talaban-u-Newshirwan

بەختیار شارەزوری : جیاوازی لە نێوان ونبونی مام جەلال و ونبونی نەوشیروان مستەفادا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە درێژایی مێژوو ، کورد لە ژێر کارگەری دابەشبونی هێزەکاندا بوە ، چی لە ڕوی سیاسی و چی لە ڕوی سەربازی و فەرهەنگییەوە ، هەر کات ئەم هاوکیشەیە تێک چو بێت ، ئەوا کورد بە پێی هەڵکەوتەی جوگرافی و پێگەی جیۆپۆلەتیکی و ئیکۆ سیاسیەوە بوتە خاڵی بەریەککەوتنی ئەم هێزانە ، ئەم دەوڵەتانە توانیویانە بە دنییایەک تاکتیکی سیاسی و دەمامکەوە کورد بۆ خۆیان بەکار بهێنن ، لە پاڵ هەمو ئەمانەشدا ، کورد نەیتوانیوە کاری چڤاتی بکات ، بەردەوام هەمو دیسپلینی حیزبی و ڕێکخراوەیی و بەهای نەتەوەیی لە یەک کەسدا کۆکردوەتەوە ، یان بڵێین لە سەرکردەیەکدا کۆکردوەتەوە ، هەر کات ئەم سەرکردە مرد بێت یان شەهید کرا بێت ، لەگەڵیدا کۆی بەهای نەتەوەی و هەتا حیزبیش کەوتوە ، دوای ئەمانە پێویستی بە چەند دەیەیەک هەبوە تا سەرکردەیەکی تر دروست دەبێت و بە هەمان فۆرم ، هەمو بەهاکان لە مێژوەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو فکر و جەستەی ئەم سەرکردەیە ، واتا هەمان دوبارەبونەوەی مێژووە بە فۆرمێکی تر ، لە زەمانێکی جیاوازتردا، ئەبینین لە شێخ سعیدی پیرانەوە بۆ بەدرخان پاشا و بۆ قازی محمد و بۆ مەلا مستەفا ، ئیترئەقڵێ سیاسی کوردی نەیتوانیوە لە دەرەوەی سەرکردەی کاریزمی ، گروپێک سیستمێک بەرهەمبهێنێ کە بتوانێت بەردەوامی بدات بە جوڵەی دەوڵەتداری و دۆسیەی نەتەوەیی ، پرسیارەکە لێرەدایە ئایا بۆ هەوڵ نادرێت بڕینێکی مێژووی لێردا دروست ببێت و کورد بەرهەمهێنی سیستم بێت.؟
* خۆ ئەگەر ئەم سیستمەی باسی دەکەین پاشایەتی و پشتاو پشت بێت ، ئەوا ئێمە لە قۆناغی میرنشینەکاندا دەژین ، کە ئەم دەسەڵاتانە بنەماڵەیی و پشتا وپشت بوە ، کە عوسمانیەکان سەپاندبویان بەسەر میرنشینەکاندا ، ئێمە دەبێت لە کویا بتوانین یارییەکی ڕنگاو ڕنگ و هەمەجۆر بە پی ی پێویستی یاری بەرامبەرەکانمان و ئەو سینارێو و تاکتیکانەی کە هەیە بکەین ، بە تایبەت لە نێوان ئێران و تورکیا و ئێران و ئەمریکا و ئەمریکاو ڕوسیادا ، ئێستە ئێمە بە پێ ی هاوکێشەی بەریەککەوتنەکانی وڵاتانی زل هێز و سەرچاوەی ئابوری و پێگەی جوگرافی و جیوپۆلەتیکی ، بوینەتە بەشێک لە بەرژەوەندی سیاسەتی جیهانی بە هەمو دەوڵەتە ناکۆکەکانیشەوە ، بۆیە کاتێک و ژینگەیەکی گونجاوە ، کورد بیر لەوە بکاتەوە کە بنەمایەک بۆ سیستم داڕێژێ و کارتەکان لە بەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنێ ، ئالێرەوە دەپرسین …ئایا کوردی باشور دەتوانێ لەم مۆتەکەیە ڕزگاری بێت ، مۆتەکەی سەرکردەی بێ بەدیل و سەرکردەی تەنهای حیزب …؟
* ئەگەر پارتی هەوڵی دابێت کار لەسەر مۆدێلی وەلی عهدی بکات و پشتا و پشت بێت و میرەکان حوکمی وڵات بکەن ، ئەوا لە زەمەنێکدا لە ئیبراهیم ئەحمەدەوە ، ئەو (نا) یە دروست دەبێت ، کە بڵێت دەبێت سیستم بنەماڵەیی نەبێت و سیستمی دیموکراسی بە مانا هەقیقیەکەی پەیڕەوە بکرێت ، لە ئیبراهیم ئەحمەدەوە تا شەهید ئارام و کۆمەڵە و تا یەکێتی و مام جەلال و نەوشیروان مستەفا بەردەوامی هەیە ، دەتوانین بڵێن زێڕینترین قۆناغی شۆڕش بۆ ئەم ڕوبەڕوبونەوەیە کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوە ، پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدایە … بۆ نەتوانرا گشتی بێتەوە …؟
وە ئایا ئەوە کۆمەڵگایە سەرکردەی تەنها کاریزما بەرهەم دەهێنێ ، یان سەرکردەکان خۆیانن دەیانەوێ کۆی پرسەکان بخەنە جەستەی خۆیانەوە ..؟
* خۆ ئەگەر لەسەر ئاستی ناوخۆ قسەبکەین ، لەسەر ئەم کێشانەی ئێستا ، ئەوە دەتوانین بڵێین ، لە دوای ئەوەی نەوشیروان مستەفا بە پێ ی پێداویستی ئەو کاتەی ڕاپەڕین پارتی هێنابێتەوە بۆ بەشداری ڕاپەڕین ، ئەوا مام جەلال لە ڕێکەوتنامەی ستراتیژیدا ، بە تەواوەتی پارتی دەهێنێتە ناو پرۆسەی پاوانکردنی دەسەڵات لە نێوانی دوو میتۆدا ( حوکمی خێڵ و بنەماڵە و حوکمی سیستم و یاسا ) وە لە دوای ون بونی مام جەلالەوە ، نەک هەر ئەم بەرەیە لاواز بو بگرە یەکێتی بە بی حوکمی باوک دەبێتە چەندین ئاراستە ، هەر چەندە مام جەلال پێش ون بونی ئەی ویست کار بۆ حوکمی یاساکان بکات ، بەڵام بە ون بونی دیسانەوە هەمان میتۆدی مێژوویی کاری خۆی کردەوە ، کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان دەروست دەبێت ، نەوشیروان مستەفا دەیەوێت ئەم مێژوە ڕاگرێت و لەگەڵ داواکردنی پێکهێنانی ستراتیژی سەربەخۆی هەرێم ، کار بۆ دەستا و دەست کردنی دەسەڵات و دەمەزراندنی بنەمای کاری جڤاتی بکات ، وەک ئەوەی برایم ئەحمەد کردی ، بەڵام کاتێک چی کۆمەڵگا و چی حیزب دەیانەوێ هەمو پرسەکان ببنەوە ناو جەستەی نەوشیروان مستەفا ، جارێکی تر بە ون بونی نەوشیروان مستەفا هەمان هەڵەی مێژویی دوبارە دەبێتەوە ، ئەمە وا دەکات لە کاتی ون بونی مام جەلال و نەوشیروان مستافادا جۆرێک لە پاشەکشی بە بەرەی حوکمی یاساکانەوە دیار بێت .
* ئەگەر لە ئێستادا ئەمریکا و ناتۆ کار لەسەر کوشتنی دەوڵەتی نەتەوە بکەن و بیانەوێ دەوڵەتی وەلی عهدی و مۆدێلی خلیجی بەکار بهێنن ، ئەوا ئیرادەی لۆکاڵی زەمینەی ئەوەی هەیە جوڵەی حوکمی یاسا بەرقەرار بکەن ، هەر چەندە ئێمە لە نێوان بەریەک کەوتنی جەمسەرە بچوک و گەورەکاندا ، زۆر کەت دەخەڵتێین و دەبینە کارتی بەکارهێنراو ، بەڵام کاتی ئەوە هاتوە بیر لە دوای نەوشیروان مستەفا بکرێتەوە ، تا بەردەوامی هەبێت بۆ ململانێی حوکمی مۆدێلی سعودی ، ئەگەر چی نەوشیروان مستەفا نیەتی بڕیاردانی جڤاتی بەهێزە ، بەڵام ئاستی گەشەی کۆمەڵگا و حیزب ، هەمان کارگەی سەردەمی میرنشینەکانە و دوبارە تاک سەرکردە بەرهەم دەهێنێتەوە ، ئەگەر چی بەهۆی بەریەککەتنی ژیارییەکانەوە کورد بەرەو ئاستێکی گەشەسەندنی باش دەڕوا ، بەڵام هێشتا لە ئاست پێداویستی گۆڕانی قۆناغەکەدا نیە .
* بۆیە گەر ونبونی مام جەلال تەنها کاریگەری لەسەر یەکێتی هەبوبێ ، ئەوا ونبونی نەوشیروان مستەفا بێ دیاریکردنی چڤاتێک و هاوسەرۆکی ………مەحکوم دبین بە دوبارەکردنەوەی مێژوو .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت