Paris

ئەنوەر قادر ڕەشید : سیستەمی ئەقڵ و لۆژیک .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو کارەساتە خوێناویەی لە پاریس رویدا و ئەو هەموو کوشتارەی خەڵکی سڤیل و بێ تاوانی تیا کرایە ئامانج ، هەموانی تووشی نسکۆ کرد و ترسێکی نامرۆڤانەی وەحشەتگەری لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتی مرۆڤدۆسدا بڵاو کردەوە ، ئەمانەی کرانە ئامانج گەنجانی مرۆڤدۆست و وەرزشوان و هونەرمەندی بێوەی بوون ، ئەمانە پلاندانەری سیاسەتی ئەوروپی نەبوون کە مەسەلەی بازرگانی و دارایی پێش مرۆڤدۆستیە ، بەڵام بەلای هەمووانەوە گرنگترین شت بەرگریە لەو سیستەمە دیموکراتیەی قوربانی زۆریان بۆ داوە و چاکیش ئەزانن کە تیرۆریستان ئامانجیان لەگۆڕنانی ئەو سیستەمەیە و مەبەستیان هەڵوەشاندنەوەی فیکر و شارستانیەتە بۆیە ساحەی دوگۆڵی و ریستۆرانت و هۆڵی کۆنسێرتیان هەڵبژاردووە .
ئەگەر بەوردی بڕوانینە ئەو کۆستە خوێناویەی پاریس ، کە مەبەست هەموو ئەوروپایە نەک تەنیا فەرەنسا ، یەکێک لە خۆکوژە تاریک پەرستەکانی پاریس ، بەناوی پەنابەرەوە هاتووەتە ئەوروپا و بە چەپڵەو هاوسۆزیەوە وەک هەموو پەنابەرانی تر بەرەوپیری چوون و باوەشی میهرەبانیان بۆ کردووەتەوە ، بەڵام ئەو خوێنمژە ناخ بۆگەنە بە مەبەستی کوشتن وەڵامی داونەتەوە و لەناو قوربانیەکانیشدا کچێکی گەنجی شۆخ و شەنگیان تیایە کە خۆبەخش یارمەتی پەنابەرانی داوە .
لەم وڵاتانە چونکە ئەقڵ و لۆژیک تیایانا باڵادەستە ، هەموو پێکەوە غەمبارن ، هەموان ئەگرین و مۆم و گوڵ لە جێی قوربانیەکان دائەنێن ، ئەترسن ،ئاگاداری خۆیانن ، بەڵام شانبەشانی ئەوانە خەڵکانی پۆسپۆڕیش هەر یەکەو لە بواری خۆیدا کار ئەکات ، چارەسەری بریندارەکان ئەکەن ، ئەوانەی نزیک بوون لە روداوەکانەوە چارەسەری دەرونیان بۆ ئەکەن، لایەنی ئاسایش و مخابەرات و پۆلیس بەدوای تاوانبار و تۆمەتبارانا ئەگەڕێن و ئەوانەی گومانیان لێ ئەگرێ ئەخرێنە ژێر چاودێری ، لە لایەکی ترەوە مامەڵەیەکی جیاواز بەرامبەر ئەو مەلایانە ئەکەن کە لە مزگەوتەکانی ئەوروپا بە پارەو یارمەتی ئەوروپا رق و کینە بڵاو ئەکەنەوە و گەنجان فریو ئەدەن بۆ کاری تیرۆریستی ( ئەوەی سەیرە ئەوەیە زوربەی ئەو مەلا و ئیسلامیە تونڕەوانە پارە و یارمەتی سۆشیال وەرئەگرن کە لەپێدانی باجی قوربانیان دابین ئەکرێ ) بۆیە ئەو کارە قێزەوەنە خوێناویانەی ئەنجامی ئەدەن رقێک لای هاوڵاتیانی ئاسایی بەرامبەر کەسانی بیانی دروست ئەکات و ترسە گەورەکەی میدیا و سیاسیەکانی ئەوروپاش لێرەوە سەرچاوەی گرتووە ، بۆیە لە هەوڵی ئەوەدان جڵەوی ئەو رق و دوژمنایەتی کردنە بگرنە دەست و کۆنترۆڵی بکەن ، بۆیە لە زوربەی میدیاکان جەخت لەسەر ئەوەئەکرێتەوە کە هەموو موسوڵمانان توندڕەو و تیرۆریست نین ، بە تایبەتیش پەنابەران کە خۆیان لەدەست ئەو تیرۆریستانە هەڵهاتوون ، ئەم بۆچوون و فریاکەوتن و سنوردار کردنی رق و کینە و دوژمنایەتیە لایەنێکی مرۆڤایەتی تیایە ، بەڵام ئامانجی سەرەکی بەرگریە لەو سیستەمە دیموکراتیە و لایەنی لەوەش گرنگتر دڵەڕاوکێیە لە مەترسیەکی خەتەرناکتر بۆ سەرجەمی سیستمەکە ، ئەویش بە قۆزتنەوەی رق و ترسی هاوڵاتیان بەرامبەر کەسانی سەرڕەش و پەنابەران لەلایەن گروپە راسیست و ناسیۆنالیستەکانەوە کە مەترسی راستەقینەن بۆ سیستەمەکە . بۆیە زۆر زیرەکانە گفتوگۆ لەسەر ئەو مەسەلانە ئەکەن و ئەگەر یەکێک بۆچوونی دوژمنکاری هەبێ بەوپەڕی ئەقڵانیەت وەڵام ئەدرێتەوە و بەلایانەوە گرنگە سنووری ئازادی تاک نەبەزێنێ و تەنانەت بەرگری لە دیندار و حیجاب بەسەر و مزگەوتەکانیش ئەکەن بەو مەرجەی نەبێتە مۆڵگەی تیرۆریست و خوێنرێژان .
ئەمان بەو کارەیان پلانە گڵاوەکانی تیرۆریستان هەڵئەوەشێننەوە کە مەبەستی سەرەکیان تەشەنە کردنی ئەو رق و کینەنەیە تا لەو زەلکاوی رقەوە گەنجان فریو بدەن و خۆیانی پێ بەهێزتر بکەن و خەونە گڵاوەکانیانی پێ بهێننە دی .
بۆیە سیستەمێکی دیموکراتی جێگیر کە ئەقڵ بەڕێوەی بەرێ بۆ هەر برینێک، پێشەکی خوێنەکە ئەوەستێنێ و پاشان چارەسەری بۆ ئەدۆزێتەوە و بەتەواوی ساڕێژی ئەکات. ئەمان لەپێناوی وڵاتەکانیانا بەو شێوە ئەقڵانیە بەرگری لە خۆیان ئەکەن و تۆڵەی قوربانیان ئەکەنەوە، نەک لە کاتێکی نائاساییدا جڵەو بدەنە دەست هەست و سۆز و تەڕ و وشک پێکەوە بسوتێنن .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت