yusf

یوسف عیزەدین : فانتازیاى چوونە دەرەوە لە ئیسلام یان ئیماژێکى نوێى ئیسلامى سیاسى .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پاش خوێندنەوەى گفتوگۆیەکى عادل باخەوان کەلەژمارە-357- ى هاوڵاتى- دا بڵاوبۆتەوە ، بەپێویستم زانى لەدەرەوەى فانتازیاو فەزاى بەجوان پێناسەکردنى A.K.P، هەندێک راستى بخەمە روو ، ناکرێت لەنێو خودى جەنجاڵیى میدیاتیکى ئێستاى دنیاو پانتایى میکرۆڤیزیۆنى و فانتازیاو فەزاى ریکلامکردن بۆ هەر شتێک کە مەبەست بێت تەرویجى بۆ بکرێت و بەسەر خەڵکیدا بسەپێنرێت ، بەتەواوى لەخودى سیناریۆ سیاسى و کۆمەڵایەتى و فیکرییەکانى سەردەم حاڵى ببین .. چونکە هەردەم دیوێک یان چەند دیوێکى شاراوەو پەنهان هەیە .
بۆیە دەبێت پەى بەو شاراوەو پەنهانانە بەرین ، تابتوانین شتێک لەمەسەلەکان حاڵى ببین و باشتر و چاکتر وێنەو دیمەنەکان ببینین .
دەستەو نەزەر بوونى عادل باخەوان لەئاست عەزەمەتى سەڵتەنەتى A.K.P و سەرسامبوونى ، جێگەى سەرنج و پرسیارە ، دەبوو لەپشت هالە و کردنە سیمبۆلى ئەو پارتە راستییەکانى بدیایە .. ناکرێت پارتێکى سیاسى هێندە کامل و جوان بێت ، وەک ئەو باسى لێوە دەکات .. لەگفتوگۆکەیدا A.K.P – ە بەئیسلامى دەرەوەى ئیسلام لەقەڵەم دەدات و تەنانەت پێشی وایە لەداهاتوویەکى نزیکدا زۆر پارت و حیزبى ئیسلامى کوردستان ، پارتى ناوبراو دەکەنە ئەلگۆ و مۆدێل .
ئاشکرایە هەر موسڵمانێک لەوە حاڵییە کە قورئان کەلامى یەزدانە و حوکم و رێساو رێنماییەکانى مانیفیستۆى ئیسلامەو جێگەى مشتومڕ و گفتوگۆ نییەو هەر ئەمەشە کەئیسلامى سیاسى وەک میتۆدێک پەیڕەوى لێدەکات .
بۆیە ناکرێت و ناشێت تۆ ئیسلام بکەیتە بنەماى دروستکردنى حیزبەکەت و ئەندامەکانت فێرى نوێژو رۆژوو بکەیت و حیجاب بەسەر کچان و ژنانى نێو حیزبەکەتدا بسەپێنێت و حوکمەکانى دیکەى ئیسلام جێبەجێ نەکەیت و لەپێناو بەرژەوەندى و مانەوەى خۆتدا بەهەموو شتێک قایل بیت ، کەبەهیچ کلۆجێک لەگەڵ پرەنسیپ و میتۆدى تۆدا ناگونجێت .
جا ئەم فانتازیاى چوونە دەرەوە لەئیسلامە تەنها ئیماژێکى نوێى ئیسلامى سیاسییە بۆ چەواشەکردنى نەیارانیان لەکاتێکدا پێموانییە بتوانن موسڵمانێکى ئاسایى بەوە قایل بکەن کەئەمان ئیسلامیشن و لەهەمان کاتیشدا لەدەرەوەى ئیسلامیشدان .

شایانى باسە A.K.P لەیەکەمین هەڵبژاردنیدا یەکێک لەبەڵێنەکانى لابردنى یاساى قەدەغەکردنى حیجاب بوو لەقۆناغەکانى خوێندندا . بەڵام کاتێک دێتە سەر حوکم و ئەو بەڵێنەى جێبەجێ ناکات و قسەى خۆى ناباتە سەر ، ئەمە بەتەواوى دیماگۆگیەتەو شتێکى بێ مەڵامەتیش نییەو پەیوەستە بەدەیان رێککەوتننامەى نهێنى پشت کەوالیسى نێوان A.K.P و زۆر هێزو لایەنى ناوەکى و دەرەکى ، ئەگینا دەچێتە ئەقڵى کێوە پارتێک پێشتر ناوى نەبووبێت و لەپڕ لەهەڵبژاردنەکانى پێشوودا زۆرینەى دەنگ بەدەست بهێنێت ؟!.. لەکاتێکدا ئەمە پێش وەخت لەلایەن زۆرێک لەتوێژەرو نووسەرە سیاسییەکانى تورکیاو دەرەوەى تورکیادا زانرابوو .
ئەمە جگە لەو راستییەى کە A.K.Pدرێژکراوەى پارتەکەى ئەربەکان ـە ، کەخودى ئەو زاتە مامۆستاى تەیب رەجەب ئەردۆوان بووە ، وەک وەفایەکیش بۆ مامۆستاکەى بەزیادکردنى بڕیارێک لەیاساى تورکیدا ، لەزیندانیکردن و لێپێچینەوە رزگاریکرد .. بەپێى ئەو یاسایە هیچ سیاسەتمەدارێکى سەرو حەفتا ساڵ ناخرێتە زیندانەوە ، لەکاتێکدا ئەربەکان بەپێکەوەنانى سەروەتێکى بێشومار و دروستکردنى چەندین گروپى مافیایى تاوانبار بوو ، کەلەئێستادا خودى ئەردۆوان بەهەمان تاوان تاوانبارە .
باخەوان لەگفتوگۆکەیدا باس لەسیکویلاریزەکردنى ئیسلام دەکات و دەیەوێت فەزاو فانتازیایەکى نوێى چوونە دەرەوە لەئیسلاممان لەبەرچاودا بەرجەستە بکات و وامان تێبگەیەنێت ، کەشتێکى تر هەیە جیاوازە لەئیسلامى سیاسى و A.K.P -ەش باشترین ئەلگۆیەکى ناوبراوە .
لەکاتێکدا ئەو حیزبە وەک هەر حیزبێکى ناسیۆنالیستى تورک ، دەڕوانێتە کێشەى کوردو هەندێک سووکە ریفۆرمى رووکەشیانەش سەبارەت بەکورد کەئەمڕۆ لەگۆڕێدایە تەنها بۆ رازیکردنى ئەوروپایە ، تابتوانێت شتێک زیاتر لەیەکێـتى ئەوروپا نزیک ببێتەوە ، بەڵام دیارە لەگەڵ هەر دەستبەردانێکى ئەوروپا لەتورکیا ، ریسەکە دەبێتەوە بەخورى و هەموو شتێک نەک هەر وەک خۆى لێدێتەوە بەڵکو خراپتریش دەبێت .
ئەمەش لەمێژووى هەشتا ساڵەى حکومەتى تورکیادا گەلێک جار روویداوەو هیچ کاتێکیش ریفۆرم دەرمانى دەردى کوردى تورکیا ناکات .
ئەمە جگە لەوەى کەناوبراو بەهیچ شێوەیەک باس لەدۆزى کوردى تورکیاو کاریگەرى A.K.Pبەباش یان بەخراپ لەسەرى ناکات .

شایانى باسە عادل بەهەڵە A.K.P- ى بە( پارتى دادو گەشەپێدان ) گۆڕیوە کەلەڕاستیدا ( پارتى دادو رابوون) ـە .
ئەمە جگە لەوەى (لایکlaik) ى کردووەتە زاراوەیەکى جوداو جیاواز لەسیکوێلەر، لەکاتێکدا laik ى تورکى هەر سیکوێلەرەو لەسەرجەم فەرهەنگە ئینگلیزى و تورکییەکاندا بەرانبەر بەیەک دەنووسرێن .
ناوى Erdoganیش بەهەڵە بەئەردۆگان ناودەبات ، کەدیار پیتى(g) لەوێدا بەتورکییەکەى یومشاگ گێ یەو بە گ و غ ناخوێنرێتەوە و بەو شێوەیە دەنووسرێت ودەخوێنرێتەوە کەپێشتر ئاماژەم پێدا .
دەبێت ئەو راستییە وەبیرى عادل باخەوان بهێنمەوە کە A.K.P پێش رووخانى رژێمى بەعس لەعێراقدا ، هەر کەزۆرینەى دەنگەکانى بەدەستهێنا و حکومەتى دامەزراند ، خێراترین کارى ناردنى” ئوێزمەن ” ى نوێنەرى بوو بۆ لاى ” سەدام حوسێن “، تاپشتگیرى خۆى و پارتەکەى پێ رابگەیەنێت ، چونکە لەدیدگەى راستەقینەى A.K.P- وە ، سەدام حوسێن- ى ( سوننى حەنەفى ) نزیکترین دۆست و هاومەزهەبیان بوو .
شاراوەش نییە میدیاو کەناڵەکانى سەر بەو حیزبە بەمەبەستى کارکردنە سەر راى گشتى ئێستاشى لەگەڵدا بێت شین و شەپۆڕ بۆ گرتن و کوشتنى تیرۆریستانى عێراق دەکەن و هەرگیز بەتیرۆریستیشیان ناو نابەن ، لەکاتێکدا دەبێت هەموو دنیا لەبەرخاترى تورکیا بەپارتێکى کوردى چەکدارى دژ بەتورکیا بڵێت تیرۆریست !؟
لەسایەى A.K.Pدا راشکاوانە شۆڤێنیترین بڕیارى دژ بەکورد بەئیزافەکردنى دەیان بڕگەى تر دەمەزەرد کرانەوە ، هەر بۆ نموونە قەدەغەکردنى جارێکى ترى رەنگەکانى ئاڵاى کوردستان ، لەهەر جل و بەرگ و ئاڵاو وێنە و … تاد . تائێستاش گڵۆپەگانى ترافیکى تورکیا بەپێچەوانەى هەموو دنیاوە تا لەئاڵاى کوردستان نەچن رەنگى سەوزیان تێدا نییە .
عادل باخەوان سەبارەت بە A.K.Pدەڵێت :
لەبرى بانگەشەکردن بۆ جێبەجێکردنى شەریعەت و کوشتنى ئەو کەسانەى کەئایینیان دەگۆڕن و فەرزکردنى حیجاب بەسەر ئافرەتانداو داخستنى دیسکۆتێکەکان و… تاد . هەموو تواناکانیان مۆبۆلیزەکرد بۆ وەڵامدانەوەى کۆنکرێتییانەى قەیرانەکانى دۆزینەوەى کار بۆ بێکارەکان و دابینکردنى خانوو بۆ بێخانووەکان و ئاوادانکردنەوەى ئاواداننەکراوەکان و دروستکردنى سەنتەرى کۆمەڵایەتى بۆ بێنەواکان و … تاد .

لەدانەخستنى دیسکۆکانەوە دەست پێدەکەم ، شایانى باسە پاش دەسەڵاتگرتنە دەستى A.K.P بەپێى ئامارێک ، ژمارەى دیسکۆو باڕو مەلهاکان زۆر لەپێشتر زیاتر زیادیکردووەو زۆربەشى ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکانى A.K.P خاوەنین ، دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت دیسکۆو باڕو مەلهاکان شادەمارى سەرەکى و گرنگى ئابووریى تورکیان و ئەمەش لەتورکیادا بەئاشکرا باسیان لێوە دەکرێت .
تەنانەت رۆژنامەنووسانى تورکیا بەسێکتۆرى” توریزم ” دەڵێن سێکتۆرى” لەشفرۆشى “، بۆ ئەمەش سەدان باندى تایبەت هەن ، بۆ هێنانى سەدان کچ و ئافرەتى روس و ئۆکرانى و رۆمانى و … تاد . بۆ نێو تورکیاو کارپێکردنیان لەو بوارەدا .
لەئێستاشدا خودى A.K.P لەوەدا بەشدارەو دەستکەوتێکى باشیشى چنگدەکەوێت ، هەر ئەمەشە هۆکارى دانەخستنى دیسکۆو باڕو مەلهاکان ، نەک وەک ئەوەى کە باخەوان ئاماژەى پێدەدات . جێگەى پرسیارە بڵێین ئەگەر تورکیا دەوڵەتێکى سێکوێلەرە ، بۆ دەبێت هیچ لێپێچینەوەیەکى دەرحەق بەبکوژانى عەزیز نەسین نەکردبێت و تەنانەت نەشیهێشتبێت وەک هەواڵێکیش بڵاوبکرێتەوە ، لەکاتێکدا میدیاى تورک کێچێک دەکاتە گاو هەردەم دەم بەهاوارە .
شایانى باسە پاش ئەوەى عەزیز نەسین و چەند رۆژنامەنووسێک لەئوتێلێکى سیواس- دا بەتەماى سازدانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسى و پاشانیش رێپێوانێک بوون ، دژ بەو زەبرو زەنگەى کەعەلەوییەکان بەگشتى و کوردە عەلەوییەکان لەو دەڤەرەدا رووبەڕووى دەبنەوە .. ئەم رووداوەش لەسەردەمى ئەربەکان- دا روویداو تاقمێکى ئیسلامى سەر بەناوبراو گڕیان بەردایە ئوتێلەکەو عەزیز نەسین- یش یەکێک بوو لەو نووسەرانەى کەلەوێدا گیانیان لەدەستدا ، ئەمە جگە لەئابلۆقەدانى ئوتێلەکەو بەردەبارانکردن و هوتافکێشان و هەڕەشەو گوڕەشەیان .
سەیرە بڵێین دەوڵەتێکى بەناو سێکوێلەرى وەک تورکیا چاوپۆشى کردووە لەو ئیسلامییانەى کەبەڕۆژى رووناک هێرشدەکەنە سەر رۆژنامەنووس و نووسەران و دەیانکوژن ، ژونکە دیارە لەدیگەى ئەوانەوە عەلەوییە غەیرە سونییەکان ، کافر و مولحیدن .. بەدرێژایى هەشتا ساڵەى حکومەتى تورکیى جێگەى عەلەوییەکانى تێدا نەبۆتەوە لەکاتێکدا بەڕێژە25 % ى هاووڵاتیانى تورکیان .. راشکاوانە دەتوانین بپرسین کامە سەرەک کۆمار و سەرۆک وەزیران و کاربەدەست و ژەنەڕال هەیە عەلەوى بووبێت ، ئەمە هەر لەسەردەمى ئەتاتوورک- وە هەر وابووەو هەمیشە تورکە سوننى حەنەفى- یەکان کاربەدەست بوون ، ئیدى ئەو ئیماژەى کەسانێک بۆ ئەتاتورکى دروستدەکەن و وەک کەسێکى سێکوێلەر دەیناسێنن ، جێگەى مشت و مڕە .

لەکاتێکدا ئەو زاتە لەساتەوەختێکى مێژووییدا کەدنیاى تورک نغرۆى شکست بوو بوو ، جگە لەهەرەشەى دەرپەڕاندنى ئەو تورکەى کەئێستا لەتورکیادا هەیە ، پەناى بۆ هەندێک ریفۆرم و گۆڕینى پیت و جل و بەرگ و شتى لەو بابەتە بردو ویستى بۆ رۆژئاواى بسەلمێنێت کەئیتر ئەوان دابڕاون لەکوشت و بڕى چەند سەدەیەکى عوسمانییەکان و دەیان دزێوى ترى ئەو دەسەڵاتە .. هەر خودى دەسەڵاتى A.K.P – یە کەتائێستاش ددان بەکوشتنى میلیۆنێک ئەرمەنى و سى هەزار کورددا نانێت و پێیوانییە لەهیچ سەردەمێکدا تورک کارێکى واى کردبێت .
پێموایە ئەگەر قورئانیش بۆ خودى ئەردۆوان بهێنن ، سەد جار دەستى دەخاتە سەر و هەزار جار سوێند دەخوات و دەڵێت : شتى وا هەرگیز رووى نەداوە .. مەگەر سیاسەتى پارتەکەى و بەرژەوەندییەکانى وابخوازێت کەددانى پێدا بنێت . لەکاتێکدا ئەو مێژووە بۆ خۆى حەقیقەتێکەو بەهەموو تورکیش ناسڕێتەوە !؟.
ئەگەر سیکوێلەریزمى تورکیا ئایین و دەوڵەتى جیاکردبێتەوە ، بۆ دەبێت لەقۆناغى جیاجیاى هەشتا ساڵەى تەمەنیدا ، بەڕادەى جینۆساید هێرشى کردبێتە سەر جەعفەرى و ئێزیدى و عەلەوى و یەریسانییەکان و بەدەیان گوندى رووخاندبێتن و بەسەدان کەسى لێکوشتبێتن !؟ پێموایە عوسمانییەکانیش هەر هێندەى ئەوانیان کردبێت !؟
تائێستاش سەربارى گوشارى ئەوروپا لەسەر تورکیا بەتەواوى رێینەداوە عەلەوى و ئێزیدى و گروپە ئایینیەکانى تر ماڵى جەم و پەرستگەو شوێنى تایبەت بەخۆیانیان هەبێت .
ئەمە لەکاتێکدا ئیسلامە سونییەکانى تورکیا جگە لەئەوقاف و دەیان دەزگاى دەوڵەتى کەپشتگیریان دەکات ، بودجەیەکى زۆریشیان بۆ تەرخان کراوە کەزۆر زیاترە لەو بودجەیەى کەبۆ خوێندن و بارى تەندورستى و زۆر پێداویستى تر خەڵکى تورکیا تەرخانکراوە .. ئەمە جگە لەڕێپێدانى دەوڵەت بەکردنەوەى سەدان قوتابخانەو ناوەندى و دواناوەندیى وەک ( ئیمام خەتیب) ى کوڕان و کچان ، کەکچان لەحیجاب کردندا ئازادن و وانەى ئایینى تێدا دەخوێنرێت .
لەهەمووشى سەیرتر ئەوەیە کەلەکاتێکدا دەرچووى ئەم قوتابخانەیە دەبێت پاش تەواوکردنى خوێندنى ببێتە مەلا و مامۆستاى قورئان و وانەى ئایینى بڵێتەوە ، بەڵام پاش دەرچوونى A.K.P لەهەڵبژاردنەکاندا بڕیارێکى دەرکرد، تایبەت بەوەرگرتنى دەرچووانى ئیمام خەتیب لەزانکۆکاندا ، کەبۆخۆى لەرووى دیراسییەوە دوو دنیاى جیاوازن .. ئەمە جگە لەبڕیارى دامەزراندنى دەرچووانى ئەم قوتابخانەیە لەزۆر کارى جیاجیاو گرنگدا کەهیچ پێوەندییەکى بەپسپۆڕى و تواناى ئەوانەوە نییەو تەنانەت دەبێتە مایەى کێشەش، هەر بۆ نموونە دەرچووانى ئیمام خەتیب لەبوارى کەشناسیدا تەعین کراون و پاش خەمڵاندنێکى هەڵەى کەشوهەوا کەبووە مایەى زیانێکى گەورە بۆ خەڵکى زانرا زۆرێک لەوانەى کەلەوێدا کار دەکەن دەرچووى ئیمام خەتیب – ن و سەر لەو جۆرە کارانە دەرناکەن ، بەڵام تەنها لەبەر ئەوەى سەر بەپارتەکەى ئەردۆوان- ن لەوێ تەعین کراون .
جا تۆبڵێى هەموو ئەو راستیانەى کەلەسەرەوە بەکورتى خستمانەروو نەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەى کەلەپشت ئەو دەوڵەتە بەناو سیکوێلەرەى تورکیاوە، هەردەم ئەقڵیەتى ( سونى- حەنەفى) یانەى عوسمانییەکان کار دەکات و ئیدامەیەکى پەنهانە بەزەمەنێ : ى بەسەرچوو ، دیارە هەموو ئەو گێرمەو کێشەو بگرە بەردە موزەیەفانەى کەگوایە لەنێوان دەوڵەت و ئاییندا هەن و میدیاکانى تورک دەیان حیکایەتى بەبەردا دەکەن .. تەنها بۆ پەردەپۆشکردنى ئەوەیە کەلەراستیدا لەپشت کەوالیسەوە بووکەڵە و موهەریجە سیاسییەکان دەجووڵێنێت .
ئەگەر رۆمانى بەفر- ى ئۆرهان پامووک بخوێنینەوە زۆر راستیمان لەو بارەیەوە لا رووندەبێتەوە ، دەوڵەت کارى بەزۆربوون و تەشەنەکردنى ئیسلامیەتە لەتورکیا ، هەروەک چۆن سەردەمانێک لەگەرمەى بەرەوپێشچوونى pkk لەسەر ئاستى جەماوەرى دەوڵەتى تورک لەپشت کەوالیسەوە حیزبوڵلاى لەناوچە کوردنشینەکاندا دروستکردو توانى بەپارە خەڵکێکى زۆر لەخۆى کۆبکاتەوەو کارى سەرەکیشى کوشتنى ئەندام و هەوادارانى pkk بوو، بەچەشنێک کەتەواوى خێزانێک سەردەبڕان و تائێستاش ئەوەى لەو سەردەمانەدا روویداوە پەردەپۆشکراوە .
چۆن دەوڵەت کارى بەتەشەنەسەندنى ئیسلامییەتە ئاواش ئیسلامییەکان پێویستیان بەفۆبیاو ترسان لەدەوڵەتە و ژەنەڕاڵەکان هەیە ، تابتوانن وەک ئۆپۆزسیۆن و نەیارى دەوڵەت بێنە گۆڕەپان و راى جەماوەرى داخ لەدل بەلاى خۆیاندا رابکێشن و بەمەش باشترین دەنگ بۆخۆیان کۆبکەنەوە ، ئیدى هەموو ئەوەى کەلەو پانتاییەدا روو دەدات گەمەیەکى ناشرین و کۆمێدیایەکى قێزەوونە بۆ تەفرەدانى جەماوەر.
سەبارەت بەئەردۆوان- یش دەبێت رۆحى دیکتاتۆرییانەى ئەو زاتەمان لەبیر نەچێت و ئاماژەش بەو راستییە بدەین کەسەدان رۆژنامەنووس بەسایەى سەرى ئەوەوە لەسەر کار لابراون ، دەیان کارمەندى تەلەڤزیۆن و کەناڵە جیاجیاکانى میدیاو دەزگا رەسمییەکان دەرکراون و لەشوێنیان کەسانى سەر بە A.K.P-ە دامەزرێنراون .
هەر بۆ نموونە کەناڵێکى وەک ( ستار) ى تورکى کەخاوەنەکەى( جەم ئوزان ) بوو، ناوبراو سکرتێرى ( پارتى لاوە ) و یەکێکە لەسەرمایەدارە ناسراوەکانى تورکیا ، بەڵام پاش ماوەیەک لەدژایەتى کردنى ئەردۆوان و پارتەکەى ، لەکەناڵى ( ستار) ەوە .. بەچەشنێک کەوتنە تەنگ پێهەڵچنینى مەگەر هەر ئەوەبێت کەنەیانکوشتبێت ، ئەگینا مال و موڵکیان هەراجکردو دەستیان گرت بەسەر سەرمایەکەیداو باوکیان زیندانى کردو براکەشیان لەتورکیا وەدەرنا .
جا ئەمە ئەو دیموکراتییەت و ئازادییەى ئێستاى تورکیایە کەبەداخەوە زۆرێک لەرۆشنبیران و سیاستمەداران هەردەم وەک فیردەوسى دیموکراتیزم و سیکوێلەریزم ئاماژە بەتورکیا دەکەن .
دیارە نموونەى دەستدرێژکارى و پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ لەلایەن A.K.P-ەوە گەلێک زۆرن ، هەر بۆ نموونە کاریکاتێریستێکیان دایە دادگاو دنیایەک گێچەڵیان پێکرد تەنها لەبەر ئەوەى وێنەى ئەردۆوان- ى لەشێوەى پشیلەدا کێشابوو .. لەکاتێکدا لەدنیاى داخراوى عەرەبدا چەندین جار بەکاریکاتێر سەرکردە عەرەبەکانمان بینیوە کەکراونەتە حوشتر و شتى لەو بابەتەو هیچ لێپێچینەوەیەکیش بەرانبەر کاریکاتێریستەکان نەکراوە ، دیارە ئەگەر کرابێتیش بەو پێیەى ئیدیعاى دیموکراسییەت ناکەن ، ئەوە بەئاسایى وەردەگیرێت .. بەڵام ئێمە لێرە قسە لەسەر تورکیایەک دەکەین کەخۆى لەئەوروپا لێ بەپێشترە لەپەیڕەکردنى دیموکراسییەت و پێشێلنەکردنى مافەکانى مرۆڤ .
ئاماژە بەنمونەیەکى تر بدەم رۆژنامەیەک لەسەر ئەوە داخرا کەوێنەى ژنى ئەردۆوانى بڵاوکردبۆوە لەکاتێکدا سەرۆک وەزیرانى یۆنان ماچى دەکات ، ئەمەش لەسەردانى ئەردۆوان و ژنەکەى بۆ یۆنان روویدا .
رەنگە ئەم جۆرە ماچانەش بەپێى راوبۆچوونى عادل باخەوان بچنە خولگەى ئیسلامى دەرەوەى ئیسلام و ئیدى رێپێدراوبێت بۆ هەر کەسێکى سەر بەپارتێکى ئیسلامى هەموو ئەو شتانە قبووڵ بکات کەبەپێى ئیسلام گوناهە .. یان رەنگە سەرۆک وەزیرانى یۆنان لەلایەن ئەردۆوان- وە بەکەسێکى مەحرەم سەیر بکرێت و پێى ئاسایى بێت لێو بەکوڵمى ژنەکەیەوە بنێت .
سەبارەت بەسیستمى تەقلیدى و شێوازى کۆنى بەحیزبیکردنى جەماوەرو راکێشان و کۆنتڕۆڵکردنى ژمارەیەکى زۆر لەخەڵکى لەلایەن A.K.P-ەوە ، ئەگەر مەبەست بێت لەبارەیانەوە بدوێین ، رەنگە بەچەند وتارێکیش نەتوانین بەتەواوى باسى لێوە بکەین .. سەیرترینیان هەوڵدانە بۆ دروستکردنى شوێنى تایبەت لەنێو ئاپارتمانەکاندا بۆ نوێژى جەماعەت و قسەو باسى ئایینى ، بەمەش بەتەواوى نەک هەر کۆنتڕۆڵى گەڕەکانیان پێدەکرێت بەڵکو خودى گەڕەکەکانیش دەکەنە شوێنى چاودێرى نەیارەکانیان و زانیارى کۆکردنەوە لەسەریان .
ئەمەیە واقیعى ئەو A.K.P-یەى کەعادل باخەوان دەیخاتە دەرەوەى ئیسلام ، جا ئەگەر لەروو ماچکردنى ژنەکەى لەلایەن سەرۆک وەزیرانى یۆنانەوە پێ قبووڵ بێت ، ئەوە لەژێرەوە بەواتاى وشە ئیسلام دەباتە نێو ماڵ و ئاپارتمانەکانى خەڵکییەوەو بەخۆشى بێت یان بەترشى دەیسەپێنێت .

تێگەیشتن لەم تابلۆیە بیرکردنەوەیەکى قووڵى ناوێت ، هەر کەسێکى سادەو ساکاریش لەئیزدیواجیەتى ئەو حیزبە تێدەگات و لێى حاڵى دەبێت .
نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت ، تەزکییەو تەزکییەکارى A.K.P بۆ هەر کەسێک کەمەبەستى بێت دابمەزرێت ، یان پرۆژەیەک هەڵبسووڕێنێت ، تەنانەت بۆچوونە دەرەوەى وڵات و سەفەرکردنیش ، بەپلەى یەکەم کاریگەرەو دەچێتە پێش هەر کەسێک کەئەو تەزکییەى نەبێت .

باخەوان دەڵێت :
پرۆسێسى بیناکردنەوەى پانتاییە گشتییەکانى ئەم وڵاتە بەسەر بەهاو نۆرمە سیکوێلرەکان تابینە قاقاى لەشکستدا نوقمبووە .
لەراستیدا تورکیا بەوتەى ئیسماعیل بێشکچى کۆڵۆنیایەکى نێو دەوڵەتییە ، جابۆیە شکستى تورکیا لەوەدایە کەقەرزارىI.M.Fەو ناچارە پابەندى هەموو بڕیارەکانى ئەوان بێت ، هەر ئەویشە بڕیار لەسەر هەموو کاروبارێکى ئابووریى نێو تورکیا دەدات ، هەر لەدیاریکردنى ژمارەى ئەو کارمەندانەى کەساڵانە دەبێت فائیز بکرێن تادەگاتە بوارى کشتوکاڵى و ئاژەڵدارى .

لەکاتێکدا باخەوان دەڵێت :
ئەم پارتە وەک فریادڕەسێک دروست دەبێت و لەپێناوى رزگارکردنى سیکوێلەریزاسیۆن لەشکست ، دێت و رەهەندێکى ئایینى پێ دەبەخشێت .
جا لێرەدا دەبێت ئەوە وەبیر خۆمان بهێنینەوە ، کەى بیستراوە سکوێلەریزاسیۆن پێوسیتى بەڕەهەندێکى ئایینى هەبێت ، تالەشکست رزگارى بێت و بۆ دەبێت A.K.Pئەو فریادرەسە بێت لەجێى جێبەجێکردنى میتۆدى ئیسلام و کاربۆکردنى ، سیکوێلەریزمى تورکى لەشکست رزگار بکات و شەوق و نوورى خۆى پێبەخشێت .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر