک گەمەیەک دەهاتە پێش چاوى بینەران ، بەڵام پاش سەردەمى سینەماو لەئێستادا گەر لەڕوانگەیەکى ” پارانۆید شیزۆد ” ییەوە بڕوانین ، دەبینین هەستەکانمان بەتەوایى ئیفلیج بووەو سیمبۆلەکان بەتەوایى تێکەلڕ و نادیارن .
بەپێى بۆچوونى ” ئۆگدین “، دەرئەنجامى پێوەندى سیانى نێوان سیمبۆل و شتە بەسیمبۆلکراوەکەو خوودى شتەکە بەتەواوى لێک هەڵوەشاو و بێ شیرازەیە .. هەر بۆیە خودى شتەکەمان لێ بزر دەبێت و پەى پێ نابەین و تەنها بابەتەکە لەبەرچاوماندا بەرجەستە دەبێت .
لەئێستاى شار و مەدەنییەتدا گەرچى تەلەفیزیۆن وەک پیشاندەرى خودى ڕاستییەکان دەناسرێت ، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەى کەپیشانى دەدات دوورە لەحەقیقەت و ڕاستى . چونکە تەنها ئیماژى کەس و شتەکانمان پیشاندەدات و لەخوودى ڕاستى ڕووداوەکە دوورمان دەخاتەوەو هیچ مەودایەک ناهێڵێتەوە بۆ دەربازبوون و چارە دۆزینەوە .. هیچ مەودایەک ناهێڵێتەوە بۆ خەون بینین .
دەبێت بەدەر لەویستى خۆمان وێنەى شارە لێک هەڵوەشاوەو پارچە پارچە کراوەکان ببینین کەهیچ بەهاو سیمبۆلێک پێکەوەیان گرێ نادات .
ئیدى ئێمە لەنێو کلتوورى شار و مەدەنییەتدا ناژیین .. بەڵکو هەریەکەمان بەڕێکەوت ، لەزنجیرەیەکى تەلەفیزیۆنیدا ، ڕۆڵێکى پڕوپووچ و بێ مانا دەبینین ؟

ژێدەر :Into the image/culture and politics in the field of vision/ Kevin Robins/1996-Routledge

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت