عیماد عەلی : ئەگەر پێشتر مام جەلال تەنازولی بۆ پارتی نەکردایە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیارە هەموومان بیهێنینەوە یادی خۆمان لەسەروبەندی رێکەوتنەکان و پێش و پاش روخانی رژێمی بەعس ، کوردستان لە چ حاڵەتێکدا بوو ، هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی پاش شەری نێوخۆ بە ملهوری پارتی و هێوری و تەنازولی لایەنەکان بەرێوە دەچوو ، لەبەر ئەوەی زۆرینەی کارتە ئابووری و سیاسی و دیبلۆماسیەکان لای ئەو بوو . بۆیە دەکرێت لەخۆبایی و ملنەدانی پارتی بۆ داواکاریەکانی خەلک لەو کاتەوە دەستی پێکرد و بەتایبەتی لە کاتێکدا کە بەرێز مام جەلال تەنازولی لەرادەبەدەری کرد بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە و نەهیشتنی وەزعە نالەبارەکە و جوڵاندنی پارتی بۆ ملدان بۆ داخوازیەکانی گەل و نیشتمان .
جا ئەو هەنگاوانە لەبەر هەر هۆکارێک بوبێت ، بابەتی کە لە قازانجی گشتی دەکەوتەوە ، یان دواتر تایبەتی لەبەر برابەشی لە دابەشکردنی پۆست و پلەکانی کوردستان و بەغدا بوبێت ، ئەوە قسەی زۆر هەڵدەگرێت ، تەنانەت لەبەر ئەوەی داوای لێبوردنی لە رەفتارە مێژووییەکانی پێشوتری هێنایە ئاراوە . لەم بارەوە پارتی زیاتر گرنگیی بە کوردستانی دا و ، لەم رووەوە هیچ بوارێکی بۆ لایەنەکانی تری نەهێشتەوە کە بەشداری دەسەڵاتی کوردستان بە فیعلی بکەن و منەتیشی بەسەر یەکێتیدا دەکرد کە ئەو بەشی شێری لەبەغدا بەرکەوتوە و ئەویش هەمیشە بە بەشی خۆی لە نێوخۆی کوردستان رازی دەبوو . بۆیە پارتی تا دەهات زاڵتر دەبوو بەسەر سەرجەم جومگەکانی حوکمداریی هەرێمی کوردستاندا و ئەگەر ئەو هاوکیشەیە زیاتر درێژەی بکێشایە ئەوا بە تەواوی دەستی لایەنەکان بە تایبەتی یەکێتی لە بنی هەمبانەکەوە دەردەچوو .
دیارە ئەو تەنازول و کارئاسانی و خاترگرتنەی لایەنەکان و بەتایبەتی یەکێتی بۆ پارتی، چەند قازانجی بۆ کۆی گشتی وەزعەکە هەبوو بەڵام لە دواتردا ئەوندە و زیاتریش زەرەری لە ماڵی کوردی دا و وەک لە دەرئەنجامدا بینیمان بارودۆخی کوردستان گەیشتەکوێ، لەبەر ئەوەی :
1 – هەر ئەو مامەڵەیە و براگەورەیی قبوڵکردنەی پارتی بووە هۆی بوغرا بونی و ملنەدانی بۆ هیچ داواکاریەکی گەل و نیشتمان و لایەنەکان و لەبەرچاو نەگرتنی هیچ یاسا و رێسایەک .
2 – خۆ قایمکردنی پارتی بۆ زاڵبون لە نێوخۆی کوردستان و بەشداری کاریگەری لە بەغدا و هێشتنەوەی تەنها پلەیەکی سیادی بۆ یەکێتی کە ئەویش سەرۆکایەتی کۆمار بوو ، لەوێشدا قازانجێکی گەورەی کرد و ، پلە و پایە گرنگەکانی تریشی بە منەتەوە وەردەگرت .
3 –  مامەڵە کردنی لەگەڵ یەکێتیدا وەک برا گەروە دەبردە سەر و ، بێ ئەو هیچ هەنگاوێکی یەکێتی لە نێوخۆی کوردستان مەیسەر نەدەبوو .
4 – پاش دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران بە یەکجاری داشی پارتی زاڵ بوو ، ئەو قۆناغەی بە تەواوی بۆ خۆی بەکارهێنا و هەموو ئامانجە حزبی و نیازە شەخسیەکانی سەرکردایەتیەکەی بە مەمنونی لایەنەکانەوە جێبەجێ دەکرا . لەدواجاردا ویستی هەمان سیناریۆ و بەڵام بە هاوبەشی گۆران دووبارە بکاتەوە و هەتا ماوە لەو بەینەدا تەراتێن بکات و کەسیش نەتوانێت توانا و قەبارەکەی بۆ خەڵک دەرخات ، بەڵام دواجار بەربەستی بۆ هاتە ئاراوە کە نەیتوانی مامەڵە لەگەڵدا بکات و هەنگاوی نایاسایی گرتە بەر .
5 – پەیوەندیەکانی دەرەوەی کوردستان بە تاکرەوی لەدەستی پارتیدا مایەوە ، هیچ کارێکی لەمبارەوە رادەستی حکومەت نەکرد و ئەمەش لایەنەکانی تری لەم بارەوە لە پەرواێز هێشتەوە و میحوربەندی زیاتری دروست کرد .
6 – سیاسەت کردن بە سۆز و عاتیفە وەک هەندێک کەس چ بە مەرامی شەخسی و موزایەدە باسی دەکەن یان بۆ مەبەستی حزبی، هیچ قازانجێک بەگەل ناگەیەنێت و ، ئەگەر هەنگاو و تەنازولی لایەنەکان بۆ ماوەیەکی کورت قازنجێکی هەبوبێت لە پێشودا، ئەوە زیانەکانی بە زۆرترەوە لە داهاتودا دەبینین . ئەوەش پارتی پیشوتر و ئێستا و ئیستغلال کردنی تەنازولی هەمولایەک و بوغرا بونی و زاڵبونی بەسەر هەمواندا کە بوە هۆی تاکرەوی و لێدانی دیموکراسی و شەقدان لە یاسا و ملهوری کردن .
بۆیە ، ئەگەر لە پێشترداحەدێکی سیاسی و یاسایی باش بۆ پارتی دانرابایە و مامەڵەکان تاکرەوی و شەخسی نەبونایە ، ئێستا بۆی نەدەکرا پێشێلکاریە یاساییە گەورەکان بکات و خۆی بە تاقانە حزب بزانێت کە کوردستان ببات بەرێوە و بۆی بچێتەسەر ، داواکاری هەندێک رۆشنبیر و نوسەری سەربەخۆی لە هەموو لایەکەوە ، بۆ تەنازول کردنی زیاتر بەهۆی ئەوەی زەرەری زیاتر نەگەیەنێت ، ئەوە لەمەی ئەمرۆ باشتر نابینین و ، بۆ دوارۆژ لەم وەزعە خراپر دەبینین ، بۆیە دەبێت لەم بارودۆخەدا چارەسەرکان یاسایی بن و دوور لە سۆزی کەسی و یان لە پێناو بەرژەوەندی تەسک و خۆبردنەوە پێش لە پارتی هەندێک نوسەری بە ناو سەر بەخۆی چ لە دوورە وە یان نزیک ، قسە بکەن و ، دەبێت دوارۆژمان لەبیر بێت نەک چارەسەری کاتی و زەواجی سیغە ئاسا و بیر لە منداڵ نەکرێتەوە . پێویستە تەنازول لەبەرامبەر تەنزولدا بێت و نەک پارتی هەرچیەکی بوێت بیکات و ئەوانی تر بە تەنها قۆناغەکە لەبەر چاو بگرن و،حەقی گشتی خەڵک بخۆن و ئامانجە گشتیەکانی دوارۆژ لەبەرچاو نەگرن .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت