ئەبوبەکر جاف : سلێمانی ـ دیدگایەكی سۆسیۆلۆژی ,

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سلێمانی شارێكە لە شعرییەتدا .
سلێمانی لە زماندا ، زمانی سلێمانی

بوون و ئەكت و فاكتێك لەمڕۆدا ، پێش ئەوەی بوونێك بێت لە ئاستی جوگرافی ، مێژوو ، یادەوەری ، ستراكتورو پەیوەندی كۆمەڵایەتی …. بونێكە لە زماندا.یاخود بڵێین كە ئاستەكانی دیكەی فاكت و ئەكتێك لە زماندا بە باشیی و بە ڕونیی دەردەكەوێت.زمان ئەو ئاست و شوێن و تۆبۆگرافیایەیە كە ، بوون و هەبوونێكی تێدا مانێڤست دەبێت . زمان بە تەنیا گرامەرو سێنتاكس و گۆكردن و پرۆناونسایۆن نییە ، ئەمانە لە ئاستێكدا پێكهێنەری زانن ، بەڵام ، ئەمانەش مەحكوم و ناچارن بە بونێك كە ، زمان ملكەچ و ناچار دەكات بە فۆرم و شێوازی دەركەوتن و فۆرمیولەبوون ، تا لە ڕێگایەوە پارێزگاری لە شوناس و پارێزگاری لە بەردەوامیی خۆیی و پارێزگاری لە خۆپاراستن و خۆجیاكردنەوە بكات لە بەرانبەر ئەویدیكە . زمان ، بوون و دەفرو ماڵی بوون ، واتە شێوازو ستایڵی ژیان و ژیانكردن و ژیان ئەزموونكردنە . زمان لەوە دەرچووە ماكینەو ئامارازی گەیاندن و پەیوەندیی و كۆمۆنیكەیشن و گەیاندنی زانیاری بێت .
زمان خۆ تەجەللاكردن و بەردەوامیدانە بە خۆ ، خۆ جیاكردنەوە و شوناس بە خۆدان ، ژیان و زیندوێتی بە خۆدانە . زمان خۆی ستراتیژو ستراتیژی بەرهەمهێنانەوەو خۆ بەرهەمهێنانەوەیە . ستراتیژی زمان ، هەیمەنەو ئاراستەكردن و ڕێكخستن و فۆرم پێبەخشینە . زمان گوزارشت لە جەوهەرَیك ناكات ، جەوهەر و ماهییەت پێدراو ، دراوێكی زمان و زمانەوانییە . واتە ماهییەت و جەوهەری فاكت و بوونێك ، بوونێكن لە زمانا و لە زمانیشدا خۆیان نوێدەكەنەوەو فۆرمویلە دەبن و فۆرمی نوێ وەردەگرن . سلێمانی زمانە لەو ئاست و شوێن و جوگرافیاو تۆبۆگرافیاو گەمەكردنانەدا كە خۆی پێ بەرهەمبهێنێت و خۆی پێبەرهەمبهێنێتەوە .
زمان ئاستی ناوەكیی و هەناویی جیگیرو ستانداری هەیە ، ئەگەرچی مەحكومیشە بە گەمەی زمان . زمانی سلێمانی زمانی ئەفسانەو پاڵەوانێتی و ئاماژەو هێماو دال و مەدلولی تایبەت بە خۆیەتی . سلێمانی لە ئاستەكانی موفرەدەو ڕێكخستنی سێنتاكس و ڕیتم و ئیقاع و چۆنێتی گركردن و تۆبۆگرافییاو بەرزونزمی دەربڕین و خواردنەوە ، وەستان و هەڵوێستەكردن ،سیحری تایبەت و چیرۆكی تایبەت بە خۆیەتی . زاڵبوونی دیالێكتی سلێمانی و زاراوەی سلێمانیی و ئاستە زمانەوانییەكانی سلێمانی لە باشوردا ، هەمیشە ستراتیژیی هەیمەنەو زاڵبوون و سەیتەرەكردنی بەرهەمهێناوە . ئەكتەرێكی ناو زمانی سلێمانی و شێوەزاری سلێمانی لە ناو زمان و ڕێكخستنە زمانییەكانیدا شەرعییەت و سەرمایەی ڕابەرایەتیكردنی كایەكانی ” سیاسی ، كولتوری ، ستایڵی ژیان ، ئەزموونكردنەكان و لە پێشینەییبوون …” بە خۆی بەخشیوە . سلێمانی زمانێكی پڕ غرورو ئیگۆیەكی بە سێنتێربووی ناو پرۆسێسیوسەكانی سێنترالیزاسیۆن و بە سەنتەربوون و خۆ بە سەنتەركردنە . مەرج نییەو مەرج نەبووە سلێمانی تەنیا یەك ئاستی دەركەوتنی زمان و زمانەوانیی هەبێت ، هەر گەڕەك و شوێن و گوندو كەس و خێزان و كەس و تاك و گردبوونەوەو شێوازو ئەكتنواندن ،، چیرۆكێكی زمانی پێوە لكێنراوە . زمان دەركەوتووترین ئاستی دەركەوتن و خۆنواندن و نوێنەرایەتیكرنە ، زمان پڕجوڵەترین ئەكتە لە دەرەوەدا ، واتە ناتوانێت لە ناو خۆیدا خۆی ڕاگرێت . زمان هەمیشە لە دەرەوەدایە بە پێچەوانەی بێدەنگیی و ئارامیی و كپبوون كە ، هەمیشە لە ونبوون و خۆشاردنەوە دایە . بەم واتایە : سلیێمانی شارێكە هەمیشە لە زماندایە . لێرەوە ئەنجامی ئەم هاوكێشەش وا دەكەوێتەوە كە سلێمانی لە دەرەوەدابێت . سلێمانی لە ئاستی فیزیكیش هەمیشە لە ماڵ هەڵدێت و ڕوو لە دەرودەشت دەكات . ڕوو لەو جوگرافیاو شوێن و پانتاییانە دەكات كە لە دەرەوەدایە .

سلێمانی لە دەرەوەدا .
ئاستی زمان ، ئاستی لە دەرەوەبوون و دەرچونێتی لە ماڵێكی بێدەنگ و كپ و ئارامدا . سلێمانی پێش هەر ئاستێك ، ئاستێكی دەركەوتنی دەرەكیی و دەرەوەی هەیە ، سلێمانی جۆرێك لە ( ترس و خۆفی ” لە نیشتنەوەو لە ماڵەوادابوون و نیشتەجێبوون و ئارامگرتنی هەیە . ئەو شوێن و ناوی شوێنانەی كە هەمیشە لە سەر زمانن و چیرۆكی پر جۆش و خرۆشیی و جوڵەییان هەبووە ، ئەو شوێنانەن كە فۆرمێكی دەرەوەكیی و بوون و شوناسێكی دەرەكییان هەبووە : شەقامی مەولەویی ، چاخانەی شەعب ، قاوەخانە كولتوریی و فەرهەنگییەكان ، سەهۆڵەكە ، كتێبخانەكان ، شانۆو سینەماكان , گۆیژەو ئەزمەرو بەرازاییەكان ، گردی سەیوان و مامەیارە ، گردی عەلی ناجیی و زەرگەتە ، گردی ڕعایە ، سەرای سلێمانی …. ئەم شوێنانەو شوێن و جوگرافیاكانی دیكەش كە پڕن لە حیكایەت و چیرۆك و ئەفسانەی پاڵەوانێتی و ڕیسك و ئەكت نواندن ، ئەو تۆبۆگرافییایانەن كە بەرزن لە ئاستی جوگرافیی و لە ئاستی زمان و زمانەوانیشدا . زاڵبوون و سەیتەرەو هەژموونی زمانی ئەم شوێنانە ، فەزای زاڵ و هەژموونی سیاسەت و كولتور و حكومەتداریی ڕابەرایەتیكردن لە خۆ دەگرێت . ئەم شوێنانە ئەگەر دەركەوتن و تەجەللابوون و مانێڤستبوونی وشیارییانەو و هەستییانەی نەبێت ، ئەوا دەركەتنی ” نەستی و نەستیی كۆیی و كۆنەستییانەی ” هەیە . واتە دەركەوتن و بەرهەمهێنان و خۆبەرهەمهێنانەوە لە ئاستێكی نائاگایی و نەستی كۆیی و تاكیی بە كۆبوودا . ئەوەی كە سۆسیۆلۆگی وەك ” پییەر بۆردیۆ ناوی ناوە ( هابیتوس ) ، واتە سروشت و جەبرو فیترەو ناچاریی و جەبرو حەتمییەتێك كە ، كەس و گروپ و گردبوونەوەیەك مەحكوم دەكەن بە نواندن و نوێنەرایەتیكردنی ئەكتێكی تایبەت و دیاریكراو بە خۆیان . سلێمانی ” جەوهەرو ماهییەت و ناوكێكی جێگیرو دامەزراو سابتی نییە “. سلێمانی فۆرمێكە لە ناو سەیرورەو بەرهەمهێنان و خۆبەرهەمهێنانەوەی بەردەوام و ناجێگیردا . هەمیشە لە دەرەوە بوون ، واتە بونێك بە سەر شەپۆل و بەرزو نزمیی و هەڵچوون و داچوونەكانەوە . بوونێك لە كپبوون و نیشتەجێبوون و نیشتنەوەو دامركانەوە ڕامكردن و دەستەمۆكردن دەترسێت .

سلێمانی لەچی هەڵدێت ؟
مێژووی دروستبوون و پێكهاتن و فۆرموویلەبوونی ئەم شارە ، مێژووی ئەو قەبیلەو كەس و خێزانەغلكراوەو كەوتووە خوارەوەن كە ، لە جێگەی دیكەوە هاتوون . سلێمانی كە ماهییەت و فۆرم و جەوهەرێكی سابت و جێگیری نەستییانەی نییە ، ژینیالۆژیای دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كۆچەرییانەی كە پێش ئەوەی بێنە سلێمانییەوە ، عائیلە موڵكدارە گەورەكان نەبوون . سلێمانی ئەو سەرمایەو دەستی كارو چیرۆك و غلۆربوونەوە و شۆڕبوونەوەو هاتنە خوارەوە و دابەزینانەن كە ” شەجەرەو ڕیشەیان لە شوێنێكدا ووندەبێت و دەبچڕێت “. واتە نوستالژیایەكی ” پێش سلێمانیبوون “، بوونی نەبووە بە شێوەیەكی گشتی . پیش سلێمانیی و نیوەی یەكەم و دووەمی سەدەی بیستەم كەم خێزان لە سلێمانید دەتوانن شەجەرەوە ئەسڵ و بوونیان ببەنەوە سەر كەس و حیكایەت و چیرۆكێكی دیاریكراو . بەم پێییە ناچاریی و حەتمییە بێ زاكیرەو بێ یادەوەریی هەمیشە بێتە ناو زمانەوە ، بێتە ماكینەی بەرهەمهێنانی زمان و حیكایەت و چیرۆك و ئەدەب و هونەرو شعرییەت و ئەكتێك كە ، كەمترین سەرمایەو شەرعییەت و ڕەوایی مێژویی – جوگرافیی – كەینوونەیی بوێت . سلێمانی ئەگەر لای نالیی و شێخ نوری شێخ ساڵح و كوردیی و مەحوی و قانع و مەدهۆش و جەمیل سائیب و ئەمین زەكی بەگ و … دەیانی دیكە بن ، ئەوا لە ناو زمان و موفرەدەو شعرییەت و یادەوەریی پڕ لە ئەكتی شعرییەتدان ، لە ئاستێكی بەرزو لە دەرەوەبوونی زماندا .

سلێمانی شاری شیخەكانە .
فەزای زاڵی سلێمانی فەزای ئەكتی شێخەكانی سلێمانی و ئەكتەرە شێخەكانی سلێمانییە . شێخایەتی لە سلێمانیدا تەكییەو مورید ڕاگرتن و دەف و سروتە ئاینییەكان نەبووە نییە ، لەوێ شێخەكان زیاتر دونیاویستیی و دونیاگەرو ستایڵێكی تایبەتی ژیانن كە ، جیاوازە لە مەلا و سەیید و پیاوانی دیكەی ئاینی . شێخەكانی سلێمانی و شێخایەتی لە سلێمانیدا مولكییەت و خاوەندارێتی زەوی و زارو و شوێن نەبووە . شێخایەتی سلێمانی جیاواز لە مامۆستایانی ئاینی و زوهد و تەسەوف و گۆشەگیریی و تەركی دونیاكردن و دوركتەوە ، دونیاویست و دەركەوتەی دونیایین . بەشداریی شێخەكان لە جوڵانەوەو جموجوڵ و بزاتە چەپەكانی نیوەی یەكەم و دووەمی سەدەی بیستدا ، ئەو حەقیقەتەمان پێدەڵێت كە : شێخایەتی لەو شارەدا سەرمایەیەكی مەعنەویی و ڕەمزیی و سیبۆلی بوە ، نەك تەكێ و خانەقاو گردبوونەوەی ناو سروتە ئاینییەكان . زۆربەی شێخەكانی سلێمانی لەو جوڵانەوەكانی ناڕەزایەتیی و بەرهەڵستكاریی و یاخبوون و سیاسیبووندا ، بە دونیاییكردنی تەقس و سروتە ئاینییەكان بووە نەك بە ئاینیكردنیان لە ناوفەزا بەرهەڵستكاریی و بەرگرییەكان . شێخ و شێخایەتیی و شێخگەاریی لە سلێمانیدا فەزاو تەقسی زاڵ و پڕ هەیمەنە بووە . بەڵام شێخەكانی سلێمانی زیاتر لە هەر چین و توێژوو بونێكی دیكە : ئەهلی كەیف و سەفاو باڕو نادی و خۆشنوودی بوون . ئەمەش تەواو بە پێچەوانەی زۆر گردبوونەوەو شاری دیكەی كوردستان كە شارو گردبوونەوەی مەلانشین و سەییدنشینن . شێخەكانی سلێمانی ، بوون و دەركەوتن و مانێڤستبوونیان لە زمان و زمانەوانیدایە لە بوارەكانی سیاسەت و ئەدەب و هونەرو شۆرشگێڕیی . سەرمایەو كاریزمای بزوتنەوەی حەققەو شێخانی شەدەڵەو شێخانی بەرزنجەو قەراخییەكان .

ستراكتوری پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان
پەیوەندی كەسێك بە كەسێكی دیكەوە ، پەیوەندی گروپێك بە گروپێكی دیكەوە ، پەیوەندی كەس و هێزەكان لە سلێمانیدا بەرمەبنای خەیاڵ و سەرمایەی ڕەمزیی و زمان و پانتاییەكی خزو لوس و سرك وەستاوە . پەیوەندییەكان ناچنەوە سەر ڕیشەو ڕەچەلەَكەكێكی گەرم و یەكانگیرو توند پێكەوە . مادامەكی ئێمە خاوەنی شارێكین لە دەرەوەدا ، ئێمە خاوەنی پەیوەندییەكانی دەرەوەو پەیوەندییە دەرەكییەكانی پانتاییەكین كە ، لە سەر بنەمای نا – خێڵەكی كلاسیكی بیناكراوە . پەیوەندییەكان لە سەر كۆموڵێك سەرمایە بینا كراوە ، كە ، زیاترو زیاتر ستراكتورێكی ڕەمزیی و مەعنەوییان هەیە .
سلێمانی خاوەنی ئەو ئامرازو و ماكینەنان نین كە ئینسان بە ترسنۆكی ببەستێتەوە بە زەمینەوە . سەرمایەو كەس و گروپی ترسنۆك ، ئەو كەس و گروپ و گردبوونەوانەن كە بەرژەوەندیگەراو پراگماتی و ڕۆژانەیین . سلێمانی خاوەنی كەمترین ئەو خێزانە مالیك و خاوەن موڵكدارە گەورانە بووەكە دەتوانرێت و دەكرێت بینای شارێكی پتەویی ساردو ناوەكیی لە سەر بینا كرت . سلێمانی لە ناو كۆمەڵێك سەرمایەی ماتریالیی ونا – ماتریالیی دەرەكیدایە . سلێمانی خاوەنی داهاتی خاكیی و موتەوازعانەیە كە هەمیشە دەیهێنێتە دەرەوە . واتە خاوەنی سەرمایەی شاراوەو نهێنی و كەڵكەڵەی كاپیتالیزمێكی كارگەو پیشەسازیی گەورەو ئامێرە گەورەكانی بەرهەمهێنان نین . سلێمانی شاری پیشەی بچوك و ڕۆژانەیی و عەمبارنەكردن و هەڵنەگرتنە . سلێمانی شارێكە لە دەرەوەدا ، بەو مانایەی هەرچی هەبێت بە ڕووت و قوتی دەیهێنێتە دەرەوە . ئا لێرەوە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لەم شارەدا لە ناو ئەو فەزاو پانتاییانەدان كە ، فازای گشتیی و كراوەو پێكەوەبوون و بەركەوتن و ڕووبەڕووبوونەوەن . حیكایەت و چیرۆكی بەریەككەوتنی كەسانێك لەوێ ، حیكایەتی زاڵی چایخانەو پارك و ڕێپێوان و قسەی خۆش و نوكتەو ساتیرن . ئەم ئەكتانەش لە دەرەوەدان , ئەم كردەو ئەكتانەش دەبێت لە دەرەوەدا بەرهەمبهێنرێنەوە . ئەوان ماڵ و ژیانی تایبەتی دێننە دەرەوەو پاشان دەیبەنەوە ناوەوە . ژیانی تایبەتیی و ماڵەوە لە سلێمانیدا دەرەوەیە لە ماڵەوەدا . پەیوەندییكانیش لە سەر خەیاڵ و بونیادی دەرەكی بینا كراوە . ئەو كتێبانەی باسی سلێمانیی و ژیان و ستایڵی ژیانكردن و ژیان ئەزممونكردن دەكەن لە سلێمانییدا ، باسی ئەو كەس و خیزان و عئایلەو ئەكتەرانەن كە ، لە ناو فەزای گشتیدا بوون . لە ناو ئەكتی دەستەجەمعیی و بەریەككەوتن و ئاڵو وێرو مامەڵەو فەزای دەرەوەدان . یادەوەریی شوێنەكان لە سلێمانیدا یادەوەریی ئەو شوێنانەن كە ، جۆرێك لە فەزای گشتی پێكدێنن . چایخانەكان ، سەیرانگاكان ، سەراو شوێنە كولتوریی و فەرهەنگییەكان ، شەقام و شوێنە گشتییەكان . بەم مانایە سلێمانی و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی ئەم شارە لە دەرەوەدایە . پەیوەندیی دەرەوەو زمانیش لە سەر حسابی پەیوەندییە تایبەتییەكان و پەیوەندیی خێزانییەكان تەواو دەبێت . ناتوانین بڵین پەیوەندی زاڵ و هەژومونكەرر لە سلێمانیدا دەچێتەوە سەر پەیوەندییەكانی خێزانی درێژوو كەس و كارو خزم ، واتە بەر مەبنای خوێن و ڕچەڵەك بینا كرابێت . ڕاستە تەقس و فەزای زاڵ ماوەیەكی درێژوو بە ئێستاشەوە فازاو زمانی شێخەكان بوو ، بەڵام شیخەكان نە خێزانی مالیكەو نە ستراكتورێكی گەرمی خێڵەكی بوون , پەیوەندی شێخ و مورید و مسكێن و ئاغا و دەرەبەگ و سەیید و غوڵام لە سلێمانیدا لە پاش بیستەكانەوە لەسەر بنەمای ماتریالیی و چینەبەندی پێك نەهاتبوو .

مۆدێرنیتێ و سلێمانی .
چارەكی یەكەمی سەدەی بسیت وبیستەكانی سەدەی بیستەم سەرتای بەریەككەوتنی كۆمەڵگەی ئێمەبوو لە گەڵ جۆرو فۆرمێك لە مۆدێرنیزاسیۆن و مۆدێرنیتێ و بە مۆدێرنبووندا . كۆمەڵگەی كوردی لە ڕێگەی خەیاڵەوە بەر جۆرێك لە مۆدێرنێتە بوو ، مۆدێرنێتێیەك زیاتر لە خەیاڵكردن و ئەدەب و هونەردا لەمسمان كرد . زمانی سلێمانی پێش هەر شێوەزارێكی دیكە بەر مۆدێرنیتێ و خەیاڵی مۆدێرنیتێ كەوت . چیركنووس و شاعیرو مێژوونوسەكانمان لە سلێمانی پێش هەر شوێنێك كەوتنە ژێر جەبری خەون و خەونبینین و خولیا و خەیاڵی ” یۆتۆپیایەك ” ی مۆدێرن و بە مۆدێرنكراو . چیرۆك و شعرو ئەدەبیات و ئەدەبیاتی سیاسیی و شۆڕگێڕی لە سلێمانیدا لای نەوەی یەكەمی مۆیرنخوازەكان و نەوەی دووەم و نەوەی سێیەمیش هەر لە سلێمانیدابوو . پەیوەندی بەغداووئەستەنبوول و سلێمانی پێش پەیوەندیی هەر شارێكی دیكە بوو . پیرەمێردو جەمیل سائیب و كەسانی دیكەی ناو پێشەنگی ئەدەبی كوردیی لەوێبوون . گۆران و قانع و بێكەس و سەرمایە ڕەمزیی و مەعنەوییەكانی دیكە هەڵگری سەرمایەی سلێمانیی بوون و سلێمانیش توانی ئەمان بكات بە سەرمایەی خۆی . سلێمانی ماكینەی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی گەورەی سەرمایەی سیمبۆلیی و مەعنەویی بەرهەمهێنانە . ئەوان كەمترین سەرمایەی ماتریالیی و زۆرترین سەرمایەی خەیاڵییان هەیە . مۆدێرنیتێ خەیاڵ و شعرییەت و ئەدەب لە سلێمانیدا پێش هەر شوێنێك جێگیر دەبێت و ئحتیوادەكرێت و ماڵیدەكرێتەوە . بەڵام بۆ شارێكی وەك هەوڵی جۆرێك لە كاپیتال و سەرمایەی ماتریالیی جێگیر دەبێت و زووتر بڵاو دەبێتەوە . سلێمانی نەیتوانییوەو ناتوانێت كاپیتالیزمی مالیی و كاپیتالیزمی ئابووری قوتبدات . سلێمانی ئەمانەش دێنێتە ناو خەیاڵەوە . بەمشێوەیە بەركەوتنی یەكەم و یەكەمین بەركەوتنی سلێمانی لە گەڵ مۆدێرنیتێدا لە گەڵ شەریكەو كارگە گەورەكاندا نەبوو ، بەڵكو لە گەڵ خەیاڵ و مەجازو پانتایی مەجازیدابوو . هەر بۆیە چەپیی سلێمانی و تێگەیشتنی سلێمانییانە بۆ ماركسیزم و چەپی پرۆلیتاری ، زیاتر خەیاڵیی و ئەدەبیی بووە تا واقعیی و بەركەوتنێك لە واقعدا . هێزە سیاسیی و شۆڕگێڕییەكانی ئیمەش بە شۆڕشی ئەیلولیشەوە كە یەكەمەین دراو و بەرهمی مۆدێرنیتێ سیاسیی و پارتایەتی دونیای ئێمە بوون ، بەركەوتنێكی سلێمانیانە بوو . ئەمە بۆ زۆربەی هێزەكانی دیكەی دونیای ئێمەش هەر ڕاستە . سلێمانی بە واتای گوتاری باو ، نەك وەك ئەكتەرو شوێن و جوگرافیاو مێژوو . نوێكردنەوەی ئەدەب و شعرو چیرۆك و ئەكتی سیاسیی و بەرگریی تەنزیمیی و سەرەتایی ئیدۆلۆژیاو گوتاریی ناسیۆنالیستی و چەپ و ماركسیزم و …

سلێمانی و یادەوەریی
سلێمانی یادەوەریی و زاكیرەیەكی دوورو پتەو و چڕی نییە ، ئەمەش یارمەتیدەربووە بۆ ئەوەی زۆر بە تەنگی كاڵبوونەوەی یادەوەرییەوە نەبێت بە تایبەت لەوشوێنەی كە دەبێتە شوناس و ناسنامەیەكی جێگیر . لە بەر ئەوەی یادەوەرییەكی دورو درێژ نییە ، ئەوا یادەوەری بەرهەمهێنان و یادەوەری بەرهەمهێنانەوە دەبێتە پیشەیەكی ئۆنتۆلۆژیی و سۆسیۆلۆژی گەوەری ئەم شارە . واتە كە دانپێدانانێك نەبوو لە ناو ئاركیۆلۆژیاو ژیینیالۆژیادا ، ئەو كاتە یادەوەری بریتییە لە ژیانی ڕۆژانەو مەسرەفكردنی حیكایەتی ڕۆژانەو خولقاندن و بەرهەمهێنانی . بە شێوەیەك دەرگیر بوون لە گەل شوناسی ” ئێستا ” بەرهەمهێناندایە، تا ئەو شوێن و پنتەی ئێستا دەبێت بە ڕابوردوو بە ئایندەش . سلێمانی لە بەر نەبوونی زۆر لە پێكهێنەرەكانی ڕابووردی ، ناچارە ئێستاو ئێرە بكاتە شوناسی مانەوەو جەنگ و شەڕو بەرگریی و بەردەوامیدان بە خۆی . ئێستای سلێمانی لە بیستەكانی سەدەی بیستەمەوە دەستپێدەكات و لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستداچڕوخەست دەبێتەوە . واتە لە گەڵ دەركەوتنی میدیا لە فۆرمە سەرەتاییەكانییدا ، و لە گەڵ دەركەوتنی چاپخانەو هەندێك ئامرازی زانیاریی و مەعریفە ، دەیهێنێتە ناو پانتایی گشتییەوە . یادەوەری بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوە بە هەمیشەیی . لە ڕێگەی چاپەمەنیی و زمان و ئاستەكانی گێڕانەوە لە ناو نوكتەو ساتیرو قسەی خۆش . سلێمانی مادامەكی لە ناو یادەوەریدا نییە بە قوڵی ، ئەو كەمترین شوێنی لە ناو پرسەو غەمگینی وناخۆشیی دورودریّژو تەنگ و چەڵمەی مەودا درێژدایە . حیكایەت تراژیدیی و مەئساتاوییەكانی بۆ ئەم شارە ڕاگوزەرن ، واتە نایكاتە تەنیا شوناسنامەو تەنیا اسنامەی خۆی . چیرۆك و پاڵەوانیی و خەیاڵ و بەردەوامیی و زیندوو بوون و زەیان لێدروست دەكات بۆ خۆی . واتە سلێمانی ماكینەی بەكارهێنانی هەموو شتێكی هەیە لە پێناو بەرهەمهێنامنەوەی خۆیدا . چەندێك تراژیدیاكان حوزوریان هەیە ، زیاتر كەسایەتی قسەخۆش و نوكتەچیی و موغامیرو سەركێش . ئا لێرەوە سلێمانی دەسبەرداریی حیكایەت و چیرۆك و یادەوەرییەكانی ناو شۆڕشی ئەیلول نابێت ، چونكە خۆی بكەری سەرەكیی و ڕۆڵگێڕی دیارو زەقی ناو ئەم شۆڕشە بووە . زاكیرەی شۆڕشی ئەیلول بۆ سلێمانی جیاوازە لە یادەوەرییان لە گەڵ گوڵان و پاش ڕاپەڕین لە گەڵ پارتیدا . هەمیشە نەوەی ڕابووردو پیر ، نەوەیەكی بە حەسرەتەوەبووی ڕابووردوو نییە كە گلەیی و گازندەو سەرزەنشتی زۆری یاخیبوون و دابڕانی نەوەی نوێ بكات . هەمیشە شەرعییەت و سەرمایەو واتاو ماناو ئەفسانە بۆ دابڕانت و ئەكت و ئەكتەری نوێ بوونی هەیەو كەمترین بەربەست و ڕێگر بوونیان هەیە . شەڕی نەوەو نەسلەكان كەمتر بەریەككەوتنی توندو زبر و ڕەق لە خۆی دەگرێت . جۆرو فۆرمی هەڵكردن و تەساموح و چاوپۆشین بوونی هەیە . یادەوەری سلێمانی لە ببستەكانەوە دەستپێدەكات ، تا ڕاپەڕین و لەوێشەوە دەكەوێتە ناو جۆرێك لە بۆشایی و خۆخواردنەوە و سوڕانەوە ، ئیدی لەو ساتەوە ناچارە بەبەرهەمهێنانی یادوەری دیكە . فۆرمی خۆ جیاكردنەوەو خۆ ئەدداكردنی دیكە .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت