yusf

یوسف عزەدین : کورتە بەراییەکى ئاراوتەیى .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تا ئەو دەمەى کەسێک لێى نەپرسیووم ، کات چییە ؟ دەزانم کات چییە .. بەڵام هەر کاتێک ، کەسێک داواى شیکارکردنى ماهییەتى کاتم لێبکات ، ئەو دەم دەبینم نازانم کات چییە ؟ .

ڤیتگنشتاین .
هەردەم و هەمیشە ئێمەى خوێنەر ، بەتایبەت گەر ڕاگوزەر و سەرپێیانە نەخوێنینەوە ، دەبینین لەبەردەم دووڕیان ، یان چەند ڕیانى ڕێگەو ڕێچکەیەکى جوداو جیاوازى وردەکارى شتگەلێکدا ڕاوەستاوین ، کەناشێت بەدەر لەوان لەمیانى خوێندنەوەوە گوزەر بەنێو دنیاى ئاڵۆز یان سادەو ساکار و قووڵى تێکستە جیدى و زیندووەکاندا بکەین ، ئەو تێکستانەى کە زیاد لەشوێنجێگە و جومگە و پەرەگراف و بڕگەو دەستەواژەو گوزارشت و دەربڕین و وردەکارییەکى خوڵقێنەرى جوداو جیاى بەکارهێنراوى نێویاندا ، ناچارى ڕاوەستان و تێڕامانمان دەکەن .
ئەم تێڕامان و ڕاوەستان و هەڵوێستەکردنەشمان بەبێ بوونى زمانێکى فامکراو لەڕووى حاڵیبوونەوە ، ئاستەمە بێتەدى و ڕووبدات .. واتە گەر تێکستێکى نائاشنا و نامۆ لەڕووى زمانەوە، لەلایەن خوێنەرێکى بەڵەدو شارەزاى زمانەکەوە ، پەرەگرافێکى یاخود تەنها وشەیەکى نێویشى ، نەک تەنها جارێک ، بەڵکو گەر بێ پسانەوەو هەدادان ، دووبارەو سێ بارەو چەند جارە بخوێنرێتەوە ، ئەوا تێگەیشتنە زەینییەکانمان بەرەو واتایەکى دیاریکراو نابات و دوور و نزیک نازانین چى دەڵێت !؟
هەر بۆیە لەم سۆنگەیەوە پەى بەزەروورەتى وەرگێڕان دەبرێت ، کەهەر لەکۆنەوە مرۆڤ پەناى بۆ بردووەو بگرە زۆر جاران و پاش ونبوونى تێکستە ئەسڵییەکانیش ، نوسخە وەرگێڕدراوەکانیان بوونەتە ئەڵتەرناتیڤ و جارێکى تر وەرگێڕدراونەتەوە بۆ سەر زمانە ئەسڵییەکانیان ، وەک لەهەندێک لەتێکستە لاتینى و گریکییەکاندا ڕوویدا ، پاش ئەوەى لەلایەن وەرگێڕە موسڵمانەکانەوە کرابوونە عەرەبى ، دواى دیارنەمانى نوسخە ئەسڵییەکانیان جارێکى دى و لەڕۆژگارێکدا لەعەرەبییەوە کرانەوە لاتینى و زمانەکانى تر .. ئەم کردەیەش بۆ خۆى واتایەکى زۆر قووڵ دەگرێتە خۆى .
مەولانا ” جەلالەددینى ڕوومى ” لەکتێبى” فیهى ما فیهى ” دا دەڵێت : ڕووەک گەر ئاوى لێببردڕێت ، هەرچەند ناشزانێت کەتینوویەتى بەڵام ووشک دەبێت .
واتە بەدەر لەدرککردن و زانینى ماهییەتى تینوویەتى ، ئاو بڕین لە هەر ڕووەکێکى دیاریکراو ، بێ هیچ چەند و چوونێک دەبێتە مایەى وشک بوون و کۆتایى هاتنى سووڕى ژیانى .. ئەم پێوەندییەى مابەینى ئاو و ڕووەک ، وەک پێوەندى تێکست و زمان وایە ، ئاستەمە بیر لە وجوودى تێکستێکى دەرەوەى جوغزەکانى زمان بکەینەوە ، تەنانەت ” ئیمەیجینەیشن ” و دنیاى وێنە زەینییەکانیش ، بەبێ ڕاڤەکاریى و گوزارشت و بوونى دەستەواژە زمانەوانییەکان ، هیچ جێگەیەکى لەهۆشمەندى توخم و ڕەگەزى مرۆڤدا نابێتەوە ، بەواتاى حاڵیبوونێکى گشتگیرى هەمەلایەنەى فامکراو .. ئەگینا ڕەنگە تەنها وەک کۆمەڵێک سیمبۆل و ڕەمز ، بۆى هەبێت لەزەیندا بەدەر لەواتە بنەڕەتییەکانى جێى ببێتەوە؟!
لەڕێى نووسینەوە زمان دەبێتە پردى هێنانە ناوەوەى سەرجەم چەمک و دنیابینى و تێڕوانین و مەعریفەو سەرجەم شتگەلە لێکچوو و نالێکچووەکان ، دژ و تەباکان، ئاسایى و نائاسایى و… تاد ، بۆ نێو دنیاى تێکست. هەر بۆیە بەشێوەیەک لەشێوەکان ، تێکست نەک هەر لەسەرەتاوە دەبێتە لەخۆگر و هەڵگرى کۆمەڵێک شت ، بەڵکو دەشبێتە ئەڵتەرناتیڤى هەموو ئەو شتانەى کەبەئاشکراو ڕوونى یان بەپەنهانى و ناڕوونى لەنێو تێکستدا بوونیان هەیە .
ئەو تێکستەى کەبێ بوونى زمان بوونى نییە و لەیەکەم تێڕوانیندا وا پێدەچێت ، بەندەیەکى گوێڕایەڵى زمان بێت ، بەڵام خودى زمان لەژێر سایەو دەسەڵاتى ئەرشیفدا ” ئەرشیف بەواتاى ئاوێتەبوونى ڕووکەشیانەى پرەنسیپە فیزیایى و مێژووییەکان لەگەڵ پرەنسیپە ئەنتۆلۆژییەکاندا ” ، لەمیانى گوتن یان نووسینەوەدا ، تواناى بەرهەمهێنانى مەعریفەى هەیەو هەموو ئەمانەو شتگەلێکى دیکەش ، بۆ نموونە لە دیدگەى بیرمەندێکى وەک ” ژاک دریدا ” وە دەبێت تەفکیک بکرێن و ئەمە جگە لەوەى بەتێڕوانینى ئەو ، بەبێ بوونى ” تارماییەکان ” ” ئەرشیف ” بوونى نییەو بەتایبەتیش ئەو کەسایەتییانەى لەڕێى زمانى تێکستەوە ، دەبنە دەسەڵاتێکى تایبەت و لەمیانى ماجەراو بەسەرهاتى ژیانى خۆشیانەوە هەوڵى گۆڕینى ژیانمان دەدەن .

” حافزى شیرازى ” دەڵێت :
( جارێکیان لەئوستادەکەى خۆمم پرسى :
چییە فەرقى
مابەینى من و تۆ
گوتى :
تەنها هێندەیە حافز
گەر ڕەوێک حەیوانى کێوى
بێنە ناو ماڵى تۆ و
خۆیان بدەن لەکاسە بەتاڵەکانى دەرۆزەییت
تەنها یەک دڵۆپیش
ناڕ ژێت
لەکاسەى تۆ .
بەڵام ئەوەى کەنابینرێت بەچاو
ئەوەیە کەخودا لەکاسەکەى منى ناوە
گەر بڕژێت کاسەم
دەبات هەموو دنیا
سێڵاوى ئاو ) .

پۆپیولار کردنى هەندێک لەنووسەرەکانى دنیا و هالە بۆ دروستکردنیان ، زۆرجاران هێندەى پەیوەستە بەداواکارییە بازرگانییەکانى پڕفرۆشى و خستنەگەڕى بازاڕى کتێب ، یان پەیوەستە بەمەرامە پۆلیتیکی و مەبەستە جیاجیاکانى دیکەى ئەم دەزگا و هێز و ئەو دەسەڵاتى دنیاوە ، هێندە پەیوەست نییە بەو جدییەت و توانستانەى لەنێو دنیاى تێکستدا دەگوزەرێت .. واتە حافز گوتەنى :
” گەر ڕەوێک حەیوانى کێوى
بێنە ناو ماڵى تۆ و
خۆیان بدەن لەکاسە بەتاڵەکانى دەرۆزەییت
تەنها یەک دڵۆپیش
ناڕ ژێت
لەکاسەى تۆ “
بێگوومان تێکستى زۆرێک لەو نووسەرانەى لەڕۆژگارێکدا دنیا بەعەزەمەتەوە ناسیوونى و بەشەوقەوە خوێنراونەتەوە ، لەمڕۆدا هەست بەبەتاڵى کاسەیان دەکرێت، هەربۆیە نووسەرێکى لەمڕۆدا گەورەکراو و هەردەم ڕیکلام بۆکراوى وەک ” ئۆرهان پامووک ” لەچاوپێکەوتنێکدا دەڵێت : دەترسم لەداهاتوودا نەخوێنرێمەوەو لەبیر بکرێم ” و لەدرێژەى گفتوگۆکەیدا ئاماژە بەنووسەرێکى ناسراوى وەک ” راسیم جەمیل ” دەکات ، کەلەسەردەمى عوسمانییەکاندا یەکێک بووە لەنووسەرە پۆپویلارەکانى سەردەمەکەى خۆى ، کەچى لەمڕۆدا خوێنەران دوور و نزیک تالیبى خوێندنەوەى نووسینەکانى نین و بەفەرامۆشییان سپاردووە ، لەکاتێکدا بەشەوقەوە لەنێو ئەرشیفى لەبیرکراوى ئەدەبیاتى ئەو زەمانەى عوسمانییەکاندا ، تێکستە پەراوێزخراوەکانى ئەو دەمە کەشف دەکرێن و بەتاسەوە خوێنەرە جیدییەکانى ئەم سەردەمە ، خەریکى خوێندنەوەى تێکستە لەبیرکراوەکانى ئەو ڕۆژگارەن .
ڕۆلان بارت” ئاماژە بەوحەقیقەتە دەدات ، کە ” دانەر” زادەى کۆمەڵگەى ڕۆژئاوایەو پاش چەرخەکانى ناوەڕاست هێدى هێدى بەرجەستە بووە ، ئەمەش بەکاریگەرى ئەقڵانییەتى فەڕەنسى و باوەڕى تاکگەرایى و ڕێبازە ئەزموونگەرا ئینگلیزییەکان و ڕیفۆرمە ئاینییەکان و ئاڵوگۆڕەکانى تر و بەتایبەتیش کاریگەرى هاتنەکایەى سیستەمى کاپیتالیستى .
ڕۆلان بارت ” ئاماژە بەوە دەدات کە” مالارمێ ” یەکەمین کەسێک بووە ، پێى وابووە لەتێکستدا ئەوەى دەدوێ زمانە ، نەک دانەر. دواتریش ” ڤالێرى ” پەرە بەم تێورییەى ” مالارمێ” دەدات و تا دەیگەیەنێتە ئەو شوێنەى ” دانەر” تێیدا دەبێتە ڕابردوو ، چونکە ئەو تەنها لەساتەوەختى لەدایک بوونى تێکستدا هەیە ، ئەمە جگە لەوەى لاى ” بارت” ” دانەر” کۆپیکەرى تێکستە لەتێکستێک یان چەند تێکستێکى پێشووتر.
شایانى باسە سەرجەم خوێندنەوە سیمۆلۆژییەکان ، خوێنەر دەکەنە دروستکەرى تێکست . بەڵام لەهەندێک لێتۆژینەوە و لێکۆڵینەوەى سێکچرالیستیدا ، خوێنەریش پشتگوێ دەخرێت .. تێڕوانینى” ژاک دریدا” ش ، ئەوەیە کەتێکست ئامێرێکى سەربەخۆیەو بۆ خۆى کاردەکات ، هەر بۆیە خۆى گوتەتى : هیچ شتێک لەدەرەوەى تێکستدا نییە .
ئیدى وەک ساڵانێک لەمەو پێش ، لەهەندێک شوێندا ئاماژەم پێداوە ، ” ژاک دریدا ” لەلێکۆڵینەوەیەکى سەبارەت بەتێکستى” دادگایى” ،” کافکا “، سێ گۆشە نیگاى تەفکیکى بەکارهێناوە ، یەکێکیان کاریگەرى ناونیشانى تێکست” ـەکەیە بەسەر خودى تێکستەکەوە ، ئەمە تابڵێى جۆرە کارکردنێکى گرنگ و ناوازەیە.
بەهەر حاڵ جودایى تێکست و دانەر وەک کەسایەتى و ژیانى تایبەتى و ئیگۆى ، دەشێت لەنموونەى نووسەرێکى وەک ” سیلین ” ـدا ببینینەوە ، بەتایبەت ئەم نووسەرە ، هێشتاکە چاپکردنى کتێبەکانى لەهەندێک لەوڵاتانى دنیادا “، قەدەغەو ڕێگەپێنەدراوە .
پاش بڵاوبوونەوەى ڕۆمانى” سەفەر لەکۆتایى شەودا “، بەزمانى عیبرى ، مشتومڕێکى زۆر لەپەرلەمانى ئیسرائیلیدا لێکەوتەوە ، چونکە تێکستەکانى ” سیلین ” بەشێک بوون لەدوشمنە سەرسەختەکانى سامییەت و یەهودییەت و خۆشى وەک زاتێک بەدرێژایى ژیانى و بەتایبەتیش پاش دووەمین جەنگى جیهانى ، باجى ئەم ڕاوبۆچوونانەى خۆى داوەو ژیانێکى پڕ لەنەهامەتى و کێشمانکێش و بگرەو بەردەو هەڵهاتنى نێوان ئەم وڵات و ئەو وڵاتى بردۆتە سەر ، ئەمە سەربارى تاوانبارکردنى بەخیانەت و دەستگیرکردنى ، کەپاش ساڵى 1951بەدواوە ، توانى پاش دەرچوونى بڕیارى لێخۆشبوون لێى، بگەڕێتەوە بۆ ” فەڕەنسا” ى زێد و نیشتیمانى ، ئیدى لەماڵەکەى خۆیدا عیادەیەکى پزیشکى دادەنێت ” لەبەر ئەوەى خودى نووسەر لەبنەڕەتدا پزیشک بووە” بەمەبەستى دابینکردنى بژێوى خۆى و لەپاڵیشیدا بەردەوام دەبێت لەنووسین ، تا لەساڵى”1961 ” دا دوا ڕۆمانى خۆى” ڕیکۆدۆن ” تەواو دەکات و هەر پاش یەک شەو لەتەواوکردنى ڕۆمانەکەى دەمرێت .
مەبەستمان لەخستنەڕووى ئەم پێشەکییە ، ئەو ناکۆکییەیە کە لەتێکستەکانى دانەرێکدا دەبینرێت ، کاتێک دنیابینى نێو تێکستەکانى دەیکەنە خائین و دوشمنى هەندێک لەگروپە ئیتنیکییەکان و بەتایبەتیش سامییەت و یەهودییەت ، بەڵام بۆخۆى و لەژیانى تایبەتى خۆیدا کەسێکى بێوەیى و بێ زیان بووە ، ژنەکەى سەبارەت بە” سیلین ” دەڵێت : پیاوێکى زۆر نەرم و نیان بوو ، هەرچییەکى کرد لەپێناو خێر و باشەدا بوو ، ئەو فەڕەنساو هەموو خەڵکى خۆش دەویست ، زۆر لەوە بەسۆزتر و بەبەزەیتر بوو کەتەسەوور دەکرێت .
لەگەرمەى بگرەو بەردەى گوزەران و ژیان لەلایەک و ڕۆچوون و ڕامان و تێفکرین و سەرقاڵبوونى تەواویشم بەپرۆژە خوێندنەوەیەکى چڕ و پڕى تاڕاددەیەک جیاواز لەلایەکى ترەوە..حیکایەتى نووسینى ئەم ” کورتە بەراییە ئاراوتەییە”ى تایبەت بەم کۆمەڵە چیرۆکە وەرگێڕدراوە ، لەپێوەندییەکى تەلەفۆنى براى بەڕێز، کاک ” محەمەد عەبدوڵڵا “ەوە ، وەرگێڕى ئەم کۆمەڵە چیرۆکەوە دەستى پێکرد ، سەرەتا بەڕێزى کەم تا زۆر باسى خواست و مەبەستى خۆى لەوەرگێڕانى ئەم کۆمەڵە چیرۆکەدا خستەڕوو ، پاشان لەمیانى پێداویستى بوونى بەرایى و پێشەکى ناتەقلیدى و جوداو جیاواز بۆ ناساندنى هەندێک مەسائیلى دنیاى ئەدەبیات و وەرگێڕان ، داواکار بوو لەبەندە کەلەماوەیەکى هێجگار کورتدا ، لەبەر ئامادەبوونى کتێبەکە بۆ دیزاین و چاپ ، چ چیرۆکەکان بخوێنمەوەو چ بەراییەکیشى بۆ بنووسم ،.. ئیدى سەربارى ئەو سەرقاڵیى و جەنجاڵییە ناوەکیى و دوورە پەرێزییە هەمیشەییەم لەنووسینى پێشەکى کتێب ، بەڵام هێزێکى ناوەکى ڕێگر بوو کەئەمیش وەک کۆمەڵێک برادەرى ترى ئەزیز ، لەخۆم زوویر بکەم ، بەتایبەت ئەوانەى کەلەم ماوەیەى بێدەنگبوون و کشانەوەیەمدا لەنووسین ، پێوەندییان پێوەکردم بەمەبەستى وەڵامدانەوەى چاوپێکەوتن و بەشداربوون لەتەوەر ، یان نووسینى ڕەخنەیى و وتار و … تاد. کەبەڕاستى داواى لێبووردنیان لێدەکەم و هیواخوازم لەڕیتمى ناوەکى و ئەم دوورە پەرێزییە زەمەنییەى من بگەن .
بەهەرحاڵ پاش خوێندنەوەى هەردوو نوسخەى عەرەبى و کوردى چیرۆکەکان کەکاک ” محەمەد عەبدوڵڵا ” لەڕێى ئیمەیڵەوە بۆى ناردبووم ، هەر زوو ئەو چیرۆکانەم ناسیوە کەپێشتر خوێندبوومەوە ، یان تێکستى دیکەى نووسەرەکەیم خوێندبوویەوە ، هەرچەند زۆربەى چیرۆکەکان قسەو باس هەڵدەگرن ، بەڵام من وەک خۆم لەم ” کورتە بەراییە ئاراوتەییەدا ، کەم تا زۆرو بەگشتى خۆم لەدنیاى نووسینى دوو نووسەریان دەدەم ، ئەوانیش ” هارۆکى مۆراکامى ” و ” یاسۆنارى کاواباتا ” ن .
هەرچەند لەڕیزبەندى کۆمەڵە چیرۆکەکەدا ، تێکستەکەى ” هارۆکى مۆراکامى” پێش ” یاسۆنارى کاواباتا ” کەوتووە ، بەڵام من لە ” یاسۆنارى کاواباتا ” یان وەک زۆر جار دەنووسرێت ” یاسۆنارى کواباتا ” ەوە دەست پێدەکەم .
بازرگانییەکى کوشندە” ناوى چیرۆکە وەرگێڕدراوەکەى ” کواباتا” یە و بەزمانێکى سادەو ساکار و کۆمەڵێک وەسف و کەرەستەى ڕیالیستى ، ڕاماندەکێشێتە نێو دنیاى کێشمانکێش و ململانێى کەسێکى دەروون پڕ ئێرەیى و حەسادەت کەدەکرێت کەبەکەسى دووەم ناوى بەرین ، دەرحەق بەکەسێکى دیکەى بێئاگا لەگینگڵ و هەڵچوون و داچوونى ناخى ئەم ، کەواباشە بەکەسى یەکەم ناوزەدبکرێت . ئیدى کەسى یەکەم کاتێک لەناوچەکەى خۆیداو بەمەبەستى قازانج و ڕاکێشانى توریستەکان ئاودەستێک دروست دەکات و دەبێتە مایەى قازانجکردنى ماددى بۆى ، کەسى دووەم بەمە نیگەران دەبێت و هەموو تواناى خۆى لەمونافەسەو کێبڕکێى ئەوى تریاندا بەکاردەبات و دواجار ئاودەستێکى زۆر لەوەى ئەو گرنگتر لەڕووى ماتەریاڵى بنیادنانییەوە دروست دەکات ، بەڵام کرێى چوونە ژوورەوەشى لەوەى تریان گرانتر دەبێت.
باواز لە وردەکارییەکانى ترى گێڕانەوەى چیرۆکەکە بهێنین و بگەینە ئەو شوێنەى کە کەسى دووەم لەنێو ئاودەستى کەسى یەکەمدا وشک دەبێتەوەو دەمرێت ، بەحەقیقەت کۆتاییەکى زۆر گاڵتەجارئامێزە کەسێک دەرئەنجامى ململانێ و کێبڕکێى لەگەڵ یەکێکى تردا بۆ ئەوەى لەو باشتر بێت ، کەچى دواجار لەنێو چوار دیوارى ئاودەستێکدا وشک بێتەوەو بمرێت !؟
بۆیە دەبینین لەودیو ڕیالیست بوونى ئەم چیرۆکەوە دنیایەکى ڕەمزى سەرسامکەر هەیە ، چونکە مونافەسەو کێبڕکێ بۆ دروستکردنى ئاودەست و دواتر مردنى کەسى دووەم ، پەیوەست نییە بەخودى ماتەریاڵە بەکارهاتووەکانى نێو تێکستەکەوەو هەر بۆیە ئەنالیزێکى جیاوازو ناتەقلیدى گەرەکە ، تابکرێت لەناوەوەى تێکستەکەوە تەفکیکییانە بێینەوە دەرو دەرئەنجامى بەئەنجام گەیاندنى کردەیەکى هەڵوەشانەوەگەرى بمانگەیەنێتە ئەو شوێنانەى کە دانەر بێ ئاگا بووە لێى .
دیارە ئەم تێکستە کورتەى ” کواباتا ” زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت کەبتوانین لەم دەرفەتەدا حەقى خۆى بدەینێ ، بەڵام ئەوەى لاى من بووە جێگەى سەرنج و ڕەنگە هیچ پێوەندییەکیشى بە خودى چیرۆکەکەوە نەبێت ، بۆ دەبێت ئەم چیرۆکە چیرۆکێکى دیکەى هێنابێتمەوە بیر ، ئەویش چیرۆکێکى ” خۆرخى لویس بۆرخیس ” ـە بەناوى ” – المبارزە الاخرى “، سەربارى جیاوازییان پێدەچێت لەشوێن و جێگەیەکى زۆر نهێنییەوە ئاوێزان بن ، نازانم ڕەنگە ئەمە تەنها هەستێکى من بێت ، چونکە لەچیرۆکەکەى” بۆرخیس ” ـدا دوو کاراکتەرى دژ بەیەک هەن و سەرەنجام پێکەوە ، بەمەبەستى ئەنجامدانى دوا کێبڕکێیان بەناچارى و بەدەر لەویستى خۆیان ، پاش سەربڕینیان گیان دەدەن و دەمرن ، هەرچەند یەکێکیان بەناوى ” کاردوزو “، کەمێک لەوەى تریان زیاتر دەست درێژ دەکات و بەمەش دەبێتە براوە ، بەڵام وەک لەکۆتایى چیرۆکەکەى ” بۆرخیس” ـدا ئاماژەى پێدراوە : بەڵام هیچ کاتێک نەیزانى”.
لەم چیرۆکەى ” کواباتا ” شدا نەزانینێک هەیە ، بەڵام تەنها لەلایەن کەسایەتى یەکەمەوەیە ، چونکە ئەوەى دیکەیان دەزانێت و لەزانینەوە پیلان دادەنێت و هەڵدەسووڕێت .. بەڵام دواجار بەمەرگى یەکێکیان ئەوى دیکەیان دەگەڕێتەوە دۆخى جارانى و بەچەشنێک هەر وەک ئەوەى هیچ نەبووبێت ، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر ژنى کەسى دووەم لەڕێى ئاودەستەکەوە ، وەک مێردەکەى نەکەوێتە ململانێ ، کەواتە لەکاتێکدا چیرۆکەکەى ” کواباتا ” تەواو نابێت ، بەڵام چیرۆکەکەى ” بۆرخیس” لەئاست ئیدامەو بەردەوامى ڕووداودا تەواو دەبێت و تەنها وەک حیکایەتێک دەمێنێتەوەو مەگەر لەدنیاى گێڕانەوەکاندا بژێتەوە.
” یاسۆنارى کواباتا ” لەساڵى -1968 ـدا خەڵاتى نۆبڵى پێ بەخشراو لەساڵى 1972شدا دواى خۆکوشتنى هاوڕێ و قوتابى” یۆکیۆ میشیما ” بەدوو ساڵ ، بەبێ ئەو وەک ئەو هیچ نامەیەک جێ بهێڵێت خۆى کوشت و خۆکوشتنەکەشى کردە لوغز .
لەبەرهەمەکانى و وەک نموونە :
سەماکەرى ئایزۆ ، وڵاتى بەفر ، دەنگى چیا ، دەریاچە ، ماڵى جوانکیلە خەوتووەکان ، جوانى و خەفەت ، پایتەختە کۆنەکە .. شایانى باسە ماڵى جوانکیلە خەوتووەکان ئەو تێکستەیە ” گابریل گارسیا مارکیز ” ى سەرسامکردووەو ئەمەو لێکچوونى شێوازى نووسینى ئەو دوو نووسەرە لەهەندێک شوێندا سەرنج ڕاکێشە ، بەتایبەتیش ئەو مامەڵە سارد و سڕەى کە” کواباتا ” لەگەڵ پاڵەوانى تێکستەکانى دەیکات ، نزیکە لەمامەڵەکردنە ساردو سڕەکانى ” مارکیز ” بەتایبەتى و نووسەرانى ئەمریکاى لاتینیش بەگشتى ؟!
ئەمبێرتۆ ئیکۆ لەکتێبى :
Sıx walks ın the fıctıonal woods دا دنیاى تێکست بەدارستان دەشووبهێنێت ، دارستانێک کەهەم دەمانخاتە ژێر کاریگەرى سیحر و جادووى ئێستەتیکى خۆیەوەو هەم ناڕەحەت و بێتاقەت و تەرەمان دەکات .. دارستانێک کەهەم دەمانترسێنێت و هەم کەویى و ڕاممان دەکات .. لاى ” ئیکۆ ” خوێندنەوەى تێکستە سەردییەکان هاوشێوەى گەڕانە بەنێو دارستانێکدا ، سەربارى ئەو جوداو جیاوازییەى هەردوو دنیاى واقیعى و سەردیى لێک جوودا دەکاتەوە ، لەبەشى سێیەمى کتێبە ناوبراوەکەیدا ” ئیکۆ ” ئاماژە بە ” جۆرج بیریک ” ناوێک دەکات ، کەلەپێناو حاڵیبوونى لە ماجەرا حەقیقییەکانى خودى واقیع ، هەوڵیداوە لەپشت جامى قاوەخانەو سووچ و پەناى کووچەو کۆڵانەوە ، بڕوانێتە گۆڕەپانێکى پاریس و سەرجەم ڕووداو و هەڵسووکەوتەکانى خەڵکى وەک خۆى تۆمار بکات .. بەڵام هێندە نابات ئەم زاتە توانا و بڕستى لێدەبڕێت و دەگاتە ئەو حەقیقەتەى کەهیچ شتێکى هارمۆنى وشیاو و یەکانگیر لەواقیعدا ڕوونادات و واقیع زۆر لەوە فراوانترە چاو و ویژدانى تاکە کەسێک بیقۆزێتەوەو بیگرێتە خۆ .
سەبارەت بە ” هارۆکى مۆراکامى ” یش ، کەبەچیرۆکى ” بۆقەکە تۆکیۆ ڕزگار دەکات ” بۆتە سەرقافڵەى چیرۆکە وەرگێڕدراوەکانى نێو کۆمەڵە چیرۆکەکە .. بەپێى پۆلێنکردنێکى ” گاردیان” یەکێکە لەو ڕۆماننووسە باشانەى کەلەژیاندا ماوون و ئاشکراشە خەڵاتى ” کافکا” ى بەرانبەر بە ڕۆمانى کافکا لەکەنارەى وەرگرت.
ناوبراو لەساڵى 1949دا لەشارى کیۆتۆ لەدایک بووەو گەنجێتى لەوێدا بردۆتە سەر و بەشى دراما- شى لەزانکۆى” واسیدا ” ى ” تۆکیۆ ” دا خوێندوو .
لەنووسینەکانى : گوێم لەدەنگى بەستەى بایە ، بینباڵ ، کافکا لەکەنارە ، باشوورى سنوور و ڕۆژئاواى خۆر ، سبوتنیکى خۆشەویست ، دارستانە نەرویژییەکە و … تاد.
لاى مۆراکامى پێش کردەى نووسین ، بیرکردنەوەیەکى بازرگانى و حیساب و کیتابى ڕاکێشانى زۆرترین ژمارەى خوێنەران دێت کەواتە بەپێچەوانەى – بۆرخیس ـەوە کەکاتێک تەنها چەند ژمارەیەک لەکتێبێکى دەفرۆشرێت ، لەجێى ئەوەى زوویر بێت ، شادمان دەبێت، چونکە دەزانێت ، زۆرى خوێنەر سەبارەت بەتێکستێک زیاتر جێگەى پرسیار و هەڵوێستەکردنە ، وەک لەبوونى کۆمەڵێک خوێنەرى کەم و جیدى .
” مۆراکامى ” لەپێناو ئیدامەدان بەکار وکەسابەتەکەى ، هیچ بەهاو پێودانگێک لاى گرنگ نییە ، چونکە لاى ئەو ئامانج نووسینەو نووسینیش تەنها کەسابەتێکى ماددییە کەتائێستا نووسەر گوزەرانى خۆیى لەمیانییەوە مسۆگەرکردووە ، هەر بۆیە لەچاوپێکەوتنێکیدا ، سەبارەت بەپرسیارى هۆکارى بوونى ئەو هەموو دیمەنە پۆرنۆگرافی و لادانە سێکسییانە لەڕۆمانەکانیدا ، بەچەشنێک کەدەیانکاتە تەوەرى سەرەکى.
لەوەڵامدا باس لەوە دەکات ، کەئەو خوێنەرەکانى گەنجن و زیاتر تەمەنیان لەبیست ساڵان و ئەو دەورو بەرەدان… واتە لەوەڵامەکەیەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەى ، کەگرنگ نییە خوێنەر بۆ کوێ دەبەیت و چییان پێ دەڵێیت ، گرنگ ئەوەیە چۆن لەدەورى نووسینەکانت خڕیان دەکەیتەوە ، ئیدى چ شوێنێکى تێڕوانین و دنیابینییان وێران و خاپوور دەکەیت ، لاى مۆراکامى و هاوشێوەکانى مەسەلەیەک نییە؟!
هەر خودى مۆراکامى کاتێک خەڵاتى باڵاى ئەدەبى دەوڵەتى ئیسرائیل لە ئازارى 2009 ـدا وەردەگرێت ، لەسەرەتاى وتارەکەیدا دەڵێت: ئێوارەتان باش ، ئەمڕۆ وەک ڕۆماننووسێک هاتوومەتە قودس ، واتە رێکخەرێکى پرۆفیشنالڕ لەدرۆکردندا .
ڕۆمانى کافکا لەکەنارە یەکێکە لەڕۆمانە بەنامێکانى مۆراکامى و لەڕاستیدا لەنوسخە ژاپۆنییەکەیدا ، کافکا بە کافوکا نووسراوەو دواتر لەوەرگێڕانەکاندا بووەتە کافکا ، لەم ڕۆمانەشیدا وەک چیرۆکى بۆقەکە ڕزگار دەکات ، هەوڵى بەکارهێنانى فانتازیایەکى بابەتیانەى کافکاییانە دەدات ، بەڵام ناتوانێت بەبێ تێکدانى شیرازەى ئیدامەى پێبدات و هەر بۆیەشە لەچیرۆکى بۆقەکە تۆکیۆ ڕزگار دەکات لەسەرەتاوە کەمێک باشە ، بەڵام هێندە نابات دەبێتە فیلمى کارتۆن و هاوشێوەى گراندایزەر و فیلمە کارتۆنییە ژاپۆنییەکانت بیردەخاتەوەو هیچ جدییەتێکى فانتازیایى هاوشێوەى ئەدەبیاتى سەردیى پێوە نامێنێت.
بۆ نموونە کاتێک کافکا لەهەوڵى چاپکردنى ڕۆمانى مەسخ دایە لەنامەیەکیدا بۆ بەڕێوەبەرى چاپ و بڵاوکردنەوەى ئەو چاپخانەیەى کەقەولە ڕۆمانەکەى چاپبکات ، زۆر پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت ، کەوێنەى بەرگى ڕۆمانەکەى نەدرێتە دەست فڵانە بەرگساز و نیگارکێش ، چونکە دەترسێت، وێنەى قالۆنچەیەکى بۆ بکات ، لەپشت دەرگایەکەوە ، لەکاتێکدا ئەندامانى خێزانەکەى لەم دیو دەرگاکەوەن و بەمەش دەبێتە وێنەیەکى کاریکاتێرى گاڵتەجاڕئامێزو … تاد. تەنانەت باس لەوەش دەکات ، کەلەترسى ڕوودانى شتێکى وا ، لەشەودا خەو نەچۆتە چاوى و بەبێدارى ماوەتەوە .. خۆى سەیر لەوەدایە ، گەر ئێستاش وێنەى بەرگى ” مەسخ ” بەنیگارکێشە بەرگسازەکان بسپێریت ، بێگوومان ، هەر شتێکى هاوشێوەى ئەوە دەکەن، کە کافکا لێى ترساوە ، یان بابڵێین هەر خوێنەرێکە ئاسایى ، دەرئەنجامى خوێندنەوەى ڕۆمانەکە ، زیاتر ئەو گۆڕانەى ” گریگۆر سامسا” ى لا گرنگە کەدەبێتە قالۆنچە ، لەکاتێکدا ئەم بە قالۆنچەبوونە لاى ” کافکا ” وەک فانتازیایەکى بابەتى ، هیچ ماهییەتێکى کاریکاتێریى سەرزارەکى ، یان ئۆبژێیەکى فانتازیایى بەزۆر دروستکراوى فیلمى کارتۆن ئامێز لەخۆناگرێت .
بەڵام مۆراکامى لەڕۆمانى کافکا لەکەنارە دا ، بێ هیچ هۆکارێکى بابەتى یان لۆژیکى و ئیغتیرابى و … تاد. لەپڕ دەکەوێتە بەرجەستەکردنى کەسایەتى خەیاڵى میکى ماوس ى واڵت دیزنى ، ئەمە بێجگە لەدرێژکردنەوەى بێزارکەرى وەسفکردنى ژەنەڕاڵ ساندرز و زۆر وردەکاریى بێماناى لەشیرازەدەرچووى دیکەى هاوشێوەى نووسینە کرچ و کاڵ و بێتامەکانى پاولۆ کۆهیل .
گەر لەسەرەتاشەوە تێکستەکانى مۆراکامى بەجدییەتەوە ڕاتکێشنە نێو خۆیانەوە ، بەڵام هێندە نابات ، دەسەڵاتى ئیمەیجینەیشن دەشێوێت، هەرچەند ئەمە ڕەنگە لاى خوێنەرێکى بابڵێین ئاسایى هیچ گرنگییەکى نەبێت، وەک” ئیمبیرتۆ ئیکۆ” ش ئاماژەى پێدەدات: خوێنەرى فیعلى هەر کەسێکە ، هەموومانین.. من و تۆ و ئێمە کاتێک تێکستێک دەخوێنینەوە ، ئەم جۆرە خوێنەرە بەڕێگەى جیاوازدا دەخوێنێتەوە، هیچ ڕێسا و یاسایەک نییە ، شێوازێکى خوێندنەوەى تایبەتى بەسەردا بسەپێنێت، بەگشتى ئەم جۆرە خوێنەرە تێکست وەک شوێنى پڕکردنەوەى ئارەزوو و حەزە تایبەتییەکانى سەیر دەکات ، کەپەیوەستە بەدنیایەکى جیاواز و بەدەر لەتێکست ، کاریگەرى تێکستیش لەسەرى تەنها وروژاندنییەتى بەشێوەیەکى کاتى ، بەڵام گرنگیدان و مەبەستى ئیکۆ خوێنەرى نموونەییە ، هەروەک چۆن لاى ئەو نووسەرى نموونەییش هەیە ، کەهەردووکیان پێکەوە خوڵقێنەرى تێکستى جیدین.
خوێنەرى جیدى لاى ئیکۆ بەشوێن شادەمارى ستراتیژى تێکستدا وێڵەو هەمیشە هەوڵى تەئویل و کردنەوەى دەرکەکانى تێکست دەدات ، ئەم جۆرە خوێنەرە ئارام و لەسەرەخۆ و هەناسە درێژ و سەرسەختە ، لەناو ڕیتمى تێکستدا ڕیتمێکى دۆزەرەوەو گەڕۆک و بزۆزى هەیە.. لەهەموو ئەم کردەیەشدا گەر ئەقڵ ، ڕۆڵێکى سەرەکى ببینێت، نابێت ئەوە لەیاد بکەین کەئەقلڵ هیچ کاتێک کامڵ نییە ، هەروەک نووسەرى عاریف دکتۆر عەبدولکەریم سروش ، دەڵێت : ئەقڵ خودا نییە و لەپلەى کەشف و دۆزینەوەى بابەتەکانداو چارەسەرکردنیاندا ، توانایەکى سنووردار و دیاریکراوى هەیە .
ماوەتەوە بڵیم ، پێش ئەوەى بەتەوایى لەگەلڕ دنیاى چیرۆکە وەرگێڕدراوەکاندا جێتان بهێڵم ، دەبێت ئاماژە بەوە بدەم ، کەلێرەدا هێندەى دەرفەت هەبوو ، هەوڵمدا هەندێک شت بورووژێنم ، ئەگینا ئەوەى کەگوتوومە دوور و نزیک ناچێتە خانەى تەئویل ، یان ڕاڤەکارى ، یاخود خوێندنەوەى ڕەخنەکارانەو شتى لەو چەشنە .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت