Barzani-u-Newshirwan

عیماد عەلی : پارتی دەیویست گۆڕان بەدەردی یەکێتی بەرێت ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەپاش رێککەوتنەکەی پارتی و گۆران و لێداونەکانی رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە نەوشیروان موستەفا لەسەر چوار ساڵی ئارامی ، پارتی دیموکراتی کوردستان لە خۆشیدا خەریک بوو گەشکە بکات .
پارتی بە هەموو عەقڵ و سیاسەت و بۆچونەکانی خۆیەوە وای زانی دەتوانێت ئەم جارە بە هەمان ریتم و پەیوەندی و مامەڵەی سیاسی و تەکتیک و ستراتیج و ئامانجەوە ، چوار ساڵی تر لە سەر حسابی گۆران بە رێ بکات و ، ئەوەی پێشتر لە پەیوەیندی و سیاسەتەکانی لەگەڵ یەکێتیدا بەرێی کردووە ، ئەم جارە لەگەڵ گۆڕاندا بۆی دەچێتە سەر و ، تا بێت زیاتر زاڵتر دەبێت بەسەر سەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتی کوردستاندا و رەگی خۆی قوڵتر دادەکوتێت و ، ئەوانی تری پارتە رکابەرەکانی وەک حزبە بچوکەکان دەکاتە پاشکۆی خۆی و ،ئەوەی بیەوێت جێبەجێی دەکات ، بێ ئەوەی هیچ کەسێک پێی بڵێت بەری چاوت کلی پێوەیە .
ئەمەش دوای ئەوە هات کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان چ لە قۆناغی جێبەجێ کردنی رێککەوتنە ستراتیجیەکەی نیوانیان و پێش ئەوەش، لەبەر چەندین هۆکاری بابەتی و خودی زۆرجار ملکەچی سیاسەت و رەفتار و دەسەڵاتەکانی پارتی دەبوو ، تا وای لێهات ، وەزعەکە گەیشتە ئەو حاڵەتەی تا دەهات پارتی ملهورتر دەبوو و ، بە تایبەتی پاش دابەشکردنی پێگەکانی دەسەڵات لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان بە دواوە، پارتی زۆر ( سوء ئیستفادەی ) لە هەڵوێستی یەکێتی کرد و ، لەو بارەوە کوردستانی بە رەهایی کرایە بەشی پارتی و هەندێک پلەی گرنگی ناوەندی عێراقیش لەبەر چەندین هۆکار بە تایبەتی بەرژەوەندی شەخسی و تموحی نەرجسیانەی زۆرێک لە سەرکردەکان کرایە بەشی یەکێتی .
لەم نێوەندەشدا پارتی بە ئازادیەکی بێسنور و بە ئیسراحەتەوە لە جێبەجێ کردنی ئەجیندا نێوخۆییەکانی تەراتێنی دەکرد و، تا دواجار و پاش دروستبونی گۆران و کزبونی باری یەکێتی و جەماوەرێتی و بەرزبونەوەی کێرڤی گۆران لە لایەک و ، راچڵەکینی یەکێتی و شۆکبونی بە نزمبونەوەی دەنگەکانی و ، بەخۆداچون و گرتنەبەری سیاسەتێکی نوێ و دان پێدانانی بە هەڵە ستراتیجیەکەی لە زۆر نزیکبونەوە و تەنازول کردن بۆ پارتی لەلایەکی ترەوەپارتی هەستی کرد کە جارێکی تر یەکێتی بە ئاسانی نایەتە ژێر بار و زۆر باشترە ئەم جارە رووبکاتە گۆران و بەڵکو لە چوار ساڵی داهاتودا هەمان سیاسەتی بەرامبەر بکات کە بەرامبەر یەکێتی کردویەتی و ، تا بێت پێگە و رەگ و ریشەی دەسەڵاتدارێتی خۆی لەسەر حسابی دیموکراسی و ئازادی لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان قایمتر بکات و، تا چوار ساڵی تر وەک حزبی قاید لەسەر ساحەکە بمینێتەوە و ئەوانی تر بە بچوک و گەورەیانەوە بە پاشکۆیەتی ئەو بمێننە و ، لەمەشدا چاوی لە حزبەکەی ئەردۆگانی هاوپەیمانی کرد و هیچ جیاوازیەکی کوردستان و تورکیای لەبەرچاو نەگرت و ، لەوانەیە و دووریش نیە بە رێنمایی و نەسیحەتی ئەوانی ئەودیوی سنور ئەم سیاسەتەی گرتبێتە بەر .
بەڵام کە دەرکەوت گۆران و نەوشیروان موستەفا ئەو حزبە نین کە پاشکۆیەتی قبوڵ بکەن و چونە دەسەڵاتیان بۆ ئامانجی سەرەکیترە نەک جیگەی یەکێتی بگرنەوە و، ئەو هەڵویستەی کە دەبوو یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرەتادا بەرامبەر پارتی بیگرتایە بەر و ، لەبەر هۆکارگەلێکی لەوچەشنەیپێشوو نەگرایە بەر و ، دواتر کۆمەڵیک سەرکردە جیابونەوە و گۆران دامەزرێنرا ، بەڵام پارتی ئەم واقعەی لەبەرچاو نەگرت . دواتر بە خۆشحاڵیەوە گۆران و نەوشیروان موستەفا بێ سڵەمینەوە ئەو رێگایەیان نەگرتەبەر و، بە پارتی و مەسعود بەرزانیان وت تا ئێرە و دەبێت ئیستێک بکەیت و بە خۆدا بچیتەوە و ناتوانیت لەم سیاسەتە بەردەوام بیت و، بۆت نیە هەمووان بکەیتە پاشکۆ .
ئیتر کە پارتی بیری لەم ئەگەرە نەکردبووەوە ، لەمەدا توشی شۆک بوو ، زانی کە ستراتیجیەتی کارکردنی لەم بارەوە توشی بەربەست دەبێت ، ئەوەی لە چاورەوانیکردندا نەبوو کردی، ئەگینا هەڵوێستی لایەنەکان و بەتایبەتی گۆڕان دەکرا بە سانایی و ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکرابایە و چارەسەربکرایە، بەڵام لێدانی ستراتیجیەتی پارتی دیموکراتی کوردستان نەک حکومەتی هەرێم و ، نەگەیشتن بەو ئامانجەی کە بەخۆی و دۆستەکانی بۆی دیاریکردبوون ، لەدەرئەنجامدا ئەم هەڵوێستە توند و نایاساییەی بە پارتی دەرخست . ئێستاش بە خۆی و دۆستەکانیەوە دەیەوێت یاریەکە وەک خۆی و بە یاریگاکەشیەوە بگۆرێت و ، ئەوەی گۆران بۆی نەچووە ژێر بار بە یەکێک یان چەند خەڵکێکی تر بیکات . بەڵام مرۆڤ یەگجار هەڵە دەکات .
هیچ کەسێک لەوباوەرەدا نیە ، کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان جارێکیتر ئەو هەڵەیە بکات و ، لە جەماوەرێتی خۆی بدات ، سەرەرای ئەوەی هەرچەند کەسایەتی و سەرکردەی تر هەبن مرخیان خۆش کردبێت بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە بەرژەوەندیە تەسکەکانیان بهێنَنەدی . بۆیە لەمرۆ بەدواوە ، خەڵکی کوردستان بە خۆیان و لە رێگەی گۆرانەوە ، بە پارتیان وت ئیستۆپ بکە و دەبێت بە خۆتدا بچیتەوە و بیر لە فرەیی و هاوبەشی و ئازادی و دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بکەرەوە ، نەک ملنان بە تاکرەوی ، بۆت نیە و ناتوانیت تا سەر هەرجارێک لەسەر حسابی لایەنێک کە لەسەر بەرژەوەندیە باڵاکانی کوردستان دەکەوێتەوە ، خۆت قەڵەوتر بکەیت .
بۆیە ئەو ئەرکە مەزنەی کە لەم هەڵوێستەی گۆڕاندا جێبەجێ کرا ، گەورەترین خزمەت بە رەوتی سیاسی کوردستان و دیموکراسی و ئازادی و پشت بەستن بە یاسا دەکات و ، نەوەکانی دوارۆژمان لەمەودوا لەم بابەتە باشتر تێدەگەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت