Aras-Meriwan

ئاراس فه‌تاح & مه‌ریوان وریا قانع : دوازدە تێز لەسەر دۆخی ئەمڕۆکەی کوردستان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

1 – ئێمە ساڵانێکە باس لەباڵادەستیی ” باری نائاسایی‌ “، یان “دۆخی‌ ناکاو ” دەکەین لەسیاسەتی کوردیدا . بۆچونمان وابوە کە سیاسەتی کوردی بەبێ بەرهه‌مھێنانی باری نائاسایی یان دۆخی ناکاو ناتوانێت بژی‌و بەبێ شەڕی دەستەویەخەش لەگەڵ کۆمەڵگادا ناتوانێت بەردەوامیی بەدەسەڵاتدارێتی خۆی بدات . هه‌ر ئەمەشە وایکردوە هه‌مو ناڕەزاییەکی کۆمەڵایەتیی ببێت بەھۆکارێک بۆ دروستبونی باری نائاسایی ڕانەگەیەندراو بەرجەستەبونە سەربازییەکانی ئەو شەڕی دەستەویەخەیە . فەلسەفەی حوکمڕانیی حیزبی کوردی بەرجەستەکەری ئەم بارە نائاساییەیە کە هه‌مو تەمەنی دەسەڵاتدارێتی خۆی لەوەدا سەرفکردوە بەشێوەی جوداو پاساوی جۆراوجۆرو بەمیکانیزمی هه‌مەچەشن ، کار لەسەر شەرعییەتدان بەم دۆخە ناکاوە بکات‌و کۆمەڵگا لەهه‌مو ئارامییەک بەتاڵبکاتەوە . ئەم ھێزانە گاھێک بەناوی پاراستنی یەکڕیزیی نیشتیمانییەوەو گاھێک بەناوی دوژمنی دەرەکییەوەو گاھێکی تر بەناوی دەستتێوەردانی بێگانەوە ، دوژمن بەرهه‌مدەھێنن‌و بەکردەوەش هه‌مو کردەیەکی ململانێی مەدەنییان لەکۆمەڵگای ئێمەدا یان کوشتوە ، یان بەتەواوی گۆڕیویانە بۆ کردەیەکی توندوتیژ. یەکێک لەمیکانیزمەکانی دەسەڵاتدارێتی دیکتاتۆریی بریتییە لەدروستکردنی کۆمەڵگایەکی بێململانێ ، یان کۆمەڵگایەک هه‌مو ململانێکانی پڕببێت لەئەگەرو واقیعی بەرهه‌مھێنانی توندوتیژیی . هه‌ر ئەم پێدراوە سیاسییەشە وادەکات هه‌ر ململانێیەک ببێتە ھۆکاری لەقکردنی ئەم سیستەمە ، یان پرسیار لەگەندەڵیی‌و نەهامەتییەکانی بکات ، بەرەو ئەو بڕوات ببێتە ململانێیەکی جەنگاوەرانەو توندوتیژ . کوشتنی تەواوی پرۆسەی سیاسیی‌و دامەزراندنی دیکتاتۆرییەتێکی بێپەردە لەئێستای وڵاتی ئێمەدا ، بەبڕیاری خانەنشیینکردنی سەرۆک‌و دەزگای پەرلەمان دەستپێدەکات‌و بەئیملاکردنی سیاسیی حیزبی قائید بۆ سەرجەم پرۆسە سیاسییەکان کۆتاییپێدێت . ئەو وەھمەی کە پێیدەگوترێت نەتەوەسازیی ، ساڵانێکە لەسەر دەستی حیزبە باڵادەستەکان بوە بەپرۆسەی بنیاتنان‌و پتەوکردنی ئیمارەتی حیزبیی . ئەم ئیمارەتەش یەک ئامانجی هه‌یە ، بەستنەوەی کۆی جومگەکانی دەسەڵات بەمەرکەزێکی بڕیارەوە کە تیایدا سەرۆک‌و حیزبەکەی ته‌نها کاتێک ئەوانی تریان قبوڵە کە شەرعییەت بەم مەرکەزییەتە بدەن‌و بەردەوام سەریان بۆ بلەقێنن . رێکەوت نییە کە هه‌ر ئەم دۆخەشە وادەکات لەدێگەڵە بەولاوە سنورێکی‌ پیرۆزو بێدەنگکراو بۆ ئەم چڕبونەوەیەی دەسەڵات دەستنیشانبکات ، سنورێک کە هه‌ر کاتێک مەترسیی لەسەر دەسەڵاتدارێتییەکەی دروستبێت ، تۆخی دەکاتەوەو دەیکات بەخاڵی پشکنینی جەستەو عەقڵ‌و توانای ئەو ئینسانانەی کە وەکو ئەو بیرناکەنەوەو کۆیلەی دەسەڵاتدارێتییەکەی نین .

2 – ئێمە لەمێژە ڕاڤەی ئەوەمان کردوە کە دەسەڵات لەکوردستاندا هه‌مو توانایەکی ” هه‌یمەنە ” ی فەرهه‌نگیی‌و ئایدیۆلۆژیی‌و سیاسیی خۆی لەدەستداوەو کەوتۆتە پەلامارو ” شەڕێکی دەستەویەخە ” ـەوە لەگەڵ کۆمەڵگادا . چەمکی ” هه‌یمەنە ” و ” شەڕی دەستەویەخە ” لێرەدا بەمانا گرامشییەکەی بەکاردەھێنین . کە دەڵێین دەسەڵاتی کوردی ” هه‌یمەنە ” ی لەدەستداوە ، مەبەستمان ئەوەیە کە ھیچ گوتارێک لەگوتارە سیاسیی‌و ئایدیۆلۆژیی‌و فەرهه‌نگییەکانی ئەم دەسەڵاتە قابیلی باوەڕپێکردن نییەو ئەوەی دەسەڵات دەیڵێت خەڵک بەدرۆیەکی ڕوت‌و شاخداریی دەزانێت . هه‌یمەنە لای گرامشی سەرکردایەتیکردنێکی ئەخلاقیی‌و مەعنەویی کۆمەڵگایە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ، ئەمەش لەڕێگای باوەڕبونی کۆمەڵگا بەدەسەڵاتدارانەوە ، باوەڕبون بەو لێکدانەوەو تەفیسرانەی کە ئەوان بۆ ڕوداوەکانی دەکەن . لەکوردستاندا بەدەگمەن نەبێت کەسانێک نەماون باوەڕ بەھیچ شتێکی ئەم دەسەڵاتدارێتییە بکەن ، باوەڕ بەقسەوباسەکانیان لەبارەی پارەی نەوت ، موچە ، پەیوەندییەکانیان بەدونیاوە ، پەیوەندییەکانیان بەیەکترییەوە بکەن . ئەم دۆخی نەمانی متمانەو دڕدۆنگییەی کۆمەڵگا بەرامبەر بەدەسەڵاتداران ، ته‌نها یەک سیاسەتی بۆ ھێشتنەوەی دەسەڵات ھێشتۆتەوە ، سیاسەتی ترساندن‌و هه‌ڕەشەکردن‌و پەنابردن بۆ توندوتیژیی ، واتە ته‌نها ئەو ستراتیژەی ھێشتۆتەوە کە گرامشی ناوی ” شەڕی دەستەویەخە ” ی لێدەنێت . دەسەڵاتدارێتیی کوردییش لەدۆخی شەڕێکی ڕاستەوخۆو دەستەویەخەدایە لەگەڵ کۆمەڵگا . ئەم دۆخە وادەکات هه‌مو ناڕەزاییدەربڕینێکی کۆمەڵایەتیی ، گەر کەمەکێک شێلگیرو خاوەن قورسایی بێت ، بەپێویست بەشێوەیەکی توندوتیژ بەرەنگاری ببێتەوە .

3 – لەدونیای دوای ڕاپەڕیندا مێژویەک لەدایکدەبێت تەواو جیاواز لەمێژوی پێش خۆی . لەم مێژوەدا پارتەکان دەبن بە “پارتی جەماوەر ” یی ، شێوازو مۆدێلی نوێی ” گەشەکردن‌و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی ” دێتەکایەوە ، ” فەزایەکی گشتیی ” لەدونیای ئێمەدا دروست دەبێت ، تەواو جیاواز لەفەزاکانی جاران . جۆرێکی تر لەئابوریی‌و بازرگانیی جیاواز لەپێش خۆی سەرهه‌ڵدەدات ، بازرگانانی کورد دەچنە ناو تۆڕی دونیای ئابوریی گلۆباڵەوە ، میدیای ترو ڕۆژنامەنوسی ترو ڕۆشنبیری تر دروستدەبێت . گروپی کۆمەڵایەتی نوێ‌و توێژی ئابوریی نوێ دێنەکایەوە ، جۆرێکی تر لە ” کۆمەڵگای مەدەنی ” ـی لەدایکدەبێت کە لەوانی پێشتر جیاوازن . ” پەیوەندییەکی نوێ ” لەنێوان سیاسەت‌و ئابوریی‌و ئابوریی‌و سیاسەتدا دروستدەبێت . مۆدێلی نوێی دەوڵەمەندبون‌و هه‌ژارکەوتن دروستدەبێت ، دیاردەی خۆکوشتن‌و هه‌ڵاتن‌و نائومێدیی نوێ دێتەکایەوە ، جۆری نوێ لەپیاوەتیی‌و ژنبون‌و سایکۆلۆژیا لەدایکدەبێت ، شێوازی تری ئامادەگیی توندوتیژیی لەفەزای گشتیدا دێتەکایەوە ، پەیوەندییەکی تر بەڕابردوەوە دێتە کایەوەو خەون‌و وەھمی نوێ دروستدەبن ، لەوەھمی بەدووبەیکردنی کوردستانەوە بیگرە تا دەگاتە خەون‌و وەھمی دروستکردنی دەوڵەت . جگە لەمانەش میکانیزمی نوێی دیسپلیکردنی کۆمەڵگاو کڕین‌و ترساندن‌و نانبڕین‌و بێدەنگکردن‌و چەپاندنی نوێ دروستدەبن . دونیای ئێمە لەهه‌مو ئاستێکدا توشی ” شڵەژانێکی پێوانەیی ” فراوان دەبێت‌و بەهایەک نامێنێتەوە بریندارنەکرێت . ئەمە جگە لەگۆڕانی پەیوەندییە ئیقلیمیی‌و جیهانییەکان‌و بەیەکداچونی بەش‌و پارچە جیاوازەکانی دونیا بەشێوەیەکی هه‌مەلایەن‌و کەموێنە بەناویەکدا . ئەم هه‌مو گۆڕانە لەبونیادی کۆمەڵگای ئێمەدا وادەکات بڵێین هه‌رکەسێک باس لەخۆدوبارەبونەوەو بونیادی نەگۆڕو سیستمی خۆرهه‌ڵاتی زەبەلاح بکات کە گوایە چەندان سەدەیە وەک خۆی ماوەتەوەو نەگۆڕاوە ، ئەوا ئەو کەسە نەک ته‌نها خۆی‌و ئەوانیتر بەهه‌ڵەدا دەبات ، بەڵکو تەواو بێبەرییە لەسەرەتا هه‌رە سەرەتاییەکانی بیرکردنەوەی زانستیی‌و لەزۆر ڕوشەوە ئیستیقالەیەکی تەواوی بەعەقڵی خۆی کردوە .

4 – لەم دونیا تازەیەدا ئەو توندوتیژییەی ئەمڕۆ دەیبینین بەشێکە لەڕێکخستنەوەی پەیوەندی ئەم ھێزو کەسانەوە بەخۆیان‌و بەیەکترییەوە . نەوەی نوێ‌و زۆرێک لەگروپە کۆمەڵایەتییەکانی تر لەدونیایەکدا دەژین ئیهانە بەدوای ئیهانەو سوکایەتی دوای سوکایەتییان پێدەکرێت . ئەو هه‌ست بەئیهانەکردنەی کە نەوەی ئێمە هه‌مان بوو ، کاتێک کوڕەکانی سەدام حوسەینمان دەبینی بەناوی گەنجی عێراقییەوە دەچون بۆ ڤیستیڤاڵە جیهانییەکان ، هه‌مان ئەو هه‌ستەیە کە گەنجێکی ئێستای کوردستان هه‌ستیپێدەکات کاتێک دەبینێت کوڕەکەی نێچیروان بارزانی بەناوی گەنجی کوردەوە دەچێتە ناو نێوەندە نێودەوڵەتییەکانەوەو بەشێوەیەکی هه‌ڕەمەکیی پلەوپایەی سیاسیی‌و ئابوری‌و سەربازیی بەسەر خزم‌و کەسوکاری نوخبەی دەسەڵاتداراندا دابەشدەکرێت . ئەمە جگە لەچەندان شێوازی تری ئیهانەکردن‌و بێڕێزییکردن کە بەدەیان شێوە لەژیانی ڕۆژانەی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێمەدا بەرجەستەیە . بۆ نمونە نەدان‌و دواکەوتنی موچە بەهه‌مو کەرتە کۆمەڵایەتییەکان لەئەنجامی داڕمانی ئابوریی کوردستانەوە گۆڕاوە بۆ سزادانێکی دەستەجەمعیی کۆی کۆمەڵگا . گەر ئەو ئیهانانەی لەلایەن بەعسەوە بەرامبەر بەئینسانی ئێمە دەکرا ، ھۆکاری ئەوە بوبن خەڵکانێکی زۆر ببن بە پێشمەرگە‌و بەگژ ڕژێمەکەی سەدام حوسەیندا بچینەوە ، هه‌مان ئەو ھۆکارانە پاڵ بەگەنجانی ئەمڕۆوە دەنێن بچنە سەر شەقامەکان‌و بەرد بهاوێژن . توندوتیژیی بەشێکە لەهه‌مو دابەشکردنەکان‌و سنورکێشانەکان‌و خانەبەندییەکانی ناو دونیای ئێمە . ئەم نەوەیە هه‌ستدەکات کە نەوەیەکی دۆڕاوەو تا ئەو دونیایەش بەو شێوەیە بمێنێتەوە دۆڕانەکانی گەورەترو فراوانتر دەبێت . ئەوەی ئێستا دەیبینین نەوەیەکە کۆی ئەو بێڕێزیی‌و دۆڕان‌و ونبونانەی هه‌ڵگرتوەو بردویەتییە سەر شەقامەکان . لەم دۆخەشدا بێڕێزیی گەورە ئەوەیە کەسانێک بێن‌و تیۆریزەی بێئومێدیی بکەن‌و بەدەنگی بەرز هاواربکەن ئەم یاخیبون‌و توندوتیژییە ھیچی لێسەوزنابێت‌و توندوتیژیی ته‌نها توندوتیژیی بەرهه‌مدەھێنێت . یان بیبەستنەوە بەتوندوتیژییەکی گریمانکراوی نەگۆڕەوە کە گوایە لەچاخە هه‌رە دێرینەکانی ” خۆرهه‌ڵات ” ێکی خورافییەوە سەرچاوە دەگرێت . ئێمە ساڵانێکە بەرگریی لەو تێزە دەکەین کە کاری رۆشنبیر بەیانکردنی ئەو رەهه‌ندانەیە کە توندوتیژیی بەرهه‌مدەھێنن‌و شەرعییەتی جیاوازی پێدەبەخشن . جێگای سەمەرەیە کە لەمڕۆدا دەسەڵاتدارانی ئێمەو بڕێک لەرۆشنبیرانەکانی لەیەک بەرەدا بن‌و بەیەک نەفەس خۆیان لێ کردبین بەغاندی‌و دژ بەتوندوتیژیی گەنجان قسەبکەن‌و بنوسن ، لەکاتێکدا رۆژانە ئینسانی ئێمە بێڕێزیی بەرامبەر دەکرێت‌و بەفۆرمی جیاواز کەرامەتی دەشکێندرێت‌و بەشێوازی جیاواز روبەڕوی توندوتیژیی دەبێتەوە . سەیرە کە پەرلەمان بەهه‌مو دەستەمۆییە سیاسییەکەی خۆیەوە ئەتکدەکرێت‌و سەرۆکەکەشی لەلایەن ” حیزبی قائید ” ەوە لەدێگەڵە پاسەپۆرتی شەرعییەتی سیاسیی لێدەسەنرێت ، یەکێک لەو رۆشنبیرانە وەکو توندوتیژییەکی رەمزیی‌و سیاسیی لەسەری نایەتە دەنگ ، کەچی توندوتیژیی‌و بەردهاویشتنی گەنجان بەکوشتنی ” عەشقی ژیان ” وێنادەکەن .
ئێمە رامان وایە کە سیستەمی سیاسیی لەهه‌رێمدا ، سیستمێکە بەبێ لانی هه‌رەکەمی ” ڕێکەوتنی سیاسیی ” و ” متمانەی سیاسیی ” و ” ئیجماعی سیاسیی ” و زۆر لەوەش داماوترە بتوانێت لانی هه‌رەکەمی ” جێگیریی سیاسیی ” دەستەبەربکات . دۆخی هه‌رێم تەواو فشەڵ‌و بێبناغەو لاوازە . گەر ھێزی سەربازیی‌و ئەمنیی زۆرو بەکارھێنان یان هه‌ڕەشەی بەکارھێنانی بەرفراوانی توندوتیژیی نەبێت ، ئەوەی دروستکراوە بەئاسانی دەڕوخێت . ئەوەشی تائێستا ململانێکان‌و گەمە سیاسییەکانی بەبارێکدا خستوە ، ته‌نها ھێزی ڕوتە ، ژمارەی ئەو سەربازو چەکدارو پاسەوان‌و لەشکرە تایبەتانەیە کە ھێزەکان دەتوانن لەخاڵەکانی تەفتیش‌و لەناو فەزای گشتیی شارەکاندا بڵاویان بکەنەوە . ھێزی ڕوت‌و سڵنەکردنەوە لەبەکارھێنانی توندوتیژیی ڕوت لەململانێ سیاسییەکاندا رێسای سەرەکیی ئەو دۆخەی ئەمڕۆیە کە لەکوردستاندا دروستبوەو تاکە یاسایەکە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە رێزی لێ دەگیردرێت .

5 – ئەو دۆخەی سەرەوە پێمان دەڵێت : شتێک لەهه‌رێمدا، بەتایبەتی لەئاستی سیاسییدا ، بەناوی ” قازانجی گشتیی ” و ” ویستی گشتیی ” و ” خەونی گشتیی ” ـەوە بوونی نییە . ئەوەی هه‌یە کۆبونەوەی نوخبەیەکی مافیایی داخراوە لەدەوری ” ئابوریی تاڵانیی ” . ئێمە لەشوێنی تردا بەزمانی ماکس ڤێبەرەوە ئەم سیستەمە ئابوریی سیاسییەمان ناوناوە ” ئابوری چەتەگەریی “. لەئێستاشدا بەبێ ئەوەی بچینەوە ناو تێزە مارکسییە سونەتییەکە ، دەکرێت بڵێین بەشداربون لەم ” ئابوریی تاڵانیی ” ـەدا ئەو ژێرخانە کۆمەڵایەتیی‌و سیاسیی‌و مادییەیە کە ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە بەیەکەوە گرێدەدات . ئەمانەش ئەرکیان بەرامبەر بە ” خۆیان ” و ” بنەماڵە ” و خێزان ” و “هه‌ڵقە داخراوەکەی خۆیان ” لەئەرکیان بەرامبەر بەهه‌ر شتێکی دیکە گەورەترو گرنگترە ، لەپێش هه‌موانیشەوە لەئەرکیان بەرامبەر بەدەوڵەت‌و حکومەت‌و نیشتیمان‌و مێژو . ئەمانە ” خێڵێکی مۆدێرنن ” کە بەمانا خەلدونییەکەی لەیەک بەرەبابەوە نەهاتون ؛ ڕاستە بڕێکیان پەیوەندیی خوێن‌و خزمخواھیی بەیەکەوە کۆینەکردونەتەوە ، بەڵام زۆرینەیان تەناتەت ڕەمزێکی سادەش کۆیانناکاتەوە . ئەمانە پرۆسەی تێکەڵبونی قازانج‌و بەرژەوەندیی ناشەرعیی‌و شێوازی کارکردنی نایاسایی‌و نائەخلاقیی بەیەکەوە کۆیکردونەتەوە . ئەگەر خێڵی تەقلیدیی هه‌ندێکجار باوک یان باپیرەیەکی رەمزیی یان وەھمی ، یان گۆڕو مەزاری چاکەکارو وەلییەک کۆیانبکاتەوە ، ئەوا ئەم خێڵە حوکمڕانە لەکوردستاندا ئەوەشیان نییە . بەکورتی‌و بەکوردی ئەوەی کۆیاندەکاتەوە نوقومبونی سەرتاسەرییانە لەناو ئەم ئابوریی تاڵانییەدا کە پارەی زۆری نەوتی دزراو بڕبڕەپشتەکەیەتی . لەسەرێکی دیکەوە ئەوەی گەمەکەرە سیاسییە سەرەکییەکان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە ڕوانین‌و تێگەیشتنی هاوبەش نییە بۆ کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا ، دین یان کولتورێکی هاوبەش نییە ، دیدگایەکی چونیەک نییە بۆ ئێستاو ئایندەو ڕابردو ، تەنانەت وێنایەکیشیان نییە بۆ کێ دۆست‌و کێ دوژمنە ، هه‌روەها ئایدیۆلۆژیایەکیش نییە ؛ ئەوەی ئەم ھێزانە بەیەکەوە کۆدەکاتەوە بەشداریی گەورەو بەرفراوان‌و چالاکییەکانیانە لەسەرجەم تەفاسیلە مافیاییەکانی بەڕێوەبردن‌و دابەشکردنی ” ئابوریی تاڵانیی ” ـدا . خاڵی هاوبەشی نێوانیان ” جەردەیی هاوبەشە “، ” مێژوی تاوانکارییەکی هاوبەشە ” لەگەندەڵیی‌و دزیکردن‌و تاوانی گەورەو هه‌مەلایەندا . ئەوەشی زیاتر دەیانخزێنێتە باوەشی یەکترەوە وردەکارییەکانی ئەو مێژوە هاوبەشەیە ، چونکە هه‌ریەکێکیان تاوانەکانی ئەویتر بەباشی دەزانێت‌و کامیشیان کەی بیەوێت ، دەتوانێت ئەو وردەکارییانە بخاتە خزمەتیی وێرانکردنی ئەویتریانەوە . گۆڕینی سیستەمی دەسەڵات لەکوردستاندا بۆ سیستەمێکی ویراسیی ، بەبڕو ڕادەی جیاواز ، شانیداداوەتە سەر ئەم مێژوە هاوبەشە لەتاوان‌و سەر ئەم شێوازە تایبەتەی بەڕێوەبردنی ئابوریی تاڵانیی .

6 – سیاسەتی کوردیی ئەو ڕۆحییەتە پراگماتیکییەی لەدەستداوە کە بەشێکی گرنگ‌و سەرەکیی ئاکاریی سیاسییە . ترس لەگۆڕانی ” ئابوری تاڵانیی” بە ” ئابورییەکی ئاسایی ” و دەرکەوتنی ژمارە فەلەکییەکانی فرۆشی نەوت‌و ئاشکرابونی نھێنییە گەورەو شاراوەکانی‌و برسییکردنی کۆمەڵگاو ترس لەناڕەزایی دەربڕینی کۆمەڵگا بەرامبەر بەم تاڵانیی‌و نادادییە گەورەیە ، وایکردوە نوخبەی باڵادەست هه‌مو شتێک بکات بۆ پارێزگاریکردن لەو دونیایەی دروستیکردوە . ئەمە نەک ته‌نها لەڕێگای دروستکردنی قەیرانی بەردەوام‌و گەورەوەو سەرقاڵکردنی خەڵک بەکێشەی ژیانی رۆژانەوە ، بەڵکو بەلەدەستدان‌و سڕینەوەی هه‌مو پراگماتیزمێکی سیاسییش . پەلاماردانی ئەو ھێزو خانە ناڕازییانەی لەکۆمەڵگادا ئامادەیەو سڕینەوەی هه‌مو ئەو تواناو وزانەی کە دەتوانن نھێنییەکانی ئەم ئابوریی تاڵانییە زیاترو زیاتر بخەنەڕو ، داخستنی بازگەکان‌و بێئیشکردنی پەرلەمان‌و تەرخانکردنی میدیاکان بۆ جەنگێکی ڕەمزیی سەخت‌و بەردەوام ، بەشێکی بەرچاوی لەدەستدانی ئەم پراگماتیزمە سیاسییەیە .

7 – ئابوریی تاڵانیی لەکوردستانی دونیای دوای ڕاپەڕیندا لەشکرێک ئەمیرو ئەمیرەی گەنجی دروستکردوە کە بەپێی ستانداری ئەمیرو ئەمیرەکانی خەلیج دەژین ، بەڵام هاوکات شێوازێکی نوێی هه‌ژاریی‌و ھێزی کۆمەڵایەتیی هه‌ژاری نوێشی بەرهه‌مھێناوە ، کە پێشتر لەدونیای ئێمەدا بونی نەبوە . ئەم گروپە گەنجە ئەرۆستۆکراتییە نوێیە لەڕێگای میدیای ئەوروپییەوە نەبێت ، کەس نایانبینێت‌و نایاناسێت ، چونکە ئامادەن ته‌نها لای ئەوان خۆیان نماییشبکەن‌و کوردستان وەکو بەهه‌شتی نوێی ئەم نوخبە میرزادەیە بەدەرەوە نیشانبدەن . سەرەکیترین شوناسی گروپە هه‌ژارە تازەکەش بریتییە لەگەنجبون‌و خوێندەواربونی . ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئێمە خاوەنی لەشکرێک هه‌ژارە کە زۆرینەی هه‌رەزۆریان خوێندەوارو هه‌ڵگری بڕوانامەن . ئەوانەی لەهه‌موان ناڕازییترن ، ئەم ھێزە تازەیەیە ، بەتایبەتی لەکۆمەڵگایەکدا کە بەرخۆریی تیایدا کراوە بەبەهای ژمارە یەک‌و بەشی هه‌رەسەرەکیی شوناسی مرۆڤەکانیش لەپاڵ ئەم بەرخۆرییەدا دروستدەکرێت . ئامادەگیی بێکاریی لەپاڵ ئایدیۆلۆژیای بەرخۆریزمدا مانای بونی بۆمبێکی کاتییە لەژێر هه‌مو خانە کۆمەڵایەتییەکاندا ، بەکایەکانی دەسەڵات خۆشیانەوە . دونیای کۆمەڵایەتیی ئێمە لەدوای ڕاپەڕینەوە نەوەیەکی نوێی بەرهه‌مھێناوە کە لەنەوەکانی بەر لەخۆی زیاتر شانسی خوێندن‌و خۆپەروەردەکردنی هه‌بووە ، توانای فێربونی زمان‌و بینینی دونیای دەرەوەو ئاشنابون بەئەزمونە سیاسیی‌و کۆمەڵایەتیی‌و فەرهه‌نگییەکانی تری هه‌بوە . ئەم نەوەیە ئەمڕۆکە نەک ته‌نها بێکارو بێئاسۆو بێئانیدەیە ، بەڵکو نەوەیەکە داواکاریی زۆرو گرنگیشی لەو حوکمڕانییە هه‌یە کە لەسەر ئابوری رێنتی نەوت دروستبوە . ئەمانە لەکۆمەڵگایەکدا دەژین سیستمە بەهایی‌و پێوانەییەکەی شڵەژانێکی گەورەی بەسەرداهاتووە . ھیچ بەهایەک لەم وڵاتەدا نەماوەتەوە نەشڵەژابێت‌و پێشێلنەکرابێت‌و ھیچ درۆیەک نەماوە نەکرێت‌و ھیچ تاوانێکیش نەماوە ئەنجامنەدرێت . گەر ئەم نەوەیە لەئەمڕۆشدا بەشێوازی جیاواز بێدەنگبکرێت ، سبەینێ ناکرێت بێدەنگبکرێت . هه‌ر ئەم دۆخەشە دەمانگەیەنێتە ئەو دەرئەنجامە سۆسیۆلۆگییەی کە بڵێین : پێکەوەگرێدانی ئایدیۆلۆژیای بەرخۆریی‌و توندوتیژیی خەسڵەتی سەرەکیی پێکهاتی دونیای کۆمەڵایەتی‌و سیاسیی ئەمڕۆی کوردستان پێکدەھێنێت . بەمانایەکی تر ، چەندە وڵات دەوڵەمەند بێت ، ئەوەندەش خەڵک داوای بەشهه‌بوون دەکات لەدابەشکردنی سامانی نەتەوەیی . چەندە سامان زۆر بێت ، ئەوەندەش چاوەڕوانییەکانی خەڵک لەدەسەڵاتداران گەورەتر دەبێت .

8 – ھیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت لانیکەمی هاوخەمیی‌و هاودەردیی‌و هاریکاریی ڕاستەقینە دروستبکات ئەگەر ئەو کۆمەڵگایە ” چالاکی سیاسیی هاوبەش ” ـی تێدانەبێت . ئەوەی کۆمەڵگا ڕێکدەخات‌و بەشە جیاوازەکانی بەیەکەوە گرێدەدات نە ئایینە ، نە کولتورە ، نە ئابورییەو نە مێژوە ، بەڵکو بەپلەی یەکەم سیاسەتە ؛ سیاسەت بەمانای کردەو چالاکیی دروستکردنی ژیانی گشتیی . دروستکردنی دەزگای سیاسیی هاوبەش‌و ئەنجامدانی کردەی سیاسیی هاوبەش‌و بینینی خەونی سیاسیی هاوبەش ، ڕەگەزە سەرەکییەکانی گرێدانی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگایە بەیەکەوە . بەبێ بونی دەزگای سیاسیی هاوبەش ، کۆمەڵگا ھیچ ئامرازێکی ڕاستەقینەی لەبەردەستدا نابێت بۆ دروستکردن‌و وەدیھێنانی ” قازانجە گشتیی ” ـەکان . هه‌رخودی توانای دروستکردنی ئەم جۆرە دەزگایانە هه‌مان ئەو توانایەیە کە دەتوانێت ” بەرژەوەندیی‌و قازانجی گشتیی ” دروستبکات . دیارە دەزگا سیاسییەکان بەته‌نها کۆمەڵێک بونیادنین بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان ، بەڵکو کۆمەڵێک بەهاو نۆرم‌و ئەخلاقیاتی تایبەتیشن کە دەتوانن سنورێک بۆ ویست‌و حەزو زەوق‌و تەماحی تایبەتی ئەوانە دابنێن ، کە دەزگاکان بەڕێوەدەبەن . ئیشی دەزگا ئەوەیە سنورێک بۆ حەزو ئارەزوە ئەنانییەکانی حوکمڕانان‌و بەڕێوەبەری دەزگاکان دابنێت ، دروستکردنی دەزگا بەبێ ھیچ ڕەهه‌ندێکی ئەخلاقیی مانای دروستکردنی دونیایەکە لەسەر بنەمای حەزو ویست‌و تەماحی ئەنانی نوخبەیەکی حوکمڕان . ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە بەچاوی خۆمان دەیبینین ، ئیشکردنی دەزگا سەرەکییەکانی دونیای ئێمەیە بەپێی ویست‌و حەزو تەماحی بەرتەسکی بنەماڵە سیاسییە باڵادەستەکان . هه‌رئەمەشە وادەکات کە سیستەمی پەرلەمانتاریزم‌و چاودێریکردنی دەسەڵات‌و عەقڵانییەتی دەزگایی‌و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتر ببنە دوژمنی هه‌رەسەرەکیی ئەم مۆدێلە لەحوکمڕانیی . هه‌رکاتێکیش ئەگەری چاودێریکردنی دەسەڵات‌و ریفۆرمی سیاسیی نزیکبێتەوە ، پەرلەمان‌و وەزیفەی چاودێریکردنی دەسەڵات بەعەقڵییەتی چەتەگەرێکی سیاسیی لەبەریەک هه‌ڵوەشێنێتەوە . بێبەهاکردنی سیستەمی پەرلەمانتاریی کێشەی خودی سیستەمەکە نییە ، وەکو هه‌ندێک لە ” لێنین ” ییە نوێکانی کورد بانگەشەی بۆ دەکەن ، بەڵکو کێشەی ئەو نوخبەو ئەکتەرە سیاسییانەیە کە ئەم دەزگایانە بەکارتۆنیی دەکەن . ئەوانەی ئەمجۆرە بانگەشەیە دەکەن‌و دژایەتی مۆدێلی پەرلەمانتاریزم دەکەن ، دەبێت دژایەتی دیموکراسیی‌و مافی مرۆڤ‌و چەمکی یەکسانییش بکەن ، چونکە بەرهه‌می ئەم مۆدێلەن لەسیستەمی سیاسیی .

9 – پەیوەندییەکانی دەسەڵات لەکۆمەڵگای ئێمەدا پەیوەندییەک نین پابەستی گەشەی ناوەکیی‌و هاوسەنگیی ھێزبن لەناو خودی هه‌رێم خۆیدا . دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان ، کە ئەمڕۆ زۆربەی جومگە سەرەکیی‌و گرنگەکانی دەسەڵاتی لەژێردەستە ، پەیوەندیی بەگەشەی سروشتیی ئەم ھێزەوە نییە ، پەیوەندیی بەپێگەی کۆمەڵایەتیی ئەم ھێزەو زۆریی ژمارەی هه‌وادارەکانی لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا نییە ، هه‌روەها پەیوەندیشی بەئاکارێکی گریمانکراوەوە نییە بۆ کۆمەڵگای ئێمە . دو ڕووداو ئەم دەسەڵاتە زۆرو فوتێکراوەی بەپارتی بەخشیی‌و کردی بەو ھێزەی ئەمڕۆ دەستی لەناو هه‌مو جومگەو پنتە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا بێت . یەکەمیان هاریکاریکردنی بەعس بۆ پارتی لە٣١ ئابدا بۆ داگیرکردنی هه‌ولێر کە لەڕوی کردەییەوە ڕوبەرێکی گەورەی کوردستانی خستە ژێر ڕکێفی ئەم حیزبە . دوهه‌میان ویستی تاکەکەسیی تاڵەبانی‌و خواستی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بو ، بۆئەوەی تاڵەبانی ببێت بەسەرۆکی عێراق‌و لەم پێناوەشدا جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی لەکوردستاندا تەسلیم بەپارتی کرد . ئاشکرایە ئەم سەروسەودا سیاسییەش واقیعێکی مەترسیداریی بەرهه‌مھێنا کە ناوی ” ڕێکەوتنی ستراتیژیی ” لێنراو لەمڕۆشدا یەکێتییەکەی دوای مام جەلال باجەکەی دەدات . ئەم دۆخەش یەک دەرئەنجامی هه‌یە : ئامادەگی پارتی بۆ ئەنجامدانی هه‌مو موفاجەئەو تاوانێکی سیاسیی ، لەپێناوی ھێشتنەوەی دەسەڵاتێک کە لەگەڵ قەبارەی سیاسیی‌و جەماوەریی ئەودا ناگونجێت‌و لەناو گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکانەو ، گۆڕانی دۆخی ئەمڕۆکەی کوردستادا جێینابێتەوە .

10 – ئێمە لەچەندین وتاردا باسمان لەوە کردوە کە ئەم سیستمە سوڵتانییەی هه‌رێم هه‌ندێک پەراوێزی دیموکراسیی‌و کراوەی هه‌بو کە هه‌م بەشێک بو لەجوانکردن‌و شاردنەوەی دەموچاوە سوڵتانییە دەسەڵاتگەرەکەی خۆی ، هه‌م بەشێکیش بو لەبەرئەنجامی فشاری خەڵک‌و کۆمەڵگاو ھێزە چالاکەکان لەسەر ئەو سیستمە . واتە پەراوێزەکانی ناو سیستمە سیاسییەکە دیاری دەسەڵاتداران نەبون‌و نیین بۆ خەڵک‌و کۆمەڵگا ، بەڵکو بەری ڕەنج‌و بەرگریی بەردەوامی کۆمەڵگای ئێمە بوە لەخۆی‌و بەشێک بوە لەهه‌وڵی ئەو کۆمەڵگایە بۆ دروستکردنی کۆمەڵێک ڕوبەری سەربەخۆو تایبەت بۆ کردەی مێژویی . لەسەردەمی دوای سەدامدا ئەم پەراوێزە شوناسی ” ئەزمونی گەنج ” و ” عێراقەکەی تر ” و ” پرۆسەی بەدیموکراسیبون ” ی بەم دەسەڵاتدارێتییە بەخشیبو . لەهه‌ندێک ساتی تایبەتدا ئەم سیستەمە سوڵتانییە گیری بەدەست ئەم پەراوێزانەوە دەخواردو ناچاردەبو فێڵی ئاشکراو بەرچاو بکات بۆئەوەی خۆی لەیاساو بەهاکانی ئەو پەراوێزانە ڕزگاربکات کە خۆی دایناون ، وەک دوو ساڵ لەمەوپێش یەکێتی نیشتیمانی لەگەمەیەکی پەرلەمانی ناشیریندا ، ماوەی دو ساڵی نایاسایی بۆ سەرۆکایەتی بارزانی درێژکردەوەو دواجاریش سزاکەی لەلایەن هه‌وادارەکانییەوە بینی . لەمڕۆشدا مەسەلەکە لەگیرخواردن‌و فێڵکردن لەو پەراوێزانە تێپەڕیوەو پارتی بەئاشکرا ، وەکو داشەهارە ، لەسەر وێرانکردنێکی تەواوی ئەو پەراوێزانە کاردەکات ، چونکە ئەو دەسەڵاتدارێتییە بەشێوەیەک ناچیزو ناشیرین بوە کە پەراوێزەکانی بون بەمەترسییەکی کۆنکرێت‌و گەورە بۆسەر دەسەڵاتەکەی خۆی . پەکخستنی پەرلەمان‌و قسەکردن لە ” کودەتای پەرلەمان ” ، کۆمیدیترین دەستەواژەیە کە بەدرێژایی مێژوی سیاسیی ئێمە دروستکرابێت ، شەڕفرۆشتن بەسەرۆکی پەرلەمان ، بەشێکە لەم ستراتیژییەتی وێرانکردنە . وێرانکردنی پەراوێزەکان مانای وێرانکردنی سەرجەمی ئەو میکانیزمانەشە کە بۆ ئەگەری دەستگۆڕکێی دەسەڵات لەئارادان . لەسلێمانیدا یەکێتی چۆن ئامادەنەبو هه‌ندێ هه‌ڵقەی دەسەڵات بۆ گۆڕان چۆڵبکات‌و فەزایەکی سەربازیی پڕ لەترس‌و تۆقانی دروستکرد، پارتیش بەهه‌مانشێوە ئامادە نییە دەسەڵاتی بارزانی تەسلیمبکات‌و هه‌ر شتێکیش کە بۆنی دەستگۆڕکێی دەسەڵاتی لێبێت ، بەتەواوی پەکدەخات .

11 – بەبۆچونی ئێمە قۆناغی ئەمڕۆمان ته‌نها قۆناغی بەرگریی نییە ، بەڵکو قۆناغی فشاری کۆمەڵگاو تەسلیمنەبونی ئەو ھێزانەیە کە باوەڕیان بەملنەدان هه‌یە بەرامبەر پرۆژەی دیکتاتۆرییەتی پارتی . ئێمە لەسەردەمی شەڕی ناوخۆوە دەڵێین کوردستان لەوە بچوکترە لەنێوان چەند ھێزێکی سیاسیی لۆکاڵدا دابەشبکرێت‌و لەوەش گەورەترە کە جێگەی زیاتر لەھێزێکی تێدا نەبێتەوە . بە بەرگرییکردن لە پلورالیزمی ساسیی‌و کۆمەڵایەتیی ، ساڵانێکە کار لەسەر مەترسیی بنبەستکردنی پڕۆژەی سوڵتانیزم دەکەین . لەمڕۆشدا کاتێک کە پارتی دەیەوێت بەته‌نها بەری ئەم پڕۆژەیە بچنێتەوە ، هه‌ر ھێزێکی سیاسیی بەهه‌ر بیانویەک ، بەشداربێت لەسەرخستنی ئەم پڕۆژەیە ، بەشدارە لەداڕمان‌و دابەشبونی زیاتری کۆمەڵگای ئێمەو ئاراستەکردنی وڵاتمان بەرەو توندوتیژیی زیاترو وێرانکاریی گەورەتر .
ئەم قۆناغە ، قۆناغی گوێنەگرتنە لەو سیاسیی‌و ڕۆشنبیرانەش کە گاڵتەیان بەهه‌مو شێوازەکانی خەبات دێت . ھۆشیاریی‌و فیکرو ڕۆشنبیریی ناو کتێبەکان بەته‌نها ھیچیان بۆ ناکرێت ، کتێب‌و تێکست هه‌رگیز بەته‌نها دەرەقەتی دونیا نەهاتونو نایەن . فیکر وەک مارکس دەڵێت : ته‌نها کاتێک دەبێت بەھێزو دەتوانێت ببێت بەبەشێک لەکردەی مێژویی ، کە بکەوێتە ناو خەڵک‌و کۆمەڵگاوە ، کاتێک دادەبەزێتە ناو ڕیزەکانی ئەوانەوە کە ئامادەن کردەی مێژویی ئەنجامبدەن ، ئامادەن بەشێوەیەکی کردەگیی دەرگیری پڕۆژەی دەسەڵاتخوازیی ببنەوەو بەگژیدابچنەوە . هه‌مو ئەمانەش لەدونیای مۆدێرندا میکانیزمی دیاریکراویان هه‌یە ، لەهه‌رە گرنگەکانیشیان دروستکردنی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیی‌و مەدەنییە ، بونیادنانی پارت‌و ڕێکخراوی سیاسییە ، سەرهه‌ڵدانی گروپی فشارو وەگەڕخستنی میدیای مۆدێرنە ، تا دەگات بەچونە سەرجادەو خۆپیشاندان‌و مانگرتن دژ بەهه‌مو شێوەکانی بێگوێیی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتیی‌و فەرهه‌نگیی . پەنابردن بۆ شێوازە جیاوازەکانی ململانێی مەدەنیی مافە ، توندوتیژبونەوەی ئەم ململانێیانەش شتێک نییە پێشوەخت کرابێتە دەرەوەی هه‌مو حیساباتێکی سیاسییەوە .
ھۆشیاریی وەک ھۆشیاریی شتێک نییە دەستکاریی ھیچ شتێکی بۆ بکرێت ، ئەمە تێزێکی تەواو کاڵفام‌و بێمانایە ، ھۆشیاریی هه‌میشە پێویستی بەھێزی مادیی هه‌یە بۆ کارکردن ، بۆ تێکەڵبونی بەمێژو ، بۆ بەرهه‌مھێنانی دونیا نوێ‌و ئاسۆی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتیی‌و شارستانیی نوێ . ئەوەی لای هه‌ندێک ڕۆشنبیری ئێمە ئامادەیە ، جۆرێکە لەبیرکردنەوەی ئایدیالیستیی‌و خەیاڵیی‌و نارسیستیی ترسناک کە وەک بێھودەیی‌و بەدکارییەک تەماشای ڕووە مادیی‌و ڕێکخراوەیی‌و سیاسییەکەی کردەی مێژویی دەکات . وێنەیەک بۆ فیکرو ھۆشیاریی سەروەردەکات بەبێ ھیچ بکەرێکی کۆمەڵایەتی‌و کردەیەکی مێژویی کۆنکریت ، ھۆشیاریی کورتدەکاتەوە بۆ خوێندنەوەی شیعرو ڕۆمان‌و کتێب بەته‌نها . ئەمەش وەک هانا ئارێنت دەڵێت بڵاوبونەوەی ئەو ئەفلاتونییەتە فیکریییە کە وەک نەخۆشییەکی گەورە لەناو زۆر تێزی فیکریی دونیای ئەمڕۆدا ئامادەیە . جگە لەمە بانگەشەی ئەوەی کە گوایە ھۆشیاریی لای گەنجان‌و کەرتە کۆمەڵایەتییە ناڕازییەکانی تری کۆمەڵگای ئێمە ، بونی نییە ، بۆیە خۆپیشاندانەکان جگە لەتوندوتیژیی ھیچی تر بەرهه‌مناھێنێت ، ته‌نها یەک مانای هه‌یە : مانای ئەوەی ئەوانەی دەچنە سەرجادەو داوای مافەکانیان دەکەن گەمژەو نەزان‌و گێرەشێوێنن ، یان بەزمانی سەدام حسەین غەوغائین . وێناکردنی ئەم ھێزە توڕانە وەک ھێزێک کە گوایە ھۆشیارییان نییەو ھێزە سیاسییەکان وەک داشی دامەو بۆ گەمەی سیاسیی خۆیان دەیانجوڵێنن ، بەشێکن لەو ڕوانینە سەدامییەو لەو زمانە سەدامییەی کۆمەڵگای ئێمە لەنزیکەوە دەیناسێت . ئەمەش نەک ته‌نها ئاوکردنە بەئاشی سیستەمە سیاسییە چەقبەستوەکەو تیوریزەکردنی ڕوداوەکانە بەقازانجی خێزانە سیاسییەکانی کوردستان ، بەڵکو لەجەوهه‌ری خۆشیدا بێڕێزییەکی تەواو گەورەیە بەرامبەر بەهه‌مو ئەو بکەرانەی کە ئەو دونیا ناشیرین‌و پڕنادادییەیان قبوڵ نییە . ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە وێنەیەکی تەواو خورافیی‌و وەھمیشی لەسەر ڕوداوە گەورەکانی مێژو هه‌یە ، پێیوایە ئەوانەی لەپاریس پەلاماری باستیلیان داو شۆڕشی فەرەنسییان دەستپێکرد ، هه‌مویان خوێنەرانی ڕۆسۆو ڤۆڵتێرو لۆک بون ، مێشکیان پڕبو لەتیورە جیاوازەکانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی ، لەکاتێکدا ئەوانەی پەلاماری باستیلیان دا ، خەڵکانی نەخوێندەوارو هه‌ژارو بێکار بون‌و ھیچشتێک نەیدەبردنەوە ناو تێزە فیکرییەکانی ئەو نوسەرانە .

12 – چ لە سیاسەت‌و چ لەناو رۆشنبیریی ئێمەدا گوتارێک بوە بە گوتاری باو کە دەڵێت : قسەکردن لەسەر ئەم دۆخە ، کردەیەکی بێمانایە‌و تەنانەت نوسین نەک ناتوانێت تەعبیر لەم دۆخە بکات ، بەڵکو ئەوەی دەنوسرێت‌و دەگوترێت دەبێت بە مەترسییەکی زیاتر بۆ ئارامیی کۆمەڵایەتیی‌و سیاسیی . ئەوەی ئەم دو دیدەی ناو کایەی سیاسەت‌و رۆشنبیریی بەیەکەوە کۆدەکاتەوە بریتییە لە پڕوپاگەندەکردن بۆ بێدەنگبون‌و ھیچنەوتن‌و چاوەڕوانکردن . بێگومان بێدەنگیی بارزانی‌و بێدەنگیی نوسەران‌و ڕۆشنبیران ، مانای بێزمانیی نییە ، مانای ھیچنەگوتن نییە ، بەڵکو مانای ئەوەیە کە نەک ته‌نها قسەکردن‌و نوسین کردەیەکی عەبەسییانەی بێمانایە ، بەڵکو مانای ئەوەشە هه‌مو شتێک گوتراوە‌و پێویست بە دوبارە‌و سەدبارەکردنەوە ناکاتەوە . ئەم وەھمە جگە لەوەی کە لەسەدان سەرەوە ناڕاستە ، هاوکات ئەو خاڵە سادەیەی سۆسیۆلۆژیای زمان‌و قسەکردنی لەبیردەچێت کە قسەیەک دوێنێ کرابێت ، دوبارەکردنەوەی لەمڕۆدا مانایەکی دیکەی دەبێت‌و ڕۆڵێکی دیکە‌و ئەرکێکی دیکە جێبەجێدەکات . چەندین سەدەیە ھێزە چەپەکان‌و بیریارەکانیان باس لەوەدەکەن کە سیستەمی سەرمایەداریی چ بەڵایەکە بۆ مرۆڤایەتیی ، دەیان تێز‌و تیۆریان لەسەر ئەم سیستەمە‌و دەرهاویشتە جیاوازەکانی بەرهه‌مھێناوە ، کەچی هه‌ر ئەم تێرمە لەمڕۆدا لە هه‌مو سەردەمەکانی پێش خۆی هه‌نوکەییتر‌و گرنگترە‌و ھێزی کۆمەڵایەتی نوێ دروستبون کە نوێنەرایەتیی دەکەن . پرسیارەکە بۆ دونیای ئێمەش ئەوە نییە کە ئێمە هه‌مو شتێک دەزانین‌و تەواو پێویست ناکات وتراوەکان دوبارەبکەینەوە ، بەڵکو ئەوەیە کە چ میکانیزم‌و چ ھێزێکی کۆمەڵایەتیی‌و سیاسیی هه‌یە‌و دەشێت هه‌بێت کە سیستەمی بەرگرییەکەی لە بەها ئینسانییەکانمان تێکنەشکابێت‌و ئەڵتەرناتیڤی بۆ رێگرتن لە دیکتاتۆرییەت پێبێت . یان لانیکەم لەهه‌وڵی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئەو دونیایەدا بێت کە بەهه‌مو مانایەک لە دۆخی ئەمڕۆیدا بۆگەنیکردوە‌و قابیلی تەحەمولکردن نییە . ئەم ئەرکە بەوە ناکرێت لە ژورەکەی خۆتدا دانیشت‌و بڵێیت من هه‌مو قسەیەکم کردوە‌و فیکر لەمندا خەتمکراوە ، لەناو ئەو هه‌مو کارەسات‌و دڕدۆنگیی‌و ناشیرینیانەدا بێدەنگببیت ، بەڵام کە ناچاربویت دەم بکەیتەوە لەباتی قسەکردن لەسەر ئەو دونیا ترسناکە ، پەلاماری ئەوانە بدەیت کە لە جەنگێکی دەستەویەخەدان لەگەڵ ناشیرینییەکانیدا .
ئەم قۆناغە بەڕای ئێمە ، قۆناغی ئامێزانی بێزمانیی‌و بێدەنگیی نێوان سیاسەت‌و رۆشنبیرە کە هه‌ردوکیان بە دو فۆرمی جیاواز ، پەیامی کوشتنی زمان‌و ململانێکانیان هه‌ڵگرتوە ، خنکاندنی بیرکردنەوە‌و کپکردنی کردەی کۆمەڵایەتییان پێکەوەگرێداوە ؛ جارێک لەڕێگای بەیعەی ئاشکرای ڕۆشنبیرانەوە بۆ بارزانی ، جارێکی دی لە ڕێگای تیوریزەکردنی بێدەنگیی‌و بێھودەییەوە‌و فرۆشتنیشیان وەک تاقە کردەیەکی تیوریی‌و مێژویی ڕاستەقینە . ئێمە وایدەبینین کە چەندە بێدەنگیی‌و بێزمانیی بارزانی‌ جەوهه‌ری سیاسەتی کوردیمان پیشاندەدات ، واتە ڕووە تۆتالیتاریی‌و دیکتاتۆرییەتەکەی ئەم سیاسەتەمان نیشانئەدات ، ئەوەندەش بێدەنگیی‌و مانگرتنی رۆشنبیران لە بیرکردنەوە‌و داواکردنی ئەوەی بابوەستین تا فیکر‌و ھۆشیاریی پێدەگات ، هه‌مو کردەیەکی کۆمەڵایەتیی‌و سیاسیی تەئجیلبکەین ، لەپاڵ ڕستەی شیعریی‌و ریتۆریکی بەتاڵدا وەنەوزبدەین ، چونکە جگە لەبێھودەیی‌و توندوتیژیی ھیچی تر لە دونیای ئێمەدا بەرهه‌منایەت . بەبۆچونی ئێمە ئەم بەرخوردە فیکرییە تەواوکەری ئەم پرۆژەی بەتۆتاڵکردنی دەسەڵاتەیە لە کوردستاندا . لەنێوان بێدەنگیی‌و ترسنۆکیدا خەتێکی باریک هه‌یە ، ئەم خەتە باریکەش دەکرێت بەشێوازی جیاواز‌و لەدیدی جیاوازەوە یاریی‌و پەتپەتێنی لەسەربکرێت . ئەوەی مایەی پێکەنینە ئەوەیە رۆشنبیرانمان ساڵانێکە ، وەکو سیاسییە پیرۆزەکان ، بێدەنگن‌و ھیچ لەسەر ئەو هه‌مو کارەساتانەی وڵات ناڵێن کە ڕودەدەن ، بەڵام هه‌ر کە دەمیانکردەوە پەلاماری ئەو کەس‌و گروپانە ئەدەن کە قسەدەکەن‌ و بێدەنگنین . شەڕی ئەم ڕۆشنبیرانە ، شەڕ لەگەڵ دەسەڵاتدا گواستراوەتەوە بۆ شەڕ لەگەڵ ئەو بەشەی کۆمەڵگادا کە تەسلیم نابێت .

تەنها بە کلیکێک لەسەر ئەو سمبولانەی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنیرە بۆ هاوڕیکانت