Newshirwan-Barzani

شێرزاد شێخانی : گۆڕان و جوڵاندنی شەقامی هەولێر .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەر گۆڕان یا هەریەک لەسێ حزبەکەیتر بەهەمان مەنتیقی پارتیەوە مامەڵە لەگەڵ روداوەکاندا بکەن و هەڵوێستی سیاسی بنوێنن ، بێگومان پارتی زەرە ئەکات .. ئەو هەڵویستە پڕلەشەرمەزرایانەی پارتی کەبەشێکیان ئەچنە خانەی خیانەتی نیشتمانیەوە هەر لەپارتی ئەوەشێتەوە ، چونکە ئەو حزبێکە لەهیچ شتێک شەرمناویی سڵناکاتەوە لەپێناو سەروەر راگرتنی بنەماڵەی بارزانی و بۆ دوپاتکردنەوەی کۆیلایەتی سەرکردەو ئەندام وهەوادارەکانیان بۆ ئەم بنەماڵەیە .
بەقسەی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی ئەم حیزبە بێت کە لەپانێلی دیداری مێری لەهەولێر فەرموبوی ” ئەوەی کردمان بەرامبەر بەگۆران کارێکی خراپ بو ، بەڵام لەبەر سەقامگیری هەرێمی کوردستان ئەوەمان کرد ” . ئەم قسەیەی سەرۆکی حکومەتێک رێک وەکو ئەوە وایە تۆ دزی بکەیت وبچیت پارەکەی بکەیتە خێرو سەدەقە ، بەواتایەکیتر داپۆشینی تاوانێک بەتاوانێکی گەورەتر ، ئەم کردارەی پارتی وەکو ئەوەوایە بەکاری ناقانونی هەوڵبدەیت کارێکی قانونی راست بکەیتەوە ئەمەش دژی مەبدەئی قانونە .
پێشتریش هەمان بیانویان هێنایەوە لەبارەی رێگریکردن لە سەرۆکی پەرلەمان و دەرکردنی چوار وەزیرەکەی گۆران بەحیساب ئەمانە هۆی ناسەقامگیری هەولێرن و پارتی نەیویستوە وەزعی هەولێر تێکبچێت بۆیە ئەم وەزیرانەی دەرکردوە .. بەهەمان ئەو مەنتیقەوە بێت لایەنەکانی تریش وەزیرێکی وەکو ئاشتی هەورامی بەهۆکاری ناسەقامگیری ئابوری ئەزانن کەواتە ئەبێت ئەویش لەحکومەت دوربخرێتەوە .
ئێستا پارتی چەند مەرجێکی هەیە بۆ گەراندنەوەی وەزعی پێشو لەسەر زاری خودی سەرۆک و سکرتیرەکەی داوا لە گۆران ئەکرێت واز لەبەشداری دەسەڵات بێنێت و ببێتەوە بەئۆپۆسزیۆن . مەسعود بارزانی و فازل میرانی لە دوو کۆبونەوەدا رایانگەیاندوە ” لە ئێستادا رێگەی گونجاو ئەوەیە گۆران ببێتەوە ئۆپۆسزیۆن و نەگەرێنەوە حکومەت ” ئەوەشیان لە رێی چەند کەسێکەوە گەیاندۆتە گۆڕان .
جەنابی سەرۆکی پارتی و سەرۆکی پایەبەرزی هەرێم ئەم پێشنیارە ئەکات بێ ئەوەی هیچ حیسابێک بۆ ئیستحقاقی هەڵبژاردن بکات کە گۆڕان هێزی دوهەمە لەسەر ئاستی هەرێم و چارەکی کورسیەکانی پەرلەمانیشی بردۆتەوە .. شتێکی سەیرە سەرۆکی حیزبێک زۆر بەئاسانی بەحزبێکی جەماوەری گەورە گران بڵێت تۆ کش بۆ ماڵەوە ، واز لەمنیش بێنە حوکمرانی بکەم و پارەی میللەت بدزم و میللەت برسی بکەم و ئازادی نەهێڵم تۆش فززەت لێوەنەیەت .
پارتی لەبەر ئەوەی حزبێکی دواکەوتو بەعەقڵێکی عەشایەری بیر ئەکاتەوەو بەگێلاتی سیاسەت ئەکات وا ئەزانی خوا دونیای بۆ ئەوان دروست کردوەو هەر کاتێک بیانەوێت یاری بەچارەنوسی خەڵقوڵلا ئەکەن و حەزییان لەچی بێت ئەیکەن .. پارتی وا ئەزانێ زەمانی 31 ئابەکەی جارانەو بۆی هەیە بەزەبری چەک و هانابردن بۆ وڵاتانی ئیقلیم گۆڕان بکاتە دەرەوەو دوای ئەویش بەکودەتایەکیتر یەکێتی و ئەوانی تریش بنێرێتە ماڵەوەو خۆیو چەند حزبێکی دوکاندار حوکمی کوردستان بەرێوە ببەن و بەیانیانیش لەقوتابخانەکاندا لەجیاتی سڵاوی ئاڵای کوردستان مەراسیمی کۆیلایەتی بۆ بارزانی سازبکەن .
پارتی لەماوەی رابردودا باس لەوە دەکات کەوا بزوتنەوەی گۆران ئینقلابچین و خەڵکیان هانداوە بۆ خۆپیشاندان ، بەم تۆمەتانە ویستیان کێشەی سەرۆکایەتی لەبیر خەڵک ببەنەوەو گۆڕەپانەکە مەشغول بکەن بەو ئیجرائاتە ناشرینانەی کردیان و بیگەیەننە مریشکەرەشەو کەس بەپیاو نەزانن ، ئەوەی ئەیانەوێ لە دژی هاوپەیمانەکانیان بیکەن و سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکان بکەنە دەرەوە ، بەمەش وایان لەگۆڕان کرد مافی شەرعی خۆی بێت بۆ بەرگری لەخۆکردن هەرچی کارتێکی بەدەستەوە بێت لەم ململانێیەدا بەکاری بێنێت.
پارتی ئیدیعای ئەوە ئەکات گوایە گۆڕان لەپشت ئەو خۆپیشاندانانەی سلێمانی و دەوروبەریەوە بونە ، کەواتە گۆڕان سەرکەوتو بوە لەجوڵاندنی شەقامی سلێمانی و دەوروبەری لەدژی پارتی ، بەهەمان ئەو دەسەڵاتەوە گۆڕانیش ئەتوانێ شەقامی ناوچەکانی تر بجولێنێت بەهەولێری پایتەختی هەرێمیشەوە ..
ئەوان کە هەق بەخۆیان ئەدەن گۆڕان بکەنە دەرەوە و لەدەسەڵات دوریان بخەنەوە ، کەواتە بەهەمان مەنتیقەوە گۆڕانیش مافی خۆیەتی کار بۆ لابردنی پارتی بکات لەسەر دەسەڵاتەوە . ئەگەر گۆڕان بەوە رازیی بو بوو ببێتە ئۆپوسزیۆن ، بەپێی هەمو یاسای و عورفێکی دونیاوە مافی خۆیەتی خەباتی مەدەنی لەچوارچێوەی یاسادا لەهەر شوێنێک بێت بکات کە رێکخستنی خۆپیشاندانیش یەکێکە لەشێوازەکانی خەباتی مەدەنی لەناو هەولێری پایتەختیشدا ، ئیدی پارتی چۆن چۆنی ئەتوانی حزبێکی ئۆپۆسزیۆن مەنعبکات لە خۆپیشاندنی مەدەنی و لەبەر چاوی دەیان کونسڵگەری ونوسینگەی وڵاتان تەقە لەخۆپیشاندەران بکات .
بەپێی ئەنجامەکانی دوا هەڵبژاردنەکان دەرکەوت کەوا بزوتنەوەی گۆڕان لەناو هەولێردا نزیکەی سەد هەزار دەنگی هێناوە .. لەم ژمارەیە ئەگەر تەنها 3-4 هەزار کەس لەئەندام و لایەنگرو دەنگدەرانی گۆران ئامادبکرێن ئەتوانن شەقامی هەولێر بجوڵێنن وتەخت و تاراجی دەسەڵات بەسەر پارتیدا قڵپبکەنەوە .
چۆن پارتی بیانوی ئەوەی ئەهێنایەوە گوایە ئەندامو لایەنگرانی حزبەکەی فشاریان بۆ سەرکردایەتی هێنا بۆ ئەوەی ئەم ئیجرائاتانە بگرنەبەر ، بەهەمان مەنتیقیش بەیانی ئەندام ولایەنگرانی گۆڕان دێنە سەرشەقامی هەولێر و فشار ئەخەنە سەر حزبەکەیان . بۆیە ئەم هەمو فشارەی ئێستا پارتی ئەیهێنێت بۆ سەر گۆڕان رۆژێک دێت ئەتەقێتەوە ، ئەوسا زەرەرمەندی سەرەکی پارتی ئەبێت ، کاتێک وەزعەکە لەوە زیاتر کوڵاو هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەر نەما ، ئیدی نابێت گلەیی لەگۆڕان و هیچ حزبێکیتر بکرێت ئەگەر ئەندام و لایەنگرانیان رژانە سەرشەقامەکانی هەولێرو دهۆک وناوچەکانی ترەوە ، ئەوسا تەنهاو تەنها پارتی بەرپرسیارەتی مێژوویی ئەکەوێتە ئەستۆو باجەکەشی قورستر ئەبێت .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر