ئەبوبەکر جاف : فەیسبوك کێیە ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەبارەت بە میتافیزیكیای تەكنیك .

چیمان دەوێت كاتێك فەیسبووك كات و ساتی مەرگمان بۆ دیاری دەكات . چیمان دەوێت كاتێك فەیسبوك پێمان دەڵێت باشترین هاوڕێكانمان كێن ، چیمان دەوێت لە فەیسبوك كە پێمان دەڵێت بە تەواوی یان ڕێژەیەكی زۆر لە كێ دەچین ؟ فەیسبوك ختوكەی چ شوێنێكمان دەدات كە پێمان دەڵێت : میزاج و شعورو كەڵكەڵەو غەریزەكانمان چین و چۆنن و لە كوێدا دەردەكەون ؟ یاخود پێمان دەڵێت پێش ١٠٠ ساڵ چۆن بوین و پاش ١٠٠ ساڵ چۆن دەبین ؟
پەیوەندی ئێمەو فەیسبوك ، پەیوەندی ئێمەو شت نییە تا لە ئاست بوونێكی بێدەنگ و بێ ڕۆح و بێ جەستەدا توانای دەسكاریكردنی پەیوەندییەكانمان هەبێت ، توانای داڕشتنەوەو فۆرمیولەكردنی پەیوەندییەكانمان هەبێت . پەیوەندی ئێمە لە گەڵ ئەم دونیا مەجازییەدا ، لە ناو پەیوەندییەكانی دونیای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ، مامەڵەكردنە لە گەڵ ” ئەویتر ” ێك كە لە بكەرێكەوە نزیكە تا ببێتە بەركار . نا ، تەواو بە پئچەوانەوە ئێمە بەركارین و فەیسبووك و هەر تۆڕێكی دیكە دەبێت بە بكەر . كەواتە پەیوەندی ئێمە ژە گەڵ هێزێكدایە كە لە بری ئەوەی پرسیار بكەین ئەم شتە چییە ؟ دەبێت بپرسین ئەم هێزە كێیە ؟ ئەم بكەرە كێیە . لە ناو پەیوەندی ئێمەو ئەم فەزا ڤێرتوێلی و مەجازییەشدا ئەو بەهێزترەو خاوەنی هێزی زیاتری گەمەكردن و ڕێكخستنی پەیوەندییەكان و تەنانەت فۆرمیولەكردنی ئێمەی بەكاربەرو كارتێكراوین . فەیسبووك كەسە نەك شت و پەیوەندییەكی بەشتبوو . زمانی زاڵ لە فەیسبووك و تەواوی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانی دیكە زمان و نەسەق و سیستەمێكی زمانیی فەیسبووكە .
تەكنیك و تەكنۆلۆژیا لەوە دەرچووە تەنیا بكەرێكی ناو دونیای كۆمەڵایەتی ئێمە بێت . فەیسبووك بەركەوتن و ختوكەدانی دەیان شوێن و پانتایی ئۆنتۆلۆژی دونیای ئینسانیمانە . ئەو پرسیارانەی سەرەوە سەبارەت بە ژیان و مەرگ و تەمەن و هاوڕێیەتی …. بە تەنیا پرسیار نین ژە دونیای كۆمەڵایەتی ئێمە . بە تەنیا گوزارشت و دەربڕین نییە لە دونیای كۆمەڵایەتی ئێمە ، بەڵكو دەستدانە لە شوێنێك ، لە نهێنییەك كە هێشتا تەكنیك ناتوانێت كۆنترۆڵی بكات . كری دەمرین و چەندێك دەژین و چۆن و بەچی دەمرین . پرسگەلی میتافیزیكی و ئۆنتۆلۆژین بە پلە ئیمتیاز ، پاشان لێكەوتەو دەركەوتن و مانێڤستبوونی كۆمەڵایەتی دەبێت ( لێرەدا مەبەست لە كۆمەڵایەتی ماناو ئاستێكی دەلالی فراوانی هەیەو بە تەواوی ئەو ئەكتانە دەوترێت كە بەر ئەویتری ئێمە دەكەوێت : كردەی سیاسی ، ئابەری ، زمانەوانی ) . بەمپێیە هێشتاكە تەكنیك دەرگیرە لە گەڵ كۆمەڵێك پرسی ئۆنتۆلۆژی كە ناتوانێت كۆنترۆڵی بكات ، بەڵام لە ڕێگەی كۆمەڵێك گەمەوە نایەوێت وای نیشان بدات كە دەرەقەتیان نایەت .
تەكنیك لە ناو پرۆسێسیوسی دەستبردن بۆ ئەم ئاستە ئۆنتۆلۆژییانەی پرسیار دەیەوێت شوێنگرەوەی ئەو ئەفسانانە بێت كە جگە لە خوداوەندێك دەكرێت هێزێكی دیكە باس و خواس لە قەدەرو ئایندەو نهێنییەكانی ژیانمان بۆ بكات . هەم دەیەوێت ژە بوونێكی ترانسێندێنتاڵی بدات و هەمیش خۆی ببێتە جێگرەوە بۆ ئەو هێزە موتەعالییە . لە شوێنێكی گەورەدا تەكنیك چییە جگە لە بانگەشەی ئیلاهییانەو خوداییبوونێك كە لە پاش مەرگی خودا لە مۆدێرنەدا جێگەی دەگرێتەوە . تەكنیك بووە بەو خودا بێ مەكانەی دەتوانێت زۆر شتمان پێ بڵێت و تەنانەت لە ناو دونیایەك گەمەی فریودان و كۆپیكردن و ئەكتویلیزاسیۆنەی كە ئێمە وەك بوونی پۆتۆنسیالی دەرگیرین .
خاڵێكی گرنگ كە جێگەی وەستانە بۆ ئێمە : كۆمەڵێك شەرعییەت و ڕەوایی سەرمایەو چیرۆك كە ئەم تۆڕانە لە ئەفسانەو میتۆلۆژیای دونیای ئینسانییەوە وەریان گرتووە . تێپەڕین و خیرایی بە ناو زەمەندا، ئاگاداربوون و بە ئاگابوون بەوەی لە شوێنە دوورەدەستەكان چی ڕوودەدست ، ئاخۆ چ جۆرە كەسێك ببێت بە هاوڕێی و هاوسەرو هاودەممان .
نیگایەكی ئەنترۆپۆلۆژی ئەم درێژبوونەوەو دانەبڕان و تێنەپەڕاندنەی تەكنیك و ئەفسانەو بە ئەفسانەبوونی تەكنیكمان پێ دەڵێت . تەكنیك و تەكنۆلۆژیا فۆرمێكی دیكەی فااچێتی و فاڵگرتنەوەو ئەستێرەناسیی و قاوە گرتنەوەو دەستخوێندنەوەیە لەوەی شتی نادیارمان پێ بڵێت . پاشان سەرباری ئەو گەشەو پەرەسەندن و ئەفسانەی پێشكەوتنە ، مرۆڤ دەسبەرداری ئەو نهێنییە نەبووە كە دەكرێت لە ئایندەی دوورو نزیكدا چی بەسەردا بێت و چی ڕوو بدات . فلمەكانی خەیاڵی زانستی و جۆرەكانی دیكەی یاریكردن بە تەكنیك هیچ نین جگە لە بێزاربوونی ئینسان لە واقع و ئەگەری ڕوودانی كۆمەڵێك ڕووداو كە نەك تەنیالە ئاستی كۆمەڵایەتیدا كاریگەرو یەكلاكەرەوە بێت ، بەڵكو دەسكاریكردن و جێگۆڕكێ و نیگەرانی و ترس و دڕدۆنگیمان بێت لە مەترسییەك كە هەر ڕوودەدات . ڕۆژگارێك دێت كە ڕەنگە تەكنیك بە تەواوی ببێت بە خالقی بەریەككەوتنەكان و پەیوەندییەكانمان بە كۆنكرێتی و جەستەیی و مەلموسی . خۆ ئەگەر بەو حەقیقەتەش ڕوو نەدات لە ناو پرۆسێسیوسەكانی تێكدان و بەلاڕێدابردن و شێواندنی واقع ، توشی وەهمێك ببین كە بە ڕاستی ئێمە لەو دۆخەداین .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت