Barzani-u-Ardogan

تاڵه‌بانی‌ : بەرزانی‌ له‌توركه‌كان زیاتر رقی‌ له‌په‌كه‌كه‌یه ‌ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

به‌پێی‌ چه‌ند به‌ڵگه‌نه‌مه‌یه‌كی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا ، واشنتۆن پلانی‌ بۆ بێهێزكردنی‌ په‌كه‌كه‌ داناوه ، توركیا پێیوابوه‌ كلیلی‌ به‌زاندنی‌ ئه‌و پارته‌ كوردیه‌ بارزانیه‌‌و تاڵه‌بانیش وتویه‌تی‌ “ بارزانی‌ له‌توركه‌كان زیاتر رقی‌ له‌په‌كه‌كە ‌یـە ‌”.
به‌ره‌به‌یانی‌ شه‌ممه‌ی‌ رابردو 25/7 ، له‌گه‌ڵ دوباره‌ ده‌ستپپێكردنه‌وه‌ی بۆردومانه‌كانی توركیا دژ به‌مۆڵگه‌كانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان ( په‌كه‌كه‌) له‌ناو سنوری‌ هه‌رێمی كوردستان ، جارێكیتر مشتومڕ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی‌ هه‌رێم له‌و شه‌ڕه‌دا سه‌ریهه‌ڵدا .
جیاوازی‌ ئاراسته‌ی‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌ماندا سه‌باره‌ت به‌و بۆردومانه‌ جیاوازی‌ تێڕوانینیانی‌ ئاشكراكرد له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ، كه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ش حزبه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم له‌نێوان دژ به‌توركیاو خۆپارێزی‌ له‌ئیدانه‌كردنی‌ ئه‌نكه‌ره‌ دابه‌شبون .
له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003 ‌وەوە ‌، لێدانی‌ بنكه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ناو سنوری‌ هه‌رێمدا كێشه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وامی‌ بۆ ناوخۆی‌ هه‌رێمیش دروستكردوه‌ له‌وه‌ی‌ ناتوانێت رێگری‌ لێبكات ، به‌ڵام بڵاوبونه‌وه‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌رێگه‌ی‌ سایتی‌ ویكیلیسكه‌وه‌ به‌شێك له‌نهێنیه‌كانی‌ ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی‌ نێوان ئه‌مه‌ریكا‌و توركیاو هه‌رێم‌و په‌كه‌كه‌ی‌ ئاشكراكرد كه‌ پێشتر نه‌ده‌زانران .

پلانی‌ ئه‌مه‌ریكا دژ به‌په‌كه‌كه‌
به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه‌ سایتی‌ ویكیلیكس بڵاویكردۆته‌وه ‌، له‌ ١٣/١١/٢٠٠٧ دا رایه‌ن كرۆكه‌ر باڵیۆزی ئه‌وكاته‌ی‌ ئه‌مریكا له‌عێراقه‌وه‌ نوسراوێكی‌ ره‌سمی‌ ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌كات‌و باس له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كی دوقۆڵی نێوان خۆیی‌و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌كات كه‌ تێیدا پڕۆژه‌یه‌كی سێ خاڵی خستۆته‌ به‌رده‌م بارزانی كه‌ جێبه‌جێ بكرێت بۆ له‌ناوبردنی په‌كه‌كه‌ ، بارزانیش ره‌زامه‌ندی خۆی ده‌ربڕیووه‌‌و رایگه‌یاندوه‌ “ حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌رگیز دۆستی په‌كه‌كه‌ نه‌بون‌و نین ”.
رایه‌ن كرۆكه‌ر پێشنیاری‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ بارزانی كردوه‌ ، یه‌كه‌م‌و گرنگترین قۆناغ رێگریكردنه‌ له‌سه‌رچاوه‌كانی داهات‌و كۆمه‌ك‌و گواستنه‌وه‌ی په‌كه‌كه ‌، ئه‌وه‌ش به‌داخستنی باره‌گاكانیان‌و رێگریكردن له‌هاتوچۆی ئه‌ندامانی پارته‌كه‌‌و په‌كخستنی سه‌رچاوه‌كانی داهاتیان .
كرۆكه‌ر به‌بارزانی وتووه‌ “ چاوه‌ڕوانده‌كرێت ئاسایشی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر‌و سلێمانی چڕتر بكرێته‌وه‌‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌ نه‌درێت ، ده‌بێت ئه‌ندامانی ئه‌و پارته‌ ده‌ستگیربكرێن‌و چالاكیان كه‌مببنه‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ”.
به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ قۆناغی‌ دووه‌می‌ پێشنیاری‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ بێهێزكردنی‌ په‌كه‌كه‌ به‌هێزكردنی ئاسایشی سنوره‌ بۆ ڕێگریكردن له‌هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ ، ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن هه‌رسێ وڵاتی عێراق‌و توركیا‌و ئه‌مه‌ریكاوه‌ كاری بۆ ده‌كرێت ، سێیه‌م قۆناغیشی به‌ستۆته‌وه‌ به‌چاره‌سه‌رێكی سیاسی درێژخایه‌ن .
به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ بارزانی به‌كرۆكه‌ر ده‌ڵێت “ هه‌رگیز نه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان‌و نه‌ پارتی دیموكراتی كوردستانیش دۆست‌و هاوپه‌یمانی په‌كه‌كه‌ نه‌بون ، ته‌نیا له‌نێوان ١٩٩٢ بۆ ٢٠٠٠دا زیاتر له‌پێنج هه‌زار كوژراو 800 برینداریان به‌هۆی توندوتیژیه‌كانی په‌كه‌كه‌وه‌ بونه‌ته‌ قوربانی ”.
بارزانی هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا په‌كه‌كه‌ی‌ به‌پۆڵپۆت ( سه‌ركرده‌ی كۆمۆنیستی كه‌مبۆدیا ) ده‌چوێنێت‌و به‌پێكه‌نینه‌وه‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌كات چۆن باره‌گاكانی پارتی چاره‌سه‌ری دیموكراتی كوردستان ( باڵی په‌كه‌كه‌ له‌باشوری كوردستان) یان داخستوه .
به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا ئاشكرایكردوه ، بارزانی ره‌زامه‌ندی خۆی ده‌ربڕیوه‌ بۆ هاوكاریكردنی توركیا ، به‌مه‌رجێك توركیا مه‌به‌ستی لێدانی هه‌رێم نه‌بێت به‌ به‌هانه‌ی په‌كه‌كه‌وه‌ ، وتویه‌تی‌ “ ئێمه‌ دژی وته‌ ره‌قه‌كانی توركیاین به‌رانبه‌ر هه‌رێم‌و دژایه‌تیكردنی ماده‌ی ١٤٠، سه‌ره‌ڕای بێڕێزیكردن به‌شانده‌ عێراقیه‌كانی سه‌ردانی توركیا ده‌كه‌ن ”.

توركه‌كان له‌به‌هانه‌ ده‌گه‌ڕێن
له‌به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ تری‌ ویكیلیكسدا كه‌ له‌ ٢١/٧/٢٠٠٧ له‌لایه‌ن ڕایه‌ن كرۆكه‌ره‌وه‌ ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كراوه‌ ، باس له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی نێوان خۆیی‌و بارزانی ده‌كات ، دوای ئه‌وه‌ی توركیا ده‌ستی به‌بۆردمانی ناوچه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێم كردوه ‌ .
كرۆكه‌ر ده‌ڵێت “ له‌دانیشنته‌كه‌یاندا بارزانی زۆر توڕه‌‌و ناڕازی ده‌ركه‌وتوه‌ له‌هێرشه‌كانی توركیا‌و ره‌تكردۆته‌وه‌ كه‌ هه‌رێم هیچ هاوكاریه‌كی په‌كه‌كه‌ی كردبێت ”.
بارزانی به‌كرۆكه‌ر ده‌ڵێت “ توركه‌كان ته‌نیا له‌به‌هانه‌ ده‌گه‌ڕێن تا له‌كورد بده‌ن‌و له‌ئێستاشدا ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم بكه‌ن ”.
هه‌روه‌ها وتویه‌تی‌ “ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ( سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌وكاته‌ی‌ توركیا ) جارێك وتویه‌تی من قسه‌ له‌گه‌ڵ بارزانی ناكه‌م چونكه‌ ئه‌و له‌سه‌رۆك هۆزێك زیاتر نیه ‌ ”.
به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ ، بارزانی نامه‌یه‌ك ده‌داته‌ ده‌ست ڕایه‌ن كرۆكه‌ر بۆ جۆرج بوش ( سه‌رۆكی‌ ئه‌وكاته‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا ) كه‌ هه‌مان ناره‌زاییه‌كانی دژی توركیا تێدا خستۆته‌ڕو، ده‌ڵێت “ توركه‌كان ده‌بێت مامه‌ڵه‌یان بگۆڕن ” .

بارزانی كلیلی‌ به‌زاندنی‌ په‌كه‌كه‌یه
به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كی‌ ره‌سمی‌ كه‌ له‌ ٩/١٢/٢٠٠٩ دا له‌لایه‌ن دۆگلاش سلێمانی جێگری باڵیۆزی ئه‌وكاته‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌توركیاوه‌ ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یی‌‌و ئاژانسی هه‌واڵگری ناوه‌ندی ( سی‌ ئای‌ ئه‌ی‌) كراوه‌ ، ئاماژه‌ به‌كۆبونه‌وه‌یه‌كی دوقۆڵی نێوان خۆیی‌و ئه‌یوب ته‌په‌ وه‌زیری ناوخۆی ئه‌وكاته‌ی توركیا ده‌كات كه‌ تیایدا باسی پرسی‌ په‌كه‌كه‌ كراوه ‌ .
وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ توركیا به‌به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كه‌ی‌ وتوه‌ “ هه‌رسێ ده‌زگای هه‌واڵگریمان‌و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌‌و وه‌زاره‌تی ناوخۆش هاوڕاین كه‌ كلیلی به‌زاندنی په‌كه‌كه‌ مه‌سعود بارزانیه ‌ ”.
هه‌ر له‌هه‌مان كۆبونه‌وه‌دا ، ئه‌یوب ته‌په‌ داوایكردوه‌ كه‌ فشاربخرێته‌ سه‌ر بارزانی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ بۆ هاوكاریكردنی توركیا له‌شه‌ڕی په‌كه‌كه‌دا .

تاڵه‌بانی ‌: بارزانی‌ له‌توركه‌كان زیاتر رقی‌ له‌په‌كه‌كه‌یه‌
له‌به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ تری‌ سایتی‌ ویكیلیكسدا كه‌ ٢١/٧/٢٠٠٥ له‌لایه‌ن ده‌یڤد ساته‌رفیڵدی جێگری باڵیۆزی ئه‌وكاته‌ی ئه‌مریكا له‌عێراقه‌وه‌ نێردراوه‌ بۆ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی ، باس له‌وته‌یه‌كی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكاتی عێراق‌و مه‌سعود بارزانی ده‌كات كه‌ تێیدا هه‌ردولا به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ هاوكاریكردنی‌ په‌كه‌كه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه .
له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا هاتوه‌ “ حكومه‌تی توركیا هه‌رێمی كوردستان‌و به‌تایبه‌تیش پارتی دیموكراتی كوردستان به‌پاڵپشتیكردنی په‌كه‌كه‌ تۆمه‌تباركردوه‌ ، تاڵه‌بانیش ده‌ڵێت ئه‌و هێزانه‌ی په‌كه‌كه‌ كه‌ له‌هه‌رێمدان دو باڵن ، باڵێكیان تایبه‌تن به‌كاری تیرۆریستی له‌توركیادا‌و ئه‌ندامه‌كانیان ده‌نێرنه‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان ، باڵه‌كه‌ی تریشیان ره‌زامه‌ندیان ده‌ربڕیوه‌ كه‌ چیاكان جێنه‌هێڵن‌و به‌ئاشتی له‌وێ بمێننه‌وه‌ تاوه‌كو حكومه‌تی عێراق مافی په‌نابه‌ریان پێده‌دات ”.
تاڵه‌بانی وتویه‌تی‌ “ هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان پارتی‌و په‌كه‌كه‌دا نیه‌ به‌ڵام پێشبینیكرد كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ توركه‌كان هه‌ڵوێستی توندیان هه‌بێت ”.
ساته‌رفیڵد له‌راپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات ، كه‌ پێی سه‌یر بوه‌ تاڵه‌بانی دوای ئه‌وه‌ وتویه‌تی‌ “ توركه‌كان مافی خۆشیانه‌ گه‌ر هه‌ڵوێست وه‌ربگرن ”.
له‌كۆتاییشدا ، تاڵه‌بانی به‌ساته‌رفیڵد ده‌ڵێت “ بارزانی له‌توركه‌كان زیاتر رقی له‌په‌كه‌كه‌یه‌ ”، هۆكاری ئه‌وه‌شی بۆ ئه‌و هه‌موو زیانه‌ گه‌ڕاندۆته‌وه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ به‌هه‌رێمی كوردستانیان گه‌یاندوه ‌ .
له‌هه‌مان راپۆرتدا ، ئاماژه‌ به‌وته‌كانی‌ بارزانی‌ كراوه‌و به‌ساته‌رفیڵدی‌ وتوه‌ “ پارتی هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌په‌كه‌كه‌وه‌ نیه‌ ، له‌ڕوی سیاسی‌و ئایدیۆلۆژیشه‌وه‌ ركابه‌ر‌و دژ به‌یه‌كن ”.

س ـ هاوڵاتی‌

تەنها بە کلیکێک لەسەر ئەو سمبولانەی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنیرە بۆ هاوڕیکانت