daesh-jnan

هەڵۆ بەرزنجەیی : داعش ” ی چەکی دەستی داگیرکەران و چەند پەیڤێک .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

داعش منداڵێکی زۆڵە و باوکی زۆری هەیە . نووسەرێک

لەم رۆژانەدا هەواڵێکم بەرچاوکەوت ، گوایە رێکخراوی تیرۆریستی ” داعش ” نێزیک بە ٢٠٠ چەکداری خۆی ، کە بەنیازبوون لێی جیاببنەوە ، گوللەباران کردووە . ئەمانە داعشەکانی وڵاتی چیچان و وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵاتن ، کە بۆ خۆیان لە بنەڕەتدا ، دژ بەدەسەڵاتی کرملین / رووسیا لە شەڕدان . ئەم جیاوازی و هەوڵی جیابوونەوەش لەو رۆژەوە سەری هەڵداوە ، کە دەوڵەتی رووسیا ، لەسەرزەمین و لە ئاسمانەوە بە کردەیەیی کەوتۆتە داکۆکی و پشتیوانی مانەوەی رژێمەکەی بەشار ئەسەد و گوایە شەڕی گەرمی دژ بە تیرۆریستان .
ئەم دەستەیە ، داوایان کردووە ، شەڕی راستەقینەی ئەوان ، دەبێت دژ بە رژێمەکەی ئەسەد بێت ، بۆیەکا ویستوویانە لە داعش جیاببنەوە و پێوەندی بە رێکخراوێکی تری تیرۆریستی ” بەرەی نەسەرە ” وە بکەن . داعش ئەم داوایایەی لێ نەسەلماندوون . ئیدی دەبینین چۆن داعش ، کە هەرگیز ئەو مەترسییە نەبووە ، بۆسەر هیچ لە پایتەختەکانی : ئەنقەرە و تاران و بەخدا و دیمەشق ، بەم کارە رازی نابێت و بێ سێ و دوو لێ کردن ، لە ناویان دەبات .
لەوەتەی داعش ، سەری هەڵداوە ، منیش وەک ئەو بۆچوونەی سەرێ بە بەچکەی هەموو داگیرکەرانی کوردستانم داناوە . یاخود باوکی راستەقینەی داعش چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی کوردستانە .
داعش ، واتە ” دەوڵەتی ئیسلامی لە وڵاتی عێراق و شام ” ،کەچی لەو رۆژەوە قوتکراوەتەوە ، تاکە مەترسی و هێرشێکیان بۆ سەر پایتەختی ئەم دوو دەوڵەتە نەکردووە و ئەنجام نەداوە.ئاخر ، گەر رێکخراوێک بە ئامانجی دەوڵەتگەلێکی ئاوهاوە هاتبێتە مەیدانەوە ، دەبێت هەوڵی سەرەکی بۆ دەست بەسەرداگرتنی پایتەختی ئەو دوو دەوڵەتە ، یان هەرنەبێ یەکێکیان خەستوخۆڵ بکاتەوە . چونکە لە ئاکامدا بێ دەستگرتن بەسەر ئەو پایتەختانەدا ، هیچ ئامانجێکی نایەتە دی ..
ئەوەی دەیبینین ، ساڵانێکە ، لە شاری ” رەقە ” لە نێوان شام و بەخدادا ، باریان لێ خستووە و کردوویانەتە پایتەختی خۆیان .
دوای داگیرکردنی موسڵ لە لایەن داعشەوە ، لە ئابی ٢٠١٤ دا ، کورد لە باشوور توانی رووبەرێکی باشی نیشتمانە داگیرکراوەکەی بێ تەقە ، رزگار بکات و بڵێ ماددەی ” ١٤٠ ” لیش ، تەواو بوو . سەرۆکی هەرێم کەوتە گەشتێکی سەرتاسەریی لە تەواوی بەرەکانی شەڕی دژ بە داعش ..کە ئەمەش بۆخۆی نمایشتێکی سەربازیی و هاوکات نیشاندانی وێنەیەکی جوان و بەهێزی یەکێتی کوردان بوو ، بە دۆست و دوژمنان . هەرچۆنێک بێت ، چ حیکمەتێک خەرج کرابێت ، یان رێکەوتێک رۆڵی بینیبێت بێت ، کورد توانی سەرکەوتنێکی سەرزەمینی و مۆڕاڵی گەورە بەدەست بهێنێ .
هەر زۆری نەبرد ساتێ داگیرکەرانی کوردستان ، هەستییان بە هەڵە و گوناهەکەیان کرد ، چاویان بە یەکێتی و یەکریزی و سەرکەوتنەکانی کورد کەوت ، دەستبەجێ کەوتنە کێشانی نەخش و پلانێکی تر … ئەوە بوو وا بانگاشە و چاوەڕوان دەکرا ، داعش ، کە لە سنوورەکانی شاری بەخدا نێزیک ببووەوە و لە نێو بەخداشدا ، لایەنگر و سیمپاتیزانی زۆری هەبوو ، پەلاماری بەخدا بدات و داگیری بکات و دەسەڵاتی رەهای خۆی لە پایتەختی دەوڵەتە بانگەوازبۆکراوەکەی خۆیانەوە راگەیەنێ ، کەچی لەناکاو دەڤەری شەنگال ، بووە ئامانجی ستراتیژی داعش و ئەو کارەسات و مەینەتییەی بەسەر کورددا هێنا ، کە بەدرێژایی مێژوویەکی دوور سارێژ نابێتەوە .
لێرەدا دەبینین ، داعش ئەو چەکە کاریگەرەی دەست هەموو داگیرکەرانی کوردستانە ، کە هەر یەکەیان لە روانگەی بەرژەوەندی خۆیەوە و هاوکات بەرژەوەندی هاوبەشی گشتی خۆیانەوە، بەکاری دێنێ . بە کورتی :
ئەنقەرە : ئەو شەڕەی ، کە لە کوردستان و قەندیل بەرامبەر بە کورد و پ ک ک ، پێی ناکرێ ، وا لە رێی داعشەوە دەیەوێ ئامانجەکانی بەدەست بهێنێ و بە هەموو توانایەکی ماکی و مینۆکی خۆیەوە بە نهێنێ و بە ئاشکرا ، هاوکاری داعش دەکات و مەبەستێتی بوون و شەڕی داعش بەردەوام بێت .
تاران : لەرێی داعشەوە ، گەلێ ئامانجی بەدەست هێناوە . عەرەبی سوننە ، بە تایبەت لە عێراقدا شپرزە و هەلاهەلابوون و کەس نییە نوێنەرایەتییان بکات . بەواتایەکی دیکە چ هێزێکی سوننە نییە ، مەترسی بۆسەر شیعەی عێراق دروست بکات و سبەینێ بێتەوە بە مێمڵێکی ترسناکی دەوڵەتی ئێرانیش .
داعش رۆلێکی باشی هەبووە لە هێشتنەوەی رژێمەکەی ئەسەد ، چونکە بە توندی دژی هەموو گرووپ و لایەنەکانی دژ بە ئەسەد شەڕیان کردووە . ئێمە دەزانین ئەسەد نوێنەرایەتی کەمینەیەکی عەلەوین ، لێ ئەوەی لەپشت ئەسەدەوەیە ، رژێم و حیزبێکی عیلمانی بەعس و عەرەبی سوننەیە .
ئەوەی لێرەدا شیاوی لەبیرنەچوونەوەیە ، راگەیاندنە بەردەوامەکانی ، تارانە . دەیانگووت ، ئێمە نەبووینایە ،” بەخدا ” دەگیرا ، ئێمە رێگەمان بدایە ” هەولێر ” گیرا بوو . کار گەیشتە ئەوەی بڵێن ئێمە نەبووینا ” کۆبانێ ” ش دەگیرا و … هتد . کەچی نەمانزانی بۆچ ئێران رێگەیدا ، داعش موسڵ و رومادی و فەلوجە و سامەڕڕا و زۆر شوێنی دیکە داگیر بکات و تا ئێستاش هەر لەبندەستیدایە .
بەخدا : بە شێوەی تاران ، سوودی لە داعش وەرگرتووە لەو زەبرانەی بە سووننەی گەیاندووە . هاوکات ئەوەی بەخدا بەرامبەر بە کورد پێی نەدەکرا ،ـ بە تایبەت دوای رزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکان و بانگاشەی بەسەرچوونی ماددەی ١٤٠ـ، ئەو لە رێی داعشەوە دەردێکی تاڵ و زامێکی قووڵی دا بە شەنگالی کوردستانەوە . بەهەمان شێوە بوونی داعش فاکتێکی بەهێز و کاریگەری مانەوەی رژێمەکەی ئەسەدە . هەردووش کوتەکی دەستی تارانن و سەرزەمین و قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی ئێران دەنوێنن .
دیمەشق : داعش بە بەچکەی خۆی دەزانێ ، هەر بۆیە بەردەوام بەشار ئەسەد و رژێمەکەی بانگاشەی ئەوە دەکەن ، تا لەگەڵ ئێمە رێکنەکەون ، داعش دەمێنێ ، بە واتایەکی دیکە لەگەڵ ئێمە رێککەون ، ئێمە دەتوانین داعش بۆ ئێوە لەنێو بەرین .. ئەوەتا بەشار ئەسەد ، لە نوێترین دەرکەوتنیدا ، دوای رووداوە خوێناوییەکانی رۆژی ١٣/١١/٢٠١٥ لە پاریس ، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ، کە لە مێژە ، فەرەنسا و دنیای ئاگادار کردۆتەوە ،گەر دۆخی سوریا بەوشێوەیە بەردەوام بێت ، وا کارەساتی ترسناک لە جیهاندا روو دەدات … ئەمەش بەو واتایەی دەتوانین هەڕەشە لەسەر ژیانتان ساز بدەین و گورزتان لێ بوەشێنین و ئارامی و شادیتان لێ تێک بدەین .
لەمەش زێتر ، تەقینەوەکانی پاریس ، سات بە سات سەرە داوەکانی بۆ سوریا و دیمەشق دەگەڕێتەوە . شیاوی ئاماژە پێدانە ئەو رووداوە دڵتەزێنانەی پاریس ، هاوزەمان بوون لەگەڵ بەستی کۆبوونەوەکانی ڤییەنا و وڵاتانی گ ٢٠،بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا . کەواتە سوریا کاتێکی گونجاوی هەڵبژاردووە . ئامانجی سوریا لەم کردەوەیەش ، نیشاندانی پێگە و کاریگەرێتی و پێداویستی مانەوەی بەشار ئەسەد و دەوڵەتی سووریا ، تا بتوانێ لەم کەناڵەوە گوشارهێنانێکی زێتر بۆ ئەوروپا و جیهان بهێنێت ، بە مانەوەی ئەسەد رازی بن و هەوڵی بەپەلە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی کێشەکانی سوریا بدەن .
ئاخر ، وڵاتی فەرەنسا کە ئێستا رووبەرووی هەڕەشە و نائارامی لە ڕێی داعشەوە بۆتەوە ، رەنگە تا ئێستا تاکە وڵاتی جیهان بێت ، بە گردەبڕی داوای لابردن و نەمانی بەشار ئەسەد دەکات .
ئەوەی جێی سەرنجە ، رۆژنامەی تاگە شپیگلی ئەڵمانی رۆژی ٦/١١/٢٠١٥ ، ئاماژە بەوە دەکات ، کە رۆژانە ٣ هەزار پاسپۆرت ، لە لایەن سوریاوە دەدرێ بە هاوڵاتییانی و لەم رێگەیەشەوە بڕی نیو ملیارد دۆلار لەسەرەتای مانگی یەکەوە هەتا ئێستا ـ مانگی ١١ـ چۆتە گیرفانی حکوموتەکەی ئەسەدەوە …. لە هەموویشی سەیرتر ئەوەیە زیاتر لە ٨ هەزار ، یاسا بۆ ئاسانکاری دەرچوونی پاسپۆرت و درێژکردنەوەی لەلایەن حکومەوتی بەشار ئەسەدەوە دەرچووە … ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە ، گەر ئەسەد نەزانێ کارگەلێک ئەوتۆیی بە سوودی خۆی ، دەشکێتەوە ، وا هەرگیز رێگەی بە کاری لەم جۆرە نەدەدا . لێرەدا نامانەوێ چ قسەیەک لەسەر سیاسەت و رۆڵی نەرێنی راستەوخۆی سووریا لە لوبنان و هەوڵ و مەرامەکانی لە رێی ” حیزب اللە ” ەوە ئەو هەموو تەقینەوە و کوشتارە نییە .
هەرچۆنێک بێت ، ئەوە چەند رۆژێکە ، هێزی پێشمەرگەی کوردستان ، بەهاوکاری هێزی ئاسمانی دۆستەکانمان لە هاوپەیمانان ، لە داستانێکی قارەمانێتیدا ، توانی دەڤەری شەنگال لەژێر چنگی خوێناوی و رەشی داعش رزگار بکات و بیخاتەوە سەر هەرێمی کوردستان . ـ شەنگال ، دەکەوێتە سنووری ئەو ماددە رووزەردەی بە ١٤٠، ناسراوە و سەرکردایەتی حیزبە کوردییەکان ، لە دەستووری ئێراقدا رەشییان کردەوە ـ.
بەم وەرچەرخانە مێژووییەی ئازادکردنی شەنگال ، کورد توانی ، سەرلەنوێ داگیرکەران نائومێد بکاتەوە ، و تەڵە و تەپکەکانیان پووچەڵ بکاتەوە . هاوکات بۆیان بسەلمێنێ و پێیان بڵێ ، کەچیتر داعشی چەکی بڕندەی دەستتان ، ناتوانێ چ کاریگەرێتی و ترس و هەڕەشەیەک لەسەر کورد دروست بکات .. هاوسات کورد توانی نیشانی جیهانی بدات ، چ هێزێکی کاریگەر و خۆڕاگر و قارەمانە بەرامبەر بە دڕندەترین رێکخراو / دەوڵەتی تیرۆریستی وەک داعش .
ئەم سەرکەوتن و خۆشحاڵییەی کورد ، چاو ترووکانێکی نەخایاند ، ئەوەتا جارێکی دیکە و لە رێیەکی دیکەوە هێزێکی بەکرێگیراوی دیکەی ، وەک ” حشدی شعبی ” یان گاڵ داوە ، بەگژماندا بێتەوە . ئاخر دەزانن سەردەمەکە رێگەی ئەوە نادات ، خۆیان وەک جاران شەڕ و کوشتاری کورد بکەن ، یاخود هەرنەبێ لە هەنووکەدا دەستوپێ گیراون ، بۆیەکا پەنا بۆ هێزی داعش و هاوشێوەکانیان دەبەن .
رەنگە تەنیا سەرنجێکی خێرا و کورت ، لە راگەیاندنەکەی بەرپرسانی ئەو هێزە دەستکردەی تاران و بەخدا ، کە دەڵێن : ” ئەوەی داعش پێی نەکرا ، بەرامبەر بە کورد ئێمە دەیکەین” ، بەس بێت بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانمان .
پرسی کورد و دوژمنە هەجۆرەکانی ، وانەیەک نییە ، من لێرەدا پێشکەشی خوێنەری بەڕێزی بکەم ، لێ ئەوەی ناکرێ لەبیرمان بچێ ، داواکاریی یەکریزیی و یەکگرتوویی و بەرنامەی ووردە ، لە حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی بآسووری کوردستان بە تایبەت و هەموو کوردستان بە گشتی . پەنابردن بۆهەر موزایەدەیەکی سیاسی و هەوڵی پاشقول و تۆماری شکست لەسەر یەکتر و تینووبوون بە خوێنی یەکتر و چاوشارکێ لەگەڵ ئەنقەرە و تاران و بەخدا و دیمەشق لەسەر حسابی ئەسڵی کێشە نەتەوەییەکەمان ، یاری بەئاگرە و دەرئەنجام خۆسووتان و دۆڕان و ریسوابوون و رووزەردییە لای کورد و مێژوو .. بۆیەکا پێویستە لەسەر هەموو لایەک بەوپەڕی بەرپرسانەوە ، مامەڵە لە نێوخۆ و لەگەڵ دەرەوەدا بکەن . ئیدی چرکەساتی ئەوە هاتووە ، لە مێژووی خوێناویمان و ئەو هەموو تراژیدیا و بەسەرهاتە دڵتەزێن و تاڵانەوە ، بە درێژایی ٢٧٠٠ ساڵ زێترە ، پەڕۆیەک دڵسۆزانە بۆ لێوە فێربوون دابدڕین و وانەیەکی ئاقڵانە فێربین و چیدی رێگە بە ژیانی بندەستی و ژێر چەپۆکی ستەمکاران بە خۆمان رەوا نەبینین .
یەکخستنی گوتاری کوردی و یەک سەنگەری لەبەرامبەر داگیرکەراندا ، دەرچوون لەم تاقیکردنەوە و قۆناخە سەختەدا ، کە سەدساڵ بەسەر رێکەوتننامەی ستەمکاری و رووڕەشی سایکس ـ پیکۆدا ، تێدەپەڕێ و کورد و کێشە رەواکەی ، سەرنجی جیهان و ناوەندەکانی بڕیاردان و زلهێزەکانی بەلای خۆیدا راکێشاوە ، دەرفەت و ئاسۆیەکی روون و گەشی باشتری خستۆتە بەردەم گەلەکەمان ، تا بە ئاواتە پیرۆزەکانی لە کوردستانێکی ئازاد و یەکسان دا شاد بێت ..

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت