عیماد عەلی : شەری حزبی بە کوردبونەوە مەکەن و مەرامەکانتان بە کوردنەبونەوە مەفرۆشن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆر جار بەهەڵەدا دەچین و لە کاردانەوەیەکدا رەش و سپی تێکەڵ دەکەین و ، بە تەسکبیریەوە بۆ چەمک و بابەتێک شیکاری دەکەین ، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە بناغەو هۆکاری ئەو روداوەوە نیە ، کە ئێمە قسەی لەسەر دەکەین و هەڵوێستی لەئاستدا وەردەگرین .
پابەند بون بە نەتەوە و نەتەوایەتی ، تەنانەت ئەگەر وەک غەریزەیەک تەماشا بکرێت و بە بنەما وەربگیرێت نەک بگاتە حاڵەتی شۆفینیەت ، قازانجی زۆری دەبێت بۆ مرۆڤ ، بەڵام تۆ هەموو روداوەکانی رۆژت ببەستیت بە لێکەوتەکانی رۆژانەی رەفتاری نەتەوەوە ، ئەوە بەهیچ شێوەیەک لە قازانجی کەسدا ناکەوێتەوە .
ئەگەر زەمینە و پێداویستی و هاوکێشەکان و رادەی رۆشنبیری میلەت و قۆناغەکە لەو ئاستەدا بێت و ، لە مافە سەرەتاییەکان بێبەش نەبوبیت و لەگەڵ ئەویتری ئینسان هەموو مافێکتان وەک یەک بێت و یەکسانی بەرقەراربوبێت ، هیچ پێویستیەک بۆ جاردان و پەیوەست بوون بە نەتەوە و شەرکردن بۆ جیاکردنەوەی نەتەوە نامێنێت .
بۆیە ناکرێت نەتەوە و نەتەوایەتی بکرێتە موڵکی لایەنێک و پەیوەست بکرێت بە رەفتار و مامەڵەی هەر لایەنێکەوە یان بە دیاردەیەک یان روداوێکی دیاریکراوی رۆژانەوە . ئەمە کردەیەکی مێژوییە و هیچ پەیوەندی بە کۆمەڵە کەسێکی دیاریکراوی نێو نەتەوە کەوە ، یان لایەن یان بزوتنەوە یان گردبونەوەیەکەوە نیە ، تاوەکو هەموو کارە نێگەتیڤەکانی ئەو خەڵکانە لە چاو یان لە کڕوکی چەمکی نەتەوەدا بخوێنینەوە .
هیچ کەس و لایەنێک ناکرێت بەتەنها خۆی بە خاوەنی نەتەوە بزانێت و هەر پێشێلکاریەک کرا بە رەفتاری نەتەوە لەقەڵەم بدرێت ، یان لە دژی نەتەوە بەکاربهێنرێت ، یان لایەنی پێشێلکار بە نەتەوە و نەتەوەیایەتی یەکسان بکرێت و ، ئەوەی دەیکات بە کردەوەی نەتەوایەتی ببەستیتەوە .
ئەوەی لەم رۆژانە روویداوە لە پێشێلکاری یاسایی و لەدەرئەنجامی ململانێی حزبیدا بووە ، کە هیچ پەیوەندیەکی بە نەتەوە و نەتەوایەتیەوە نیە و ، بەڵکو بە رەهایی دژی یەکێتیی نەتەوە و ئامانجەکانی نەتەوایەتیە ، لە لایەن سەرجەم لایەنەکانەوە و لە پیشەوەی هەموویاندا پارتی دیموکرایت کوردستان و ، لەدەرئەنجامی ملنەدانە بۆ هیچ چارەسەر و راو بۆچونێک کە لەقازانجی میلەتدا بکەوێتەوە و ، ئەوەی کراوە لە سەر بنەمای حزبایەتی تەسک و بەرژەوەندی حزبی و کەسیی کراوە و ، دژ بە یاسا و رێرەوی راستی پێشکەوتنی ژیانی خەڵک ئەنجام دراوە . ئەگینا نەتەوە و خەڵک لێی بێبەرین .
لە روداوەکانی ئەم دواییەدا ، ئەگەر لایەنێک هەموو عورف و یاساو نەرێتیکی پێشێل کردبێت بەڵام رەفتارێکی راگوزەر و لەدەرئەنجامی قەیران و یەکتربری لایەنەکاندا بووە نەک نەتەوەیەک ، ئەگەر چەندین جاریش دووبارە کرابێتەوە ، ئەگەر کۆی گشتی جەماوەر و ئەندامان و کادران و سەرکردایەتی سەرجەم لایەنەکان بەو رەفتارەش رازی بن ، چونکو نەتەوە و نەتەوەایەتی زۆر جیاوازە لە کەس و حزب و حزبایەتی و سیاسەت . جێگەی داخە کە لەبەر هەندێک بیرو بۆچونی تەسک و نازانم لەدەرئەنجامی حزبایەتی یان ناوچەگەرێتی بێت ، جیاوازی خیانەت و ئاڵۆزی و ناکۆکی حزبی نەکەین و بە ئامانجێکی تر قسە لەسەر رووداوەکان بکەین .
ئەوەی لە 12 ی ئابدا رووی دا پێشێلکاریەکی زەقی دژ بە یاسا و ململانێی راستی حزبایەتی بوو ، کە بە ملهوری و لەپێناو کۆمەڵە کەسێک و حزبێکدا ئەنجام درا ، بەڵام ناکرێت بە هێنانی سوپایەکی دوژمنێکت بۆ سەر میلەتەکەت بەراوردی بکەیت ، کەچۆن ناوزەدی بکەیت و ، بەهەر شێوەیەک پێناسەی بکەیت ، خیانەت یان هەڵەی گەورە ئەوە قسەیەکی ترە . بەڵام ئەو کردەوەیە کە لە خیانەت کەمتر هەڵناگرێت ، قەیرانەکان لە نێوخۆییەوە خستە بەردەستی دوژمنان و لە رێژنەی خۆی دەرچوو و ، بە هیچ هەوڵێکی نێوخۆیی چارەسەر نەبوو ، ئەگەر هەوڵی خێرخوازانەی دەرەوە نەبوایە و بەرژەوەندی تەسکی کەسیی تێ نەکەوتبایە. لەوێدا نەتەوە بوو زیاتر زەرەری لێکرد نەک لایەنێک و دووان و کەسێکی دیاریکراو .
کێشە سەرەکیەکەی ئێمە ئەوەیە ، کە هەمیشە لە روانگەی حزبایەتی و سیاسەتی حزبی خۆمانەوە شیکاری بۆ روداوەکان دەکەین و ، قەبەی دەکەینەوە و زیادەرۆیی تێدا دەکەین و ، ئەوەی دژی لایەنێکمان کرابێت بە دژی هەمو کوردمان لەقەڵەم داوە .
ئەم رووداوانەی دوایی هەرێمی کوردستان لە دەرئەنجامی ملهوری و بەرژەوەندی تەسکی کەسیی و حزبی و نەزانین و زاڵبونی عەقڵی عەشایەری و دژ بە یاسا هەموو نەریتێکی ماقوڵی کوردستانی خستە لاوە ، بەڵام ئەم کردەوەیە لەلایەن نەتەوەکەوە رووینەداوە تا بخرێتە ئەستۆی نەتەوە . تۆیەک کە کردەوە و رەفتارەکانی سەدامی دیکتاتۆر و بەعسی خوێنمژ دژ بە میلەتی کورد نەخەیتە ئەستۆی نەتەوەی عەرەب بەگشتی ، چۆن دەتوانیت رەفتار وکردەوەکانی بەرزانی و پارتی بخەیتە ئەستۆی نەتەوە ی کورد و ، تەنانەت ناتوانی گومان لە کوردبونی ئەندام و هەواداران و کادرانی ئەو لایەنەش بکەیت . ئەمە هەڵسەنگاندنێکی کاردانەوەییانەیە و لە دەرئەنجامی تورەیی و دور لە مەنتیق کراوە . بۆیە بە هیچ شێوەیەک کوردبون نابەسترێتەوە بە حزبیبونەوە .
مەعقولە لە پاش 31 ی ئاب بیر لە پارچەپارچە بون و پێداچونەوە لە چەمکی کوردبون و گومان لە کوردبونی خەڵک نەکرابێتەوە ، لەم قەیرانەی ئێستا بەم تێروانیە تەماشای روداوەکان بکەیت . ئەوەی یەک نەبووە هەمیشە لایەنە سیاسیەکان بوون ،لە بەرامبەردا گەلی کورد یەکبون و یەکێتی و هاوبەشی و یەکبیری خۆی لە زۆر لاوە سەلماندووە و ، لە کۆتاییدا هیچ کەسێَک نەیتوانیوە یەکێتی بیر ی کوردبون لە خەڵک وەربگرێتەوە ، سەرەرای ئەوەی دوژمنان هەمیشە لەسەر ئەم چەمکە کاریان کردووە ، ئەگەر دوژمنان و لایەنی تەسکبیری نێوخۆییش باوەری بەوە نەبوبێت کە کوردبون لە فکر و عەقڵی میلەتدا چەسپیوە ، بەڵام ئەگەر هەڵە و کەموکورتی و نزمی رادەی رۆشنبیری و نەبونی نوخبەی ژیر و بیر فراوان هەبوایە ئێستا کورد و کوردستانیش لە ئاستێکی تردا دەبوون .
بۆیە دەبێت بە عاقڵانە و بیرفراوانەوە ، هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم رووداوەکان بکەین و مامەڵەی لەگەڵدا بکەین و ، نابێت شەری حزبی و بەرژەوەندی کەسیی و حزبی بە کورد و کوردستان بفرۆشینەوە . بۆیە کوردبون پەیوەست نیە بە هیچ حزبی بونێکەوە .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت