Barzani

شەریف هەژاری : ورد لە مێژوو ڕامێنن !! پارتی بۆ وا بە نەوشیروان مستەفا دەکات ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەن مێژوویەکی درێژە لە خەبات و قوربانیدان ، هاوتاش لەگەڵیدا بەشێکی مێژووەکەیان خیانەتکردن و ناوزڕاندنی لەخۆ گرتووە .
1 – پارتی خەبات و قوربانی داوە لە شۆڕشی ئەیلوول دا – کەچی هەر لە شۆڕشی ئەیلوولیش دەستی وەردایە ناو کاروباری حیزبی دیموکراتی خۆرهەڵاتی کوردستان و ، بەهۆی ئەوەی عەبدولڕەحمان قاسملوو دەیویست حیزبەکەی ‘ سەربەخۆ ‘ بێت لە لایەنگیری کردن بۆ ناکۆکییەکانی ناو پارتی ” باڵی سەرۆکایەتی – بارزانیی ” و ” باڵی مەکتەب سیاسیی – برایم ئەحمەد – تاڵەبانی”، هەربۆیە پارتی کوردێکی خۆرهەڵات کە کۆیلەیان بوو لە قاسملووی زیندووکردەوە ، کەسەکە ناوی ” ئەحمەد تۆفیق ” بوو ، کە مرۆڤێکی جنێودەر و پیاوکوژ بوو ، هەروەها وەک تاکە فریادڕەسی کورد لە ” مەلا مستەفا و کوڕەکانی ” دەڕوانی ، ئەوەبوو پاش ئەوەی ئەحمەد تۆفیق لە تیرۆرکردنی قاسملوو دا سەرکەوتوو نەبوو ، هەربۆیە بە پلانی ئەحمەد تۆفیق ، مەلا مستەفا و د کتۆر موراد چوونە لای وەزیری ناوخۆی عێراقی ئەو سەردەمە ‘ کە ئەوکات نێوانی پارتی لەگەڵ حکوومەتی عێراق خۆش بوو ”، ئەوا قاسملوویان لە عێراق دەرکرد !! پاشان دەیان سەرکردەی دیکەی دیموکراتیان بۆ ئێران کووشت ، کە ئەحمەد تۆفیق بە پلانی خۆی ئەسعەدی خودایاریی و ڕوناکبیری بێ هاوتای کورد ” سەدیقی ئەنجیری ئازەر ” ی تیرۆرکرد و ، پارتیش دەیانی وەک سلێمانی موعێنیی و خەلیل شەوباشیان شەهید کرد و تەنانەت تەرمی هەندێکیشیان دەدایەوە بە ئێران .
2 – لە ١١ی ئازاری ١٩٧٠ دا ، پارتی سەرکەوتنێکی بۆ کورد تۆمار کرد ، کە ئەویش ئەوەبوو لەو ڕێکەوتننامەیەدا دان بە ئۆتۆنۆمی بۆ باشوری کوردستان نرا ، کە ئەو دەستکەوتە بۆ ئەو قۆناغە مێژووییە سەنگین بوو !

3 – لە ساڵی ١٩٧٥ دا ، بەهۆی ڕێکەوتننامەی جەزائیری نێوان حەمە ‘ ڕەزا شای پەهلەوی ئێران ‘ و ‘ سەدام حسێن ‘ ی جێگری سەرۆککۆمار ئەحمەد حەسەن بەکرەوە ، پارتی هەرچەندە گەورەترین هێزی هەبوو ، هەرچەندە تاقە هێزی مەزنی ئەوسەردەمەی باشوری کوردستان بوو ، هەرچەندە لە زاخۆ تا خانەقین نفووزی بوو ، کەچی لە ترسا و لەبەر ئەوەی پێشتر خۆی بە شای ئێرانا هەڵواسیبوو ئەوا ئاشبەتاڵی کرد ، کە هەندێ لە کوردناسەکان هێزی پارتی لەوکاتەدا یەکسان دەکەن بە هێزی سوپای عێراق !! ئەم ئاشبەتاڵە تاوانێکی زۆر نا – نەتەوەییانەی پارتیی بوو کە تا مێژوو ماوە لە خاڵ بە خاڵی ئەکۆڵێتەوە .
4 – پێش ئەوەی خۆپیشاندانەکانی ئێران سەرکەوتن بەدەست بێنن ، قاسملوو لە ساڵی ١٩٧٨ دا لە ئەوروپا گەڕایەوە و پلان و تیۆریای ڕووخانی حەمەڕەزا شای بۆ گەلانی ئێران داڕشت . خۆی بە نهێنیی سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکانی تارانی دەکرد و چەندان بەرپرسی دیموکراتیشی لە شارە کوردییەکانی خۆرهەڵات دا بۆ هەمان مەبەست ڕواند ، بە نهێنیی هەموویان چوونەوە شارەکانی ئیران . پاش ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٩ دا سەرکەوتووانە توانیان شای ئێران دەربکەن ، ئەوا قاسملوو زۆر زوو شارەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانی ڕزگارکرد و بە پێی دۆکیۆمێنتەکان بەزوویی دە هەزار پێسمەرگەی سازماندەدا . پارتی کە لە شارە کوردییەکانی خۆرهەڵاتا پاڵیان لێ دابووەوە ، هەستان پشتیوانیان لە خومەینی کرد و ، لە خیانەتێکی دیکەی نەتەوەییدا ، بوونە چاوساغی پاسداران و ، دژ بە دیموکرات شار بە شار شەڕیان دەکرد ، بەجۆرێ کە مرۆڤ دەتاسێ کاتێ ئەم کارە ئاشکرایەی پارتی لەناو مێژوودا دەخوێنێتەوە!!
5 – لە ساڵی ١٩٨٠ تا ١٩٩١ ، هێزی بەهێزی پارتیزانی لە باشوری کوردستان دا یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بوو ، هەرچەندە جارجارەش پارتی چالاکیان دژ بە ڕژێمی عیراق دەکرد ، بەڵام بە زۆری هاوپەیمانی خومەینیی بوون دژ بە کوردی خۆرهەڵات .
6 – لە ساڵی ١٩٩١ ، نەوشیروان مستەفا پلانی ڕاپەڕینی داڕشت ، ئەمەش دوای ئەوەبوو کە شیعەکانی باشور ڕاپەڕین و ، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە جەنگی گەردەلوولی بیابان ‘ کوەیت ‘ دا سوپای عێراقیان پڕوکاند . مەسعود بەرزانی لێزانانە هاتە سەر سفرەی حازر و بوو بە هاوپەیمانی یەکیتیی و بەشێ لە دەسکەوتی ڕاپەڕینی بۆ خۆی چڕی .
7 – لە دوای ساڵی ١٩٩١ ، یەکێتیی سیاسەتێکی ناتەندروستی گرتەبەر و بووبە هاوپەیمانی ئێران ، پارتیش بوو بە دۆستی تورکیا – ئەمریکا ، پارتی هاوپەیمانەکانی بەهێز بوون و سەرکەوتوو بوو !! بەدرێژایی ئەو ماوەیە پارتی دژی کوردی باکور و بە شەخسیش دژی ئۆجەلان بوو .
8 – لە پاش ڕووخانی سەدام و چوونی مام جەلال بۆ بەغداد ، پارتی بە تەواوی بووبە کەڵەگای باشوری کوردستان ، ئەوەی گرنگە پارتی ئەڵێ ‘ دەوڵەتی کوردی ‘ ڕائەگەیەنم ، کەچی ئەوەی سەیرە هەندێ لە کردەوەکانیان دژ بەوەیە و ، یەکڕیزی ناوخۆی کوردستانیشیان تەواو تێک داوە !!
9 – دەرئەنجام ، بۆ پارتی وا لەنەوشیروان مستەفا ئەکا:
بەدرێژایی مێژووی پارتی ، یەکێک لە خاڵە نەرێنییەکانی ناو مێژوویان ئەوەبووە : دژایەتیی ئەو ڕێبەرە کاریگەرانەی کوردیان کردووە کە لە ناو کورد دا هەڵکەوتووبوون و لە دەرەوەی بنەماڵەی بارزانی بوون ، لە ساڵی ١٩٦٤ دا لە دژی قازی محەمەد ئەوا کۆنگرەیەکیان بۆ ئەو کوردە خۆرهەڵاتیانەی کە پیاوی پارتی بوون پێک هێنا و ، ئەحمەد تۆفیقیان کردە نەفەری یەکەمی حیزبی دیموکرات و ، لەو کۆنگرەیەدا بە فەرمانی پارتی ئەحمەد تۆفیق قسەی نەشیاوی دژ بە قازی محەمەد کرد و بە ” ترسنۆک و خیانەتکار ” وەسفی کرد و مەلا مستەفای بە ” پێشەوای هەمیشەی کوردان ” دانا .
پارتیی بە درێژایی مێژووی قاسملوو ، ئەوا دژایەتیی ئەو ڕێبەرە بێ هاوتایەی کوردی کردووە ، چونکە قاسملوو هەم زمانەوان و هەم بیرمەندێکی گەورەی دژ بە بیریی خێڵایەتیی بوو .
پارتیی بە درێژایی مێژوو دژی مام جەلال بوو ، چونکە سەرکردەیەک بوو لە دەرەوەی بنەماڵەی بارزانی پێگەیی بوو .
لەوەتەی ئۆجەلان ناوی ناسێندراوە بەتایبەت لە پاش نەوەدەکانەوە ، پارتی دژایەتی کردووە و لای هەمووانیش زۆر ڕوونە .
ئێستا پاش ئەوەی ڕێبەرێکی بێ – هاوتای وەک قاسملوو شەهید بووە ، و سەرکردەیەکی دەرکەوتووی وەک مام جەلال نەخۆشە و ، سەرکردەیەکی کاریگەری وەک ئۆجەلان زیندانە !! ئەوا تاکە ڕەقیبی مەسعود بەرزانی مابێت و دژی بیریی خێڵایەتیی بێت لە باشوری کوردستانا سەرکردەیەکە بەناوی ” نەوشیروان مستەفا ”، پارتیی بۆیە وا لە ” نەوشیروان مستەفا ” دەکات چونکە دەزانن تاکە ڕەقیبی کاریگەری باشورە کە تا ئێستا لە ژیاندا ماوەتەوە ، بۆیە وای لی دەکەن و هێرشی دەکەنەسەر، ئامانجیشیان یان ئەوەیە سەری نەوشیروان مستەفا بنێنە چاڵ ، یان کەلەبچەی سیاسیی کەن!!
بۆیە داواکارم لە عاقڵمەندانی پارتیی ، هەروەک چۆن هەم خاوەن خەبات و قوربانیدانن و لەگەڵیشیدا خاوەن خیانەت و تاوانن !! ئەوا دەرس لە مێژوویان وەرگرن و لەگەڵ گۆڕان دا ئاشتەوایی ڕابگەیەنن !! چونکە دواتر چۆن مێژوو لەو تاوانانەتان نابورێت کە بەرامبەر قاسملوو و ئەوانی تر کردووتانن ئەوا لەمەشیان نابوورێت . لە هەمووشیاندا گەلەکەمانتان کردۆتە قوربانی ، تکایە لە عاقڵمەندانی پارتی دەکەمەوە لە مێژووتان دەرس وەرگرن با دوژمنانی کورد کەیفخۆش نەبن و لەگەڵ گۆڕان ئاشت ببنەوە !! گەر دەوڵەتی نەتەوەییتان ئەوێت بۆ گەل و حیزبەکان لەخۆتان ئەڕەنجێنن !!؟ هەر ئەم هۆکارەشە کە خەڵک باوەڕی بە ئێوە نامێنێت کە باس لە دەوڵەتی کوردیی دەکەن !! تکایە ڕاگەیاندنە جنێودەرەکانتان لەکارخەن ، بەسییە ئیتر ، مرۆڤ شەرم دەیگرێ !!

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت