Baxtiar-Ali-.-Nabaz

نەبەز گۆران : بەختیار عەلی ئەفسانەكەی من .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕەنگە هیچ شتێك چەشنی ئەوە خۆشنەبێت ، خوێنەربیت و لە خوێنەربوونەوە ، قسە لەسەر نووسەرەكەی خۆت بكەیت ، بەبێ‌ ئەوەی رێگە بدەیت ، نووسەرەكەت دونیاكەت داگیر بكات .
ئەگەر لە خۆم بپرسم ، باشترین كتێبی ناو ژیانت كامەیە ، بێ‌ هیچ دوو دڵیەك دەڵێم : كتێبی وەهای گوت زەردەشت ی ، نیتشە . كتێبی ئاوابوونی بتەكان ی ، نیتشە .
ئەم دوو كتێبە سەرباری كۆی كتێبەكانی تر ، بەردەوام بەشێك بوون لەو خەزێنەیەی ، كە هەمیشە چومەتەوە سەریان . بۆ من ئەم دوو كتێبە ، دوو كتێب بوون ، لەو شوێنەی خۆمم ونكردبێت ، گەراندومیانەتەوە بۆ ناو خۆم .
كاتی خۆشی ، كە نیشتیمانم جێهێشت ، جانتاكەم جگە لە دڵتەنگی و ئەو دوو كتێبە ، هیچی تری تیانەبوو .
خۆ گەر لە خۆم بپرسم ، ئەی رۆمانەكانی ناو كتێبخانەكانت كامانەن ؟ بێ هیچ لێكدانەوەیەك دەڵێم :
رۆمانەكانی گۆنتەر گراس
رۆمانەكانی ماركیز
رۆمانەكانی بەختیار عەلی
یانی ، رۆمانی زۆر هەن ، لە ژیانی هەموو خوێنەرێكدا ، لێ‌ بۆ من ئەم سێ‌ رۆمانووسە ، لە خانەیەكی جیان ، لە هەموو ئەو رۆمانانەن خوێندومنەتەوە ، ئەم سیانەیان ، تایپێكی تر بوون .
بۆ شاعیران ، چواركەس ، لە پێشی هەموویانەوە وەستاون . هەڵبەتە لای من . ئەوانیش :
بێسارانی ، ئۆكتاڤیۆپاس ، عەتار ، ئەحمەدی خانی
ئەم چوار پیاوە ، سێ‌ دونیابوون ، لە دونیاكەی من .
رەنگە هەموو خوێنەرێك ، نووسەرانێكی زۆر ببنە جێی سەرسامی ، ئەوانەی كە بێگانەن ! ئەوانەشی كە سەر بە وڵات و زمانەكەی خۆین .
بۆ وڵات و زمانەكەی خۆم بەختیار عەلی هەمیشە ئەفسانەی منی خوێنەر بووە .
كاتی خۆی ، كە دەستمكرد بە خوێندنەوەی كتێب . لە رێگای هاورێكمەوە ئاشنابووم بە خوێندنەوەی كتێبی باش ، راستیەكەی پێش ناسینی ئەو هاورێیەم ، شتانێكی گرنگم نەخوێندبوویەوە . ئەوەی خوێندبوومەوە ، بەشی ساتێك بیركردنەوەی باشی نە دەكرد ، ئەو هاورێیەم ، مەبەستم دلاوەری رەحیمی ییە . نزیكەی (20) ساڵ بەر لە ئێستا ، منی ئاشناكرد بە زۆر كتێب و بە زۆر نووسەر .
بەهەرحاڵ .
ئەوكاتە جگە لە ( مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد ) كە رۆمانی ( ژانی گەل ) ی نووسیبوو، جگە لە ( عەرەبی شەمۆ ) و( فەرهاد پیرباڵ ) بە دیدی من رۆمانیان نووسیبوو ، ئیتر باقی رۆمانە كوردییەكانی كە ، نەیاندەتوانی وام لێبكەن ، دڵخۆشبم بە خوێندنەوەیان . هەوڵەكانی سەردەمی ئەوان و پاش ئەوان ، هەوڵی ئومێد بەخشی گەورە نەبوون . دیسانەوە ئەمە تەنها بۆچوونی منە .
تەنها دڵخۆشیەك و ئومێدێكی ئەوكاتەی من بەختیار عەلی بوو . ئەو ئەفسانەی من بوو ، ئەفسانەی زمانێكی جیاواز ، تێگەیشتنێكی جیاواز ، لێكۆڵەرێكی جیاواز ، رۆمانووسێكی جیاواز .
یەكەم شتی ئەم ئەفسانەیەم ، كە تاكو ئەم چركەساتەش ئەفسانە بوونی خۆی لای منی خوێنەر كاڵ نەبووەتەوە ، خوێندمەوە گوناه و كەرنەڤاڵ بوو . چ موسیبەتێكە ، لەو دوو دەقەدا چی كردبوو ! پاشان مەرگی تاقانەی دووهەم پاشان كتێبی پیاوكوژان و جەلادەكان یم خوێندەوە . ئیدی بەم چوار دەقەی ، بوویە نووسەرە نایابەكەی جیهانەكەی منی خوێنەر و لەگەڵ خۆی هێنامی ، تا دوا كتێبی كە خوێندمەوە هەورەكانی دانیاڵ بێگومان لەو كۆمەڵە كتێبە تازەیەشی كە ئێستا چاپ بوون ، خوێنەری دەبم .
پێشتر و ئێستاشی لەگەڵ بێت ، قسەی زۆرم بیست لەسەری ، نووسینی گەروگولی زۆرم خوێندەوە لەسەری ، رەخنەی جوانیشم خوێندوەتەوە لەسەری ، تیری زۆریشم بینی تێیانگرت ، بەڵام هەرگیز نەیانتوانی وای لێبكەن ، دەست لە دونیا گەورەكەی خۆی هەڵبگرێت و هەنگاوێك بچێتە دواوە .
ڕەنگە ئاسان نەبێت ، (20) ساڵ تۆ ئەهلی خوێندنەوەبیت و چەندین نووسەری گەورەی دونیا بخوێنێتەوە ، بەڵام ئەفسانەكەت هێشتا هەر نووسەرێكی هاونیشتیمانەكەی خۆت بێت .
من بۆم گرنگ نیە ، نووسەرەكان ، رەخنەگرەكان ، زمان زانەكانی كورد ، چۆن سەیری بەختیار عەلی دەكەن . لێ ‌، ئەوەندەی كە خوێنەرم و دەقی زۆری نووسەرەكانی دونیاشم خوێندوەتەوە ، نەمتوانی خۆم رازی بكەم ، كە نووسەرە گەورەكانی دونیا ، گەورەترن لەم هاونیشتیمانەی خۆم . ئەم پیاوە هیچی كەمتر نیە لە نووسەرە گەورەكانی دونیا ، تەنها كەمیەك هەیبێت لەوەدایە ، بە زمانێك دەنووسێت ، ئەم زمانە زمانێكی جیهانی نیە . گەر رۆژێك ئەم پیاوە وەربگێدرێتە سەر زمانێكی جیهانی ، ئەوسا پەی بە گەورەیەكەی ئەمیش دەبرێت .
ئەگەر هەموومان ، لە رووی ئەم تایپە زمانەوە كە پێی دەنووسین ، سوپاسگوزاری نالی بین كە بناغەكەی داناوە ، لەو شوێنەش كە باسی قوڵبوونەوەی ئەم زمانە دەكەین كە گەیەنرایە ئەوەی فیكری پێبنووسرێتەوە ، لەو شوێنەشدا دەبێت سوپاسگوزاری بەختیار عەلی و فاروق رەفیق بین .
لە فیكردا ئەم دوو پیاوە ، زمانی نووسینیان گەیاندە ئەو جێگایەی ، فیكری پێبنووسرێتەوە و ، تەنانەت ئێستا وای لێهاتووە ، فەلسەفەشی پێ وەربگێدرێت و بێگومان لە قۆناغێكی تردا ، دەتوانرێت فەلسەفەشی پێ‌ بنووسرێتەوە .
لە رۆماندا ، بەختیار عەلی نەك هەر هەنگاوێك بوو ، بازدانێكی گەورەبوو ، بەسەر هەموو وێستگە ئەدەبیەكانی كورددا . دوای ئەو چەند رۆمان نووسی دیكە دێن ، ئەوەیان باسێكی كەیە . بەڵام وێستگەی بەختیار ، وێستگەیەك بوو ، دابرانێكی گەورەی دروستكرد ، لە نێوان پێش خۆی و دوای خۆی .
دڵخۆشیەكەشم لەوەدایە ، هەمیشە بە كاری قورسترەوە دێتەوە . ئەگەر رۆژێك لە رۆژان ، كتێبێك ، یان دووانی زۆر خراپیش بنووسێت و یان نووسیبێتی ، ناكاتە ئەوەی لە ئەفسانەبوونی خۆی بكەوێت .
هونەری نووسینی ، زمانە داگیركەرەكەی ، خەیاڵ و خەمە گەورەكەی ، دەقە قوڵەكانی . ئەمانە و چەندین ناوی كە ، ناوی ئەو نووسەرەیە ، لە گەنجیەتیمەوە تاكو ئێستا لەگەڵمداییە .
بۆشم گرنگ نیە ، كە یەكتری ئەناسین یان نا ، چونكە هەمیشە وەك نووسەر سەیرمكردووە ، كاتێكیش هەر رستەیەكم لەگەڵ وتبێت ، رستەكەم لەو سیاقەوە بووە ، نووسەرەكەی من ، من خوێنەرەكەی ئەو . ڕەنگە بۆ منیش و بۆ ئەویش ئەم جۆرە مامەڵەیە قورس بێت ، ئەما پێمخۆشە هەروا بمێنێتەوە .
بۆ منی خوێنەر ، ئەمە بە پیرۆزكردنی نووسەرێك نیە ، ئەمە خۆشویستنی دەقە . بەختیار عەلی دەقێكە هەتا نەیخوێنیتەوە ، دیوە تاریكەكەی مرۆڤ نابینی . بەبێ‌ خوێندنەوەی ئەم پیاوە ، نە دەتوانیت لەو دوو جیهانە ئەدەبیە تێبگەیت ، پێش ئەو سەرقاڵی چی بوون و دوای ئەو سەرقاڵی چی بوون . بەبێ‌ ناسینی ئەم پیاوەش ، ئەو زمان و خەیاڵەشت بۆ كەشف نابێت ، لە ئێستادا لەناو ئەدەب و نووسیندا خۆی نما دەكات .
ئەم حیكایەتە كە لێرەدا باسمكرد ، تەنها بۆ ئەوەیە ، وەك خوێنەرێك بڵێم : ئاسوودەم ، هاونیشتیمانیەكم هەیە ، هێندە خانەدانە لە فیكرد و زمان و خەیاڵدا ، ناهێڵێت كەسی تر ببێتە ئەفسانەی من .

 

سەرچاوە –  فەیسبوکی نوسەر

 

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت