Imad-Ali-003

عیماد عەلی : گۆڕان باجی هەڵە ستراتیجیەکەی خۆی دەدات .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پێشتر لە دوتوێی سێ نوسیندا باسی ئەوەم کرد ، کە
یەکەم : هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕان قازانجی دەبێت بۆ هەمووان .
دووەم : هاوپەیمانی پارتی و گۆران قازانجی نابێت بۆ هەمووان .
سێیەم: بەشداری گۆڕان لە حکومەت هەڵەیەکی ستراتیجیە بۆ گەلی کوردستان .
دیارە خوێندنەوەی واقعی سیاسی ئەو کاتە ، بە پشت بەستن بە مێژووی خەباتی ئەم لایەنانە و رەفتار و مامەڵە کردنیان لەگەڵ بارودۆخ و پێشهاتەکان و ، عەقڵیەت و سیاسەتی سەرکردەی ئەم حزبانە و دیدگایان بۆ خەباتی گەلی کوردستان و ، ململانێکانیان و روانینیان بۆ دیموکراسیەت و ئازادی و یاسا : لە رووی بارودۆخی خودیەوە ، لەگەڵ بارودۆخی کوردستان و نەبونی ئۆپۆزسیۆن ، بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ و داهێنانی نوێ لەم بارەوە و وەزعی ئیقلیمی و پەیوەندیەکانی وڵاتانی ناوچەکە بە هەرێمەوە و بارودۆخی ئابوری هەرێم : وەک بارودۆخە بابەتیەکە ، پەنجەرەی تێروانینی ساکار و سادەی من بوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و پەیوەندیەکانی ئەم سێ لایەنە بەیەکەوە .
ئەگەر ناوەرۆکی نوسینەکان دوبارە نەکەمەوە ، لێرەدا دەڵێم : بزوتنەوەیەک یان حزبێکی تازە هەڵقوڵاوی منداڵدانی رەوشێکی وەک کوردستان ، لە سەرجەم بوارەکانیەوە و بە تایبەتیش بە سەرکردایەتی خەڵکێکی قاڵبوی نێو کۆری خەباتی شاخ و ، ئەو ململانێیەی کە بۆ هەمووان روونە چۆن بەرێوە چوو ، تا رادەی شەری نێوخۆ ، بەڵام لەم کاتەدا بە ریتمێکی نوێوە ، پرکردنەوەی بۆشاییەکی زۆر گەورەی کاروانی حوکمرانی کوردستان بوو ، لە کاتێکدا کە پێویستیەکی زۆر گەورەی وەزعی سیاسی و لە ئانوساتی تایبەتی کوردستانیشدا بوو، کە بزوتنەوەی گۆڕان بە جوانی پری کردەوە و ئۆپۆزسیۆنی سەردەمانەی داهێنا و گۆڕانکاریەکی رێژەیی لە رەوتی ژیانی سیاسی و بەرێوەبردنی کاروباری حزبی لە هەرێمی کوردستاندا کرد و ، دەتوانین بڵێین ، کە نەوشیروان موستەفا بە پێی مێژوو و پێگە و جەماوەرێتیی ، داهێنەری ئەم تازەگەریە بوو لە کوردستاندا . کارێکی زۆر ماقوڵ و سیاسەتێکی حەکیمانەی لە لایەنی رەفتاری ستیراتیجی گشتی کوردستاندا بەرێوەبرد و ، بۆ یەکەمجار کاری تەواوکاری سیستمی سیاسی دیموکراسی لە کوردستاندا تەواو کرد ، کە هیچ دیموکراسیەتێک بە بێ ئۆپۆزسیۆن کامڵ عەیار نیە لە هیچ شوێنێکدا ، بۆیە نەوشیروان موستەفا گەیاندیە تەواوعەیار و ، دەتوانین بڵێین رەوتی سیاسی کوردستانی پەراندەوە بۆ قۆناغێکی نوێی پێشکەوتوتر ، کە بە هیچ حزب و کەسێکی تر نەدەکرا .
زۆر کەس و ئێمەو مانانیش وتمان ، بەشداری کردنی گۆڕان لە حکومەت بەم شێوە و فۆرمەوە ، بە تایبەتی بە هاوکاری لەگەڵ لایەنێکی موحافزکار ، کە هەموو کەس دەزانێت دیدگای چۆنە بۆ کوردستان و وەزعە سیاسیەکەی و ، چۆن مامەڵە لەگەڵ یاسا و حزبایەتی و فکر و فەلسەفە دەکات و ، بە چ عەقڵیەتێک سیاسەتی هەرێمی کوردستان رایی دەکات و ، لە کاتی تەنگانەدا دەست لە چی ناپارێزێت ، جێگەی نیگەرانی بوو . ئەمە لە لایەک ، لە لایەکی ترەوە ، بەشداری سەرجەم لایەنەکان و حکومەتی بنکە فراوان ، واتە نەمانی ئۆپۆزسیۆنێک کە تازە لە دایکبووبێت : بەواتا دوبارە لەنگ کردنی سیستمی سیاسی و دیموکراسی لەکوردستاندا بە نەهێشتنی ئۆپۆزسیۆن ، کە ئەمە نە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و نەش خودی بزوتنەوەی گۆران و نەش هیچ لایەنێکی تردا بوو . بەڵکو گەورەترین لێدانی ئیدعائەکانی خودی بزوتنەوەی گۆرانیش بوو .
ئەگەر بەشداری کردنی گۆڕان لە حکومەت بە چەندین بەهانەوە بوبێت ، بەڵام سەرکیترین هۆکاری بەشداریەکە ترس بوو لە لاوازبون و هەڵوەرانی کادران و جەماوەرێتیەکەی لە لایەک و ، بەوهیوایەی کە لە دەسەڵات بێت و ، لایەنی تر جێگەی بگرێتەوە لە ئۆپۆزسیۆن و ، تا رادەیەک هەوڵی دەدا وەک بەدیلی خەڵکانی تر رەفتار بکات و لەقەڵەم بدات ، لە لایەکی ترەوە، کە ئەمە خاڵە لاوازە سەرەکیەکەی بزوتنەوەی گۆران بوو لەم ماوە زۆر کورتەی ژیانی سیاسییدا .
بۆیە وەک چۆن زەرەری بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەت بۆ خودی خۆی گەرایەوە و ، ئەمرۆ باجی ئەو هەڵەیە دەدات ، لەبەر ئەوەی بە کورسیەکی زۆر کەمەوە بێ ئەوەی بتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست و خەڵکی تر هاوبەشی ئەو بن ، کەچی بە بەشداریەکی لاواز رازی بوو نەک هاوبەشی ، یان ئەوەتا نەیدەازنی کە بەشداری حکومەتێک دەبێت کە لایەنێکی دیاری دەسەڵاتەکە بەو نایەتە ژێر باری پەرینەوە بۆ دونیای سەردەم و سیاسەتی تازەگەری و گواستنەوەی کوردستان بۆ قۆناغێکی نوێ و نمونەیی لە ناوچەکەدا ، یان وەک حزبە کلاسیکیەکانی تر تەنها بەرژەوەندیە تەسکەکەی خۆی لەبەرچاو گرت . بۆیە وا ئێستا گۆڕان بە خۆی باجی رەفتار و هەنگاوەکانی خۆی دەدات، نەک خەڵکی تر .
بەڵام ئێستاش و لەم کاتەدا ، بزوتنەوەی گۆران دەتوانێت بە خۆداچونێک و بە سیاسەتێکی حەکیمانە ، ئەم قۆناغە بپەرێتەوە و ، سەرجەم بەڕەکە بێنێتەوە ژێر پێی خۆی و ، وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ئیجابی لە خەباتدا بەردەوام بێت و ، قەرەبوی ئەم دوو ساڵە بەفیرۆچوەی بکاتەوە ، تاوەکو لە بارودۆخێکی باشدا بە گۆرانێکی هەمەچەشنەوە جڵەوەکە بگرێتەوەدەست ، ئەمەش نەک تەنها بە خۆی بەڵکو گەلی کوردستان بە گشتی قازانج دەکات .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر